بە دواى چەمچەماڵدا ئەگەڕێم . ... بەهرۆز جەعفەر

چەمچەماڵ، وەک شوێنى لەدایکبون، دواتریش کەرکوک، هەردوو بۆ من ماناى " شوێن" ئەگەیەنن، شوێن نەک بەمانا جوگرافییەکەى، بەڵکو بە ئاماژە ڕۆحى و مەعنەوییەکەى، مرۆڤى بێ شوێن هەمیشە مرۆڤێکى ناکامڵە . خۆ ڕەنگە دواجار ئەم دوو شارە، بۆ ئێمە جگە لەمیحنەت و پەژارە، هیچ بەروبومێکى دیکەیان بۆ ئێمە نەبێت .

 ماوەى (40) ڕۆژە، زۆربەى شەوەکانیش، بەم شارەدا سوڕاومەتەوە، نایدۆزمەوە، لەناو چەمچەماڵدا بۆ چەمچەماڵ ئەگەڕێم، بۆ بەها و خەسڵەتى مرۆیی، بۆ چەمچەماڵیەکان، بۆ تەکانێکى ڕۆشنبیریی، ئەگەڕێم، هیچ نادۆزمەوە .

چەند ساڵێکە بێ قەیدو شەرت، یەکێتى و پارتى دەستیان کردووە بە دامەزراندنى سەلەفى و گەشەپێدانى بیرى سەلەفى، لەبەر دوو هۆ

:

یەکەم: چونکە پێیان وایە خۆپیشاندان حەرامەو، دژایەتى کردنى ( وەلى ئەمر- وەلى تەڕەماش ) کوفرە، خۆشتان ئەزانن وەلى ئەمر لەکوردوستان دوو بنەماڵەن نەک ئێمە بەڵکو خۆیان ئیعتراف بەنیشتمانفرۆشى و دزى و بەدڕەوشتى سیاسیی خۆیان ئەکەن

.

دووەم : بۆ لێدان لە کۆمەڵ و یەکگرتوى ئیسلامى .

هەڵبەت، ئەمە گەورەترین لێدانە لەکۆمەڵگەو دواجار بەر بەمانە ناگیرێت، کەوەک ڤایرۆس خۆیان داوەتە پاڵ خواو پێغەمبەرو ئیبن تەییمیەو ئەمانە. . چەمچەماڵم نەناسییەوە، کە بینیم هەمووى یان سەلەفى و نەوەکانى قوڕەیشن . یان عەرەبە ئاوارەکانن . مناڵى حەوت ساڵ و هەشت ساڵ دزداشەو کڵاوێکى لەسەرە، هەر لەئێستاوە نەباوەڕى بە تەعزیەیە، نە بەشایی، نە بە مۆسیقا نە بە نەتەوەو نیشتمان . . نە بە گفتوگۆ . . .

ئەگەر برا سەلەفییەکانى چەمچەماڵ ڕاستەکەن . لەباب و باپیرى ئێمە موسڵمانترن . ئەگەر ئەوان ئەونە جورئەت و شەهامەت و فکریان هەیە. فەرموو با دیبەیت و گفتوگۆ بکەین . . بەس ئەزانم و ئەتانناسم دواى ئەوەى هیچتان پێ ناوترێت، هەڵئەچن و لەملاولا دەست ئەکەن بەزەمکردنى خۆم و دارو بەردى خۆم . . ئەوەیە ئەتوارە ناشیرینەکانى ئەو موسڵمانە نا بانگخوازانەى، کە ئەمڕۆکە دونیا لە دینەکەیان بێزاربووە و ئەترسێت، بەدەست وەها خەڵکانێکەوە .

ئەمانە، ئەیانەوێ کۆمەڵگە بەڕێگەى دین، بپارێزن لە بێ ئەخلاقى و بەربەریەت، لەکاتێکدا ئەگەر پێناسەیەکى فەلسەفەى ئەخلاق بکەین، ئەمڕۆکە بەدڕەوشترین و بەبەریترین کۆمەڵگە ئەو کۆمەڵانەن کە هێزە ئیسلامییە سەلەفییە نەرم و ڕەقەکانى تیا باڵادەستە، ئەو چینەن کە سەدان دەق و نەس و پەڕەى مێژوو، سەلماندوویەتى، شەرعیەتیان لە (3)شتەوە وەرگرتووە :

یەکەم: جنس و هەوەسبازیی و بەبارمتەکردن و زیندانکردنى ئافرەت و ئه تككردن و ئابرِوبردنى .

دووەم : شمشێر

سێهەم : کۆکردنەوەى پارەو غەنیمەت .

 

دڵنیاتان ئەکەین، له چەمچەماڵ بين يان سوله يمانى، له ئؤروبا و ئه مريكا، سه ريَكمان هه ر له چەمچەماڵه. . بێدەنگ نابین . بەسیمینار . بەپەیوەندییە سیاسیی و ئیعلامییەکانمان . بەنوسینى دیکە . . وا نەزانن ئەتوانن کۆمەڵگە وەک مێگەل بدەن لەبەر و بیخەوێنن . ئەگەر هەنگاوێک چووبێتنە پێش ملهوڕیی دەستەڵاتى سیاسیی و، بێدەنگى ئەو هەزاران نا ڕۆژنامەنووس و بەناو نوسەرۆچکانەیە کە ڕۆژ تائێوارە خەریکى موجامەلەکردنى دیوە کۆنزێرڤاتەکەى کۆمەڵن، تا تۆزێ پارە یان دەنگ کۆبکەنەوە . . یاخود خۆیان بەباش بناسێنن لەناو خەڵکدا . .

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles