شوناسخوازی وەڵامدانەوە بە گڵۆبالیزاسیۆن ... ئیبراهیم لاجانی

 لە کۆتاییەکانی دەیەی ئاخری  قەڕنی  رابردووەوە، دونیا شاهیدی سەرهەڵدانی دیاردەیەکی سیاسیی تازەیە کە بریتیە لە گەشەکردنی  بزووتنەوە سیاسیە شوناسخوازەکان . جەوهەری ئەو دیاردە سیاسیە ئەوەیە کە گەل و نەتەوە و کەمایەتیە میللی ومەزهەبیە جۆراوجۆرەکان، کە هەست بە هەویەتی هاوبەش دەکەن و پێیان وایە لەگەڵ خەڵکەکانی دەوروبەریان لە باری کولتووری و زمان و ئاداب و نەریت و چارەنوسی سیاسیەوە جیاوازن، داوادەکەن چارەنوسی سیاسیی خۆیان بەدەستی خۆیان دیاری بکەن.

 تۆماس ئیڕێکسن، ئەنتڕۆپۆلۆگی گەورەی  نۆرویژی ئەو دیاردەیە بە وەڵامدانەوە بە پرۆسەی گڵۆبالیزاسیۆن دەزانێ. ئەو لەسەر ئەو بڕوایەیە کە گلۆبالیزاسیۆن بە هەڕشە و مەترسی لە سەر کولتور و فەرهەنگە لۆکاڵ و ناوچەییەکان  بە حیساب دێت.  ناوبراو گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی لە دەیەی ١٩٨٠ بەدواوە لە ئورروپادا،  وەک ئەوەی لە ناوچەی باڵکاندا دیتمان بە باشترین بەڵگەی ئەو قسەیە دادەنێ. ئەو دیاردەیە هەر تایبەت بە ناوچەی بالکان نیە. تەنانەت لە ناوجەرگەی یەکیەتی ئوووپاشدا، کە لە باری ئابووری و سیاسیەوە بە هەرێمێکی دەوڵەمەندو پڕ سەبات لە قەڵەم دەدرێ، دێتە بەرچاو.   ئەوەتا ئەمڕۆ ناسیۆنالیزمی سکۆتلاندی داوای جیابوونەوە لە ئینگلیستان دەکات. لەنۆروێژەوە بگرە تا فەڕانسە و ئوتریش و ئاڵمان و  دانمارک و سوئێد وهتد، هێزە ناسیۆنالیستەکان لە حاڵی پێشڕەوی دان.  لە ئاسیاش گەشەکردن و بە هێزبوونی  تالیبان لە ئەفغانستان و پێشڕەوی کردنی ناسیۆنالیسمی ‌هیندی، هاتنە سەرکاری حیزبی  بەهاراتیا جاناتا پارتی و پەرەسەندنی بزووتنەوە جیاخوازیەکانی دیکە لەو ناوچەدا دەچنە ئەو چوارچێوەیەوە. لە زۆر وڵاتی ئەفریقایش سیاسەت ڕەنگی ئیتنیکی بە خۆوەگرتوە، جیابوونەوەی جنوبی سودان، ڕووداوەکانی کینیا، گەشەکردنی بزووتنەوە ئیسلامیەکان لەو قاڕەیەدا، هەموویان نیشانەی ئەوەن. لە باکوڕو باشوری ئەمریکاش  کەمایەتیە جۆراوجۆرەکان  هەر لە ئەفرۆئەمریکیەکانەوە بگرە تا خەڵکە بوومیەکان  تادێ باشتر خۆیان رێکدەخەن و داوای مافە کولتووری و فەرهەنگی و سیاسیەکانیان دەکەن . بە کورتی سیاسەت لە سەروبەندی دەست پێکردنی هەزارەی تازەوە  رەنگی ئیتنیکی و میللی و هەویەتخوازی بە خۆوە گرتوە.

ئەو وەزعە سیاسیە تازەیە بە زەحمەت لە چوارچێوەی زاراوە ودەستە واژە سیاسیەکانی چەپ و ڕاست دا لێک دەدرێتەوە. لیکۆڵەرەوەکان ئەو دیاردەیە بە شێوەی جۆراوجۆر هەڵدەسەنگێنن. ئەوەش لە بەر ئەوەیە کە سیاسەتی شوناسخوازی بۆخۆی لە شکڵی جۆراوجۆردا دەردەکەوێت.

