ئەسبابى شەڕ ... بەهرۆز جەعفەر

 

 

 

دەوڵەتدارى چەند ئیدارەدانى ئەمڕۆیە، دوو هێندەش دروستکردنى"ئایندەیە".مەبەست لەوەیە فکرو کارى پسپۆرى هاوشانى هێزو هەستکردن بەجەنگ لە ستراتیژیەتى وڵاتدا وەگەڕبخرێت،ئایندە دروستکردن مشورخواردنى ئەو لۆژیکەیە کە ئەیەوێت مەعریفە نەکرێتە پاشکۆى جەنگ.هیچ نەبێت تەریب بەیەکتربن، بەدکارى ئینسانەکان لەولاوە گەشتۆتە ئاستێک ،هەمیشە لەهەوڵى کوشتن و سڕینەوەو سەرپانکردنەوەو زیندەچالکردنى یەکتریدان ..!؟.تا ئەو ئاستەى "ئەگەر ئاشتیت ئەوێت خۆت بۆ شەڕ ئامادەبکە".جەنگ بابەتێکى حەتمیەو ئاشتیش هەرجەنگە،کەرەستەکانى ئاشتى قورسترن لەکەرەستەکانى شەڕ،ئەوەى لەئاشتیدا ڕەنگە بیدۆڕێنیت،هەرگیز لەجەنگدا نایدۆڕێنیت،ئێمە لەجەنگدا ئەنفالکراین،هەستو سۆز و خۆشەویستیمان بۆ گەڕایەوە،کەتووشى ئاشتى و گەڕانەوە بۆشارەکان بوین،دەستمان کرد بەبراکوژیی و پیسخۆریی و نەهێشتنى بەها بەرزەکان و خەسڵەتە نیشتمانییەکان،نەمانبینى لەقۆناغى شاخدا باوکێک هەموو کوڕەکانى خۆى بکوژێت،کوڕێک هەموو خێزانەکەى بکوژێت،بەڵام لەقۆناغى شارو ئاشتیدا نامۆترین دیاردەى مرۆڤایەتیمان پێش چاوکەوت .مێژووى مرۆڤایەتى ئەگەر شەڕو کوشتارگەو قات و قڕى لێدەربهێنیت، هیچى واى لێ نامێنێتەوە،بەو پیودانگەى هیچ قۆناغێک نییە لەمێژووى کۆن و ناوەڕاست و نوێ و هاوچەرخیشدا بەبێ جەنگ.

ئەبێت،هەمیشە بیربکەینەوە چۆن خۆمان بەهێز بکەین ؟.دەکرێت ببین بەنمونەیەکى قەشەنگ لە ئەداکردنى پرۆسیسى دیموکراتى،تا جیهان پەنجەمان بۆ ڕابکێشێت لەم ناوچەیەدا ؟.دەکرێت زێڕ لەناو زبڵدا بێت .؟ باخچەى ڕەنگاڵە لەناو ئاگردا ؟..ئێمە لەهەر کات پتر پێویستمان بە "سیاسەت" ە.لەم ژینگانەدا سیاسەت هێشتا دروست نەکراوە .سەرنج ئەدەم چۆن کیڵگەکانى دیموکراسى و حوکمڕانى دروست هێشتا بەیارن،ئاوهاش مەیدانەکانى جەنگ و سیاسەتى سەربازییمان نەخەمڵیون .ناتوانن تەریب بەگۆڕانى ڕەوڕەوەى مێژوو،بە ئامرازە نوێیەکانى سەردەم و ئاوسبونى جیهان بە گۆڕانێکى دى،سایکۆلۆجیایەکى نوێ بۆخۆیان فەراهەم بکەن.کورد هەموو شتێکى کوردانەیە،سیاسەتەکەى،ئابورییەکەى، دیبلۆماسییەکەى،ڕۆژنامەگەریی و نوسەرەکانى ،هەڵوێستەکانى،چاودێریی و بەدواداچونەکانى...هەموو ئەمانە هەر بەدیدە کلاسیکییە کوردانەکەى جاران لێ ئەخوڕن .هەربۆیە لەبرى ئەوەى ئیشى سیاسەت وەگەڕخستنى کۆمەڵگەو جوڵاندنى بێت،تەمەڵکردن و خەواندنیەتى .هەزاران پیاوى سمێڵ قەترانى خانەنشین،بەکڵاشینکۆفێکەوە، لەو بیابانە دەستیان کردووە بەنواندنى هەڵوێست .!.لەکوێدا ماوە شەڕ بەکڵاشینکۆف بکرێت ؟.کڵاشینکۆف خۆى مرد .یەکەم فیشەکى (600) مەتر،لەو بەدواش یان هەر تەقە ناکا،یان چەند سەد مەترێک ئەڕوا .ئەمڕۆ هەموو ئامرازەکانى شەڕکردن لەجیهاندا گۆڕاون،لاى کورد نەبێت.هەموو نەخشەو تارگێتەکان گۆڕوان،کەچى هەرە زۆرى پێشمەرگە لەم عەسرەدا بە کڵاشینکۆفێکەوە،زۆربەیان پێشمەرگەى دێرینن کە (30) ساڵ پێش ئێستا جەنگاون،هەرهەمویان سەر ئەکەن بەیەکا بەکۆمەڵ ئەوەستن !.بابزانین کورد چى هەیە ؟

یەکەم: تەکنەلۆژیاو ئەندازەى سەربازیی

چوار هۆکارى گرنگ بۆ سوپایەکى سەرکەوتوو هەیە:

یەکەم: تەکنیک و ئەندازەى سەربازیی (کەلاى خوارەوە باسى دەکەین).

