هەڵبژاردن لە نێوان قین و ئاشت بوونەوەدا. . نەوشیروان جاف

جیاوازییەکی تری مرۆڤ لە بوونەوەرانی دی ئەوەیە خۆخولقێنەری بارودۆخەکانی خۆیەتی و تایبەتمەندی دیاری کردن و هەڵبژاردنی لە دەستایە، سەرباری سەرپشککردنی لە زۆربەی لایەنەکانی دی، لێرەدا ئەوەی کە ئێمە مەبەستمانە لەسەری رابووەستین بابەتی هەلبژاردنە. هەڵبژاردن واتە سەرپشککردن و سەربەستی دان بەخودی خۆ یان خودی مرۆڤ، لە دیاریکردن و هەڵبژاردنی پێشها ت و ڕوداوەکان یان ڕەنگەکان، بۆیە مافی سەرەتایی هەرتاکێکە لە هەڵبژاردندا بەبێ سانسۆر و گرژبوونەوە هەڵبژێردراوی خۆی دیاری بکات. هێندەی کەلێرەدا وتمان بەسە بۆ هەر تاکێک کە بییەوێت ڕەنگی خۆی هەڵبژێرێت، ئەوەی کەماوەتەوە لایەنی بەرامبەرە، واتە هەڵبژێردراو یان بەمانایەکی دی کاندید. بۆیە لێرەدا پرسیارێک دێتە کایەوە، ئایا لەدوای هەڵبژاردن کەسی هەڵبژێردراو تا چەند لە مەهامو پێگەی خۆی کەم ناکاتەوە؟. . . . بەشێوازێک لە ئاستی داواکاری دەنگدەردایە. لەهەرێمی کوردستان زیاتر لە چەند خولێکی هەڵبژاردن تێپەریوە و زۆربەی کاندیدەکان لەگەڵ داخوازی دەنگدەرانییان نەبوون. بەمانایەک هێندەی باری دەرونی هاوڵاتییان و بارودۆخ و پێشهاتەکانیان قۆستۆتەوە بۆ چوونە پێشەوەی مەنسەبی تایبەتی خۆیان هێندە لەئاستی داواکاری دەنگدەرانی خۆیان نەبوون، ئەم حاڵەتە وایکردووە پرۆسەی هەڵبژاردن لە نێوان قینی دەنگدەر وئاشتبوونەوەی کاندیدای ڕەنگەکان بە بێ بەها بهێڵێتەوە، خەڵکی تێدەگەن و پرسیار دەکەن. . ئایا هەڵبژاردن هەلێکە بۆ پێگەیاندنی کارەکتەری سیاسیی لات باز و بێ دەست و بەهرە؟یان هەلێکە بۆ گۆڕانکاری باری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی و باری شارستانی خەڵکی بە گشتی ؟. ئایا دەنگدان دەنگدانە بە پرۆسەیەکی هەستیار و چارەنوس ساز یان دەنگدانە بە ئاندەیەکی بێ بەهاو و نادیار؟ئایا ئەزموونی چەند ساڵەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ڕابردوودا دوبارە دیدێک نابێت بۆ کەسی هەڵبێژردراو؟ئایا باری دەرونی هەڵکشان و داکشانی بارودۆخی سیاسی لایەنەکان و تەوژمی دڵگەرمی حیزبی دوبارە کەسی دەنگدەر بێ چاو و گوێ ناکات لە ئاست پرۆسەی هەڵبژاردن و داواکارییەکانی کۆمەڵگا بۆ داهاتوو؟. . . ئایا کەسی هەڵبژێردراو بە چاوێکی گشتی و پرۆژەیەکی نیشتیمانی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دەروانێت ؟یان وەک ئاماژەمان پێکرد لە پێشدا تەنیا بۆ پێگەی بەرزی تایبەتی و بەدەست هێنانی گوزەرن و باری ئابوری تاکە کەسی خۆیەتی ؟. . . هەموو ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری دی جێدەهێڵین بۆ کەسی دەنگدەرو کەسی دەنگ پێدراو، لە ئەنجامدا دەبینین هەڵمەتی پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕەنگەکان و پەیمان و بەڵێنەکانیان لە رێگای کاندیدەکانییانەوە تا چەندە لەئاست داواکاری دەنگدەراندان و بەپێچەوانەیشەوە دەبینین هۆشیاری تاک لە چ ئاستێک دایە بۆ ئیختیارکردنی ئایندەی خۆی لەکاتێکدا چەندین خولی پرۆسەی هەڵبژاردن ئەزموونکراوە دەنگدەر و کاندید گفتووگۆی خۆیان هەبووە. . . 

Related Articles