 بەشێک لەو بزووتنەوە سیاسیانە، بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی  و میللین و  داوای جیابوونەوە دەکەن. هەندێک لەوان  خۆیان بەنوێنەری ئەو کەمایەتیە میللی و مەزهەبیانە کە بە درێژایی مێژوو لە ژێر ستەم و چەسانەوە دابوونە  دەزانن و داوای مافە سیاسی و فەرهەنگی و شارۆمەندیەکانی ئەوان دەکەن. هەندێکیشیان بزووتنەوەو سیاسەتی هژمۆنیخوازی ئەو دەستەو تاقم و گرووپانە  نوینەرایەتی دەکەن کە دەیانەوێت کەمایەتیەکان هەروا لە ژێرچەپۆکەییدا بمێننەوەو دەستیان وە سەرچاوە ئابووری و سیاسیەکانی نێو کۆمەڵگا ڕانەگات. هەندێک لەوان بزووتنەوەی ئاینی و مەزهەبین. هەندێکیان رەنگی تائیفی و ئیتنیکیان پێوە دیارە. هەندێک لەوان بزووتنەوەی ناوچەیین ،

تۆماس ئیرێکسن باس لە دووجۆرە سیاسەتی شوناسخوازی و هەویەتتەڵەبی  دەکات. سیاسەتی هەویەتتەڵەبی لە سەرەوەڕا و سیاسەتی هەویەتتەڵەبی لە  خوارەوەڕا.

بەشێک لە لێکۆڵەرەوەکان سیاسەتی شوناسخوازیی بە وەڵام دانەوەیەکی ئەنتی مۆدێڕن و دژکردوە بەرانبەربە ئیندیڤیدوالیزم و ئازادی دەزانن کە لە لایەن گڵۆبالیزاسیۆنەوە بەهێزدەکرێت. زۆریشن ئەوانەی سیاسەتی هەویەتتەڵەبی بە بەرگری و دیفاعی دەستەو گرووپ و تاقمە لاواز و چەوساوەو بندەستەکان دەزانن کە وەک ئامرازێک بۆ خەبات و بەربەرەکانی بە دژی ستەم و چەوسانەوە و دەستەڵاتداریەتی  بێگانە بەکاری دەبەن. هەندێک لێکۆڵەرەوەش سیاسەتی شوناسخوازی  وەک ستڕاتیژیەکی مۆدێرنیزاسیۆن دەزانن کە  بەزمانی نەریت و سوننەتەت دەدوێ تا  پشتیوانی بۆخۆی وەدەست بێنی. هیواش هەن  لایەنی سایکۆلۆژی هەویەتتەڵەبی زەق دەکەنەوە و وەک نۆستالژیەک سەیری دەکەن کە دەیەوێ لەو سەردەمە پڕ لە ئاڵوگۆڕەدا،  بگەرێتەوە سەربایەخ و نرخ و بەها فەرهەنگیە محەللیەکان .

هەندێک لێکۆڵەرەوەش ئەو دیاردەیە بە ململانێ و کێبەرکێی نێوان دەستەو تاقمە جیاجیاکان دەزانن کە پێکەوە لەسەر سەرچاوە جۆراوجۆر و سامانە سروشتیەکان  ململانێ دەکەن. هەشن هەویەتتەڵەبی بە ئیدەئۆلۆژیەک دەانن کە لەلایەن هەندێک دەستەوگرووپەوە بەرێوەدەچێت تا دەستەو تاقمەکانی دیکە هەڵاویرن و لە رێگای برەوپێدانی رق و قین و دوژمنایەتی لە گەڵ دەستەوتاقمەکانی دیکەی دەورووبەریان هەویەت و شوناسی خۆیان بە هێزتر و تۆختر بکەن. بەڵام زۆربەی شارەزایان لە سەر ئەوبروایەن کە سیاسەتی هەویەتتەڵەبی ، سیاسەتی گەلان و میللەتان و کەمایەتیە چەوساوەو ژێرچەپۆکەکانە بۆ وەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان  و ژیانێکی هاوبایەخ لە گەڵ خەڵکانی دیکە.

هیچکام لەو بۆچوونانەی سەرەوە بەتەنیا بۆ لێکدانەوەی ئەو دیاردەیە بەسنین. لەبەرئەوەی هەرکام لە بزووتنەوە کان کۆنکرێت و جیاوازن و لەلایەکی دیکەشەوە سیاسەتی هەویەتتەڵەبی خۆی لەخۆیدا ئاوێتەیەکە لە چەند توخم پێکهاتوە کە زەحمەتە تەنیا بەیەک جۆرە لێکدانەوە هەموو لایەنەکانی ڕوونبکرێنەوە.

