ڕەهەندە جیهانیی و ناوچەییەکانى داعش ... بەهرۆز جەعفەر

 

 

 

تیرۆر مەسەلەیەکى جیهانییە.لەبەرئەوە گرفتێکى جیهانییشە.کاریگەرییەکانى تیرۆریزم و گڵۆباڵیزەیشن لەسەر یەکترى،دەرەنجامى بەپەندبونى مرۆڤایەتییە، بەدەست ئامرازەکانى پۆستمۆدێرنیتەو بە (ئەمرەکە کردن ) ەوە .ئەگەر بۆ ئایندە ،تاقە یەک هۆکار ببێتەهۆى هەڵوەشانەوەى سیستەمى جیهانیی و یاساکانى نێودەوڵەتان،یان چاوخشاندنەوە بەئامرازو هەیکەلى پەیوەندییە جیهانییەکان،ئەوا هۆکارەکەى قەبەبونى ئەمریکاو جەنگى دژى تیرۆرە .بۆیە تا لەم دونیایەى ئەمڕۆمان نەگەین،تا نەچینە ناو ڕایەڵە ئاڵۆزەکانى ئاسایشى ئیقلیمى و جیهانییەوە،ناتوانین لەخۆمان بگەین، دەبێت قوڵتر لەوەى کەهەیە بۆ دیاردەکانى دەوروبەرمان بڕوانین،ئیشى مرۆڤ دۆزینەوەى دیاردە نییە،بەڵکو شەرحکردن و دۆزینەوەى پەیوەندیی نێوان دیاردەکانە .ئێمەش وائەکەین ...

یەکەم : داشبونێکى نوێ

شانزە دەوڵەت لەساڵى (1991) جیابونەوەى خۆیان لەسۆڤیەت ڕاگەیاند.پەیمانى وارشۆ هەڵوەشایەوە .دیوارى بەرلین ڕوخا، گرفت لەبەردەم تەواوکاریی (تکامل-integration) ى ئەوروپیدا نەما.خۆرئاوا کردیان بەزەماوەند."فۆکۆیاما " کتێبەکەى بەناوى "کۆتایی مێژوو" نووسى و جاڕی ئەوەیدا،ئیتر لیبراڵیزم قوفڵى مێژویداوە .ئیتر ڕوسیا وەک یەکەیەکى گەورە چووە سوڕى متبونى ئابوریی و بەرگرییەوە .زۆرى نەبرد ڕێکخراوى قاعیدە هاتە مەیدانەکەو،لەجیهادى سۆماڵى و ئەفغانییەوە،بانگەشەى (جیهادى جیهانى) یان کرد.جەولەیەکى دى لە زۆرانبازیی و کارو کاردانەوە دەستى پێکرد.فۆکۆیاماش لەوتارێکدا " جا بۆڕاى خۆم نەگۆڕم"پەشیمانبونەوەى لەبۆچونەکانى پێشوى نیشاندا،دواتریش لەبەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا ئەیوت : مرۆڤ لەتەمەنى (30) ساڵیدا ئەو قسانە هەر ئەکات !..کاتێک لە ساڵى (2011) بەهارى عەرەبى دەستیپێکرد،عەرەبەکان بەدواى خەونى ئازادیی و دیموکراسییەوە بوون،بەدەم ڕێوە لەناو گەرمەى شەڕەکان ،ڕۆژنامەوان و شیکەرەوە سیاسییە خۆرئاوایی و تورکییەکان ئەیانوت: لەڕاستیدا ئەمە دزینى شۆڕش و سڕینەوەى هێماکانى شارستانیەتە،مەرگهێنەرە،سفرکردنەوەى بەهاى مرۆڤە،تائەو ئاستەى کە مرۆڤەکان دەکوژرێن یان دەمرن، ئەوان ئیشێکى باش دەکەن ئەم ژیانە بەجێدەهیڵن .بەشێک لەسایکۆلۆجیاى ئەم جەنگە،خواستى دابەشبونێکى ترە.

