لێکدانەوەيەك بۆ داهاتى کورد لە هەڵبژاردنى شارەوانيەکانى تورکيا ... جمال مەلاقەرە

بەگوێرەى ئەنجامە راگەيەنداروەکان،  پارتى ئاشتى و ديموکراسى بەدەپە ٠٤، ٤% (١٧٩٩٧٤٦) دەنگەکانى تورکيا و هەدەپ ١، ٩% (٨٤٨٠١١) و ئەحمەد تورك وەك ليستى سەربەخۆ ٠، ٤%(١٧٨٨٦٧) و پارتى ماف و سەربەخۆيى (کەمال بورقاى) ٠، ٠٩% (٤٢٠١٤) دەنگيان بەدەستهێناوە، واتە پارت وکەسايەتيە کوردپەروەرەکان تەنها ٦، ٤% دەنگەکانى سەرتاسەرى تورکيايان بەدەستهێناوە. ئەگەر ئەمەش بەرێژەى کورد لە تورکيا بەراوورد بکرێ، زۆر کەمە، و دەکاتە چواريەکى رێژەکە. بەو پێودانگەش لە هەر چوار دەنگدەرى کورد سێ يانيان دەنگيان بۆ پارتەکانى تر داوە و ئەم راستيەش لە پارێزگاکانى ئەلعەزيز، مەلاتيە و بينگۆل و شارى گەورەى ئورفا و موش و ئاگرێ ى باکورى کوردستان زۆر بەزەقى دەردەکەون. چونکە کوردە نەتەوەييەکان لە چوارلەم شارانەدا دووەم و لە مەلاتيە و ئەلعەزيزيش دابەزيونەتە پلەى پێنجەم. بیگومان سيستەمى دواکەوتووى عەشايرى يەکێکە لە هۆکارە سەرەکيەکانى پەرتەوازبوونى دەنگى کورد لە نێو پارتە نەيارەکانياندا، چونکە کاتێ سەرۆك عەشيرەتێك بۆ بەرژەندى تاکە کەسى خۆى، لە ليستى پارتێکى وەك مەهەپەى فاشيست، يان جەهەپەى تاسەرئێسقان دژ بەکورد، يان ئاك پارتى دەبينێتەوە، بەهۆى سيستەمە عەشايەريەکە، زۆربەى هەرە زۆرى ئەندامانى عەشيرەتەکەى دەنگ بەو پارتە دەدەن. ئەمە لەلايەك ولەلايەکى تريشەوە دەبێ ئەوەمان لەبير نەچێ، کە لەپاش رووخانى ئيمراتۆريەتى ئالى عوسمانەوە، رژێمە يەك لە دواى يەکەکانى تورکيا بەئاگر و ئاسن کەوتنە تواندنەوەى هەموو نەتەوەکانى ناو سنورى دەولەتى تازە دامەزراوەکەيان بەگشتى وگەلى کورد بەتايبەتى. پاش تێکشکانى شۆڕشە ئازادى خوازە کانى شێخ سەعيد ١٩٢٣، شۆرشى ئاگرى داغ ١٩٣٠-١٩٣٢ و شۆرشى دەرسيم بەسەرکردايەتى سەيد رەزا ١٩٣٥ زمانى کوردى لەکورد قەدەغەکراو وبەتورکى شاخاوى لە قەڵەم دران . تا ساڵى ١٩٨٤ ئەم دۆخە بەردەوام دەبێ . لەم ساڵە بەدواوە پارتى کارکەرانى کوردستان شۆرشێکى لە بن نەهاتووى پشت ئەستوور ئيرادەى جەماوەرە ستەم ديدە وزوڵم لێکراوى کوردانى باکور هەڵدەگيرسێنێ و ساڵ بە ساڵ، مانگ بە مانگ و رۆژ بە رۆژ شوناسى نەتەوەيى بۆ ئەو کوردانە دەگێرێتەوە کە ساڵەهاى ساڵە لێى مەحروم کراون.

بۆيە دەبێ بەدستهێنانى سەرۆکايەتى شارەوانيەکانى هەر سێ شارى گەورەى ئامەد و وان وماردين و پارێزگاکانى وەك باتمان، بتليس، هەکارى، ئيغدر، و دەرسيم بەکەم نەزانين و گەشبينتر لە دوا رۆژى گەلى کوردمان لە باکورى کوردستان بروانين.

سەرکەوتنى هەدەپ بەسەر پارتى مەهەپەى نەتەوە پەرست لە مەزنترين شارى تورکيا ( لە ئيستانبولى سيانزە مليۆن کەسى)، و بەدەستهێنانى پلەى سێيەم بە رێژەى ٤، ٨٤% مايەيى شانازيە بۆ نەتەوەى کورد لە سەرتاسەرى کوردستان. هەدەپ لە نێو ٣٠ شارۆچکەى پێکهێنەرى پارێزگاى ئيستانبول توانيويەتى لە ١٠ شارۆچکەياندا پلەى سێ يەمى بەدەست بێنێ، ئەم شارۆچکانەش بريتين لە:- ئەدەلار ٣، ٧٧%، عەرنەعوت کۆى ١١، ٥%، باخچەلار ٩، ٣٥%، باشقا شەهير ٧، ١٦%، بەى ئۆغلو ٧، ٢١%، ئەسەنيورت ٩، ٩٣%، سەنجاق تەپە ٧، ٢٨%، سوڵتان بەيلى ١١، ٥٧%، سوڵتان غازى ٧، ٣٧% و شيشەلى ٤، ٠٧%. راستە ئەو ئەنجامانە بەهۆى کەميانەوە نەبونەتە هۆى بەدەستهێنانى هيچ کام لە و ٣٠ شارەوانيە، بەڵام کێشى نەتەوايەتى کوردانى پەراگەندە دەردەخا. هەروها پارتى بەدەپەش لە شارى مێرسينى سەردەريايى سپى ناوەڕاست، کە بە لانکەى مەهەپەى نەتەوەپەرست دەژمێردرێ توانيوەەتى لە شارۆچکەى ئاق دێنز پلەى يەکەم بەدەست بێنی وشارەوانيەکە بباتەوە و لە تۆرۆسلار يش بە رێژەى ١٨، ٢١% پلەى سێيەم وهەروەها پلەى چوارەميش لە شارۆچکەکانى تەرسوس ١٠، ٣١%، يەنى شەهير ١٠، ٠١% و مەزتيلى ٤، ٧٢ % و لە ناو خودى شارى ميرسينشدا بە رێژەى ١٨، ٢١ % پلەى سێيەم بەدەست بێنێ. ئەگەرچى بەدەپە لە شارى ئەرزروم ئەنجامێکى کەمى بەدەستهێناوە و بەپلەى چوارەم هاتووە بەڵام لە کۆى ٢٠ شارۆچکەى سەربەم پارێزگايە ش توانيويەتى لە شارۆچکەکانى قەرەچۆبان، قەرەيازى و خنس و تەکمان پلەى يەکەم بەدەستبێنێ، رەنگە ئەمانە هەمووى نەکاتە ئەنجامێکى ئەوتۆ لە شارێکى مەزنى وەك ئەرزڕۆمى کوردستان، بەڵام گێڕانەوەى ناسنامەى يەك سەدە دزراو، بەشەو رۆژێك ناکرێ بۆيە دەبێ سەرى رێز ونەوازش بۆ ئەو قوربانيانەى کوردانى باکور دابنوێنين و لە دڵەوە پيرۆزبايى ئەو سەرکەوتنە مەزنانەيان لێ بکەين.

 

Related Articles