یەکشت روونە. ئەویش ئەوەیە کە چ ئەو بزووتنەوە شوناسخوازانە کە مایل بە مەرکەزن و چ ئەو بزووتنەوە هەویەتخوازیانە کە مایل بە دوورکەوتنەوە لە مەرکەزن، تەواوکەری یەکترن و بە دینامیزمی گلۆبالیزاسیۆن دادەنرێن . هەربۆیەش دەبێ لە پێوەندی دەگەڵ یەکتردا ببینرێن و هەڵسەنگینرێن.

گڵۆکالیزم

گڵۆبالیزاسیۆن دەبێتە هۆی گوڵکردنی گڵۆکاڵیزم. واتە کولتورو فەرهەنگە جۆراوجۆرەکان تێدەکۆشن سنور بەدەوری خۆیان دا بکێشن.  بزووتنەوە ناسیۆنالیستیە جۆراوجۆرە جیاوازی خوازەکان، خودموختاری خوازەکان، فیدڕالیخوازەکان، بزووتنەوە  ئاینی و مەزهەبیەکان، بزووتنەوە جۆراوجۆرە فەرهەنگی و کولتووری و زمانی و تایفی و ئیتنیکیەکان، کە لەو سالانەی دواییدا گەشەیان کردوە  بەڵگەی راستی و درووستی ئەو قسەیەن. هەربۆیە گلۆکالیزم ، زاراوەیەکی بەرینەو وەک چەترێکی گەورە زۆر دیاردە دەگرێتە  ژێر سێبەری خۆی.

لێرەدا تێدەکۆشین هەندێک خاڵی هاوبەش دیاری بکەین کە  ئەو بزووتنەوانە دەگرنەوە کە دەچنە چوارچیوەی گلۆکالیزمەوە.

پێش هەموو شتێک سیاسەتی شوناسخوازی بریتیە لە ململانێ لەسەر سەرچاوە سروشتیەکان و سامان و سەروەت و دەستەڵات و قودرەت . ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە  ئەو سەرچاوانە نەک هەر لە نێوان تاکەکاندا بەڵکو لە نێو دەستەو تاقم و گرووپە جۆراوجۆرەکانیش دابە شێوەیەکی ناعادڵانە  دابەش کراون.

دوای ئەوە دەبێ بزانین کە مۆدێرنیزاسیۆن و گلکۆبالیزاسیۆن دەبنە مایەی دەرکەوتنی جیاوازیەکان. ئەو دەستەو تاقمە جۆراوجۆرانەی کە جاران تا ڕادەیەک لێک دووربوون  و ئێستا لەچوارچیوەی سیستەمە هاوبەشەکاندا وێک دەکەون، جیاوازیەکانی نێوانیان زەقدەبنەوە. لە ئاکامدا کێشە و کۆنفلیکت لە نێوانیاندا سەرهەڵدەدا.گلۆبالیزاسیۆن زەمینەیەک درووستدەکات تا جیاوازیە ئیتنیکی و فەرهەنگی و کولتوریەکان دەربکەون و لەگەڵیەک بەراورد بکرێن. ئەگەر نەزانی هاوسێکەت کێیە، حەسودی پێ نابەیت.

خاڵێکی دیکە کە لەو پێوەندیەدا دەبێت باسی لێبکرێت ئەوەیە کە ئیدەئۆلۆژی کولتوورو فەرهەنگی هاوبەش دەکەوێتە پێشەوەی ئیدەئۆلۆژی چینایەتی و ناکۆکیە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان.  ناسێۆنالیزمی ئیتنیکی، بزووتنەوە مەزهەبی و ئایینیەکان تێدەکۆشن شوناسی هاوبەش و هەویەتی هاوبەش بەوکەسانە ببەخشن کە دەچنە بن چەترکەیان.  لە راستیدا ئەوە ئیلیتی خاوەن ئیمتیازە کە لە نێو گرووپەکەدا سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی دەباتە پێش. سیاسەتی هەویەتتەڵەبی کەمتر گوێدەداتە چین و توێژەکانی خوارەوەی نێو گرووپەکە.

مەسەلەیەکی دیکە کە پێویستە باسی لێبکەین ئەوەیە کە بزووتنەوە هەویەتخوازیەکان  بۆ مۆبیلیزەکردنی خەڵک و بردنەپێشی خۆیان پەنادەبەنەوە بۆ ڕووداوە مێژوویەکانی رابردوو. ئەو غەدر و زووڵم و ستەمانە وەبیر نەوەکانی ئێستا دێننەوە کە لە ڕابردوودا بەسەر باوک و باپیرانیان هاتووە.  ئەفرۆئەمریکیەکان داستانەکانی کۆیلەتی بۆ نەوەکانی ئێستایان دەگێرنەوە. هیندیەکان، باس لە دەستەڵاتداریەتی مەغۆلەکان و موسوڵمانەکان و ئەو زولم و ستەمەدەکەن کە کاتی خۆی بە هیندوەکانیان رەوادیوە. ئێمە کوردەکان ئەنفال و هەلەبجە، چوارچرا، هەمزاغای مەنگوور، شێخ سەعید، شێخ مەحمود و بەردە قارەمان و خاڵەرەجەب و دوازدەسوارەی مەریوان و وەسیەتنامەی قازی  ،،،،، بە گوێی نەوەکانی ئێستاماندا دەچرپێنین.  تا بە لایلایەی هەویەتتەڵەبی گۆشیان بکەین. جولەکەکان تێدەکۆشن کارەساتی هۆلۆکۆست بە زیندووی رابگرن تا سیاسەتەکانی ئێستایانی پێ بەرنەپێش. شیعەکان عاشوڕاوسەحرای کەربەلا بۆ بەرهەمهێنانەوەی  حەقمەداری خۆیان هەموو ساڵی دەبەنەوە سەرشانۆ. حیزب و بزووتنەوە شوناسخوازەکان تێدەکۆشن پرد لە نێوان وەزعی ئێستاو ڕابردوو درووستکەن تا ئیدەئۆلۆژی شوناسخوازی خۆیانی پێ بەرنەپێش. سرودە نیشتیمانیەکان، گۆرانیە سیاسیەکان، شعرو داستان و رۆمان و ئەدەبیاتی مقاوەمەت و شوڕشگێڕانە بەشێکی گرنگی سیاسەتی هەویەتتەڵەبین.

هەرلەو پێوەندیەدا دەبێ ئیشارە بە شتێکی دیکەش بکەین. ئەویش ئەوەیە کە ڕێبەرانی بزووتنەوە هەویەتتەلەبەکان تێدەکۆش واقعیەتی مەیدانەکە سادەو ئاسان کەنەوە. ئەویش لە رێگای زەقکردنەوەی دوژمنێکی هاوبەش و گەورەکردنەوەی ئەو دوژمنە تا بتوانن خەلکی خۆیان لەو رێگایەوە بخەنە پشت سەری خۆیان و بەسیجیان بکەن. ئەو شەیتانەی کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکاو ئیسرائیل و ڕۆژئاوای درووستکردوە بەو تیئۆریە لێکدەدرێتەوە و بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە ئۆکسجین حەیاتی ترە. سیاسەتی شوناسخوازی لەسەر پایەکانی خاک، نیشتیمان، میللەت، زمان، کولتوور. فەرهەنگ، رەگەز و قوم و دین و مەزهەب ڕاوەستاوە.

تا گلۆبالیزسیۆن پتر دەرفەتی ئەوەمان دەداتێ کە وێک بچین، جیاوازیەکانمان پتر دەردەکەون. هەموو هەوڵدەدەین ئەوە نیشاندەین کە ئێمە لەوانیتر جیاوازین.

شوناسخوازی منداڵی بەروپشت ئەتڵەسی گڵۆبالیسزاسیۆنە. راستە جلوبەگێکی کۆنی دەبەرخۆی کردوە بەڵام بەرهەمی مۆدێڕنیزاسیۆنە و ناتەباییەکانی نێو مۆدێرنیتەیە. ئەگەر حسی میللی و نەتەوەیی، هەستی ئاینی و مەزهەبی، فەرهەنگ و کولتوورو زمانمان نەکەوەنە ژیر فشار، مۆبیلیزەنابین.

ئینسان پێویستی بەوەیە تەعەلوقی بە نیشتیمانێکەوە هەبێت، پێویستی بەوەیە سەر بەخاک و گەل و هۆز و نەتەوەیەک بێت، ئەوە هەویەت و ئەمنیەت و کەسایەتی و ئاسایشی دەداتێ. ناسۆنالیزم، بزووتنەوە مەزهەبیەکان،  بەشێک لەو پێداویستیەی ئینسانەکان دابین دەکەن. هەر بۆیە دەبێ چاوڕوانبین لە داهاتوشدا بزووتنەوە هەویەتخوازەکان بەهێزتر و کاراتریش خۆیان نیشاندەن.

 

ئیبڕاهیم لاجانی

٠٢٩.١٢.١٣

ئۆسلۆ

Related Articles