تادێت،کۆنستراکتیڤیزم،وەک تیۆرێکى ئەوروپى،دەبێتە پڕەنسیپى هەموو یەکە نێودەوڵەتییەکان (ئاشتى و ئازادیی و ئاوەدانى بۆناوەوە،هێزو قۆرخکردن و دەستوەردان لەدەرەوە ).ڕووسیا دێت و ئەڕوات،ئەیەوێت سنورێت بۆ پەیمانى باکورى ئەتڵەسى (NATO) دابنات، هەر ڕووداوێک دروست ئەبێت ئەیکات بە کارتێک بەدەستى خۆیەوە ،تادواجار بەهارى عەرەبى سنورى ناوچەیی خۆى تێپەڕاندو گەیشتە ئۆکرانیا و هێزى سەربازیی ڕوسیاى فیدراڵى خستە جوڵە،لەپاى گێڕانەوەى جەزیرەى قرم بۆ ڕوسیا ...یەکێتى ئەوروپا چەندین تەحەداى گەورەى لەبەردەمدایە،دەیەوێت لەسەر حیسابى دەرەوە خۆى لێ قوتاربکات .تورکیا نزیکەى سەدەیەکە،دەیەوێت ببێتە ئەندام لەیەکێتى ئەوروپاو،سوود لە گەشەسەندنى ئابوریی و،هێزى خۆى لە ناتۆ و پێگەستراتیژییەکەى وەربگرێت،تا زەعامەتى خۆى لەناوچەکەدا بپارێزێت ،مووشەکى پاتریۆتى لەناوچەى خۆى جێگیرکردووە،ئێران و ڕوسیاى تووشى دڕودۆنگى کردووە..ئێران عێراقى داگیرکردووەو،دەست لەسوریاو کەنداو وەرئەدات،ئیسرائیل لەپشت هەڵگیرساندنى هەر ئاگرێکەوە،ئامانجى سنوردارکردنى چەکە ئەتۆمییەکانى ئێرانى هەیە .ئەمریکا سوارى خەونە سەرکەشەکانى بووەو،لەپاڵ قەیرانى گەورەى ئابوریی نێوخۆیدا،پەیڕەویی لەسیاسەتى (گەردونى) ئەکات،تا بۆ (100) ساڵى دیکەش جیهان بەیەک جەمسەرى بمێنێتەوە،هیچ تەنگەبەر و ڕێرەوێکى ئاوى نەبێت،هیچ کونجێکى فەزا،وشکانى نەمابێت،ئەو بەرژەوەندیی لەسەر نەبێت .ئایا جیهان ئەمانە قبوڵ دەکات ؟.جیهانێک کە مرۆڤایەتى تیایدا،لەڕۆبۆتیک زیاتر هیچى تر نین .دابڕاو لەخەیاڵ و بیرکردنەوە،لە بەهاى بەرز وەکو "ڕۆسۆ" باسى دەکات .لێوانلێو لە ماددەو تەکنەلۆژیاو داهێنانى یەکلەدواى یەک،کەمرۆڤ خودى خۆى پێ کۆت و بەند کردووە .

دووەم: جەنگى ئایدۆلۆژیاکان .

ئامانجى سەرەکى بزوتنەوەیەکى سەلەفى –جیهادى-ئیسلامیی پەڕگیرى وەک قاعیدە،لە (2) خاڵدا کورت ئەبێتەوە،یەکەم: گەڕانەوە بۆ سەردەمى خەلافەت و حوکمى ئیسلام،دووەم: بڕینى دەستى ئەمریکاو خۆرئاوا،لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهانى ئیسلامیدا .پێش ئەوەى "ئیدوارد سەعید" وەک ڕەخنەگرێکى پۆستمۆدێرنى ئەمریکى،بکەینە گەواهى ئەوەى لایوایە، ڕۆژهەڵات کتومت کردەى ڕۆژئاوایە.پێش ئەوەى لەم جەنگە و کەوالیسەکانى پشتى قسەبکەین،دەکرێت هەوڵە سەرەتاییەکان بۆ کاڵکردنەوەى ڕێبازى بیروباوەڕو سیستەمەکان،بۆ ململانێی ئایدۆلۆژیاکان (ئیسلامى-سۆشیالیزم-لیبراڵیزم) دیاری بکەین..ئێستاش ئەو پرسیارە نەمردووە،ئایا تاوانى بیرۆکەى مارکسیزم بوو،سۆڤیەت ڕوخا،یاخود هەڵە لەجێبەجێکردنى بەرنامەکەدا بوو ؟ بۆ ئیسلامیش بەهەمان شێوە .لەو ئەڵمانیایەى کەمارکسى بەزیندوێتى قبوڵ نەبوو،ئێستا کتێبەکانى پڕفرۆشترینن،ئایا مارکس خراپى ووت کە ئابوریی تەواوى جەستەى کۆمەڵگەیە ؟.ئەوەتا بیرى لیبراڵیزم وەک مشک بەربۆتەوە گیان مرۆڤەکان ."ماکس وێبەر" سیستەمى سەرمایەداریی بە (قەفەزیی پۆڵاین-Iron cage) بۆ مرۆڤەکان وەسف ئەکا،لەژێر ناونیشانى ڕاشناڵیزم و ئازادییەکى وەهمیدا .

تامرۆڤ بونى هەبێت،جەنگ بەردەوامە،مرۆڤەکان بەردەوام لەململانێدان،یەکێکیان بۆمانەوە لەفۆڕمى خۆیدا،ئەویتر بۆ بازدان و فراوانخوازیی .لەدواى دروستبونى نەتەوەیەکگرتوەکان (بۆ پارێزگاریکردن لەئاشتى و ئاسایشى جیهانى) دەیان جەنگ لەلایەن زلهێزانەوە ڕویانداوە،کێ بەرى پێگرتون .؟.لەگەڵ ئەوەى دیموکراسییەت باشترین شێوەى حوکمڕانییە، کەڕاست و چەپ لەسەرى کۆکن،بەعەیب و عارەکانییەوە.هیچ کاتێک ئەمریکاو ئینگلیزەکان خوازیارى دیموکراسیەتێکى هەقیقى نەبون بۆ زۆنەکانى دەرەوەى خۆیان،لەستراتیژى هەرە گرنگى خۆرئاوا بەرخۆرکردنى خۆرهەڵات و مانەوەیانە لە خۆخۆری و خۆکوژیدا .لەساڵى (1947) ەوە ئەم بەرنامەیە لەڕۆژهەڵات کارئەکات .بەجۆرێک تەنها لەماوەى (1947-1952) دا،ئەم ڕوداوانە بەمەبەستى ئیختراقکردنى تەواوى ڕۆژهەڵات و پێکەوە سەرقاڵکردنیان ڕوویانداوە: لەساڵى (1947) پرەنسیپى (ترومان) وەک یەکەم هەڕەشەیەک لەدوژمنەکانى ئەمریکا کەوتە کار .هەر لەساڵى (1947) دا ڕاگەیاندنى پلانى (مارشاڵ) وەک ناوکى جیهانگیریی،بۆ ئاوەدانکردنەوەى ئەوروپاى دواى جەنگ،لەساڵى (1948) لەدایکبونى دەوڵەتى ئیسرائیل..قۆناغى دواى ئەمە دەستەمۆکردنیان بوو،لەڕێگەى کودەتاوە،لە ساڵى (1949) کودەتاى حوسنى زەعیم لەسوریا،لەساڵى (1952) کودەتا لەئێران بەدەستى دەزگاى هەواڵگریی ئەمریکى بەسەر (موحەمەد موسەدەق) ى ئێراندا،کەبەدەنگى خۆشى هاتبوە سەرکورسى .لەهەمان ساڵ کودەتاى "جەماڵ عەبدولناسر" لەمیسر..ئەوسا کودەتا لەیەمەن ،تا ئەگاتە کودەتاى (14ى تەمموز1958) لەعێراق .لەم کاتانەدا سەربازەکانى بەریتانیاو ئەمریکا بە فڕۆکە لەنێوان سوریاو عێراق دائەبەزن،بۆ پشتیوانى لەکودەتا .

