پێویستە پێش (شەش کەسەکە) دەسەڵاتداران دادگایی بکرێن! ... دارا خونچە

 

 

 

ئەو یاسا و رێکارە یاسایی و کاروبارە دادوەرییانەی لە کوردستان هەن تا سەر ئێسقان پاشداما و نامرۆیی و پیاوسالاریین چونکە ئاوێتەیەکن لە ئایدیۆلۆژیای بەعس و شەریعەتی ئیسلام و کوردایەتییەکی خێڵەکیی و رەگەزپەرستانە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی کە فرە فرە لە قازانجی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و سیاسەتبازەی هەنووکەی کوردستانە و نایەوێ وە هیچ جۆر و شێوەیەک گۆڕانیان وەسەردا بێ. .  فەرهەنگێکی پڕ لە توندوتیژیی و فرە هۆڤییانەی لە نێو خەڵکدا دروست و پایەدار کردییە وە جۆرەک تەنانەت ئەگەر یاسا و رێسایەکی چاک و ئەرێنییش لە بوارەک لە بوراەکان لە ژێر گوشاری بزاڤی یەکسانییخوازیی و ئازادییخوازانەی خەڵک لە نێو پانتایی دادوەریی جێی خۆی گرتبی. .  ئەوە لەگەڵ روودانی هەر کێشیەکی دیار کەسانەکی نەزان و لەخشتەبردرای ژێر هەژموونی پەروەردەی حیزبەکان هاندەدرێن تا دژ بەو یاسا و رێسایە ناوبرایە - کە رەنگە چارەسەری هێندەک کێشە بکا - بێنە سەر شەقام و وە پێی خواستی دەسەڵات دروشم بدەن!

ئەو ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانانەی کە لە (پایتەختی گەشتیاریی!!!) و (پایتەختی رۆشنبیریی!!!) لەسەر روودانی دەستدرێژییکردنە سێکسییەکەی سەر کیژە رۆژاواییەکە - کە لە لایەن شەش کەسە نەخۆشەکە ئەنجام درا - دەگوزەرێ رێک رەنگدانەوەی ئەو رەوشە یاسایی و جڤاکییەیە کە دەسەڵاتداران لە پشتیەوەن!

هەرچەندە لە کوردستان لە جیاتی یاسا سیاسەتباز و گەندەڵکاران سەروەرن، لێ بەو بارە خراپ و نەرێنییەی کایەی دادەوەرییش کە لە چارچیوەیدا هێندەک یاسای چاکی - لە هێندەک رووی جڤاکیی - تێدایە. .  فرە وە سوود دەبوو ئەگەر ئەو خۆپیشاندانانە لە پێناو سەروەربوونی ئەو کەمە یاسایە چاکانە ئەنجام بدرابان. .  کەچی زۆر وە داخەوە خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکانی کۆمەڵە مشەخۆرەکانی کۆمەلگەی مەدەنیی دژ وە یاسا و رێکاری یاسایی بوون و دەیانویست بێ هیچ دادگاییەک تۆمەتبارەکان (شەش کەسەکە) لەسەر هەمان شێوەی سەردەمی هەڵەبجەی ژێر دەسەڵاتی دڕندانەی بزووتنەوەی ئیسلامیی - کە سەرچاوە و هێزی لە دایکبوونی زۆربەی ئیسلامییەکانی ئێستان - لە نێو شەقام و وە بەرچاوی خەڵک سووکایەتییان پێ بکرێ، جەلدەیان لێ بدرێ، بەرداباران بکرێن، تا مردن ئەشکەنجە بدرێن، قوڕقوشم لە قوڕگیان بکرێ، لەسێدارە بدرێن، و. . .  هتد!!! تەنانەت هیچ کەسەکیان بای ئەوەندە هۆشیارییان نەبوو یان دڕندایەتییان لە خۆیاندا نەتەکاندبوو کە بتوانن ببێژن؛ تۆمەتباران تا داگایی نەکرێن تاوانبار نین و پێویستە لە دادگایەکان - هەرچەندە یاسا و دادگای چاک و مرۆڤپەروەرانەمان زۆر کەمە لەو بارەوە - بڕیاریان لەسەر بدرێ و وە پێی بڕیارەکانیش سزا بدرێن.

توندوتیژیی و دەستدرێژیی سێکسیی بەرانبەر هەر کەسەک (مێ یان نێر) کە وە تۆبزییە فرە فرە دڕندانە و نامرۆییانەیە و پێویستە تۆمەتباران - دەسەڵاتدارترین و بێ دەسەڵاتترین کەس بێ جوایەزیی - وە پێی یاسایە چاک و مرۆڤپەروەرییەکانی وڵاتان - ئەوانەی کە دەستکەوتی تێکڕای مرۆڤەکانی جیهانن و وە ئەزموون چاکیی و مرۆڤپەروەریی خۆیان سەلماندییە کە وە لایەنی کەم سزای لەسێدارەدان رەت دەکەنەوە و لە زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپاییەکان جێبەجێ دەکرێن - لە ژێر سایەی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگایەکان دادگایی بکرێن و وە سزای خۆیان بگەیەندرێن.

لێ ئەوەی راستیی بی - راستییەکی تفت و تاڵ - لە کوردستان سەرەڕای ئەوەی یاسایەکان وە چاک و خراپیانەوە سەروەر نین و دادگایەکان سەربەخۆ نین و یاساکاران و دادوەران وە شێوەیەکی گشتیی کتومت وەک ئەسپی شەترەنجی بەر دەستی سیاسەتبازان و گەندەڵکارانن. .  یاسایەکان تەنێ لەسەر خەڵکە هەژار و بێ دەسەڵاتەکان و ئازادییخوازان و بێ لایەنەکان جێبەجێ دەکرێن. .  کەس نییە نەزانێ کە بەرپرسە حیزبیی و حکومییەکان وە دەیان و وە سەدان تاوانی گەورەتریان لەو تاوانەی (شەش کەسەکە) ئەنجام دایە و نەک هەر دادگایەکان و دادوەرانی گشتیی بێ دەنگییان لێ کردییە بەڵکە تاوانلێکرایان و کەسوکارەکانیشیان بەوە ترساندینە کە ئەگەر بێ دەنگیی لێ نەکەن ئەوە خراپتریان وەسەردێ!!!

جا وە کورتییەکەی وە رای من؛ ئەو کێشەیە پێش ئەوەی کێشەی ئەو شەش کەسە بی - کە وە هۆی نەخۆشیی دەروونی ئەو تاوانەیان ئەنجام دایە - کێشەی خراپیی سیستەمی دەسەڵات وە شێوەیەکی گشتیی و دەسەڵاتی دادوەرییە و هەر پیاوانی دەسەڵاتیشن ئەو فەرهەنگە پڕ لە توندوتیژیی و ئەو ژیان و گوزەرانە پڕ لە چەرمەسەریی و کارەساتبارەیان وە دیاریی وە میللەت بەخشییە. .  لە هەمووشی جەرگبڕتر ئەوە بوو نووسەران و رۆژنامەنووسان و میدیایەکان لە پێشەوەشیاندا (رووداو، کەی ئێن ئێن، ئێن ئاڕ تی، هاوڵاتی، هەولێر، لڤین، زاگرۆس، ئاوێنە، و. . .  هتد) وە هەمان فەرهەنگی پاشدامایی و پڕ لە توندوتیژیی دەسەڵاتداران و خۆپیشاندەران هەواڵ و وەدواداچوونی زۆر دژەمرۆییان (تەنانەت باسی کچێنیی و ناکچێنییان کرد کە هیچ لە تاوانەکە ناگۆڕێ!) لەسەر تاوانەکە بڵاوکردەوە و ویستیان باری زۆر خواری سیستەمی دەسەڵات راست بکەنەوە! لەبەرئەوە پێویستە دەسەڵاتداران - کە لە شەش کەسەکە تۆمەتبارترن - پێش ئەو شەش کەسە دادگایی بکرێن چونکە زۆرێک لەوان بێجگە لەوەی تاوانی لەو جۆرە و گەورەتریشیان ئەنجام دایە و گاڵتەیان وە دادگایەکان دێ. .  هۆکاری هەرە سەرەکییشن لەوەی کە بارودۆخی یاسایەکان و دادوەریی لەو ئاستە نزمەدا بن و ژیان و گوزەرانی خەڵک بەو جۆرە پڕ لە توندوتیژیی و پڕ لە هەڵسوکەوتی دڕەندەییانە بن و وە هەزاران کەسی لە بابەتی ئەو شەش کەسەش دروست ببن.

١١\١\٢٠١٤

dxunce@yahoo. co. uk

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

Related Articles