سوتانی ته‌مه‌نێک ... به‌کرحه‌بیب

دوای چی له عه‌شقم تێده‌گه‌ی ، که ئێستا ده‌گه‌ڕێیته‌وه


ئاسه‌واری ساردوسڕیت ، هه‌رگیز بۆ ناسڕێته‌وه...

چیت لێم ئه‌وێ له‌وه زیاتر ، بویته شوعله و سوتاندمت

درێژایی ئه‌م ته‌مه‌نه‌م ، خه‌مت دامێ و گریانمت

هێشتا لاو بووم ، به‌فری سپی ، ده‌رگای تاڵی مووی پێگرتم

ژیانێکی پڕ له گێنگڵ ، به‌ سوێ و ته‌م ، پێت به‌ڕێکردم

زۆر خه‌وم دی به‌و ڕۆژه‌وه‌ی ، وه‌ڵامی هه‌ستم به‌یته‌وه

په‌رۆشی کانیاوی سۆز بیت ، پڕ به دڵ لێی بخۆیته‌وه

به‌ڵام دوای چی ، که گۆچانیش ، له‌رزه‌ی جه‌سته‌م ناگرێته‌ خۆ

مه‌رگ له دووڕیانی رێمه‌ و باشترین کڕیاره ئه‌مڕۆ

بڕۆ چیدی مه‌مگرێنه ، ده‌هرێکه بێ دڵ ژیاوم

ده‌سخه‌ڕۆ نابم به تینت به پشکۆت ، عه‌مرێک سوتاوم

 

Related Articles