تیشکێک بۆ سەر مێژوویەکی درەخشان ! لە ٢٣هەمین ساڵیادی ڕاپەڕین‌و شوراکانی کوردستاندا ... حەمە غەفور

دوای عەسری ڕۆژی ٦ئازاری٩٩١ ماڵئاواییم لە ئەستێرە کردو بە سەفتەیەکی گەورەی بەیاننامەی ڕەوتی کۆمۆنیستەوە کە بۆ ڕاپەڕین نووسرابوو، بە ڕیمێکی کورتی هەوارەبەرزە بەرەو ناوبازاڕی سلێمانی بەڕیکەوتم. تەجروبەی خەباتی نهێنی‌و فەنتاسیای پووچەڵکردنەوەی دارودەستەی سەرکوتی ڕژێمی بەعس فێری کردبووم، کام ڕێ‌وشوێن بگرمەپێش لەکاتی جووڵەو گواستنەوەکانم بەنێو شارو دەرەوەی شاریشدا. بۆیە لە نزیک دەرگاکەوە جێگامگرت. ڕیمەکە جمەی ئەهات لە نەفەرو دەرگاکەی بە زەحمەت داخرابوو. شاری سلێمانی خۆی بۆ ڕاپەڕین‌و وەشاندنی گورز لە دەزگا جاسوسی‌و سەرکوتگەرەکانی ڕژێم ئامادەکردبوو. ئێمە وەکو ڕەوتی کۆمۆنیست بەئامادەگییەکی تەواوەوە خۆمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە تەیارکردبوو. لە فەرعی بەردەم شارەوانی کۆن لە بەری ڕۆژئاوای فولکەی سجنی گەورە بەئاراستەی جادەی قەنات، کە خوار بووینەوە، دەستبەجێ بینیمان مەفرەزەکانی تەواری‌و قواتخاسە سەیتەرەیان داناوە، هاوارمکرد کاکی سایەق ڕایگرە بێزەحمەت من فیرارم دەبێ دابەزم. هەم شۆفێرو هەم خەڵکەکە بە ئەوپەڕی بەتەنگەوەبوونەوە لە چەند چرکەیەکدا یەکیانگرت‌و هەموویان لەگەڵ سەرنجی هەموو چاوەکانیاندا ڕێگایان بۆ چۆڵکردم تا دابەزیم. ووتیان ئاگاداری خۆت بە کاکە! ووتم خەمتان نەبێت زۆریان نەماوە ئەم دڕندانە.

من بە ووریاییەکی باڵاوە بەنێو کۆڵانەکانی گەڕەکدا خۆم گەیاندە دیوی ئەودیوی خەستەخانەی جامعەکە، بینیم مەفرەزەکانی پۆلیس‌و تەواری کە مفوەز شەماڵ سەرپەرشتی ئەکردن گەڕەکەکانی پشتی مزگەوتی گەورەو تا بگاتەوە بە حامییەکە هەموویان کۆنتڕۆڵکردووەو خەریکی پشکنینی ماڵەکانن. بۆیە من ئەبوایە خۆم بگەیەنمە مامۆستایان‌و بەنێو گەڕەکی دورلئەمندا خۆم بگەیەنمە ڕزگاری‌و دوای زەحمەتێکی زۆر تاریک‌و لێڵی ئێوارە گەییشتمە ماڵی هاوڕێکەم لە شیخ‌محێدین. خۆی‌و هاوسەری چاوەڕێی منیان ئەکرد. پرسیان "شەماڵ" چۆن توانیت بگەیتە ئێرە!؟ ناوشار هەمووی کۆنتڕۆڵ کراوە! هەر خۆشیان وەڵامیان دایەوە. چونکە دەیان حاڵەتی ترسناکی لەوجۆرەمان تێپەڕاندبوو. ووتم؛ گرنگ ئەوەیە ئێستا گەییشتووم.

