لە ئاو خەمبار تری.. تابلۆ حەسەن

لە ئاو خەمبار تری.. تابلۆ حەسەن

لە کوردستانەوە بەرەو کوردستان

 باڵدەگری و دەفری

 بە بەرچاوتەوە دەبینی

 هۆزەکان تێدەپەڕن

کاروانەکان تێدەپەڕن

باریان هەتیو و بێوەژنە

تۆش لە ژێر ئاسمانێکی دوور

هەست دەکەی،

تەنیایت و تەنیایت

تاقە دایکێک شک دەبەیت و

دەیان باوک

لەوێوە دەبینی:

 ئاوارەکانی وڵاتە بێنازەکەت

دوور لە بەرامەی کێڵگەکان و

هەناسەی کانیاوەکان

لە ژێر گەرمی لمی بیابان خنکاون

تۆش لە وڵاتی ئەڵمان

تەنیا، دوور لە نیشتمان

خنکاوی ژێر تەوژمی ئازارەکان

تۆ لە ئاو خەمبارتری تابلۆ

تۆ لەم غوربەتەتدا،

هیچ شتێک شکنابەیت

هیچ شتێک

جگە عەزمی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدەکان

بەیاننامەکان بێزارت دەکەن

قسەی قۆڕی مەسئولە دۆڕاوەکان

قسەی بیرقوباقی،

لاپەرە زەردەکان

وێنەی سەر شاشەکان

تۆ تاکێکی؟

زەمەنت غەریب و

شوێنت غەریب

 

****************************

ئەوەندە بێکەسی تۆ

دیالۆگ لە گەڵ فرچەی ددانەکانت دەکەی

باسی تەنیایی خۆتی بۆ دەکەی

، بە شانەکەی دەستت

 لە سەر هەڵم شیعر دەنووسی

لە سەر ئاوێنەکەی بەردەمت

وەسیەتنامەکەت دەنووسی

 ئەرێ ئەوە چی دەکەی تۆ

دەموچاوت دەشۆی یان رۆحی کۆچەریت؟

 وا دەبینم بە پەنجە ماندووەکانت

لە سەر کەفی سابوونەکە

وێنەی گۆرەکەت دەکێشی!!

ئاوی بۆڕیەکەش هەردێت هەر دێت

 خۆتیش لە ئاوەکە خەمبارتر

****************************

ئەروانیتە چەپوڕاستی خۆت

هیچ نابینیت نا

نە سەدای دەنگێک نە دەموچاوێک،

نە تاریکی، نە ڕوناکی

بەڵام بە چاوی خەیاڵ

منداڵێکی پیر دەبینی

پیرێک دەبینی،

 هێشتا منداڵی لە سیمایدا بەرجەستەیە

ئازاری ناو زیندانەکان دەبینی،

کڕوکپی نێو گۆڕەکان دەبینی

تۆ لە دانگرتن پەستری و

لە ئاویش خەمبارتر، ، ، تابلۆ


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles