چلچرایەک لە تەمتومانی مێژوودا. ... پشکۆنەجمەدین

 

 

 

دوو ساڵ و دوو مانگ پێش ئێست ا، من لە ملانێیەکی سەختدا لەگەڵ نەخۆشیی خوێنبەربوونی مێشک ، دوور ئێجگار دوور لە کوردستان ، بە گازوگیر هاتبووم.  زەنگی تەلەفوونەکەم لێی دا و بەسەر شەپۆلی شیعرەوە ، دەنگێک کە لە هیچ دەنگێکی تر نەدەچوو، پێی گوتم :

(( کاکە پشکۆ ، دڵمان لای تۆیە و دڵنیاین تۆ لە نەخۆشی بەهێزتری.  تۆ بە تەندروستییەکی باشەوە ، دێیتەوە لامان!)) ئەوە دەنگی کاک شێرکۆ بوو.  دەنگێک لە ئاسۆ ڕوونەکانی نیشتمانەوە ، چەند هەزار میل ، بەسەر باڵی هومێدەوە ، دەهات و لە ناهومێدییەکانی کێڵگەی ڕووحمدا ، تۆوی گەشبینییەکانی ژیانی تۆو دەکردن.  ئەوە دواجار بوو ، ئەو دەنگە ژیاندۆستە سیحراوییە بژنەوم!

پێش سێ مانگان ، هاتمەوە کوردستان و (شێرکۆ) نەبوو.  ئەو بۆ یەکلاکردنەوەی ئەفسانەی مەرگ و ژیان ، بۆ سوێد سەفەری کردبوو! ئێمە جێگۆڕکێمان کردبوو.  لە سوێد ، نەمتوانی یانژی نەمویست لە دوا ساتەکانی ژیانیدا بیبینم.  من نەمدەویست وێنە ڕەنگینەکانی ڕووخساری ئەو، ڕووخسارێک کە سیمای جوانییەکانی شیعر بوو لە هزرمدا، شوێن بۆ وێنەی تاڵییەکانی مردن چۆڵ بکەن.

بە تەلەفوون، لە لەرەی دەنگی تەماویی ( نەسرین خان) ی هاوسەریدا ، تەپەی پێی مردنم دەبیست.  مردن پەلەی بوو.  مردن لە شاعیری ئێمە خێراتر بوو.  ئەو زۆر زوو گەیشت!

ئێستا ، لەسەر مێزی نووسینەکەم ، ” شێرکۆ ” ی گەورە ، بە هەموو بەرهەمەکانییەوە ئامادەیە و بەیانیان ، بەیانیباشی لێ دەکەم!

چ ئەستەمە ، تۆ لە پایینی چیایەک لە دەقی شیعریدا ، دۆش دامابیت و دەڕۆست هەڵکۆڵینی ئێستاتیکا و هەڵگەڕان بە بەرزاییی باڵای شیعردا نەیەیت!

کۆبەرهەمی شیعری شێرکۆ ، لە زیاتر لە پەنجا ساڵدا ، خولقاندن و داهێنانی پڕ بەهرە و سازاندنی جوگرافیایەکی شیعریی ڕۆژهەڵاتگرە ، پانتایییەکە ، بە سەدان پەنجەرە و ڕۆژنەی پڕ تیشکەوە ، بۆ شیعر و ئەدەبیاتی کوردی کە ڕەنگاڵەی تاڵەکانیان ، لە ئەدەب و شیعری جیهان دەئاڵێن.

ئەدەبی کوردی ، لە درێژاییی مێژووی پڕ هاتی خۆیدا ، لە پرۆسەی گەشەکردن و تیشکدانەوەیدا ، چەندین ناوی گەورە و شاعیری داهێنەری خولقاندووە ، بەڵام بێ هیچ دوودڵییەک، دەشێ بێژین ، هیچ شاعیرێک هێندەی شێرکۆ ، پڕ بەرهەم و شاباڵی خەیاڵی قووڵ و بەرزەفڕ نەبووە.

بەرهەمی شیعریی شێرکۆ ، هێند داهێنەرانەیە ، بەشی سەد ساڵی دیکەی کۆڵینەوە و تۆێژینەوەی ئەدەب و مێژووی خولقاندنی ئەدەبی داهێنراو دەکات.

شیعری ” بێکەس ” ، لووتکەی ئەدەبی بەرگری و ئینسانیی کوردە و مەکۆیەکی کەموێنەیە بۆ تەوزیفکردنی کەلەپوور و مێژووی کورد ، لە هونەری داهێنانی شیعریدا.  هیچ شاعیرێکی ئێمە ، هێندەی شێرکۆ ، دەستەڵاتی بە سەر خولقاندنی ئەم هونەرەدا نەشکاوە.

شێرکۆ ڕۆیشت.  شیعر ناڕوات.  ” نیرۆدا ” گوتەنی( شیعر نەمرە.  شیعر ڕووحی حەوت پشیلەی هەیە!)

داستانە شیعرییەکانی شێرکۆ ، ( لە زمانی ” پابلۆنیرۆدا ” وە کە ” ڕۆفائیل ئەلبێرتی ” دەدوێنێت ، ئەو داستانانەی کە ” ئەلبێرتی ” ، لە سەربازگە و جەرگەی جەنگەکانی پارتیزانانی ئەسپانیادا دەیخوێندنەوە ) ، لە ڕووحی نەتەوەییی ئێمەدا ، هەمان سیحریان خولقاند!

شێرکۆ ، سەرپاکی کێش و ڕیتمی شیعری کوردیی ، لە ستاییل و دەنگی تایبەتی خۆیدا ئەزموونکردن.  مرواریی درەوشاوەی شیعری کوردی ، لە پەیمانەی بلوورینی ئەزموونی شیعریی شیرکۆ دەڕژێ !

لە چلەی کۆچی گەورەترین شاعیری ئێمەدا ، چلچرایەک لەسەر تەختی ئیمۆراتۆریای شیعری کوردی، بۆ ئەبەد دەگڕیێ !

19. 09. 2013

سوێد

 

 

 

 

Related Articles