مورادی عادل موراد ... توانا ئەحمەد

کاک عادل، کەماوەیەکی زۆرە لێدوان و ھەڵوێستەکانی ئاماژەو نێگەرانی زۆری ھەڵگرتوە، وەجارێک نیە قسەیەک نەکاو گۆبەندێک نەنێتەوە بۆ یەکێتی و ھەڤاڵەکانی، ئەگەر بەچاوێکی رەخنەیی لە مێژوی بروانین لەناو یەَکێتی، ئەوا خودی خۆی پێویستی بە لێپرسینەوەو داگادیکردن ھەیە. 


لەتازەترین لەچاوپێکەوتنێکیدا زۆر بەبێباکی دەڵێ ( با د. بەرھەم ساڵح جیاببێتەوە) جگە لەوەش دەیەوێت بێ مناسەبە لەپێگەو رۆڵی د. بەرھەم کەمبکاتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی لەخۆی بپرسێت کەیەکێتی چ قازانجێک لەجیابونەوە یان کەمکردنەوەی رۆڵ و قورسایی د. بەرھەم دەکات، بۆ ئەم مەبەستەشی پەنای بۆ ھەڵبەستنی دۆرو قسەی ناراست و بێ بنەماش بردوە، بەڵام دڵنیام ئەو قسانەی عادل موردا دەربڕی لەکەسایەتی و مێژووی سیاسی ئەو دەکەن، کەپڕە لە ھەڵبەزودابەرزو جیابونەوەو ئینشیقاق، ئینشیقاق لەیەکێتی لەرۆژانی سەختی خۆیدا، کەئەم پەرەوەردە سیاسیە وای لێکردوە ھەندێ جار وەکو خزمەتکارێکی ھەندێ لەنەیارانی کورد قسەو رەفتار بکات.

عادل موردا کەیەکێکە لەدامەزرێنەرانی یەکێتی لەبری ئەوەی لەم ھەلومەرجە ھەستیارەی یەکێتیدا وەکو کەسێکی خاوەن حیکمەت، پێگەو ھەڵوێستی سیاسیانەی خۆی بەکارببات و ببێتە نێوانگیری ئاشتەوایی و بەھێزکردنی یەکێتی و کۆکردنەوەو ئاراستەکردنی ھەمو توانستەکان لەخزمەتی بەھێزکردنی حزبەکەیدا، دێت لەرێی بەخەرجدانی قسەی بێ بنەماو فرۆشتنی ھەڵوێستی ھەرزانبەھا سواڵی پێگەو پۆست بۆ خۆی دەکات، ئەم ئاراستە سیاسیەی عادل موردا بەزۆنگاوێک گەیشتوە، کەلەھەمان ئەو چاوپێکەوتنەی بەلوتبەرزیەوە دەڵێ با د. بەرھەم جیاببێتەوە، مەدحی نوری مالیکی دەکات، کەئەمڕۆ بەھۆی ئەوەوە کوردستان ئابڵۆقەیەکی بێ رەحمانەی خراوەتە سەر، ھەر بەھۆی مالکیەوە پرۆسەی سیاسی گەیشتۆتە لێواری بن بەست، بەجۆرێک کەنەک کورد، بەڵکو جگە لەعادل موراد، بەشێکی زۆر لە ئەندامانی حیزبەکەی خۆشی تاوانباری دەکەن بە بێباکی و ملھوری لەبەرێوەبردنی دەوڵەتدا، بەڵام عادل موراد لەپاڵ مەدح و نیشاندانی ئاستی دۆستایەتی خۆی لەگەڵ مالیکی، بەبێ ویژدانی قسە لەبارەی د. بەرھەم دەکات، وەکو ئەوەی ئەم حەکیم بێت و خەڵکی تریش نەخۆش، لەکاتێکدا ئەم حەکیمە خۆی ھەڵگری چەندین فایرۆسی نەخۆشە، لە رابردوو ئێستای یەکێـتیدا، ئەمەش دەرخەری شوناسی کەسێکە ئامادەیە بەرژوەندی میللەت و حزبەکەی بەھەرزانبەھایی لەگەڵ نەیارانی ئاڵوگۆڕ بکات، ئەگینا قازانجی یەکێتی لەجیابونەوەی نەک د. بەرھەم، بەڵکو ئەندامێکی ئاسایی خۆیشی لەکوێدایە، شکاندنی ھاوسەنگەرانی خۆت لەمیدیای عەرەبی و جیھانی چ خزمەتێک بەکورد و یەکێتی دەکات، نیشاندانی رایەکی ناکۆک بە کۆدەنگی سەرکردایەتی کورد لەم وەختەدا، خزمەت بەچ ئاراستەیەکی دەکات. چ پرەنسیپێکی حزبی رێگە بەوەدەدات تا عادل مورادی دامەزرێنەری بانگەشەی بۆ بکات، بۆیە دەمکوتکردنی عادل موراد لەم ساتەوەختە پێویستیەکی ناوخۆی یەکێتیە، بەتایبەتی لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیەوە چونکە ئەو بێ مۆڕاڵیەی لەپشت قسەکانی عادل موراد وەستاوە، پێویستی بەوەیە دەمکوتبکرێت. . .

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles