کێشەی نێوان ئەردۆغان و عەبدوڵا گوڵ ... فوئاد زیندانی

 ئەگەر ئێمە سەرەتا پێداچوونەوەیەکی کورتی ژیانی سیاسی ئەو دوو کەسایەتیە بکەین بۆمان دەردەکەوێ تا ڕادەیەکی زۆر پێکەوە بەشێوەیەکی لێکدانەبڕاو کاریانکردووە .

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەدایکبووی ساڵی 1954 ی شاری ئەستەنبۆڵ، شارەداری مەزنی شاری ئەستەنبۆڵ بووە ماوەی چوار ساڵ، سەرۆکی پارتی داد وگەشەپێدانی (ئاکەپە) کۆنزەراتیڤە، دوایئەوەی لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2002 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەئاداری ساڵی 2003 بەفەرمی بووە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا لە ساڵی 2011 وە بۆ جاری سێیەم کابینەی حکومەتی پێکهینا .

عەبدوڵا گوڵ لەدایکبووی ساڵی 1950 ی شاری قەیسەری تورکیا، لەساڵی 2002 دوای سەرکەوتنی پارتەکەی، پارتی داد و گەشەپێدان ( ئاکەپە)، پۆستی وەزیری دەرەوەی تورکیای وەرگرت، لەساڵی 2007 لەسەر پێشنیاری ئەردۆغان سەرۆکی پارتەکەی (ئاکەپە) عەبدوڵا گوڵ بووە کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار، لەمانگی ئابی ساڵی 2007 وە وەک یازدەمین سەرۆک کۆمار لەمێژووی تورکیا پۆستی سەرۆک کۆماری بەدەستهێنا .

ئەردۆغان سەرۆکی پارتی داد وگەشەپێدان لەماوەی دوازدە ساڵی ڕابردوودا توانی دەستکەوتی ئابووری مەزن بۆ تورکیا بەدەستبهێنێ، بەڵام لەهەمانکاتدا شکستی گەورەشی بەدوایخۆیداهێنا لەوانەش کۆنترۆڵکردنی هەموو بوارەکانی ژیان لەتورکیا، ناڕونی پرۆسەی ئاشتی نێوان بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد و حکومەتی تورکیا، کارکردن و هاوکاری بەردەوام لەگەڵ بزوتنەوەی فەتحوڵا گوڵەن و حزبە نەژادپەرستەکانی تورکیا، ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی، ئەشکەنجەدان و کوشتنی زیندانیانی سیاسی، مانەوە لەبەردەم دەرگای یەکیەتی ئەوروپا بە ئەندام نەبوونی تورکیا لەو یەکیەتیەدا، پاڵپشتیکردنی تیرۆر و پێشوازیکردن لەتیرۆریستانی لەهەموو جیهان ناردنیان بۆ سوریا و بەکارهێنانیان لەدژی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان . . . هتد

ئەوەی کە گەلانی تورکیا و هەموو یەکیەتی ئەوروپای بێزارکردوە پاشەکشەی ئەردۆغان و ئاکەپەیە لە ڕیفۆڕم و لەو بەهارەی بەناوی چاکسازی پروپاگەندەی بۆ دەکرد، کار گەیشتە ئەو ئاستەی پەرلەمانی تورکیا لەژێر ناوی یاسای ئینتەرنێت وویستی دەرگای چاودێریکردن بەسەر هەموو هاووڵاتیانی تورکیا بکاتەوە، بەپێی ئەو یاسایە حکومەت دەتوانی زۆر بەخێرایی دەستوەردان بکا بەتایبەتی لەبوارەکانی تویتەر و یوتوب و فەیسبووک و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتیەکانی تر، بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو یاسایە هیچ ڕێگایەک نەمابۆوە، تەنیا بەپێی دەستووری تورکیا سەرۆک کۆمار مافی ئەوەی هەیە ڤیتۆ بەکاربێنێ و یاساکە ڕەتبکاتەوە و بینێرێتەوە بۆ پەرلەمان، لێرەدا عەبدوڵا گوڵ وەک سەرۆک کۆمار بۆجاری یەکەم دەبێ بەرەنگاری ئەردۆغان ببێتەوە کە جگە لەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانە هاوکات سەرۆکی پارتەکەیەتی . ئەردۆغان دوای ئەوەی لە ئا تیڤی تورکی ڕایگەیاند کە دوای هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی داهاتوو واتە کۆتایی ئەم مانگە ماڵپەڕەکانی یوتوب و فەیسبووک دادەخات، شەقامی تورکی بەتەواوی وەکو تاکە ئومێدێک چاویان بڕیبووە سەر (عەبدوڵا گوڵ) ی سەرۆک کۆمار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایەی کە ئەردۆغان هەڕەشەی پێدەکرد، لەکۆتاییدا عەبدوڵا گوڵ ڤیتۆی بەکارهێنا یاساکەی پەسەند نەکرد، زانی ئەو یاسایە یاسای کەلەبچە و کۆت و بەندکردنی هاووڵاتیانە، گەڕاندنەوەی تورکیایە بۆ ڕیزی ووڵاتێکی وەکو ئێران و ئەو ووڵاتانەی کە سانسۆری ئینتەرنێتیان لە ووڵاتەکەیاندا پەیڕەو کردووە، توڕەبوونێکی تری یەکیەتی ئەوروپا بەدوای خۆیدا دێنێت، پێشێلکردنی ڕەهای مافی کەسەکانە بۆیە گەڕاندیەوە بۆ پەرلەمان .

خاڵێکی تر کە عەبدوڵا گول و پارتی ئاکەپەی بێزار کرد دوایئەوەهات کە تۆمارێکی دەنگی ئەردۆغان بڵاوکرایەوە لەڕێگەی تەلەفۆن بە (بیلال) کوڕی خۆی دەڵێ (40) ملیۆن دۆلار پارەکە بشارەوە ! عەبدوڵا گوڵ گەیشتە ئاو باوەڕەی کە ئاکەپە ئاستی جەماوەریی لەدابەزیندایە، لەلێدوانێکیدا گوڵ ڕایگەیاند داخستنی فەیسبووک و تویتەر بابەتی گفتوگۆکردن نییە .

عەبدوڵا گوڵ و تەنانەت خودی ئەردۆغان پێشبینی دەکەن کە چۆن تۆماری دەنگی لەڕێگەی تاقمی فەتحوڵا گوڵەنی هاوپەیمانیان بڵاوکرایەوە، گرتەی ڤیدیۆیی ژووری نوستن و گرتەی فیلمی سێکسی و تۆماری دەنگی تەلەفۆنی تری ئەندامانی ئاکەپە لەلایەن تاقمی فەتحوڵا بەهەمان شێوە بڵاوبکرێتەوە .

عەبدوڵا گول دەزانێ سەردەمی ئەوە بەسەرچووە لە ساڵۆنەکانی یەکیەتی ئەوروپا پێشوازی لەئەردۆغان بکرێ بەتایبەتی مردنی منداڵێکی تەمەن 14 ساڵ دوای 269 ڕۆژ مانەوە لە کۆما کە مانگی حوزێرانی ڕابردوو لە ڕاپەڕینی پاڕکی گازی لەئەستەنبۆڵ لەلایەن پۆلیس بریندارکرابوو، مردنی ئەو منداڵە لە ڕۆژانی ڕابردوودا خۆپیشاندانی چەند ملیۆنی لەدژی ئەردۆغان و ئاکەپە بەدوای خۆیداهێنا، ئەوەش هێمایەکی ترە کە نەلەئاستی نێودەوڵەتی و نەلەئاستی ناوخۆی تورکیا هەردوولا(ئەردۆغان)یان ناوێ .

 

Related Articles