لە کۆبانی مێژووی کورد بە ستایلێکی نوێ نوسرایەوە ... فوئاد زیندانی

 

 

 

ئەو ووڵاتانەی بەشدارن لەدروستکردنی هێزە ئیسلامیە تیرۆریستیەکان و پاڵپشتیکردنیان و ئاڕاستەکردنیان، لەبنەڕەتدا ئامانجی سەرەکیان لەناوبردنی گەلی کورد و دەستکەوتەکانی نەتەوەی کوردە، بۆیە لەهەردوو ووڵاتی عیڕاق و سوریا تیرۆریستانی داعش (نەوەی جیهادی نیکاح) تەنیا شەڕی گەلی کورد و هەڕەشەی لەناوبردنی دەکەن .

ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەمووکات سوودیان لەپەرتەوازەیی و ناتەبایی ناو ماڵی کورد وەرگرتووە، کێشەی جۆراوجۆریان بۆ دروستکردووە، لەکاتی شەڕ و ئاشتیدا لەناوبردنی کورد و دەستکەوتەکانی کوردیان بەبنەما گرتووە . لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سوریا چەندین ڕێکخراوی تیرۆریستی ئیسلامی بەناوی جیاواز لەسوریا پەیدابوون، کەهەرهەمووشیان دروستکراوی دەزگا هەواڵگریەکانی چەند ووڵاتێکن، هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی سوریا هەردوو باڵی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە لەعیڕاق و سوریا (بەرەی نوسرە، داعش) شەڕکردنیان دژ بەگەلی کورد ڕاگەیاند و تەنیا شەڕی گەلی کورد دەکەن و ڕاستەوخۆ یارمەتی لە تورکیا، سعودیە، قەتەڕ وەردەگرن و تائێستاش بەردەوامن لەهێرشکردنە سەر گەلی کورد لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی داعش وەک هێزێکی وەحشیی بەدڕەوشتی دژە مرۆڤایەتی هەر وەک چۆن ئیسلام لەدوای دروستبوونیدا لە سەدەی شەشەم و حەفتەمدا بەسەرپەڕاندن و ئەنفال دەستیپێکرد، ئەویش بەهەمانشێوە و ڕێباز و بۆچوونی ئەو سەردەمە پەرە بەتاوانەکانی دەدات دژ بەگەلی کورد، ئەو تاقمە تیرۆریستە لەوباوەڕەدابوو کەتوانای لەناوبردنی گەلی کوردی هەیە، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبوو کە گەلی کورد و هێزەکانی (یەپەگە، یەپەژە، پێشمەرگە) بەرەنگاری ببنەوە و شکستیان پێهێنن .

لە 15ی مانگی ئەیلولەوە داعش بەپاڵپشتی ڕاستەوخۆی تورکیا، لەهەموولایەکەوە گەمارۆی شاری کۆبانی ڕۆژئاوای کوردستانیداوە، لەعیڕاق و سوریا هەموو چەکی قورس و هێزەکانی کۆکردۆتەوە و بۆ ئەوەی شارەکە داگیربکا و خەڵکەکەشی کۆمەڵکوژ بکا، هەرچەندە داعش لەدژی هێزەکانی یەپەگە چەکی کیمیاویشی بەکارهێنا، بەڵام بەهۆی بەرگریکردن و بەرخۆدانی یەپەگە و یەپەژە و جەماوەری کۆبانی داعش شکستی هێنا، لەماوەی مانگێکدا زیاتر لە (هەزار) چەکداری لێکوژراوە، ئەوەش نەک تەنیا داعش بەڵکو حکومەتی تورکیاشی تۆشی شۆک و سەرلێشێوان و درۆ کردن دووڕوویی کردووە . کۆبانی هەڵسەنگاندنە نێودەولەتیەکانی گۆڕی بەشێوەیەک زلهێزەکانی خستە ژێر بەرپرسیارەتێکی ئەخلاقی و مێژووی .

 داعش بۆ داپۆشینی شکستەکان و دۆڕاندنەکەی و ڕێگا گرتن لە زیاتر داڕووخانی وورەی خۆی و چەکدارەکانی لەبەرامبەر بەرخۆدانی یەپەگە و یەپەژە، درۆیەکی شاخداری بڵاوکردەوە گوایە بەرپرسێکی داعش زانیاری فرۆشتووە بە هاوپەیمانەکان و مۆڵگەکانی داعشی ئاشکراکردووە بۆیە لەئەنجامی خیانەتی ئەو کەسە زیاتر لە هەزار چەکداری لێکوژراوە !!

 لەئاستی ناوخۆی کوردستانیش کۆبانی بووە هۆی ڕێکخستنی ناوماڵی کورد و یەک هەڵوێستی شەقامی کوردی لە ئاستی کوردستانی مەزن بەگشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی . سەبارەت بە کاریگەریەکانی کۆبانی لەسەر پرۆسەی ئاشتی نێوان بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردی باکوری کوردستان و حکومەتی تورکیا، پرۆسەی ئاشتی ڕاستەوخۆ گرێدروای کۆبانیە چونکە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لەباکوری کوردستان لەو باوەڕەدایە ناکرێ حکومەتی تورکیا لەبەرامبەر کوردی باکور بەناوی ئاشتی بەردەوامبێ لەپرۆسەکە و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بەردەوامبێ لە هاوکاریکردنی داعش بۆ کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی کۆبانی .

 لە کۆبوونەوەکانی نێوان پارتەکانی ڕۆئاوای کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی کە لە شاری دهۆک لەنێوان ١٤ تا ٢٠١٤/١٠/٢٢ بەردەوامبوو، هێرشەکانی تیرۆریستان لەدژی گەلی کورد و شاری کۆبانی یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی کۆبوونەوەکان بووە، ئەنجامی کۆبوونەوەکان وەک چوارشەممە ٢٢ی ئۆکتۆبەر ڕاگەیەندرا بە ڕێکەوتنی نێوان لایەنە بەشداربووەکان کۆتاییهات، هەردووک ئەنجوومەنەکە توانیان بگەنە ڕێکەوتنێک کە دەبێتە دەبێتە پاڵپشتیەکی باش بۆ کۆبانی و هاوکات دەبێتە هۆی شکستێکی دەروونی و سەربازی بۆ تیرۆریستانی داعش .

 کۆبانی لەهەموو جیهان خەڵکی سەرسامکرد بەو خۆڕاگریە مەزنەی یەپەگە و یەپەژە لەدژی داعش، هاوکات کۆبانی توانی شەقامی جیهانی بهەژێنێ و ناسنامەی گەلی کورد و شێوازی بەرخۆدانی هێزەکانی کورد لەناویاندا ژنانی کورد بەجیهان بناسێنێ، ئەو بەرگریەی کۆبانی دەیکا لەمێژووی مرۆڤایەتی وێنەی نیە، لەشاری کۆبانی مێژووی نەتەوەیی گەلی کورد بەشێوە ڕاستەقینەکەیی و ستایلێکی نوی نوسرایەوە .

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

Related Articles