گەڕەکە تاریکەکانی کەلاوەم. . . . دەریا رەواندزی

بەتەنیا دەنووستم لەترسی ئەوەی

نەوەک تەنیایی بەجێم بێڵێ

ناکرێ جوانی دونیا کۆتایی پێبێت،

چونکە ئەو کات دونیا کۆتایی دێت

هیچ شتێک نایەوێم

جونکە من هەموو شتێکم دەوێت ،

مەرگ نزیکە

چونکە بیریە نەک جەستە

ئەڤینیش دوورە

چونکە جەستەیە نەک بیر

کێوێکی سەر بە تەم داپۆشراو

پیاوێکە سەرکێشی دەکات

دارستانێکی سەر بە تەم داپۆشراو

ژنێکە خەون دەبینێ ،

خەون کەناری ناخودایەکە

ناکەوێتە ڕێ ،

لەگەڵ ئەوەش دا من سەر بە خەونم

یادەوەریت لە هەموو چرکەیەک پاک بکەرە

بوولبوولەکان لە باخچەکەمدا

بە تیشکی خۆر خۆیان دەشۆن

بەهاران

ئەو دەمەی هەزاران چۆلەکە

ستران دەچرن

هەموو شتێک تازە دەبێتەوە

بە تەنیا من پیر دەبم

گەر شەوانی بێ تۆیی

وەک بەفری باریو

بەسەرمدا بکەوێ

ئای خۆزگە لەگەڵیا ، وون بوومایە

کە دەتوایەوە

نەوت لە چراکەم دا

نەما نووستم

شەوێ مانگ

لە پەنجەرەوە هاتە ژوورەوە

من لەگەڕەکە تاریکەکانی ئەمجیهاندا ،

دەژیم

ئەو گەڕەکانەی

کە بێ ڕووناکی و ،

بێ ژیانیشن

هێندە تامەزرۆی ژیانم

کەبەشەقامەکاندا دەڕۆم

نووساوم بەڕێگاکەمەوە

بەرەو ئەو خەونانەی

کە شێوەیەکیان نییەو

پێم لە کۆتاکانی بەندایەتیم ،

هەڵدەنووتێ.

گەرەکەکان تاریکن

جیهانێکن لە نەگبەتی

کەئیرادەی تیا ووشک دەبێتەوەو

پیاوان تێکەڵ بە شتەکان دەبن

وا من بەگەڕەکە تاریکەکان دا

بە دزیەوە دەسووڕێمەوە

پشتم بوو بە پرد دەچەمێمەوە

من لە زۆرانبازیدام ، زۆرانبازی

لەگەڵ ئەو تارماییانەدا

بەڵام شەویش تاریکتر دادێ.

کەنەدا/ئەلبێرتا

دەریا رەواندزی

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

Related Articles