دووەم: تەکتیک بۆ خێراگەیشتن بە ستراتیژیی سەربازیی (هەر ستراتیژێکى سەربازیی لەناو بازنەى ستراتیژیی باڵاو پیرۆزى ستراتیژیی نیشتمانیدایە،هەریەک لەمانە لەئەستۆى سەرکردەو جەنەراڵە کارامە و ژیرەکاندان ) .

سێهەم: هەواڵگریی (ئیستخبارات ).

چوارەم: ئینتیما.باوەڕبونى سەربازەکانى سوپایەک بەو کارەى ئەنجامى ئەدا .هەستى سەربازەکان بۆ جەنگەى دەستیان داوەتێ چی یە ؟ ناچارییە ؟ بیر لەجیاوازیی مووچەى خۆیان و خیانەتکارێک دەکەنەوە ؟.پۆشتەو پەرداخ نین ؟.نەبونى هەماهەنگى و جیاوازیی لەنێوان یەکە سەربازییەکان بێزارى کردون ؟.گرفتى غەریزەو سێکسیان هەیە ؟.بەدواى دەستکەوت و فەرهودەوەن ؟.یان چى ؟.

تەکنیک و تەقەنیاتى سەربازیی،دواى (22) ساڵ لەحوکمڕانى کوردیی،هەرنەبێت لەدواى پرۆسەى ئازادییەوە،ئەگەر چى کۆمەڵێک چەکى تازە بەپارەى نەوتى کوردوستان کڕراون.بەڵام بەپێی پۆلێنە زانستیەکەى خۆى بیرى لێنەکراوەتەوە،کەئەمەیە :

پۆلێنێکى فەرعى : چەک (چەکى بیۆلۆجى،چەکى قەدەغەکردنى ناوچەیەک،چەکى فڕۆکەوانى،چەکى فەزائى،چەکى تەقلیدیی،چەکى ڕووسى و چینى،چەک بەپێی جەنگ،چەکى ئاگرین،چەکى هێزە چەکدارەکان،چەکى کیمیاوى،چەکى دژە فڕۆکە،چەکى مەدفەعى،چەکى ئەتۆمى،ڕەشاشات،قازفات،ساروخ...هتد).ئەوسا عیتادى سەریازیی و شێوازەکانى پەیوەندیکردنى سەربازیی،ئامرازەکانى پەیوەندیکردن،ڕۆبۆتى سەربازیی،سۆنار.

پۆلێنێکى دى،بەشێوەى سەفەحاتى کاتیگۆریی بۆ تەکنیکى سەربازیی،کەئەمەیان کورد بەدەگمەن ئاگاى لێیەتى،لەجەنگى ئەلیکترۆنى و ئینتەرنێتى،ئامرازە هاوچەرخەکانى جەنگ کە بۆ زانینى شێوازى جوڵەو قسەکردنى دوژمن بەکاردێن .زانینى ئەوەى دوورى نێوان دوو مۆڵگەى دوژمن چەندە ؟ بەچ ئامێرێک پەیوەندیی ئەکەن ؟ جوڵەى یەکێکیان بۆلاى ئەوى تر لەچ کاتێکدایە تا تۆ لەو خاڵە بدەیت .ئیمڕۆکە هیچ شتێک لەکڕینى چەک و ئامرازەکانى کۆنترۆڵکردنى بەرامبەر بۆ کورد ئاسانتر نییە.بەسەدان کەس هەیە سەدان ڕاوێژکاریی بەوتوانامان بۆ ئەهێنێت،دەیان کەس هەیە ئەتوانێت درزى گەورە بخاتە نێو هێزەکانى دەوروبەرمان،چ چەکێکت ئەوێت و ناوێت لەم جیهانە بە چەند ڕۆژێک ئەیهێنێتە شوێنى مەبەست .

چەند سەیرە،نەقیبێک،نەقیب،ڕێ بزر بکات بچێتە نێو هێزەکانى داعش !.ئەمە بەڵگەى ئەوەیە ئەم هێزانە نەخشەى پێویست و تەکنیک و تەکنەلۆژیاى سەردەمیان پێ نییە، بۆ ئیختراقکردنى بەرامبەرەکانیان،لەماوەى ڕابردوودا هەر خەریکى چۆنیەتى سانسۆرکردنى نوسەرو ڕۆژنامەوانانى وەک ئێمە بون .

حاجى ئەفەرموێ :

جۆشێ بدەن وەکو هەنگ

تەکبیر بکەن بە بێدەنگ

ئەسبابى شەڕ پەیاکەن

 

 

 

Related Articles