بۆ ئێستاش کەس نازانێت، کێ ناوى مەرگەساتێکى وا بەردەوامى ناوە (بەهارى عەرەبى).کڵپەى ئاگرەکە ،تەشەنەى کردووە بۆ شەڕێکى مەزهەبى لە عێراقێک کە لەوەتەى هەیە،داهێنانى تیائەکرێت لەشێوازى کوشتنى مرۆڤدا،سوڕێکى ترى وەحشەت و تێک بەردان لە ڕۆژهەڵات دەست پێدەکاتەوە،لایەکیان بەرگریی لەهیلالى شیعى دەکات،لایەکى دی دەیەوێت هیلالەکە بکات بە (2) کەرتەوە .تا بەجۆرێک ئەم ناوچەیە خەڵتانى خوێن بێت،هەموو مرۆڤێک خۆى بیروباوەڕى ئیسلامى تاوانبار بکات،لەجەنگ و تێک بەردان و داخران .بگرە ئەوەش بهێنێتە پێش چاو لەمێژووى حوکمڕانى خەلافەتە یەکلەدواى یەکەکانى ئیسلامەوە تائەمڕۆکە،ڕۆژێکى بێ جەنگ و کوشتار بەڕێ نەکردووە .

سێهەم : داعش ئەیەوێت چى بکات ؟

جیاوازی هەیە لەنێوان پاڵپشتى کردنى تیرۆر لەعێراق، لەگەڵ هاوردەکردنى تیرۆر بۆ عێراق .ئەگەر ڕاى گشتى و لایەنە ناوچەییەکان،زووتر درکیان بەمەترسییەکانى داعش نەکردبێت،ئەکرێت ئێستا کێ بە پاڵپشتى ئەم گروپە عەرەبییە شۆڤێنییە-ئیسلامییە توندڕەوە بزانن ؟.تورکیاو نوجەیفییەکى ڕاکردوو؟ مالکى و ئێران ؟.پێدەچێت بۆچون و بەرنامەى (دەوڵەتى ئیسلامى لەعێراق و شام-داعش) لە دواى کوشتنى (زەرقاوى) گەڵاڵە بوبێت لە عێراق .بەو پێیەى لادانێک هەیە لە فەرمانەکانى قاعیدە .بەگشتى لەسیفەتە جیاوازەکانى "داعش" ئەوەیە: مەکەزیەتێکى بەهێزو ڕێکخستنێکى بەرفراوانیان لەمەرکەزیەتدا هەیە.توندڕەوتریشن .هەروەها لە ژێر فەرمان و زەعامەتى (زەواهیرى) دەرچوونە و " ئەبوبەکرى بەغدادى" سەرکردەیانە .داعش لە (15/12/2013) بەتەنها (6) کەسی چەکدارەوە،بە هێرشێکى بەرنامە بۆداڕێژراوەوە،پەلامارى (دەزگاى هەواڵگریی عێراق) یان لەکەرکوک داو،بۆ کاتژمێرێکیش دەستى یان بەسەرداگرت .دواى نزیکەى (15) کاتژمێر شەڕ،سوتانى بینای (جەواهیر مۆڵ) ئەوسا کۆتایی پێهات .ئەم هێرشە بۆ سەر ئەو دەزگایە ئاماژە بوو،بەوەى هەرکات بیانەوێ لەمێشکى کەرکوک،وە لەمێشکى حکومەتى عێراقى ئەدەن .ئەکرێت،(3) دینگە وەک خاسیەت و لەسەرپێ وەستانى "داعش" دیاریبکەین :

یەکەم: پیشتگیریی و ئاڕاستەکردنیان لەلایەن وڵاتانى ئیقلیمییەوە .

دووەم: ژینگەو زەمینەى عێراق هەرخۆى لەبارە، بۆئەوەى ئەم هێزە توندڕەوە تیایدا گەشەبکات و باڵى بەسەردابکێشێت .

سێهەم: تەکتیک و مەشق و شێوازى پەلاماردان و جۆرى چەکەکانیان و ئەندامەکانیان، هەروەها لینکەکانى پەیوەندییان جیاوازترو بەهێزترە،لەهەموو گروپەکانى تر.

