حوکمڕانی کوردی و گەندەڵی ... شێرزاد وڵاتدۆست

گەندەڵی وشەیەک پڕاوپڕ لە ناشرینی ،وشەیەکی سواوی بەکارهاتوو لە هەرێمی کوردستان ، گەندەڵی واتا داخوران یان دارزان هەرچەندە لە کۆندە ئەم وشەیە بۆ دار و دراخت یان هەرشتێکی تر بەکاردەهات کە توشی داخوران ڕزین دەهات ، بەڵام لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردی ئەم وشەیە گەشەسەندی بەخۆیەوە بینی بەجۆرێک لە ڕۆژگاری ئێستا ڕۆژانە لە میدیاکانی ئەم هەرێمە بەر چاو و گوێمان دەکەوێت ، گەندەڵی کارگێری و بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان بوە بە دیاردەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوەتە زۆربەی هەرەزۆری دامودەزگاکانی ئەم هەرێمە ، ئەگەر لە ژێر ڕۆشنایی پێناسەی گەندەڵی کارگێری کە برییتیە لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵات و داهاتی گشتی بۆ بەرژوەندی تایبەتیسەیرێکی باردۆخی بەڕێوەبردن و حکومڕانی بکەین ، ئەوا زۆر بە ڕوونی بۆمان دەردەکەێت چ گەندەڵیەکی مەزن باڵی کێشاوە بەسەر هەرێمی کوردستان بەجۆرێک زۆر بەکەمی دەبینیت دامودەزگایەکی حکومی گەندەڵی تێدانەبێت یاخود پڕۆژەیەک هەبێت بە بوونی گەندەڵی لە ئەنجامدانی تەواو کرابێت.

 لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 هاووڵاتیان زۆر بە هیوا و ئومێدەوە لە حکومەت و دەسەڵاتی کوردی خۆبەڕێوەبەریان دەڕوانی ، بەڵام ئەم هیواو ئومێدەواریە درێژەی نەخەیاند ، چونکە هەر لە سەرەتاوە زۆربەی دەمودەزگاکانی حکومەت لەلایەن چەند لایەنێکەوە توشی دەستبەسەرداگرتن و تاڵنکردنەوە بوونەوە و کەلوپەلە گرانبەهاکان  ڕەوانەی ئەودیوسنور کران و پارەکەیان چوو گیرفانی چەند کەس و لایەنێکی بەناو شۆڕشگێڕی ئەوسا ، هەروەها دەستگیرا بەسەر زەوی و زار و خانوبەرەیەکی زۆری حکومی کە هەندێکیان کران بە بارەگای حزبی یان بوون بەماڵی بەرپرسانی ئەم حزبانە و کەسانێک  لەسەربنەمای خزمایەتی حزبایەتی  کران بە ئەندام پەرلەمان و وەزیر و بەپرسی حکومەت کە هیچ شارەزایەکیان نەبوو لەکارەکانیان دا هەروەها دەستگیرا بەسەرتەواوی داهاتی بەدەستهاتووی هەر سێ پارێزگای هەرێم و بەکارهێندرا بۆ بەرژوەندی کەسی و حزبی.

  واتا ئەمانە بوو بە سەرەتا و بناغەی گەندەڵیەکانی حکومڕانی کوردی ،هەروەها لەگەڵ بەر پابوونی شەری ناوخۆ و ئاڵۆزبوونی باردۆخی ناوخۆیی گەندەڵیەکانی حکومڕانی کوردی درێژەی کێشا و بووە یارمەتی دەرێکی گرنگ بۆ بەردەوامی و گەشەسەندنی ، لەگەڵ ڕووخاندی ڕژێمی بەعس بەیکجاری لە ساڵی 2003 دەرفەتێکی نوێی کردەوە بۆ فروانکردنی گەندەڵیەکانی بەرپرسانی خاوەن ئەزموون لە گەندەڵی ، زیاد بوونی بودجەی هەرێم لە حکومەتی ناوەندی و بەدەستهێنانی داهاتی فرۆشتنی نەوت گەندەڵیەکان گەشە پێدا ، بەجۆرێک هاوشان بە زیادبوونی داهات و دەسەڵاتی حزبی لە ناو حکومەت لە هەرێمی کوردستان گەندەڵیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشان و فروان بوون دایە.

 ئەوەی جێی تێڕمانە لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بوونی گەندەڵی زۆربەی بوارەکانی ژیانی گرتوەتەوە و وەک فایرۆسێک وایە کە هیچ دامودەزگایەکی ئەم هەرێمە بێبەش نەبووە لێی ، بەجۆرێک لەهەر لایەک بە شێوەیەکی جودا خۆی دەردەخات ، لێ ئەوەی جێ تێرامان و سەرسوڕمانی زیاترە لەم هەرێمەدا هیچ بەرپرسێک یان لایەنێکی گەندەڵچی لەسەر ئەنجامدانی گەندەڵی سزا نادرێت ، بەڵکو هەندێکیان پلە بەرزکردنەوە و پێدانی پۆستی گرنگتر خەڵات دەکرێن، جگە لەوەش ئەگەر کەسێکیش بیەوێت ڕێگر بێت یاخود هەڵدەرەوەی گەندەڵیاکانیان بێت ئەوا بێگومان خۆی لە بەرامبەر شەق و گولەی ئەوان دەبینێتەوە ، لەگەڵ ئەوەش دا کۆمەڵێک کەس هەن کە دەکرێت وەک دەهۆڵ لێدەرەکانی گەندەڵچیەکان ناویان بهێنین زۆر بە ئاسانی بەهانە و هۆکاری بێمانە دەهێنەوە بۆ درێژەکێشانی گەندەڵی.

  بوونی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە ڕیزبەندی  پلەیەکەمانی وڵاتی گەندەڵ ،  دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هیچ کەس و لەیەنێک ناتوانێت بوونی گەندەڵی پەردەپۆش بکات یان بشارێتەوە ، هەروەها ئەو ڕاستیە تەواو لە لایەن هاوڵاتیان ