داعش مەزارگەی پێغەمبەران دەتەقێنێتەوە و موسڵمانە دوو ڕووەکانی جیهانیش بێ دەنگن .. فوئاد زیندانی

 

 

 

ئۆمەتی ئیسلامی ئۆمەتێکە هەردەم ئامادەبووە لەسەر نووسینی بابەتێکی ڕۆژنامەوانی یاخود کاریکاتێرێک لە ڕۆژنامەیەک یان گۆڤارێک کە بەسوکایەتیکردنی زانیبێ بۆ سەر ئایینی ئیسلام و پێغەمبەر ، بڕژێنە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندانی مەزن ئەنجامبدەن و تەنانەت جاری واهەبووە توندوتیژیان ئەنجامداوە لەدژی ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و هەڕەشەی کوشتنیان کردووە لە نوسەری بابەتەکە یا کاریکاتێرەکە و هتد....

ئەوەی بۆتە جێگەی سەرسوڕمان ئەوەیە ئەو ئۆمەتە بەو شێوەیە ئایین پەروەرە و خودا و پێغەمبەر دەپەرستێ بۆ بەرامبەر تاقمی تیرۆریستی داعش و تاوانەکانی ئەو گرووپە و گرووپەکانی هاوشێوەی بێدەنگە !!

دوای ئەوەی شاری موسڵ (نەینەوا) لەلایەن سوپای عیڕاق بێ بەرگریکردن ڕادەستی داعش کرا ، ئەو تاقمە دەستیانکرد بە ڕوخاندن و تەقاندنەوەی گۆڕی (کچ – قبر البنت) لەو شارەدا ، لە ٢٠١٤/٧/٤ گۆڕی (ئیمام سوڵتان کوڕی عاسم ی کوڕی عومەری خەتاب ) یان تەقاندەوە لە ٢٠١٤/٦/٢٥ گۆڕی (ئیمام عەباس ) و دوو حسێنیە تریان بەهەمان شێوە تەقاندەوە .

ڕۆژی پێنچشەممە ٢٠١٤/٧/٢٤ داعش گۆڕ و مەزاری (یونس) پێغەمبەری لە شاری موسڵ تەقاندەوە ، ڕۆژێک دواتر گۆڕی (شیت) پێغەمبەر و (جەرجیس ) پێغەمبەری تەقاندەوە ، ڕۆژی شەممە ٢٠١٤/٧/٢٦ منارەی (حەدبا) کە منارەیەکی مێژوویە لەگەڵ کلێسای مریەم ئەلعەزرائی کریستیانەکان لەیەک کاتدا بەهەمانشێوە لەلایەن داعش تەقێندرایەوە.

هەر دوای ئەوەی شاری موسڵ کەوتە دەستی داعش ، ئەو تاقمە ڕایگەیاند کە ماڵی خودا واتە (کەعبە) دەڕوخێنێ !!؟؟

پرسیار ئەوەیە ئەو ئۆمەتە چالاکەی کە ئامادەیە لەسەر بابەتێک یان کاریکاتێرێک بێتە سەر شەقام و خۆی گڤ بکاتەوە هەڕەشەی کوشتن لە ڕۆژنامەنووس و خاوەن بابەتەکان بکات خێرە ئێستا بێدەنگە ؟؟؟ !!!! ئایا نووسینی بابەتێک یان کاریکاتێرێکی بە خەیاڵ دروستکراو بۆ ئۆمەتی ئیسلامی مەترسیدارترە و گرنگترە لە ڕووخاندنی ماڵی خودا و تەقاندنەوەی گۆڕ و مەزارگەی پیغەمبەران ؟

لە ڕۆژی ٢٠١٢/٥/٨ لە شاری هەولێر ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سەر بەلایەنە ئیسلامیەکان بەبیانووی ئەوەی کەسێک بابەتێکی نووسیوە لە دژی ئیسلام هێرشیانکردە سەر پەرلەمانی کوردستان و بەشێوەیەک کە لەگەڵ رەوشتی مرۆڤی کورد نەدەگونجا ، چونکە پەرلەمانی کوردستان پیرۆزی خۆی هەیە و بەرهەمی خەباتی سەد ساڵەی نەتەوەکەمانە .هاوکات لەو ڕۆژەدا چەندین پێشێلکاریان بەرامبەر ڕۆژنامنووسان ئەنجامدا ، هێرشبەرانی ئەو ڕۆژە وەکو ئەوەی لەبیابانەکانی نیمچە دورگەی عەرەبیەوە یان لە ئەفغانستانەوە بۆ سەربڕینی میللەتێک هاتبن بەو شێوەیە هێرشیانکردە سەر پەرلەمان ، لێرەدا ڕووی پرسیارمان دەکەینە ئەوانەی بەشداری ئەو هێرشەیانکرد ئایا ئێوە بەڕاست ئایین پەروەرن ، خواناسن ، پێغەمبەر ناسن ؟؟ ئەگەر دەڵێن ئا ، ئەی بۆچی لەبەرامبەر تاقمە تیرۆریستەکان فس بوونەوە و دەنگتان لیوە نایەت ؟ کەهەر هەمووشتان دەزانن ئەو تاقمە تیڕۆریستیە بەفەتوا سەیر و سەمەرەکانیان جیهادی نیکاحیان داهێنا و سێکس کردنی هاو ڕەگەزەکان واتە (نێر لەگەڵ نێر) یان داهێنا کەچی ئێوە هەربێدەنگن .

سەرباری ئەوەی ماوەی نزیکەی دوو ساڵە داعش و بەرەی نوسرە و چەندین ڕێکخراوی تری تیرۆریستی بەهاوکاری چەند ووڵاتێکی هەرێمەکە بەبێ ناوبەر هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و چەندین جار کۆمەڵکوژی و تاوانیان ئەنجامداوە ، بەڵام ئۆمەتی ئیسلامی بەگشتی و موسڵمانانی کوردستان بەتایبەتی بێدەنگن ؟؟

لەدوای کەوتنی شاری موسڵ بارودۆخێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە ، بەشێکی زۆری خاکی باشوری کوردستان ڕزگار کراو لەلایەن هێزەکانی پیشمەرگەی کوردستان دەپارێزرێ و بەرگری لێدەکرێ ، تا ئێستا بەدەیان پێشمەرگە شەهید و برینداربوون ، نەماندیت ئێوە لە مزگەوتەکانی کوردستان فرمێسک بۆ پێشمەرگە ببارێنن بەڵام ئامادەن هاتوهاوار بکەن و فرمێسک بۆ فەلەستین ببارێنن ، ئەو بێگانە پەرستییە تاکەی ! وەک دەزانن ئۆمەتی ئیسلامی لە ووڵاتانی عەرەبی بەچاوی خۆیان تەقاندنەوەی مەزاری پێغەمبەران لە شاری موسڵ دەبینن بەلایانەوە ئاساییە ، بەڵام کاتێک دەبیستن کورد لەهەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی یەکجارەکی نزیک بۆتەوە ، بەلایان ئاسایی نیە و هاواریان لێهەڵدەستێ ، بەڵام پرسیار لە موسڵمانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە ئێوە ئەو هەڵوێستانە بەچاوی خۆتان نابینن کەبەرامبەر بە کورد لەلایەن موسڵمانانی جیهانی عەرەبی نیشاندەدرێ ؟ ئەو هەڵوێستەی ئێوە و هەڵوێستی موسڵمانانی جیهانی عەرەبی و تاوانەکانی تیرۆریستان وایکردووە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەڵک ڕاستیەکان بزانێ و باوەڕی بە ئیسلام و موسڵمانان نەمێنێ .

 

 

 

 

Related Articles