قارەمان ئیبراهیم قوربانییەکی تری، پەروەردەو فێرکردنی سەقەت. . . !! شێرزاد فاتح

دیسانەوە هەوڵێکی دڵتەزێنی تر ناخی هەژاندین، سەقەتی پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن لە کوردستاندا، هەرجارەو گیانی یەکێک لە لاوەکانمان دەکاتە قوربانی عەقلیەتی بەڕێوەبەران و داڕێژەرانی ئەم پرۆسە ناتەندروستە. قارەمان هەموو تاوانەکەی تەنها و تەنها یەک ووتنی یەک ووشە بوو هیچی تر، لەکاتی هەستان لەبەر جەنابی مامۆستا لە جیاتی "بژی کوردستان" بەپێی قسەی هاوڕێکانی چونکە کەسێکی سوعبەتچی بووە، ووتبووی "بژی عەرابستان"، ئەمە هەموو تاوانی قارەمان بوو، هەر ئەمەش بووە هۆکاری کارەساتێکی دڵتەێن و گیانی لەدەستدانی ئەو تازەلاوە تەمەن ١٤ ساڵەی لێکەوتەوە.

قارەمان ئیبراهیم (١٤ ساڵ) قووتابی پۆلی حەوتەمی قوتابخانەی ئامێزی بنەڕەتی بوو لە ئۆردوگای دارەتوو سەربە پارێزگای هەولێر، ڕۆژی ١٨-٢-٢٠١٤ دوای ئەوەی لە قوتابخانە لەسەر ووتنی تەنها قسەیەک توشی کێشە دەبێت لەگەڵ مامۆستاکەی، ئیدارەی قوتابخانەی لێ ئاگادار دەکرێتەوە و بڕیاری دوور خستنەوەی لە قوتابخانە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەدەن، لەهەمانکاتدا تەلەفۆن بۆ باوکی قارەمان (ئیبراهیم) کە پیشەی کاسبە دەکەن و پێی دەڵێن کە "منداڵەکات موشاغبەو گوێڕایەڵی مامۆستا و یاساکانی خوێندن نییە و مامۆستا و قوتابیەکانی بێزار کردووە"، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە باوکیشی پاش هاتنەوەی لەسەر کار هێندەی تر لە قارەمان تووڕەبێت و هەڕەشەی سەربڕێنی کۆترەکانی لێدەکات. ئەم ساتەوەختەو ئەم پاش نیوەڕۆیە ناخۆشترین ساتەکانی ژیانی قارەمان دەبێت، بەپێێ قسەی هاوڕێکانی هیچ وەخت نەیانبینیوە کە قارەمان هێندە ڕووگرژو توڕە دیار بێت، بەپێجەوانەی سروشتی ئەو کە سێکی هەمیشە قسەخۆش و ڕووبەخەندە بووە.

هەڕەشەی مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانەکەو بە چاوی تاوانبار تەماشا کردنی قارەمان، هەوەها تووڕەبوون و هەڕەشەی باوکی، هێندەی تر مێشکی قارەمان ماندوو وجەنجاڵ دەکەن، ئەویش هیچ ڕێگەیەکی تر شک نابات جگە لە پەنا بردن بۆ سەندنەوەی ژیان لەخۆی نەبێت، هەر بۆیە دەچێتە ژوورەوە و بەپەتێک خۆی هەوڵدەواسێت و کۆتایی با ژیانی خۆی دێنێت.

پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن لە کوردستان پرۆسەیەکی سەقەتە، بڕە لە عەقلییەتی گەورەسالاری و خۆسەپاندن، لەبری ئەوەی کە پەیوەندییەکی دۆستانەو لێواولێو مرۆییانە لەنێوان مامۆستاو خوێندکاردا هەبێت، لەسەر سادەترین ڕوودا و دەبێت بە کێشەیەکی گەورەو کارەساتی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە. ئەگەر بەڕێوەبەرانی ئەم پرۆسە سەقەتە پێیان وایە قارەمان ملکەچی یاساو ڕێسا سەقەتەکانیان نابێت، دەکرا مرۆییانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و لەگەڵیدا بەئارامی دانیشن و قسەی لەگەڵدا بکەن، نەک ڕقی تۆڵەسەندنەوە جێگەی قسەوباس و لێکتێگەیشتن بە دوور خستنەوەی لە قوتابخانەو ناوزڕاندی ەم موشاغب بگرێتەوە. ئەگەر پرۆسەی پەروەردە، ئەگەر ئەو دەسەڵاتەو بیروباوەڕەی ئەم پرۆسەیەی داڕشتووە، ئینسانی بیر بکەنەوە، دەبوایە لەم پرۆسەیەدا ڕەچاوی ئەوەیان بکردایە کە هیچ شتێک لە مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ گەرەتر پڕ باهاترو پیرۆژ تر نییە، دروشمەکانی تۆی دەسەڵات بۆ تۆ گرنگن، نەک بۆ منێک کە لە بەرنامەی تۆی دەسەڵاتداردا بەهەند وەرناگیرێم.

ئەم پرۆسەی پەروەردەوفێرکردنە دەبێت بگۆڕدرێت، پرۆسەیەک جێگای بگرێتەوە کە بەهای مرۆڤ لەبەرچاوبگرێت و هیچ شتێک لەسەروی مرۆڤەکانەوە نەبێت،  پرۆسەیەک کە پەروەردەیەکی ئینسانی منداڵان و لاوان لەبەرچاوبگرێت و منداڵان لە فۆکوسی خۆی دابنێت، نەک ئەو پیرۆزییەی کە دەسەڵاتێکی گەندەڵ و تاڵانچی بەسەر خەڵکیدا دەیسەپێنێت بۆ ملکەچکردنیان بەیاساو ڕێسا نا مرۆییەکانیان کە تەنها لەخزمەتی دەسەڵاتەکایان و خۆسەپاندنی ئەواندایە نەک لە خزمەتی منداڵان و لاوەکانمان. قوتابخانەکان دەبێت دەرونناس و خەڵکی سۆسیال و شارەزا لەبواری کێشەکۆمەڵایەتییەکانی تێدا هەبێت و بەدووربێت لە عەقڵییەتی دەسەڵات و هاوکاری منداڵان بکات لە کاتی دروست بوونی هەرکێشەیەکی قوتابیان یان بێزاری وناڕەحەتییاندا لە قوتابخانە.

وێڕای پرسەو سەرەخۆشیم بۆ خێزانی قارەمان و هاوڕێ و هاوپۆلەکانی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامێزی بنەڕەتی و بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر بەتاوانبار و هۆکاری گیان لەدەستدانی قارەمان دەزانم و ئەرکی دەسەڵاتدارانە کە لێپرسیەوەیان لەگەڵدا بکەن، پاشان دەمەوێت ڕووی دەمم بکەمە هەموو ئازادیخوازان و ئەوڕێکخراوو لایەنانەی کە بەرگری لە مافەکانی منداڵان دەکەن و خەمی پرۆسەی پەروەردەوفێرکردنیانە، پێان بڵێم کە چیتر نابێت لەسەر ووشەیەک قسە ووتن لاوەکانمان بکرێن بە قوربانی، ئەم پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنە سەقەتە دەبێت بگۆڕدرێت. ئەرکی ئێمەیە کە فشار بۆ دەسەڵاتداران بهێنین، توندوتیژی لە خێزان و قوتابخانەکاندا دەبێت بنەبڕ بکرێت و مامەڵەی ئینسانی جێگای بگڕێتەوە، تا مرۆڤی ئارام و تەندروست وە کۆمەڵگایەکی تەندروست، وە نەوەیەکی تەندروست و دوور لەتوندوتیژی پەروەردە بکەین و بنیات بنێین.

شێرزاد فاتح

بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵان

www.santarimndalan.com

Related Articles