خۆزگه‌م به‌ده‌ریا ... دڵشاد تاقانە

شه‌پۆلێکی باوه‌شگره‌

به‌له‌کت ته‌ڕاو ده‌کا

خۆزگه‌م‌ به‌ده‌ریای عشق

له‌به‌ر پێتا سه‌ما ده‌کا

پێهه‌ڵگه‌ڕ و پێداگه‌ڕه‌

نه‌رمه‌نازت به‌سه‌ر ده‌کا

خۆزگه‌م به‌و شه‌پۆلانه‌ی

ده‌سگه‌مه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌کا

به‌م خلیسکی خرپنه‌

ئۆخه‌ و تاسه‌ی‌ سه‌رده‌خا

خۆزگه‌م به‌و تێهه‌ڵسونه‌ی

هورده‌ زیپ‌‌ به‌پێست ده‌خا

تۆ ده‌چیت و ئه‌ویش دێ

له‌توێ ی یه‌کا ده‌توێنه‌وه‌

خۆزگه‌م به‌و دڵۆپانه‌ی‌

به‌سه‌ر له‌شتا ده‌خولێنه‌وه‌

تا نه‌ڕوشێ به‌رپێکانت

فه‌رشی لمت بۆ ڕاده‌خا

خۆزگه‌م به‌و نیانیه‌ی ئه‌و

خه‌نده‌ به‌لێوانت ده‌خا

 This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

Related Articles