دەردی وابەستەبوون! ... ئەنوەر ئەڵمان

 

 

 

بە تێگەیشتن لەو هەموو نووسینەی کە ئەمڕۆکە لە هەمبەر عێراق و کوردستاندا بڵاو دەبنەوە،خوێنەر دەگاتە ئەم ئاکامانە:

عێراق دەوڵەتێکی خاوەن کیان و بڕیاری خۆی نییە.وابەستەبوونەکەی ( وەک شیعەگەریی) بە ئێرانەوە ئاشکرایە .هەر ئەو وابەستەبونەیش یەکێک لە هۆکارە لەبەرچاوەکانی کێشەی نێوان ( شیعە،سوونە و کوردە).ئەم وابەستەبوونەی عێراقی شیعەگەری زیانێکی لە ژمارە نەهاتووی نەک هەر بە سوونە و کورد گەیاندووە بەڵکوم بە شیعە خۆیشی و تاکڕەوی شیعەگەرایی و واەستەبوون بە دەوڵەتێکی دراوسێی وەک ئێرانەوە، کە خاوەنی بەرنامە و بڕیارە لەو وڵاتەدا، هەتا دێت کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات.

سەرانی کوردیش بەهۆکاری هەمان پەتای وابەستەبوونەوە،ئەم هەموو ساڵە لە زیانی پەتای وابەستەبون قورتار نەبوون.لەگەڵ ئەو هەموو سالەی پەیوەندی سیاسی و ئابووریەی کە کوردستان بە ئێران و تورکیاوە هەیەتی، نەیانتوانیووە کە سیاسەتێکی نەتەوەیی ـ حەکیمانە!!ـ پەیڕەو بکەن.بەڵام کە لە عێراقدا / وەک وڵاتێکی خاوەن قەوارەی ئازادی نێونەتەوەیی!!/ باس لە کۆنفیدراڵی و دەوڵەتی کوردی دەکرێت، هەردوو وڵاتانی کۆنە و تازە دۆستی سەرانی کورد ـ نەک نەتەوەی کورد! ـ دێنە دەنگ و دژی دروستبوونی هەر قەوارەیەکی سەربەخۆی نەتەوەی کوردن.ئیسپاتی وابەستەبونەکە لەوەدا دەردەکەوێت:

١/ نە دەوڵەتی عێراق نارازی دەردەبڕێت لە هەمبەر بڕیار و خواستە دوژمنکارانەکانی ئێران و تورکیا.

٢/ نە سەرانی کوردیش هەڵوێستی بنبڕی ئازدیان لە بەرامبەر ئەو خومپارەباران و بۆمباردومان و دەمدرێژی و دەستدرێژیانەی ئێران و تورکیا ، دەربڕیووە و دەردەبڕن، کە ئایا بە چ یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتی دەبنە ڕێگر لە هەمبەر خواستەکانی نەتەوەیەکی ناو قەوارەی وڵاتێکی تر؟

٣/ ئەوەییشی کە جێی ئاماژەیە،هەتا نهاکەیش کاری دیبلۆماسی و ژێربەژێری سەرانی کورد لەتەک وڵاتانی زلهێز و خاوەن بڕیاردا، هێشتا ـ دەڵەمەیە!ـ

٤/ ئێران و تورکیا و ئەوجا هەندێک لە وڵاتانی عارەبی، هەر کە باس لە دەوڵەتێکی کوردی دەکرێت، یەکسەر بە ئیسرائیلێکی تری دەشوبهێنن!! بانێکە و دوو هەوا.وڵاتانێکی زۆری عارەبی دانیان بە ئیسرائیلدا ناوە و کونسولگەریان، ئاڵوگۆرە، لە دروستبوونی کۆماری تورکیاوە پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە لە زۆر لایەنەوە هەبووە و هەیە، ئێران بانگەشتە دەکات کە ئەو دژی جولەکە نییە و بەڵکوم کێشەی لەتەک سەهۆنیزمدا هەس! بێشک ئەگەر بە ویژدانەوە،چاوێک بە مێژووی پڕ لە چەوسانەوە و ماڵوێرانی و ئازار و ئەشکەنجە و کوشتن و قەڵاچۆکردنی مرۆڤی جودا بخشێنرێت، ئەوا هەبوونی قەوارەیەکی سیاسی و ئازدا بۆ ئەوان نەک هەر ڕەوایە، بەڵکوم مانەوە و پاراستینشی بڕیاێکی مرۆڤانەیە!

پرسیارەکەیە لێروە هەڵدەهێنجێنین: باشە خۆ کورد برای موسڵمانە و خاکی کەسی داگیر نەکردووە و مافی کەسی تری نەخوادووە و لە مێژووی ئیسلامیشدا کەمتەرخەمی نەکردووە، ئیدی بۆچ دەوڵەتێکی کوردی لێ حەرامبێت؟ یانیش ئیسرائیلێکی تر لە قسەی پڕ و پوچ و سوکایەتی و بە هەند وەرنەگرتنی کورد زیاتر، چ مانایەکی تری هەیە؟

بێشک دراوسێکانی ناحەز شینی هەریسەکە دەکەن، چونکە خۆیان خاکێک و خەڵکێکی زۆری کوردستانیان لەژێر چەپۆکدایە و ترسیان لە داهاتووی مافە نەتەوەییەکان و دەوڵەتێکی کورد هەیە.لێرەدا ئەوە هیچ گرنگ نییە، کە ناحەزێک چیدەڵێ و چیدەوێت، گرنگتر لەوە هەڵوێستی خاوەن مافە.

لە کۆتاییدا دەڵێم: دەردی وابەستەبوون زیانێکی کوژەر و مێژووی لە نەتەوەی کورد داوە کە ناتوانێت خاوەنی بڕیاری بەرژەوەندییەکانی خۆی بێت.ئەگەر نەوەی ئێستا و داهاتویش بەم دەردە کوژەرە پەروەردە بکرێت، ئەوا ساڵانێکی دوور و درێژ لە گێژاوی خۆ دۆزینەوەدا خول دەخۆین!

 

 

 

Related Articles