ئەوەی كار نەكات هەڵە ناكات و ئەوەی هەڵەش نەكات فێر نابێت ... سوهەیل تاهیر عەبدولڵا

 من بڕوام بەم وتەیە هەیە كە (( ئەوەی كار نەكات هەڵە ناكات و ئەوەی هەڵەش نەكات فێر نابێت )) بەڵام لە كۆمەڵگەی ئێمەدا كەسانێك هەن كە لە پڕێكدا بوونەتە كوڕ و بوونەتە خاوەن پۆستی جیا جیا لە نێو حزب و حكومەتدا نەك بەوەی كە كاریان كردووە و فێر بوونە ، بەڵكو لە رێگەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و مەحسوبیەت گەیشتوونەتە ئەو پلەو پایانە كە بەداخەوە ئەو دەردو بەڵایە بۆتە هۆی ئەوەی كە كەسێك پۆست وەربگرێت چونكە خزمی فیلان كەسە و كەسێكی دیارە ، ئەگەر هەڵەشی هەبێت و بەردەوامیش بێت لە هەڵەكان ئەوا بۆ ئەو ، پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان شوێنی هەموو یاساو رێساكان دەگرێتەوە.  بە هەر حاڵ ئەوەی كار دەكات و چەند جارێكیش هەڵە دەكات ئەبێتە مرۆڤێكی داهێنەر ، شكستهێنان و هەڵەكردنیش یەكەم هەنگاوە بەرەو سەركەوتن.  بەڵام زۆر بە داخەوە ئەو پێوەرە لە وڵاتی ئێمەدا بوونی نییە.  ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان بە شەو و رۆژێك بوونەتە خاوەن پۆستی باڵا با باش بزانن كە لە دونیا هیچ مرۆڤێك نییە لە هەڵە بەدوور بێت و هەڵەی نەكردبێت ، ئەوەی تا ئێستاش هەڵەی نەكردبێت هیچ ئەزموونی نییە فێرە هیچ شتێك نەبووە.  بەپێی گوتەی فەیلەسووفی یۆنانی ماركۆس ئۆریلیۆس ((ئەو كەسە لە دایك نەبووە كە هەڵەی نەكردبێت )).  

لە وڵاتی ئێمە تا ئێستا سیستەمێكی روون و ئاشكرا نییە بۆ چاكسازی و راستكردنەوەی هەڵەكان بەڵكو ئەگەر تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە دووچاری هەڵەیەكی ئیداری بێت یان هەر هەڵەیەكی دیكە ئیدی تەواو ، لە هۆكارو راستیەكان ناپرسن ، تەنها ئەوە دەپرسن كە ئایا ئەو كەسە پشتی هەیە یان نا ؟ ئەگەر پشتی هەبوو ئەوا خۆیان بۆی دادەپۆشن ، ئەوەی پشتیشی نەبێت ئەوا تا رۆژی قیامەت سزای دەدەن.  ئەوە وڵاتی منە.  هیچ شتێك نییە پێوەرێكی هەبێت.  ئێستا نەك لای من بەڵكو لای هەموو تاكێك بە هەزارەها نموونە بەناو مێشیكیدا دەخولێتەوە.  بۆیە خەڵك پەنا بۆ كاری جیدی نابات و حەز دەكات ئەگەر فەرمانبەر بوو بن دیوار بێت و هیچ كاری نەبێت و دەوام نەكات. ئەوەی تر كە دەوام دەكات بۆ ئەوەی هەڵە نەكات ، بەردەوام دەڵێ ((نازانم و ئەو كارەم نەكردووە)) و خۆی لە كاركردن دەدزێتەوە.  جا چۆن ئەو وڵاتەم دەبێتە وڵاتێكی دامەزراوەیی كە یاسا تێیدا بەرقەرار بێت و هەر تاكێك تیایدا ئەرك و مافی خۆی بزانێت و ئەم وڵاتە بە هی خۆی بزانێت ؟؟
زۆر لەوانەی كە لە وڵاتەكەی مندا سزادراون زیرەكترو لێهاتووترن لەوانەی كە خاوەن بڕیارو پۆستن. 
با كەسێك ئاشكرا بكات ، كە ئایا لە چ بوارێك پێوەر هەیە كە راست و دروست بێت و بە سەر تاكەكانی ئەو كۆمەڵگەیەم جێبەجێكرابێت ؟؟
ئەبێ ئەوە لە یاد نەكەین كە بەرزی باڵەخانەكان و پێشكەوتنی ئابووری ، شیرازەی تێكچووی كۆمەڵگە چارەسەرناكات.

 

24-12-2013

 

 

 

Related Articles