"چەند ڕۆژێکی ژیانی شۆڕش لە هەڵەبجە" ... یاسین عەزیز

تەوفیق دەچێ بۆشاخ:

'وا شەو داهات و تاریکایی هەموو سفیری ئێوارەی ئەم دێیەی داپۆشی، نسیب و قسمەت لە ئەنجاما هێنامیە ئەو شوێنەی کە ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێ بووم، '

ئەم کوڕە پێشمەرگە بیری لەم هاتنەی خۆی دەکردەوە لەکاتێکدا هەوڵی دەدا خەوی لێ بکەوێ. ڕوالەتی خۆشحالی بەخێرهاتنیان وا خۆشحاڵی کرد،  دەمووچاوی وەک گڵۆپێکی شەوقدار داگیرسان کە دەستی ڕاکێشاو، ئەوانیش، پێشمەرگەکان یەک یەک دەستیان ڕاکێشا و بە زەردەخەنەی بەخێرهاتنەوە دەستیان گوشی.  ئاوا تۆفیق لاوێک کە تازە هاتبووە ڕیزی پێشمەرگەوە بیری لە یەکەم ڕۆژی گەشتنی بەم دێ یە بۆ ئەوەی بێتە ڕیزی پێشمەرگەوە بیری لە یەکەم ڕۆژی هاتنیەوە دەکردۆ.

باوکی ڕۆشت بۆ لای بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵکاو ڕازیکا کە بگەڕێتەوە بۆ ماڵ. ئاوا شەوەو جوانی شەوقی مانگی چواردە درەوشاوەتۆ بەڕاسەریانەوە. باوکی تۆفیق دەیزانی ئەم کێشەیە لە دەست خوادایە. باوکی ئیتر خۆی وا بە ئاسانی ناتوانێ هیچ قەرارێک بدا، و ناتوانێ قەراری خۆی بەسەر کوڕەکەیدا بچەسپێنێ، زۆر دوودڵ بوو، نەیوێرا ڕاستەوخۆ ئەوەی دەیەوێ بیڵێ، لەترسی ئەوەی زیاتر ڕقی کوڕی هەڵنەسێنێ لە ڕویدا زیاتر کەل لەڕەقی نیشانداو گوێی لێنەگرێ. باوکی دەیزانی هەرچەند زیاتر هەوڵ بدا قەراری خۆی بەسەریا بچەسپێنێ ئەو بە پێچەوانەوە کەل لەڕەق تر دەبێ و زیاتر دژایەتی بۆچوونەکانی دەکا.  بەلام دەیزانی دەبێ ئامۆژگاری بکاو، ئاگاداری بکاتەوە لە بارەی ئەو ڕێگە مەترسیدارەی کە هەڵیبژاردەووە.  

وەزعی ناڕەحەتی ژیان خۆی لە خۆیدا بەڵگەبوون لەبەردەست چەندین گەنجی وەک تۆفیقی کوڕی ئەم ڕێگەیە هەڵبژێرن. . ویست و ئارەزوو سۆزو عاتیفی زۆرجار لەوانەیە مرۆڤ کوێرکا وەک دەسەلاتێکی زۆرلێکەرو جەربەزە. باوکی تۆفیق زیاتر لە زۆر کەسی تر دەیزانی، کە کاتێک خۆی تۆفیقی کوڕی بینی، بە ناوچاوی درژی ڕواڵەتی ناڕەزایی خۆی نیشان دەدا،  ئاشکرا بوو کە ئەوڕێگایەی کوڕەکەی گرتویەتە بەر 'باوکی' ڕازی نیە لەسەری، وەک پێی ووت،

 'من دڵم ڕەنجاوە لە هەڵبژاردنی ئەم ڕێگەیەت، من نامەوێت وازت لێ بێنم. '

 مەبەستی باوکی ئەوە بوو کە دەیەوێ لە گەڵخۆیدا بگەڕێتەوە بۆ شارو واز لە پێشمەرگایەتی بێنێ.

تۆفیق لە وەڵاما هەردوشانی کەمێک هەڵتەکان و ناوچاوی درژکردو ووتی،

'سۆزی نیشتمانپەروەری زاڵ بووە بەسەرما، و وای لێکردم ئەم قەرارە بدەم. ئەم ڕێگایە کە ئەم "پێشمەرگانە" گرتوویانە بەر ئاوا جێگاو ناوی نەمری بۆخۆیان وەدەست دێنن، کۆمەڵگا بە کوێری ئەم خەلاتەیان پێ نادەن'

 تۆفیق ئەمەی ووت و سەیری ڕواڵەتی باوکی پڕ لە ئازار و بێ چارەی دەکرد. خۆی بەلایەوە ئاشکرا بوو، هەرچۆنێک بێت، ئەوەی باوکی دەیەوێت وای لێ ناکا کە ئەو رێگایەی هەڵیبژاردووە بگۆڕێ و وازی لێ بێنێ. تۆفیق خۆی دەیزانی ئەو ڕێگایەی هەڵیبژاردووە ڕێگایەکی زەحمەت و سەخت و بەردەڵانە، کە هەرگیز بەڕێگای وادا نەڕۆشتووە، بەلام هەرگیز هیچ هێزێ نەبوو کە سۆزی بەهێزی ویست و ئارەزووی بۆ ئەم کارەی بوەستێنێ و بگۆڕێ، ئەمە یەکێک بوو لە ئاواتەکانی ژیانی کە دەیویست بێتە دی و ببێ بە پێشمەرگە.

باوکی تۆفیق کە شەو دەخەوت، هەستیکرد بە تایەکی بەردەوام و خەوزڕان،  لەوەیدەکرد تامی ژیان خەریک بوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تالتر دەبوو، لەگەل ئەوەشدا دەیزانی وا خەریکە بەتەمەندا دەچێ.  لەم کاتەدا کە هەوڵی دەدا خەوی لێ کەوێ، و خەیاڵی دەکرد ئەگەر تۆفیقی کوڕی خەوی لێکەوتووە یاننا. بەردەوام بیری لە کوەڕەکەی دەکردەوە، ودەیووت،

 'چی بکەم باشە بۆ ئەوەی ڕازیکەم بگەڕێتەوە لەگەڵما بگەڕێتەوە بۆ شار؟'

 خۆی جارجار لە خۆی دەپرسی، و دەیزانی دایکی زۆر مەراق دەخوا و غەمی کوڕەکەیەتی و دەترسێ. وەک باوکی بیریدەکردەوەو دەیووت،

'من خۆم دەزانم، بەلام چی بکەم، دەبێ هەوڵ بدەم. وا بیرناکەمەوە کە بتوانم ڕازیکەم واز لە پێشمەرگەیاتی بێنێ و بگەڕێتەوە بۆ شار. ' باوکی تەوفیق بەردەوام لەم بیرکردەنەوەدا بوو، وا خەریک بوو ڕۆشنایی بەرەبەیان دەردەکەوێ وهێشتا بەخەبەربوو. .

تۆفیق سۆزێکی نیشتمان پەروەری وای هەبوو هەر وەک ئاگرێکی بەجۆش کوژانەوەی نەبوو، هەروەک خۆشەویستی شاخەکان، خۆی دەیزانی دەبێ فێربێ و خۆی بەو جۆرە ژیانەدا تێپەڕێ کە چی ژیانێکی ماندوبوون و مەترسیدار و پڕئازارە، سەرکەوتن و دابەزینی چەندین گرد و شاخ لەگەل هەڵگرتنی پێویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی وەک چەک و بارە فیشەک و خواردن، هەندێ جار نەبوونی پشودان و خواردنی پێویست، تەپوتۆزو ئارەق ڕشتن نەبوونی بواری تەواوی خۆشتن، و نوستن لە سفیری پڕمەترسی لەسەر لاپاڵ و گژوگیاو سەرنانە سەر بەردی ڕەق.

وەک باوکی لە بیرکردنەوەکانیا دەیووت، 

'من هەرگیز لەمە ئاگادار نەبووم، لە ماوەی شەش مانگی ڕابووردودا ئەم کوڕەم هەر خەریکی کتێب خوێندنەوە بوو، زۆربەی کات بەتەنیا، ئەمە دیارە بۆ ئەم سەفەرەی بوو. ئەو هەرگیز باسی گرتنە بەری ئەم ڕێگایەی بۆمن نەکرد. '

 باوکی تۆفیق بەردەوام لە بیرکردنەوەدا بوو.

 'من هەوڵ دەدەم کە ئەم قەرارەی بگۆڕێ'

 باوکی باوەڕی بەوە نەبوو کە وازی لێ بێنێ و هێشتا هیواداربوو.

کات هاوین بوون، هەردوکیان، تۆفیق و باوکی لەسەربانی ماڵێک لە دێ یەکی ناو شاخەکانی پشتی هەڵەبجە، لە پشت شاخی شنروێ وە.  باوکی تۆفیق خەوی زۆر کەم بوو، هەر بیری لە کوڕەکەی دەکردەوە،  ویستی لەم دێ یە هەندێ زیاتر بمێنێتەوە، وادیار بوو کە نەیتوانی واز لە هیواداری بێنێ، و وایدەزانی لە ئەنجامدا هەردەبێ تۆفیق ڕازیکا و لەگەل خۆی بیباتەوە.

بەلام لەناو ڕیزەکانی پێشمەرگەدا، یاسا نەبوو کە بەزۆر بیهێڵنەوە،  هەموو کەس ئازاد بوون، لەبەر ئەوە تۆفیق خۆی ئازاد بوو ئەگەر بیەوێ بمێنێتەوە یا لە گەڵ باوکیا بگەڕێتەوە. هیچ یاسای خزمەتی چەکداری وەک یاسای سەربازی ئیجباری نەبوو لە شاخەکانی کوردستان. هەستی چوونە ناو ریزی پێشمەرگە بۆ تۆفیق ئەوەندە بەهێز بوو، چونکە ژیان لەژێر دەسەلاتی ڕژێمی دیکتاتۆری سەددام دا ئەوەندە زەحمەت بووبوو، کە بە سیاسەتی ناشنالیزمی شۆڤێنی ڕەگزپەرەستی عارەبەوە، ڕژێم ئەم سیاسەتەی بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی لەسەر حوکم بمێنێتەوە.

ئەم سیاسەتی جیاوازیگەری ڕژێم وای لە مرۆڤ دەکرد کە پرسیاربکاو بڵێ،

' چۆن ئەم شاخانەی کوردستان سنوری ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی عارەب و نیوەدورگەی عارەبی بێ؟ کاتێک نە خاک و نە ژینگەو کەش و هەواو بەردو نە ڕوبارو نە شاخەکان هێچ ڕواڵەتێکی عارەبیان پێوە دیارنیە. لەگەل ئەمەشدا کەلتور و زمان و مێژووی ناوچەکە هەموو بە ڕەگەزی عارەب نامۆن، چۆن دەبێ ئەم نیشتمانەی ئێمە بەشێک بی لە ولاتی عارەبەکان؟'

 ئەم بۆچوون و بیرکردنەوانە بە خەیاڵی چەندینی وەک تۆفیق و گەنجانی سەردەمی شۆڕش دا دەهاتن، هیچیان لەبەردەمدا نەدەما ئەوە نەبێ دەست بدەنە چەک و بچن بۆ شاخەکان بۆ پارێزگار لە یەکتر، مەبەست شاخەکان و پێشمەرگە پارێزگاری لە یەکتر بکەن.

وەک تۆفیق و چەندین لەم پێشمەرگانە بیریان دەکردەوەو دەیانووت،

'بۆچی و لەبەرچی، 'یو ئێن' و یەکیەتی نێودەوڵەتی چییە کە قەراری ژیانی داهاتووی ئێمە بدەن، و قەراری سیاسی داهاتووی بوونی ئێمە بدەن؟ ئەوانەی کە ڕێزی مافی مرۆڤی کورد ناگرن هیچ مافێکی قەراردانی چۆنیەتی بوونی داهاتووی ئێمەو ولاتی ئێمەیان نیە.

مرۆڤ جارجار بیردەکاتەوە و دەڵێت، ئایا ئەوانە بەچی یاسایەک مافیان هەیە کە قەراری سیاسی داهاتووی ئێمە بدەن؟ بە پێی کام یاسای مرۆڤایەتی ونێودەوڵەتی ڕێگای ئێمەی کورد نادەن کە ڕێزی مافی مرۆڤی کورد و مافی سەربەخۆیی و ئەتۆنۆمی کورد بگیرێ؟ لەکاتێکدا قەراری ئەو کەسانەو زلهێزانە هەمیشە کارتێکەری و مەبەستی بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری خۆیان لە پێشترە، تا ڕێزگرتنی مافی مرۆڤی خەڵکانی تر، ئیتر چۆن مرۆڤ دەتوانێ بەردەوام سەرشۆڕکا بۆ یاسای کۆیلەیەتی و ژیانی ژێردەستەیی؟'

تۆفیق دەیزانی باوک و دایکی و ماڵەوە خۆشەویسترین خۆشەویستی ژیانین، لەهەمانکاتدا بیری دەکردەوە، نرخی ژیانی خۆشەویستی دەبێ چی بێ لە کاتێکدا هەمیشە مرۆڤ لەبەردەم هەڕەشەی چەوسێنەری داگیرکەر و بەرەو ڕوی هەڕەشی دەسدرێژی ناموس، تێهەڵدان وتێکشکانی نرخی مرۆڤایەتی بینەوە، بە چەندین شێوازی کوشتن و گرتن و بەندکردن و ئازاردان و لە سێدارەدان.  بەرگری لەم دەسدرێژیانە وای لە گەنجی کورد دەکرد و ویستێکی وا یان تیا دروست بێ بۆ پێکهێنانی سۆزێکی بەجۆشی وا بۆ دۆزینەوەی جۆرە خۆشەویستیەکی وون بوو کە وای لە مرۆڤ بکا نەترسێ لە قوربانی دان و مردن.

لەم سەفەرەیدا بۆ شاخەکان دەبوو بگەڕێ بەشوێن خۆشەویستی یەک، وەک خۆشەویستی پێکەوە بوون لەگەل هەڤاڵەکانی تێکۆشەری پێشمەرگە کە تەنها هۆی خۆشەویستی نیشتمان و بەرگری لە شەرەف و ناموسیان کۆیکردبوونەوە بۆ تێکۆشان، لەم پێکەوەبوونەدا دەگەشت بە ئامانجی خۆشەویستی تەواو بۆ وەدەستهێنانی پیرۆزی سەرەکەوتن و تێکۆشان. بۆ مەبەستی ئازادکردنی ئەو ویستەی خۆی لەوپەڕی خۆشەویستی دا دەیبینی، ئەویش خۆشەویستی پێکەوە بوون لە تێکۆشانا بۆ ڕزگاری و ئازادی هەمیشەیی هەموو کۆمەڵگای کورد. خۆی بەلایەوە زۆر گرنگ نەبوو کە ئەمە ئەنجامدانی چەند کێشەدارە، دەیزانی ئگەر خۆی و هەڤاڵەکانی نەگەشتنە ئەم ئەنجامە، نەوەکانی دوای خۆیان بەردەوام دەبن لە هەوڵدانا، خۆی دەیزانی ئەم سەفەرە وا ئاساننیە، بەس بێگوومان بوو لەوەی کە گونجاو نیە کۆڵدان و واز هێنان، چاک دەیزانی چەندینی تر بەڕێوەن بۆ شۆڕشکردن و تێکۆشان.

وەک تۆفیق دەیووت،

 'مەبەست لە خۆشەویستی ڕاستی، مرۆڤ سنوری بوونی خۆی فراوانترکا بۆ مەبەستی پێگەشتنی بەرهەمی هەستی خۆشەویستی خۆی و ئەوانەی دەوروپشتی بۆ پێکهێنانی نەشونمای گیانی پێکەوەبوون. خۆشەویستی تەواو لە فراوانبوونی بوونی سنوری مرۆڤ خۆیدا دەبێ زیاتربێ لە هەستی عاتیفی. خۆشەویستی لە خۆتەرخانکردن لە بیرکردنەوەو قەراردانی چاک و کاریگەر کە دەست لەناو دەست لەگەل 'دیسیپلین، ' دانانی سنوری هەڵسوکەوتی مرۆف خۆیدا. ' ئابەم شێوە تۆفیق پێزانینی هەستی خۆشەویستی لێکدەدایەوە.  

لە یەکیەتی بوونیان لە گەڵ برادەرانی پێشمەرگەو خۆشەویستی شاخەکانا کە پێکەوە بەهێزو توانای بیروباوەڕەوە بوەستن لە دژ خراپەکاری و دەسدرێژی دوژمنانی داگیرکەر، داگیرکەران وەک جانەوەری خوێن مژو نەوسنی تاڵانکار دەهاتن، کە هەرگیز سڵیان نەدەکرد لە خراپەکاری کوشتن و تالانکردن و وێرانکردن.

هەروەها تۆفیق دەیووت،

 'کاتێک کە هەنگاوێک دەنێین بەرەو گەشتن بە ئەنجاممان، ئەمە دەکەین بە ویستی هەنگاو نان بەسەر دیواری نەفامی و تەمەڵی دا، لەگەل بەرەنگاربوونەوەی ترس و دلەڕاوکێیی. کاتێک هەنگاودەنێین بەرەورووی ترس، بەم هەنگاونانە دەڵێین ئازایەتی، ئیتر خۆشەویستی شێوەیەکە لە کارکردن بۆ ئەوەی مرۆڤ ئازابێ و بە بێ ماندوبوون کاربکا، ئیتر ئەم کۆڵنەدانە دەمانبا بەرەو دروستبوونی نەشونمای گیانی. '  (١ )

بۆ تۆفیق بە گەشتنە ئەنجامی ئەوەی بڕواتە ڕیزی پێشمەرگە لە پاش چەندین بیرلێکردنەوە و خوێندنەوەی وەزعەکە، کە سەیریدەکرد، ڕژێمی داگیرکەر و سیاسەتی داگیرکەری و چەوسێنەری، سیاسەتی تەعریب کردن وبێ نرخکردنی ماف و هەستی مرۆڤایه تی، جیاکردنەوە و پشتگوێ خستنی مافی کەمایەتی وهەر کەسێک لەگەل سیاسەتە چەوسێنەرەکانی نەبێ بە دوژمن و ئۆپۆزیسیۆنیان دانێن.

 هەرکەس دەبوو بە بەعسی، ئیتر لە سنوری مرۆڤایەتی و ڕێزی مافی مرۆڤدا دەردەچوو. ئەوەی کە دەبوو بە بەعسی دەبوو خیانەت لە بوونی ڕەگەزی خۆی و شەرەفی خۆی و هەتا گوێگری جاسوسی بەلاوە ئاسایی بێ. ئیتر دەبوو خزمەتی هیواداریەکانی قەومی هەندێ عارەبی ڕەگەز پەرست و هەڵسوکەوتی جەنگەلی ڕژێم بگرێ و بە پێی ڕێنمایی ئەو حیزبە فاشیە دژ بەهەموو پرینسیپی ئاینی و مۆرڤایەتیەکانی تر کاربکا.

ئیتر سفیرێکی ترساندن وهەڕەشەی تۆقاندن دروست بوو، ئەوەی هەرجۆر دژایەتی ڕژێمی بکردایە، زۆربەی دەگیرا و بێ توانای هەوال پرسین سەرەنگوم دەکران و ئیتر سەدەها وهەزارەها زۆربەی بێ دادگایی کردن و هیچ مافێکی بەرگری ڕژێم تیرۆری دەکردن و لەناوی دەبردن.

 بەعسیەکان سیاسەتی لەناوبردن و قەسابیکردنی نازیەکانیان بەکار دەهێنا بۆ بەکرێگرتنی جاش و جاسوس و گوێگر گرتن بە پارە، ئەمە کامپەینێ بوو کە خەڵک هەستی مرۆڤایەتی خۆی و ڕێزی بوونی مرۆڤایەتی خۆیان لەدەست دەدا بەجۆرێک کە نرخی مرۆڤایەتی خۆیان و کەسی تریان لا نەدەما.  بەوجۆرە وەک کامپەینێکی بێ ڕەوشتکردنی کۆمەڵگای عێراق، ئیتر ئەو گەنجانەی بەو جۆرە دەسدرێژی لەدەسدانی مافی مرۆڤایەتی خۆیان و خۆشەویست و کەس و کارو میللەتیان، و بەرەو ڕووی لەدەستدانی مافی مرۆڤی خۆیان وخەلکانی تر دەبوونەوە.  لەبەر ئەو هەڕەشەی بێ ڕەوشت بوونە، ئیترناچار بوون بڕۆن بۆ شاخ و بۆ بەرگری لەم کامپەینەی ڕژێم کە دژ مافی مرۆڤی هەموو میللەت و چینەکان و کەمایەتیەکانی کۆمەڵگای عێراق بوو.

لە ناو چوارچێوەی بەرنامەی ئەم سیاسەتانەدا، کامپەینی تەعریب کردن و هێنانی چەندین خێڵی عارەب بۆ سنوری کوردستان و چەندین ناوچەی کوردستان، کە خەلکێکی نەخوێندەروار و بێ ئاگایان دەهێنا و بەپێی بەرنامەی بە بەعسیکردن بێ ڕەوشتکرابوون، بەو جۆرە بیروڕای مرۆڤایەتیان دەگۆڕین بە تەماحی پارە و پێدانی زەوی زار و خانوی بەلاش و بە گەرانتی کارکردن و نیشتەجێ بوون.  لەهەمان کاتدا دەرکردنی دێهاتیە کوردەکانی ئەو ناوچانەو بەهەڕەشەی تۆقاندن وتیرۆرکردن و داگیرکردنی ماڵ و زەوی زارو سامانیان، هەروەک چۆن نازیە ئەڵمانیەکان مامەلەی جولەکەکان و قەرەچی ڕۆمان و خەڵکی پۆلۆنیاو ولاتەکانی بەڵتیکیان دەکرد، بەهەمان شێوە ئەمە هەڵسوکەوتی ڕژێمی داگیرکەری عارەبە قەومیەکان و بەعسیەکان بوو لە دژکورد.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles