خەونێکی شیرین و وڕێنەیەک! ... شادی عەلی

چاوم بە خزمێکمان کەوت کە ٤ ژن و ٣٠ مناڵی هەیە و بۆی گێڕامەوە:

>دوێ شەو لە خەوما پێغەمبەر، بە ڕیشێکی نورانی و سمێڵێکی تەختەوە کە لەگەڵ پژمەدا ئەپەڕێ و پانتۆڵێکەوە کە ئەتووت چۆتە ئاو، دەستی گرتم و فەرموی:"وەرە هاوەڵم بە، ئێستا ئەتبەم بۆ شوێنێک ئاو بە دەمتا بێتە خوارەوە." منیش سەرێکم لەقاند و دوای کەوتم...بە شوێنێکی زۆر چڕدا تێپەڕی لەولاوە ئاگر بارانێک بوو، هاتوهاواری خەڵک، ووتم:"ئەوانە کێن؟" فەرموی:"ئەوانە خوا غەزەبی لێگرتوون، لە دنیادا داوای نەمانی چینەکان و یەکسانی ژن و پیاویان کردووە، باوەڕیان بەوە نەبووە کە ئەبێ دەوڵەمەند و هەژار هەر هەبن، هوشیارانە بیریان کردۆتەوە و لە بوونی خوا و پێغەمبەرەکانیان کۆڵیوەتەوە و وویستوویانە هەموو خەڵک وەک خۆیان بە ژیری و هوشیارانە ئاینەکان ڕەت بکەنەوە..ئەوانە کافری موتڵەق بوون و خواردنی دەستیان حەرام بووە و باوەڕیان بە گالیلۆ و نیوتن و مارکس و ئەنگڵس و ئەنشتاین و لینین و ستیفن هۆکینگ و ڕیچارد دۆکینز و سەدان هەزاری نمونەی وەک ئەوان هەبووە.ئەوانە لەگەڵ مۆسیقادا سەمایان کردووە، شیعریان بەسەر خۆشەویستیدا هەڵداوە، بۆ ئازادی تێکۆشاون...هەموو ئەوانە لەگەڵ جوانیدا ژیاون جوانی، ئەمەش نابێ نا! ئێستا وایان لێ ئەکەین، ئەبێ لە داری قوزەڵقورت بخۆن، ببن بە قەقنەس."

