دەمەوێت جارێك سەرۆك بم؟ ... شنە پێنجوێنی

 

 

 

تۆ بلێێ رۆژێك لە رۆژان لەم دەفەرەی مندا ، من یان یەکێك لەدەست خوشکەکانم وەك چەندین سەرۆکەکانی جیهان، بکرێ یا ببین بە سەرۆکی وولاتە سوتماکەکەم؟

ئەی بۆ نەبێ ، پێم وا نیە ئەمە تاوان یان کارێكی مەحاڵ بێ، تەنها ئیرادەو بڕوا بە خۆبوون و جەسووریەکی پێویستە.

لەهەموو جیهاندا بەڕیژەیەکی بەرچاو پیاو لە پۆستی سیاسی و حكومیدا دەبینرێ، لەم دەڤەرەی مندا رێژەی ئەویش دوو هێندەیە .

منێك لە کتێبە ئاسمانیەکاندا وا باسم لێ دەکرێت کە بەهەشت لە ژێر پێێ مندایە و لەکتێبە زەویەکاندا وەك نیشتمان و خاك سەیرم دەکرێت، وەکو هەرەمێكی گەورە بۆ دروست بوونی منداڵ وبەخێو کردنی خێزان لێم دەڕوانرێت ، لە شیعر وپەخشان وگۆرانیدا وەسفی جوانی و ژنێتیم دەکرێت ، منێكی ژن وەك دایک گەورەی و وپاکی و وپیرۆزی ودلسۆزی جیهانم هەڵگرتوە، ئیتر بۆ نەتوانم ببمە سەرۆك .

منێكی ژن کە دەستم نیە لە کوشتنی مرۆڤایەتی هۆلۆکۆس وفیتنام ئەرمەن و ئەنفاڵ وهەڵبجەو هەموو ئەو تاوانانە یەک لە دوای یەکانەی کە رۆژانە لە لایەن پیاوەوە ئەنجام دەدرێت ، هەرچەند هەندێ جاریش وا دەوترێ جەنگی دوو وولاتیش ژنێك لە پشتیەوەیەتی لەوەشیاندا بێ تاوانم ، منێكی ژن بێ تاوانم لە کوشتنی جوانی وخۆشەویستی نێوان دڵدارەکان ، بێتاوانم لە کوشتنی پەلەوەرو ئاژەڵەکان ، ئیتر بۆ نەتوانم ببمە سەرۆك، ئێی من وەکو دایك هەر سەرۆک نیم ، هەروەکو دەریا بێدەنگ نیم، هەروەکو شاخ سەرسەخت نیم ئیتر بۆ ناتوانم سەرۆكێ بم .

دەمەوێت جارێ دڵ ڕەقی پیاوان وەلا نێم و دەستێكی دایکانە بێنم بەسەرو و ڕوومەتی منداڵە هەژارو هەتیوەکانم و لە شەقەی باڵی ئازادی بەین تا بتوانین لە کەشێكی ئارام و ئاشتیدا ژیان بگوزەرێنین .بوونم وەکو ئافرەت پێم دەڵێ کە دایك وخاك وئاو بم ، گەر واش نەبم منیش وەك تۆ مافی ئەوەم هەیە هەر جارێك سەرۆك بم ،هەر جارێك سەرٶك بم ...............................

 

 

 

 

Related Articles