سەرۆک خەندەق بەدەوری خۆتدا لێمەدە. . !! ئاراز شاد

کە ناوی خەندەق و چاڵ دەبیستین، ڕێک وێنەی ئەنفال و قەبر دێتە بەرچاومان. دواتر لەبەرئەوەی قەومی کورد مێژوویەکی، پڕلەخنکانی لەگەڵ خۆڵ و خەندەقدا هەیە!

بۆیە هەم وێنەکەی و هەم ناوەکەی لەزاکیرەی تاکی کورددا وەکو مەرگەسات گوزەردەکا.
بەڵام چیبکەم زاکیرەی سەرۆک ئەمە ناخوێنێتەوە!
سەرۆک! ئەی ئەو حەفارەیەی لەوەتەی ناوکت بڕاوە چاڵ بۆ کورد هەڵدەکەنیت! سەرۆک ئەی ئەو شۆفڵە "قوڕمیشکراوەی" لەوەتەی پێت گرتووە خۆڵ بەسەر سەری کورددا دەکەی. سەرۆک ئەی ئەو پاڵەوانەی لە شانزە ساڵیەوە لە "سێرەی" تفەنگەکەتەوە ناوچەوانی کورد دەبینی! سەرۆک ئەی شێری ناو ماڵی کورد و ڕێوی ناو تەڵەی دوژمن! سەرۆک ئەی ئەو خەنجەرە ژەهراویەی لەپشتی کورد چەقیوی! سەرۆک! ئەی باشترین ئەندازیاری خەت خەت کردنی کوردستان! سەرۆک ئەی برابچوکەی مەجلیسی قەرداشەکەت و باڵا کورتەکەی پشت قائیدی ئوممە! سەرۆک ئەی ئەو مەقەسەی ڕۆژێک کفن بۆلاشەی کوردستان هەڵدەبڕی و ڕۆژێکیش نەخشەی کوردستان لەت لەت دەکەی! سەرۆک! ئەی ئەو چەکوشەی هەموو ڕۆژێک بزمار لەتابوتێک ئەدەی بۆکوردستان! سەرۆک ئەی ئەو تەورەی دەسکەکەت لەخۆمانە و هەرڕۆژ قەدی کوردێک دەبڕیتەوە. سەرۆک ئەی ئەو تاشە بەردەی لەژێر دەریادا سینگی کەشتیەکەی کورد کون دەکەی. سەرۆک ئەی ئەستێرە کاروان کوژەکەی کورد بەرەو نادیار کێش دەکەی! سەرۆک ئەی ئەو نیشان شکێنەی لەوەتەی بڕنۆکەت لەشان کردووە، لەسەنگەری دوژمنەوە تەقە لەکورد دەکەی.
سەرۆک بەسە بەس، تۆش لەناو ئەو بەلەمەدای کەهەموومانی تێداین، چیتر ئێمە و خۆت غەرق مەکە، تۆش لەناو ئەو نیشتیمانەدای کە خەندەقی بەدەوردا لێدەدەی، چیتر ئێمە و خۆت مەخەرە چاڵەوە.
تۆش وەکو ئێمە لەناو ئەو دارستانەدایت کە ئەیسوتێنیت، چیتر ئێمە و خۆت مەسوتێنە. ئاقیبەتی تۆش هەر ئەم گۆڕەیە کە، بۆ کوردی هەڵدەکۆڵیت. سەرۆک، خۆ دەزانم خۆماندوکردنم بێهودەیە، خۆ دەزانم نەسیحەت وەرناگریت! چونکە مامۆستا شێرکۆ بێکەس پێی گوتی دەروازەی شیری مناڵی کورد دامەخە، بەڵام ئێستا خەندەقیشی هاتەسەر!
سەرۆک بەسە چیتر کورد گەمارۆ مەدە، چیتر کوردستان بچوک مەکەرەوە، وەکو بچوکی دڵی خۆت، چیتر باڵای بەرزی کورد نەوی مەکەرەوە وەکو باڵای خۆت، ئەزانی ئێمە فێر نین خۆمان نەوی بکەینەوە؟ ئەزانی موتروبەی باڵای ئێمە لەئیرادەی سەرۆکە مەزنەکانی وەکو: ئاپۆ، قازی و نەوشیروان پێک هاتووە؟
سەرۆک باڵای کورد زۆر لەخەندەقەکەی تۆو ئەردۆغان بەرزترە؟ سەرۆک سوێند بەکوردستان قازانج دەکەی ئامۆژگاریەکەم بەهەند وەربگرە، بگەڕێ بەدوای ئیرادەی وون بووی خۆتدا، دەستت لەدەستی نەیارەکانی کورد بێنە دەرەوە و گڵاویەکەی لێدەرکە.
سەرۆک! بەڕەفتارەکانتەوە دیارە کە، مێژوو ناخوێنیتەوە، سەیرکە، ئیرادەی نەتەوەی کورد یەک نیشتیمانی کوردستانی کردووە بە ئەمری واقیع. دوژمن پێی کەرت نەکراوە، ئێستا ئەم ئەرکەیان بەتۆ سپاردووە! ئای سەرۆک چەند بێئاگای! قوربان ڕۆژی هەستانی قیامەت ڕۆژ لەڕۆژئاواوە دەگەڕێتەوە! با مژدەی ئەوەت پێبدەم ئەو ڕۆژە نزیکە کە، ڕۆژی ئازادی هەموو کوردستان لەدەروازەی ڕۆژئاواوە هەڵدێت، چونکە ئێستا ئیرادە و ئامانجی گشت گەلی کورد لەڕۆژئاوا کۆبۆتەوە، خۆت و براگەورەکانت ئەم حەقیقەتە لەئێمەمانان باشتر دەزانن کە، دوای ئەوەی دڵی لاشەی کورد لەچوارچرا دەنگی ترپەکانی خامۆشکرا، ئێستا لەڕۆژئاواوە دەستی بەلێدان کردۆتەوە و ها کا قازیش لەوێوە زیندوو بویەوە. بۆیە بەپوش و پەڵاش دیوار لەبەردەم ئاگری توڕەیی گەلێکدا دروست مەکە، بەتۆپە قوڕ ڕووناکی ڕۆژ دامەپۆشە. سەرۆک ئەم فشارانەت وەختین و شۆڕشی کورد دواناخەن.