منیش تۆقیم و ووتم: "باشە خۆ ئەوە چارەنووسی من و ئەمسالی من نییە؟" فەرموی:"نا، خەمت نەبێ، ئەی من بۆچی لێرەم؟ تاکو تۆ و ئەوانەی وەک تۆن ئەو شوێنە خۆشەی ئەولاتریان بە نسیب ئەبێ..." بردمی و خستمیە ناو باخ و باخاتێکەوە، لە جیاتی هەوا خۆشترین عەتر خۆی کرد بە لووتما، تینووم بوو هەرچەند پەرداخە شەرابی تەهورم هەڵئەدا، هەموو لێوم و دەموچاوم بوو بوو بە هەنگوین لە خۆشیدا، ئاخر هەنگوین و شەراب (کە لە دنیادا حەرامە) لێرە بە ڕوبار بە بەردەمتا ئەڕوات...ئاوڕم دایەوە بینیم ئەو هەموو شۆخ و شەنگە بە ڕووتی و ناز و فیزێکی جوانی فریشتانەوە بەرەو ڕووم هاتن..نەمزانی خۆم لە باوەشی کامیاندا ئەگرمەوە و هەر ماچ بوو بە ماچی ئەووت بڕۆ بەولاوە...من وەک عەلی باپیر هەر ترێم نە ئەخوارد، گێلاس و کیوی و مانگۆ و خورما و هەنجیر و ئەڤۆکادۆ و لالەنگی و چوالە و ڕێواس...هەرچی دڵ حەزی لێ بێ لێی بوو، ئەی باوکە ڕۆ لەو کاڵەکە خۆشە، کورە تۆ بۆ قۆخ و سێوەکەی ناڵێی...منیش لە خۆشیدا هەناسەم سوار بوو بوو، وام ئەزانی خەوە...ووتم: "سەیدولموستەفا، ئەوە چۆنە بۆ منیش دانراون؟" فەرموی:"لەبەرئەوەی بێقسەیی خوات نەکردووە و لە پەیڕەوەکانی من لات نەداوە، ٤ ژنت هێناوە کە زۆر لە هی من کەمترە هێشتا، بە ئارەزووی خۆت لەگەڵ هەریەکێکیان وویستبێتت خەوتووی، وەک ماشێن مناڵت پێ دروست کردوون، کاری ناوماڵ هەمووی هی ئەوان بووە، خزمەتیان کردووی و هەر بێقسەییەکیشیان کردبێ، ئەو هێزەی کە خوا پێی داوی بەکارتهێناوە و دارکاریت کردوون و هەر بەردەوام بوو بن ژمارەی دانەکانیانت کەمکردۆتەوە و لاچاوت شین کردوونەتەوە و هەر کەسێکیان پێیەکی خوار دانابێ ناچارت کردووە دوایی دارشەق هەڵبگرێ...لەوەش زیاتر کوڕەکانت کردووە بە کەڵەگا بەسەر دایک و باوەژنەکانیان و کچەکانەوە، ئاخر ئەوان شوانن و بۆ کچەکان پێویستن.ئەی ئەو ساڵە خۆت و سێ کوڕە شیرینەکەت یەکێک لە کچەکانت نەکوشت لەسەر ئەوەی مەلعونە ئەیویست تامی سێوەکەی حەوا بکات و شیلەی خۆشەویستی هەڵمژێ؟...ئافەرین، بابە وەڵا پیاو هەر وەک تۆ ئەبێ.گەر سیاسەتمەدار بوویتایە، ئەوا هەمان سوڵتەت بەکارئەهێنا و وەک من هەرچی کافر و مولحید و مورتەدە لە ملت ئەدان و ژنەکانیانت ئەکرد بە دیاری بۆ خۆت و هاوەڵەکانت، ماڵ و موڵکەکانیانت داگیر ئەکرد و بۆ خۆت و دەسەڵاتەکەت بەکارت ئەهێنا...تۆ بێقسەیی خوا و منت نەکردووە...بۆیە ئەو ٧٠ کچە چاو مەستە جوانانە هی تۆن و بڕۆ بێخەم تێیان کەوە....ماڵ ماڵی خۆتە و سەرداری..."

منیش کەوتمە ناو حۆریە نەرم و شلەکان و ئەملام ماچ و ئەولام ماچ....<

تومەس خزمەکەم دیسان بە دەم ئەم قسانەوە و لە خۆشی خەیاڵەکەی خەوی لێکەوتووە و لەبەر خۆیەوە مڵچە مڵچی ماچی لێ هەستاوە....منیش ڕاموەشاند و ووتم هەستە کورە ئێرە دنیاکەی لای محمد نییە هێشتا، ئەو هەموو لیکە چییە؟ ئەی ئەوە نییە بە یاسا ٤ ژنت هێناوە؟ بە میسیاریش بۆت هەیە بیکەی بە زیاتر؟ تۆ لێرە دەروی خێرت لێ کراوەتەوە ئیتر کیسەی چی بۆ ئەو دنیا هەڵئەدووری؟ بەڵام بڕۆ بۆ لای مەلا عەلی و پێی بڵێ خەوەکەی تۆ زۆر لەوەی ئەو خۆشتر بووە و جیهاد و میهادی تیا نەبووە و پێی بڵێ تۆ کە جارێکی تر خەوتیتەوە کاکە حەمە ئەبینیتەوە و دوو قسەی خێریش بۆ مەلا ئەکەیت و دڵنیای بکەرەوە کە خەمی نەبێ جێگاتان بۆ دانراوە و بە قەڕابەش شەراب لە بەردەم کۆشکەکانتاندا هەڵدراونەتەوە...

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

Related Articles