لە سێدارەدانی مرۆڤ ،سزادانی مرۆڤە یان بێ دەرەتانی دەسەڵات و یاسایە...ئارام مورادی

 

 

 

لە 22هەمی ژۆئەنی ساڵی 1791 ی زایینیماکسی میلیان رۆبسپیر'' یەکێک لە بەناو بانگترین کەسایەتییەکان کە رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە شۆڕشی مەزنی فەرانسە ، لە کۆمەڵەی میللی لە وتارێکی کاریگەر سەبارەت بە دژایەتی لە گەڵ لەسێدارەدان راگەیاند ، ئەو دەنگی خۆی بە ناوی ئازادی و عەداڵەت خوازی ناوزەد کردووە وسپاندنی سزای لە سێدارەدانی دوور لە ئەخلاقی مروڤایەتی وەک شێوازی بەڕ بەڕەکان ناوبردووە.

دیارە لە هەر سەردەمێکدا سزای مردن شێوازگەلێکی جۆراوجۆری هەبووە وەک پەراندنی سەر بە گیوتین و لە خاجدان و....هتد، لە رەوانگەی ''ماکسی میلیانی'' شۆڕشگێڕە وە، سزای لە سێدارەدانی مرۆڤەکان بەچوک داهێنانی مروڤەکان نەبووە بەڵکوو بێ دەرەتانی دەسەڵات و یاسا بووە .

لە رەوانگەی ئەوەوە پێش شۆڕشی رێنێسانس و دوای شۆڕشی رێنێسانسیش دەسەڵاتدارانی سیاسی بۆ خۆ دەرباز کردن لە مرۆڤە سەرکەشەکان پەنایان بردووەتە بەر حوکمی لە سێدارەدان.

بەڵام مخابن ئەو کەڵە شۆڕشگێڕە رێفوڕمخوازە بۆ رزگار کردن لە دەست ''لویی شازدەهەم'' و کەسانی نزیک لە ئەو پەنا بردە بەر حوکمی لە سێدارەدان بەرانبەر بە '' لویی شازدەهەم '' و کەسانێک کە نزیک لە ئەو بوون.

ئەو پێی وابوو بەگوشتنی ئەوان خۆی و وڵاتەکەی دەپارێزێت ،بەڵام ئەم کردارە بەربەرییەتەی ئەو لە کۆتاییدا رووبەرووی خۆی بوویەوە و سەری بە گیۆتین لە لەشەی جیاکرایەوە.

دوای تێپەر بوونی زیاتر لە دوو سەدە ، لە هێندێک وڵات کە مرۆڤ نرخی نییە دەرگای لە سێدارەدان وسەپاندنی سزای مردن لە سەر پشت کراوەیە.

لە سەردەمی ئێستاشدا سەرەڕای بوونی گۆشاری نێونەتەوەیی وچەندین رێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی و هەوڵدان بۆ لابردن یا خۆ کەمکردنەوەی سزای لە سێدارەدان ، ئێستاش هەن وڵاتانێک کە سزای لە سێدارەدان بە فەرمی لە ولاتەکەیان جێبەجێ دەکەن و هەر تاوانێکی کۆمەلایەتی و دەنگێکی نارەزایەتی دەسپێرنە پەتی سێدارە.

لە زۆرینەی ئەم وڵاتانە ، سزای مەرگ لە برانبەر تاونگەلێک وەک قەتڵ،مادە هۆشبەرەکان و......هتد روو دەدات تاونگەلێک کە لە چوارچێوەی یاسای خۆیاندا بە رادەیەک تەعریف کراو و روونە ، بەڵام لە ئێران بابەت گەلێکی دیکە هەیە کە دەبێتە هۆی لە سێدارەدانی کەسی تاوابنار یان تاوانبارکراو ، کە لە سێدارەدانی کەسانی سیاسی لە ژێرناوی ئەمنییەتی دەستی دادوەر بۆ سەپاندنی سەلیقەی شەخسی خۆی ئاوەڵا دەکات ، یان لە سێدارەدانی مێرمنداڵان یان کەسانێک کە تەنها داوای ئازادی را دەربڕین دەکەن، یان بەڵێنەکانی رژیم لە چوارچێوەی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و سیاسی لە بەربەرەکانی دان ویان وەک بەردباران کردن و لە سێدارەدان ، تەنیا لەبەر جەبری جوغرافیایی بە سەر تاوانباران جێبەجی دەکرێت.

حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن ، بە بەڵێنەکانی وای دەرخست کە بە هەڵبژاردنی ئەو نەک ئەم سزایانە ناهێڵێت بەڵکوو ئازادی زۆرتر بۆ خەڵک دابین دەکات .

بەلام بینیمان هەمووی ئەو بەڵێنانەو ئەو درۆشمانە هەمووی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بوو بو راکیشانی خەڵک بۆ دەنگدان و بەدەست هێنانی دەنگی زۆرتر (هەر چەندە دەنگدان لە کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها سناریوکە بۆ بە لارێدا بردنی فکرییەتی کۆمەڵگای جیهانی ئەگینا هەڵبژاردن لە ئێران تەنها و تەنها سناریۆیەوهیچی تر ) .

بەسەرنجدان بەو رەستانەی سەرەوو ئاوڕدانەوەیەکی سەرپێی لە مێژووی دوور و نزیک سەران و کاربەدەستانی ئەو وڵاتانەی کە لەبەر بێ دەرەتانی یاسای حەزفی فیزیکی و سزای لە سێدارەدان بۆ خەلکی وڵاتەکەیان بە رەوا ئەبینن هەرئەو جۆرە سزایە بەدەستی جیلیکی دوای خۆیان بەرەوا ئەبیندرێت ،ئەگەر لە کۆتایی سەدەی هەفدە ''ماکسی میلیان رۆبسپیر'' و ..هتد نمونەیەکی بەرچاون ئەوە لەسەرەتای هەزارەی سێهەم دا سەدام حوسین و غەزافی دەبێ ببنە عیبرەت بۆ سەرانی دەوڵەتانی هاوتەریبی کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

 

 

 

Related Articles