سەرۆک! بستێک لەم خاکە نەماوە بەخوێنی شەهیدێک تەڕ نەبووبێت، ئەی تۆ بۆ تەڕ نابیت؟ یان چاوەڕێ دەکەی هەتاکو ڕۆژێک دێت بەتفی دەمی دایکە شەهیدێک تەڕ دەبیت؟
سەرۆک هەنگاوی کورد زۆر لەخەندەقەکەی تۆ گەورەترە. لەبەرچاوی تۆیا مەزن دەردەکەوێت ئەگینا لای ئێمە بچوک و تەسکە وەکو مێشکی تۆ. سەرۆک ببورە ئەزانم بەم قسانەم دڵت تەنگ دەبێت وەکو سکی مناڵێکی ڕۆژئاوا. سەرۆک مناڵی کورد برسی مەکە، کەرتە نانێک هەر دەبێت بۆ مناڵەکانی خۆت.
سەرۆک تەنها بۆجارێک بچۆرەوە سەر ڕەچەڵەکی کورد بوون، ئەزانی سەرۆک لەڕۆژێکدا ٢٤ جار لەجیاتی جەنابت تەریق دەبمەوەو ئارەقەی شەرمەزاری دەسڕم؟ من لەدووری یانزە ووڵاتەوە سکم برسی دەبێت کەدەبینم تۆ کەرتە نانێک بەڕەوا نابینی بۆمناڵێکی ڕۆژئاوا، بەڵێ من لێرەوە هەست بەئازارو برسێتی کوردانی ڕۆژئاوا دەکەم، بەس جەنابت ئێستا کەووتارەکەم دەخوێنیەوە سیڕەی ددانەکانت دێت و بەئاواتی ئەوەی دەستت بگاتە بینەقاقام و دوایین هەناسەم وەکو خەڵاتێکی تراژیدیا پێببەخشیت. سەرۆک ئا ئەمەیە جیاوازی نێوان من و تۆ بەڵێ سەرۆک ئەمەبوو کە بیستت. . !!!

 

Related Articles