بەدەم نانخواردنەوە بەرنامەکاری شەومان تاووتوێ کرد. درەنگانێک لە ماڵی هاوڕێیەکی دیکەمان هەر لە شێخ‌محێدین کۆبووینەوە. نزیک بە ١٠ کەس لە سەرەک شانەو سەرۆک ڕێکخستنەکانی ڕەوتی کۆمۆنیست لە خوارووی سلێمانی ئامادەبوون. باس‌و گفتگۆی ووردمان کردو کارەکانمان دابەشکرد بەسەر چەند تیمێکی تایبەتدا کە هەر تیمە گەڕەکێک‌و ناوچەیەکمان بۆی دەستنیشانکردبوو. بۆ نووسینی دروشم‌و هەڵواسینی پۆستەرو بڵاوکردنەوەی بەیاننامەو نامیلکەکانی ڕەوتی کۆمۆنیست تایبەت بە ڕاپەڕینی جەماوەر لە دژی ڕژێم. ئەم چالاکییە کارێکی سووک‌و ئاسان نەبوو. لە هاوینی ساڵی ٩٨٩وە کە ڕژێم دەستی وەشاندبوو لە ڕێکخستنەکانی ڕەوتی کۆمۆنیست‌و ڕێکخراوە کۆمۆنیستییەکانی دیکەش، دەیان کەسی لێیان دەستگیرو زیندانی کردبوو، تاکتیکی ڕەوتی کۆمۆنیست بۆ شپرزەکردنی وورەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێم، لەلایەک، وە لەولای تروە بۆ بەرزکردنەوەی وورەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی شارەکانی کوردستان بەرانبەر بە جموجووڵە سەربازی‌و سەرکوتگەرییەکانی ڕژێم، بریتی بوو لە داپۆشینی شارەکان لە سەعاتێکی دیاریکراودا بە نووسینی دروشمی دژی ڕژێم‌ بە زمانی کوردی‌و عەرەبی، هەڵواسینی پۆستەری شۆڕشگێڕانەو سەرنجڕاکێش، بڵاوکردنەوەی بەیاننامەو نامیلکەی سیاسی‌و تەبلیغیی ڕەوتی کۆمۆنیست. ناوە ناوە، مانگی جارێک یان دوو جار ئەم چالاکیانە دووبارە ئەکرانەوە. ئەم چالاکیانە شارەکانی سلێمانی، هەولێرو کەرکوک‌و هەندێ شارو شارۆچکەی دیکەشی ئەگرتەوە چەشنی کەلارو دوزخورماتوو. کاری پۆلیس‌و تەواری‌و هێزە تایبەتەکانی تر‌و شارەوانییەکان، ئەتوانرێ بووترێ بە تەواوی گۆڕابوو بۆ کوژاندنەوەی دروشمەکانی سەر دیوارەکان‌و لێکردنەوەی پۆسترو بەیاننامەکانی ئێمە. شەوی ٧ی ئازار ڕێکخستنەکانی خوارووی سلێمانی تەواوی شێخ‌محێدین‌و قالاواو ڕزگاری‌و چوارباخ‌و چەندین گەڕەکی دیکەشمان بە دەنگ‌و ڕەنگی شۆڕشگێرانەو دژە ڕژێم داپۆشی‌. لە زۆربەی گەڕەکەکانی دیکەی شاریش هەمان چالاکی ئەنجامدرابوو. دەمەو بەیانی خۆپیشاندان‌و دەنگی تەقە لە نزیک فولکەی دەستهاڕەکەوە بانگەوازی تەواوی خەڵکی سلێمانیان کرد بۆ ڕاپەڕین‌و هێرشبردن بۆ سەر دام‌و دەزگاکانی ڕژێم. تارماییەکی شۆڕشگێڕانە بەسەر ئاسمانی سلێمانیدا ئەهات‌و ئەچوو! ڕژێم‌و دارودەستەی تەواری‌و هێزە تایبەتەکانی تۆقیبوون‌و لەچاوی گەورەو بچوکی سلێمانیدا چارەنووسی ڕەشی خۆیانیان ئەخوێندەوە. ئینسان هەر چەند ڕۆژ پێش لە ٧ی ئازار هەستی بە تێکشکاویی‌و دامویی ڕژێم‌و پیاوانی ئەکرد.

