!!لە چلەی تۆدا ئەی دایە گیان!! ... حەسەن سەیدباقی

 

 

 

ئەمرۆ چل رۆژە تۆ رۆشتیت و نەگەرایتەوە ماڵەوە، ماڵ ساردو سڕە بێتۆ دایە گیان،  چل رۆژەو لە سۆزی خۆشەویستی دایکایەتی بێبەشت کردین، لەمرۆدا هەزاران جار کرنووش دەبەم لەبەردەمتا هۆدایەگیان.

لە چلەتدا ئامۆژگاریەکانت، لە رۆژە سەختەکانی ژیانتا دێتەوە یادم، ئەوکاتانەی لە ئامێزت دەگرتین و دەتپاراستین، ئەو ئامێزەی کە سۆزی دایکایەتی و مرۆڤایەتی بوو، ئەو ئامێزەی کە گەرمی دایکێکی جگەر سووتاو بوو، دایە گیان، لە تۆووە بەرزی دایکایەتی جیهان و مرۆڤایەتی دەبینم.

دایە گیان، تۆ هەر دایک نەبوویت، بەڵکە باوک و براو کەس وئامۆژگاریکەرم بوویت. تۆ رۆشنکەرەوەی رێگەی ژیانم بوویت، تۆ نەبوویتایە من ئەم مرۆڤەی ئێستا نەبووم دەمێک بوو لەژیاندا نەمابووم.

لەساتە سەختەکای ژیاندا، ئاسانکار بووی بۆ ئەوەی بەردەوامی ژیان بین، ئێمەت جێهێشت کاتی لێکترازان نەبوو، ئاواتەکان زۆریان مابوو. لە شەوە زەنگی دەیجوردا، تۆ چرا بوویت، رووناککەرەوەی رێگەی ژیانم بوویت.

دایە گیان چی بنووسم، چی بڵێم هێشتا کەمە، نووکی خامە شەرمەزارە، و بە فرمێسکی خوێنین، جۆگە هەڵدەبەستێت، تا پێت بڵێت خۆشمان دەوێیت بۆ بەجێتهێشتین؟.

هۆ دایە گیان تۆ بەسەردان ڕۆشتیت، بۆ لای ئازیزانت، بۆ بەسەرکردنەوەی، خوشکی لە جێگاکەتوو، بەڵام ئێمەت بێناز بەجێهێڵا، نەگەرایتەوە، کەی دێیتەوە، کەی؟

بەرەبەیانی حەڤدەی نۆ کاتێ زەنگی تەلەفوون لێیدا، ئەو هەوالەم بیست قەڵەمی ئەژنۆم شکا، کۆڵەکەی ماڵمان داڕما، چراکەمان کوژایەوە، گەشتمە لات بەڵام کەی، کاتێک لەسەر تاتەشۆر بوویت، ماچم کردی وامزانی کە خۆت کردووە بە نووستوو، بەڵام ساردوو سر بووی دایە گیان، بۆیە لە ناخەوە دارمام.

ئیتر کێ بێت دوای تۆ خەمم بخوات دایە گیان، ئەگەر کەمێک دوا بکەوتمایە بۆ گەرانەوەی ماڵەوە چەندین جار زەنگت لێدەدات.

دایە گیان، بۆ خۆشی رۆژانە دەمپرسی، دایک كێ؟ تۆش دەتووت تۆ!! بەڵام ئەگەر کەمێک زیزم بکردیتایە دەتووت دایکی کەس نیم، ئەوەش بۆ چەن چرکەیەک، ئەوەندە سۆزوو خۆشەویستیت هەبوو نەتدەتوانی زیز ببیت دایە گیان.

 ئەم سەردانە و بوویە کۆچی دواییت، بێ ماڵ ئاوا رۆشتی دوای رۆژێک کە قسەم لەگەڵ کردیت، پرسیارت کرد، ، منت خۆش دەوێت، بیرم دەکەی؟، منیش وتم هەر زۆر، ، کەچی وتت ئیتر نایەمەوە، خۆت هەستت کردبوو، منیش وتم دێم، وتت جاوەرە، سەرم سوڕما، دایە گیان وتم سا بەخوا دێم، نەمزانی دێم و لاشەی ساردوو سڕت بۆ دواهەمینجار دەبینم، رۆحت شاد بێت، تۆ هزرمی، تۆ ژیانمی.

هەردەم ئامۆژگاریەکانت بەجێدەگەیەنم، تۆ لەگەلمدای بۆ هەتاهەتایە، تا منیش دێمە لات، سێبەرەکەت بەسەر سەرمەوەیە، یادت دەکەم، یادت بەخێر دایە گیان.

 

هەولێر

٢٧. ١٠. ٢٠١٤

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

Related Articles