بەپێی ڕاپۆرتێک لەکۆتا ڕۆژەکانى (2013) لەلایەن سەرکردەى ڕێکخستنەکانى قاعیدە لەمیسر " عاێى بن ابى بکر" ەوە،بۆ بەرپرسی ڕێکخستنەکانى داعش "ئەبوبەکرى بەغدادى" نێرراواوە،دەردەکەوێت هەواڵگریی عەسکەریی داعش لە عێراقەو،تیایدا داواى هاوکارییان لێ دەکات، بۆ ڕووبەڕووبونەوەى هێزە ئەمنییەکانى میسر !.ئەمە لەلایەک بەڵگەى هێڵى سووننى بونى داعشەو،لەلایەکى دیش وێڕاى لەخەت دەرچون،هاوسۆزییانە لەگەڵ قاعیدە..پرسیارێک کەلاى خەڵک باوە،ئەگەر داعش سوننەیە،بۆچى نوجەیفى ڕائەکات ؟.بۆچى سەرقونسوڵى تورکیا ئەڕفێنن ؟.هەڵبەت سووننەکانیش لەناو خۆیاندا دوو بەشن،بێجگە لەوانەى عەرەبى شۆڤێنى ئیسلامین،هەندێک سەرکردەشیان چەپ و عیلمانین..دەکرێت ئەمە بەشێکى تاریکاندن و ئاڵۆزاندن بێت،تورکیایەک بەقەد قوبرس چاوى لە موسڵەو ئاگاى لێیەتى،پێشتر موسڵ یەکێک بووە لەویلایەتەکانى دەوڵەتى عوسمانى،تۆ بڵێی قونسوڵەکەى ئەوەندە بێئاگا بوبێت،لەگرتنى موسڵ لەلایەن داعشەوە ؟.گوایە ئەم هەموو زانیاریانە لەکوێى عێراقەوە دەگاتە تورکیا ؟.دەرکەوتنى داعش بەئامرازە هاوچەرخەکان سەرەتاى ،غوبنێکە لەهەزارەى سێهەم و سەدەى بیستو یەکدا،کە پرسیار لەسەر ناوەکەى ؟ ئامانجەکەى؟ چەکەکەى ؟ نەخشەکەى ؟.مەشقەکەى ؟ فرە ڕەهەندییەکەى ؟ پاڵپشتى یەکەى ؟.ئامرازەکانیان ؟ بکرێت .

چوارەم : کورد و جەنگى داعش و دابەشبون .

فۆکس لەسەر (3) کەسایەتى کاریگەریی سووننى دەکەین (ڕەغدى کچى سەددام حوسەین،عەززە دوورى ،خەمیس خەنجەر).کە (9) ساڵە ئیدارەى شەڕو گروپە تیرۆریستیەکان بە تەکبیری ئەمان لەئەردەنەوە ئاڕاستە ئەکرێن .مانەوەى " دوورى" بۆئێستاکەو جرت و فرتەکانى ڕابردووى جێگەى گومانى زۆرن، دەیان گرتەو ئاماژەى گرنگ بۆسەلماندنى ئەمە هەیە."خەمیس خەنجەر" بەیاساى تیرۆر (م/4) لەبەغدا فەرمانى گرتنى هەیە،پەیوەندییەکى بازرگانى گەورەى لەگەڵ میرەکانى قەتەر هەیە،کاتى خۆى (700) ملیۆن دۆلارى "عودە"ى ڕفاند،دواتر بانگى کردەوەو پێکهاتنەوە،هەندێک واى بۆئەچن مێردى "ڕەغد" بێت و خواستبێتى،وەک کاراکتەرێکى دیبلۆماسییەو،لەپشت ڕووداوەکانەوە دەرناکەوێت،بازرگانى جگەرەى ئەسپین و غەمدانە لەعێراق ،دەستى گرت بەسەر بانکى (اتحاد) دا،خاوەنى (مەرکەزیی عێراقییە بۆ دیراساتى ستراتیجى !!).لەتورکیا دائەنیشێت،چەندین پێگەى ئەلیکترۆنى لەعێراق کردۆتەوە ،چەندجارێک کوتلە سوننى یەکانى بەهاوکارى تورکیا داوەتکردووە بۆ ئەستەمبوڵ تا یەکیان بخات،دیسکاونتى ئەو نەوتەى کە بەتانکەر ڕەوانەى تورکیا دەکرا،بۆ ئەم بووە،لەماوەى ڕۆژانى (4/4/2014-8/4/2014) لەهەولێر بووە،ڕونتریش پارتى دیموکراتى کوردوستان ئیدارەى ئەم گەمەیە ئەدات،دوور نییە ڕێککەوتنى (3) قۆڵى لەنێوان ئەم بەرانەدا نەبوبێت،تا دواجار پارتى بەتەکتیک گەمەکە لەڕێگەى تێوەگلانى شیعەو سووننەوە لەشەڕ،ئەم یارییە بباتەوە .ئاڵۆزیی ئەم لێکدانەوەیە،ئەوەیە بەلایەک "مالیکى" سەرکەوتوبووە لە گرێبەستى کڕینى (36) فڕۆکەى (F16) لەگەڵ ئەمریکا،لەهەمان کاتدا هەرێمى کوردوستان (پارتى) گرێبەستى (50) ساڵى هەناردەى نەوتى لەگەڵ تورکیا ئیمزاکردووە .هەرچەندە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا،ڕایگەیاند: ئەمریکا لەسیاسەتى نەوتیدا،بێلایەنە (شوێن بەرژەوەندیی خۆى کەوتووە).بەهەڕەشەکانى "فەلاح مستەفا"دا لە ئەمریکا،دەرئەکەوێت کورد سەرکەوتوو نەبووە لەڕازیکردنى ئەمریکا .

سەرئەنجام: ئایندەى دۆزى کورد

یەکەم: ئەمریکا لەگەڵ هەنگاونان نییە بۆ دیموکراسییەت لەناوچەکەدا،ئەمەش ماناى وانییە ئەم (2) حزبە لەمە پتر هاوڵاتییەکانى خۆیان بچەوسَێننەوەو،تاک ئامادە نەکەن بۆ ئایندە .

دووەم: بەردەوام بێلایەنى خۆى لەجەنگى مەزهەبیدا دووپات بکاتەوە.

سێهەم: ڕێککەوتنێک،لێک تێگەیشتنێک لەنێوان (پارتى،یەکێتى،پەیەدە) تەنها لەئاستى مەرکەزیی بڕیاردا هەبێت،ئەو جەمسەرگیرییە ئیقلیمیەى لەنێوان هێزە کوردییەکاندا دروست بووە،لەسەر حیسابى پرسە نیشتمانییەکان و گیانى هاوڵاتیانى کورد نەبێت .چونکە هیچ نەبێت داعش توانى سەهۆڵبەندانى بەردەم کورد بتوێنێتەوە،ترسى کورد بشکێنێت،ئەوەتا ستراتیژیترین شارى عێراقى گرت نە ئێران وعێراق نەتورکیاو ئەمریکاش ،قسەیەکى ئەوتۆیان نەکرد..دەبێت کورد لەچى بترسێت کە نزیکەى (ملیۆنێک) کورد زبان لەناوچەداگیرکراوەکاندا،لەو بارە خراپەى ژیاندا،هاوارئەکەن " بژى کورد،بژى پێشمەرگە".داعش هیچى بۆ کورد نەکردبێت،دەیان جەنەڕاڵى بەلوتشکاویی هێنایە کوردوستان،لەچوار بەش سێ بەشى سووننەى ڕەوانەى کوردوستان کرد،کەدەیان ساڵە گرفتى خاکى هەیە لەگەڵیان،دەکرێت کورد ئەگەر ئێستا بەفەرمى ئیمزاى چوونى پێشمەرگەیان بۆ دواخاڵەکانى کوردوستان پێ ناکات ،کەسبەینێ لەناو ئەگەرەکانى سیاسەتدا بەهێزبونەوە چى دەڵێت ؟ .

چوارەم : ئایندەى دۆزى کورد بەپلەى ئیمتیاز پارتى دیموکراتى کوردوستان لێی ئاگادارە .ئایا ئەم جەنگە بە تاکتیک و بەڕێککەوتن بووە ؟.

پێنجەم: ئێران و تورکیا،جەنگى خۆیان بە قووڵتر هێناوەتە ناوچەکە،شەڕى یەک بەرەیی هەموو هێزە کوردییەکان لەبەرامبەر ئەم بەرانەدا،ناکاتە پاراستن و یەکڕیزیی ماڵى کورد،ئەوە گرنگە بەدەستێک لەناو بەرژەوەندییە نێو-دەوڵەتییەکاندا بەدواى کۆنتاکتدا بگەڕێین،بەدەستێکیش تەکبیرى بێدەنگ لەناوەوە .

شەشەم: داعش ناتوانێت ئامانجەکانى بپێکێت،کە گرنگترینیان هاتنە ناو کوردوستان و چوونە بۆ ناوچە سووننییەکانى ئێران .

 

 

 

Related Articles