کورد لە بەغدا ‌ھەڵوەشاندنەوەی حکومەت یان عێراق ... سەباح تاهیر

‌‌ئەمجارەش کورد بەشداری لە پێکھێنانی حکومەتی بەغدا دەکاتەوە، وەک بڕیارە بە سەرۆکایەتی ئەندامی باڵای حیزبی دەعوەو دەوڵەتی یاسا.

‌بەروونی دیارە کورد ترس و گومانی نەڕەویوەتەوە لە بەغدا و دەستی بەدەستی پێکردن. حکومەتی رابردو بەسەرۆکایەتی مالکی لە دوو خولی یەک لەدوا یەکیدا ھەرچی بۆیکرا لەخراپەو پێشێلکردنی یاساو دەستور بەرامبەر بە کورد و ھەرێمی کوردستان ئەنجامی دا، جگە لەھەڕەشە کان دوا کاری مەترسیداری بڕینی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بو.

‌کورد لەخولەکانی رابردووش گومانی لە بەغدا ھەبو، متمانەی بە بەڵێنی حکومەتەکان نەبو، بۆیە لەدوا خولدا کە لە ساڵی ٢٠١٠ پێکھێنرا، پاکێجێکی ١٩ خاڵی نوسراوی کردە پێشمەرجی بەشداری کورد لە دووەم خولی حکومەتی مالیکی، بەڵام سەرەڕای ئیمزاکردنی رێکەوتنەکە، ھەرزوو مالکی لە بەڵێن و ئیمزاکەی پاشگەز بویەوەو ھێچێکی جێبەجێنەکرد.

‌ئێستا سەرەڕای ئەو ھەمو قەیرانە ئابوری وئاسایشەی رووی لەعێراق کردوە، کورد ھەمان گومان و بێمتمانەییەی ماوەو نەڕەوی وەتەوەوە، بۆیە ھەمدیسان داواکاری و پێشنیازی جۆراوجۆر دەکرێت، بۆ گەرەنتیکردنی جێبەجێکردنی داوا رەواو دەستوریەکانی کوردو ھەرێمی کوردستان، ئەمەش ئەگەر مانایەک بگەیەنێت، ئەوە مانای ئەوەیە کە گومانەکان و ترسەکان وەک خۆیان ماونەتەوە بەرانبەر بەغدا.

‌یەکێک لەو پێشمەرجانەی کە پێشنیازکراوە ئەوەیە شاندی کورد پێداگری لەسەر بکات، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داواکانی کورد و لە ئەگەری کشانەوەی کورد، حکومەتی بەغدا یان راستر کابینەی عەبادی بەھەڵوەشاوە ئەژماربکرێت.

‌لەراستیدا ئەم مەرجە نادەستوری و نایاساییەو قابیلی جێبەجێکردن نییە، چونکە پێکھێنانی حکومەت بەپێی دەستور بەفلتەری ئەنجومەنی نوێنەران تێدەپەڕێت، ھەر بەو رێگایەو بەپێی دەستور ھەڵدەوەشێتەوە، نەک بەمەرجی سیاسی؟.

‌بەڵام کورد دەتوانێت بەپێی دەستوری عێراق کە لە دێپاچەکدا یەکگرتویی عێراق بەپاند بوون بەمادەو بڕگەکانی دەستور دەبەستێتەوە، بۆیە بەحوکمی ئەوەی داواکانی کورد دەستورین باشترە، پێداگری لەسەر مانەوەی عێراق یاخود ھەڵوەشاندنەوەی بە جێبەجێکردنی مافە دەستوریەکانی بکات، کەزۆربەی زۆری ئەگەر نەڵێین ھەمو داواکاریەکانی کوردو ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. بۆیە باشتر وایە بەئاشکرا بەروونی و بەراشکاوی رایبگەیەنێت و لە رێکەوتنەکە ئەو مەرجە دابنێت کە ئاشکراشە لایەنی دەرەکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی موبارەکە و چاودێری پێکھێنانی حکومەتی ئەمجارەیە، کە لەئەگەری جێبەجێ نەکردنی خاڵەکانی تایبەت بەکوردو ھەرێمی کوردستان، چیتر کورد پابەندی عێراق نابێت کە جگە لەدەستوری عێراق ئەو مافەی پێدەدات، وەک ئاماژەم پێدا دێباجەی دەستوری ھەمیشەیی عێراق مەرجی یەکگرتوویی عێراقی بەجێبەجێکردنی یەکەبەیەکەی مادەو بڕگەی دەستور بەستۆتەوە، سەرجەم یاساو رێسا نێودەوڵەتیەکانیش مافی چارەنوسی گەلان دەستەبەر دەکات. کەواتە مەرجی ھەڵوەشاندنەوەی عێراق نەک حکومەتی عەبادی دەبێت، پێشمەرجی کورد بێت لەبەغدا. . .

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles