(قامووسی ناوە نەمرەكان) ...شاکارێکی بەنرخی ڕۆژنامەنووسی گەورەی کورد( مومتاز حەیدەری) ە ....شەماڵ عادل سەلیم

لەم رۆژانەدا میوانی بەرێز کاک مومتاز حەیدەری بووم، دوای بەخێرهاتنێکی گەرم و قسەو باس و بیروڕا گۆرینەوە سەبارەت بە رووداوی سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیەکانی ناوخۆی هەرێم و عیراق، حەیدەری قامووسێکی کەم وێنەی پێشکەش کردم، کە بەراستی جێگای فەخروشانازی و دەست خۆشییە، لەوکاتەی کە هەر هەموومان تینووی زانین و بیستن و خوێندنەوەی ئەم جۆرە شاکارانەین کە بەداخەوە لای زۆرێک لە رۆشنبیران وئەدیبانمان باوی نەماوە ....!!

لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەم کتێبەی کاک مومتاز، شاکارێکی کەم وێنە یە، تا ئەمرۆ هیچ قامووسێکی کوردی بەم قەبارەیە و بەم دەوڵەمەندیە و بەوبابەت و دۆکۆمێنتە نایاب و دەگمەنانە نەک هەر نەکەوتووەتە بەر دەستی خوێنەران ، بەلکو کەس خەونیشی پێوە نەبینیوە ....!!

(قامووسی ناوە نەمرەکان )، بەرهەمی دووەمی گەورەو بەبەهای هەردووگۆڤاری ( K21) و ( لەیلا زانا- لەیلا قاسم ) ە، پاش کتێبی (جینۆسایدی کوردان ) کە بەقەبارەی ( ٥٣٨ ) لاپەڕەیی بەبۆنەی یادی( ٢٥ ) ساڵەی (کۆمەڵکوژی ئەنفال و ژەهربارانی هەڵەبجە) بڵاوکرایەوە.

(قامووسی ناوە نەمرەکان )، شاکارێکی شکۆدارو دەگمەنی خەباتی سیاسی – نەتەوەیی، کلتووری، فەرهەنگی، دۆکۆمینتییە .

ئەم کتێبە نموونەییە، بریتییە لە بەشێکی گرنگی هەردوو گۆڤاری ( K21) و ( لەیلا زانا- لەیلا قاسم )، کە رۆڵی ژمارەیەکی بەرچاوی تێکۆشەرانی کوردستان بەهەردوو رەگەزەکەیەوە لە خۆ دەگرێت و لە کتێبخانەی ناوە نەمرەکان بەتایبەتی و، کتێبخانەی کوردی جێگای دیارو بەرچاو دەبێت، هەروەها گرنگییەکی زۆریش بە زمان و ئەدەبی کوردی و رۆشنبیری گشتی وکلتووری دەگەینێت .

ئەم شاکارەی کاک مومتاز حەیدەری بەقەبارەی( ٩٩٨ )لاپەرەیی ( 4A) ە و لە چاپخانەی (رۆژهەڵات)ی شاری هەولێری خۆشەویست لەچاپدراوە .

(قامووسی ناوە نەمرەکان ) وەک سەرچاوەیەکی سەربەخۆی فرە زانیاری و هەڵسەنگاندنی رۆڵی خەبات و تێکۆشانی (١٤١ )کەسایەتی گەوری کورد ( بەهەردوو رەگەزەکەیەوە ) لە ئامێز دەگرێت .

 لە دەستپێکی کتابەکەدا وێنەی رەنگاوڕەنگی کەسایەتییە دیارەکانی کورد لەژێر ناوی ( دانیشتوانی بەهەشتی نەمران ) بڵاوكراوەتەوەو، دوای ئەوە لەلایەن نوسەرانی هەردوو گۆڤاری ( K21 و لەیلا زانا- لەیلا قاسم ) بەپێی زانیارو دیدوبۆچوونی خۆیان وتارو بابەتی هەمەڕەنگیان لەسەر نووسیون .

لە لاپەرە ( ٢٠ ) دا، کاک مومتاز حەیدەری ٣ خالی گرنکی نوسیوەو و دەڵێ :

١ - تێکرای بابەتەکان بە پێێ زنجیرەی ژمارەکانی هەردوو گۆڤاری( K21) و ( لەیلا زانا- لەیلا قاسم ) ریزبەند کراون، هەروەها ناوی نووسەرەکانیش لەگەڵ بابەتەکانیان نووسراون .

٢ - وشەی (زارەوە)ی قاموس یۆنانییە، واتە (دەریا ) ...( فەرهەنگ ) یش بەپێی قاموسی (عەمید) واتاکەی هەر (دەریا) یە، من (قاموس)ەکەم پێ باشتر بوو .

٣ – هەندێ لەو ناوە نەمرانە، دوو جار لە بارەیانەوە نووسراوون، ئەوەش لەبەر ئەوەی جاری یەکەم ئێمە وەکو ئەرکی گۆڤارەکە بڵاومان کردۆتەوە، جاری دووەمیش وەکو لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی – زانستی پێیان وەرگیراوە، هاوکات هەندێ لەو ناوە نەمرانە دوو نووسەر لە بارەیانەوە بابەتیان نووسیوە، بۆیەکە بە زێدە بەباشمان زانی هەر هەموو بەسەر یەکەوە لەم قاموسەدا بڵاو بکرێتەوە، چونکە زیاتر متمانەی سیاسی – زانستییان دووپات دەکاتەوە.

حەیدەری لە پێشەکی شاکارەکەیدا دەنووسێت و دەڵێت : باڵەخانەی ووشە، تاکە باڵەخانەیە، کە بەهیچ جۆرە رەشەبای : سیاسی، کۆمەڵایەتی، کودەتایی، ناروخێ ...!!

هەروەها دەڵێت : لە خەزنەی دوو گۆڤاردا، پیرۆزی کتێب کۆماندەکاتەوە ...!

جێگای ئاماژە پێدانە کە لەم قامووسەدا مامۆستا ی گەورەمان (كەریم شارەزا) ئەدیب و رۆشنبیر رۆلێکی دیارو بەرچاوی هەبووە لە نووسینی بەشێکی زۆری بابەت و مێژوی شکۆداری کەسایەتیە ناودارەکانی کورد لەوانە : (ئافرەتی نیشتیمانپەروەری کورد ساکینە سولەیمان،  توفیق وەهبی بەگ، محەمەد عەلی عەونی، برایم ئەحمەد فەتاح، د.جەعەفەر محەمەد کەریم، عاسم حەیدەری، شەهید لەیلا قاسم، حەپسە خانی نەقیب، عادیلە خانم، قەدەم خێری فەیلی، شێخە شەل، شەهید جەمال حەیدەری، مامۆستا ع .و.نوری، شەهید مارف بەرزنجی ناسراو بە ( پشکۆ)، ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی، ئەنوەر مایی، سالح زەکی بەگی ساحێبقران، عەونی حەبیب، نووری شاویس، عەلی فەتاح دزەیی، مەحموود بەگی بابان، شێخ جەلال شێخ جەمیل، ئیبراهیم هۆشیار ) و چەندان تێکۆشەرو ماندوونەناس و بلیمەتی دیکەی کورد ...کە ئەوەش بۆ شارەزایی و ماندوبوون و هەوڵ وکۆشش و لێهاتوویی مامۆستا شارەزا دەگەرێتەوە ...
ئینجا گەلێك نوسەری دیكە وەك (عومەر فەرهادی، د.عومەر پەتی، میخائیل لازەریف، مستەفا عەسکەری، د.جەمشید حەیدەری، کاروان قاسم، هێرش سنجاوی، فەرهاد عەونی، بەهار مەلا رەشید، د.ئەحمەد شریف، ئیبراهیم سۆفی، محەمەدئەمین پێنجوێنی، عیدۆ بابەشێخ، ئاری ئاغۆک، بەهرە حەمەرەش، مومتاز حەیدەری، د.دلێر ئەحمەد بێکەس، رائیدە ئەحمەد بایز، پەخشان ساڵح شێرە، بەختیار شەعبی، شەماڵ عادل سەلیم کە چەند بابەتی هەمەجۆری نوسیووە لەوانە ( گوڵ بژێری ڕەوتی ژیان و خەباتی شێرەژن فەتحیە مەلا محەمەد مەلا مستەفا، نموونەی قارەمانێکی کەم وێنە، مامۆستا کۆچەر، (سەلاح جەوهەر) سیمبولی خۆپیشاندانی قوتابیانی شاری هەولێر لە ساڵانی ١٩٨٢/ ١٩٨٣ ) و چەندان نووسەری بەرێزی دیکە کە وتاریان لەسەر مێژووی پر شانازی کەسایەتییەکانی ناو قامووسەکە بڵاوکردۆتەوە .

هەروەها چەندین بابەتی گرنگ لەبەشی عەرەبی قاموسەکە بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا باس لەم کەسایەتیانە کراوە : (مستەفا بارزانی) لە نوسینی د.لازاریف و وەرگێرانی لە روسیەوە هەڤاڵ یوسف، تێکۆشەری شۆرشگێری بەناوبانگ (نێگرس سەفار )، شەهیدی سەرکردە (جەمال حەیدەری) لەئامادەکردنی کازم سەید عەلی، د .مەعروف خەزنەدار، هەمزە عەبدوڵلا، زانای ئاین و ئەدیبی بەناوبانگی کورد (شێخ ئیبراهیم حەیدەری ) .

لە کۆتایدا هەر ئەوەندە ماوە بڵێم کە ئەم کتێبە بە پێزو دەوڵەمەندوو پڕ گەوهەرو یاقوت و مەرجانی زانیارو دۆکۆمێنتی كاك مومتاز حەیدەری جێگای فەخرو شانازیە بۆ کوردو کوردستان، بەتایبەت بۆ نەوەی تازە کە هیواو ئاواتی دوارۆژمانن، دڵنیام لەوەی کە هەرهەموومان سوودێکی زۆر لەم قامووسە دەبینین و دەبێتە مەرجەعێک بۆ نەوەی ئێستا و دوارۆژمان .

هەرواها بەگرنگی دەزانم لێرەدا ڕووی دەمم ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی و بەشێکی زۆری ڕاگەیاندن و ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بکەم بڵێم : بەسە چی دی دەم و چاو بەستن لە ئاست گرنگی و دەوڵەمەندی وهەردوو گۆڤاری (  K21) و ( لەیلا زانا- لەیلا قاسم ) ، کە لەماوەی تەمەنی شەش ساڵەی دەرچونیاندا کەلێنێکی کلتووری – مێژوویی – دۆکۆمێنتی پرکردۆتەوە و خۆیان وەک دووگۆڤاری ناوەرۆک دەوڵەمەندی فرە لایەنی سەربەخۆی سەرتاسەری کوردستان سەپاندووە ....!!

تەمەن درێژ و بەختەوەر و سەرکەوت و بیت کاک مومتاز حەیدەری، بەوهیوایەم کە ئەم قامووسە دەگمەنە شاکاری تری بەدوابێت لە پێناو گۆڕانی ڕاستەقینەی عەقلی کلتووری – سیاسی – کۆمەڵایەتی پرسۆنالی کورد ...!!

          

 هەولێر

 

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

Related Articles