لە ماوەی چەند سەعاتێکدا هەموو ناوەندەکانی دەسەڵاتی ڕژێم لەلایەن خەڵکی شارەوە گیران‌و تێکشکان. تەنیا ئەمنە سوورەکە مابوو بە دەستیانەوە، ویستیان لەوێوە بەرگرییەک سازمانبدەن. بەڵام کار لەکار ترازابوو. دوایین ساتەکانی لەزەویدانی ڕەشترین‌و هارترین ڕژێمی شۆڤێنی ناوچەکەو جیهانیش بوو لە شاری سلێمانی. ٨ی ئازار ئەمنە سوورەکەش گیراو ئاسەواری ڕژێمی بەعس بۆ هەمیشە بەسەر شان‌و ویژدانی خەڵکی سلێمانی‌و ناوچەکانی دەوروبەرییەوە پاککرایەوە. ئێمە وەکو ڕەوتی کۆمۆنیست لە ڕیکخستنەکانی خواروی سلێمانی، ئێوارەی ٨ی ئازارو تا درەنگانێکی شەوی ئەو ڕۆژە سەرقاڵی خۆئامادەکردن بووین بۆ پێکهێنانی شورای گەڕەکی شیخ‌‌محێدین. سبەی سەر لەبەیانی زوو چووینە بینایەی قوتابخانەی شێخ‌محیدینی سەرەتایی‌و بانگەوازی خەڵکمان کرد لەو قوتابخانەیە ئامادەبن بۆ پێکهێنانی شورای گەڕەکەکانی خواروی سلێمانی. لەماوەیەکی کەمدا قوتابخانەکە جمەی ئەهات لە خەڵک‌و من خۆم لەنێو ئاپۆڕەی ژن‌و پیاوی دانیشتوی ئەو گەڕەکانەدا بینییەوە. ئیتر چووین بەلای سەروکاری پێکهێنانی شورای گەڕەکەوەو بەکردەوە چەندین ژن‌و پیاو خۆیان پاڵاوت بۆ شورای گەڕەک‌و بە دەنگانی راستەخۆ هەڵبژێردران، دوای ئەوەی روونکردنەوەی خۆمان پێشکەشی خەڵکەکە کرد سەبارەت بە شوراو سوننەت‌و شێوەکاری شورایی‌و چۆنێتی ئەنجامدانی کۆبوونەوە گشتییەکان هەرکات کە زۆربەی هاوڵاتیان بیانویستایە بۆ لێپرسینەوە لە چۆنێتی چوونەپێشی کارەکانی شوراو ئەندامەکانی. وە چۆنێتی کارو پرۆگرامەکانی دواتریان.

لە زۆربەی گەڕەکەکانی تری شارەوە هەمان ئاکاری جەماوەری بەرپاکرابوو، شورای گەڕەکەکانی شارو ناوەندەکان پێکهاتبوون. بزووتنەوەی شورایی کوردستان، دواتر گوازرایەوە بۆ کەرکوک‌و هەولێرو شارۆچکەکانی تریش.

 

وەکو کۆمۆنیستێک‌و هەڵسووراوێکی شوراکانی سلێمانی، من بە ئەمانەتەوە دوای ٢٣ ساڵ ئەم ڕاستیانەی ٣ ڕۆژی یەکەمی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری سلێمانی لە ساڵیادی شوراکانی کوردستاندا ئەنووسمەوە. جێگای شانازییە بۆ خۆم‌و تەواوی ئەو هاوڕێیانەی ڕۆڵیان بینی لە سەرخستنی کارو پڕۆژە سیاسییەکانی ئەوسای ڕەوتی کۆمۆنیستدا. ڕێکخراوە کۆمۆنیستییەکان‌، کە دواتر شوراکان‌و بزووتنەوەی شوورایی کوردستانیان بەرپاکردو سازمانیان دان، مێژوویەکی درەخشانیان تۆمارکرد لە هێنانەمەیدانی عەزمی شۆڕشگێرانەی جەماوەری لەدژی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس. تاقیکردنەوەیەکی پڕبایەخیان بەرجەستەکرد لە دیموکراسی شورایی‌و هاتنەمەیدانی ڕاستەوخۆی ئیرادەی جەماوەری فراوانی خەڵکی کوردستان بە ژن‌و پیاوەوە، لەپێناو بەشداری سیاسی‌و گێڕانی ڕۆڵ لە چۆنێتی دیاریکردنی ئاییندەو چارەنووسی خۆیان‌و کۆمەڵگاکەیاندا. لە ٢٣هەمین ساڵیادی ڕاپەڕین‌و شوراکاندا بژی شوراکان، سەربەرزی بۆ گیانبەختکردووانی ڕاپەڕین‌و هەڵسوراوانی شوراکان.

٦ئازار١٤

Related Articles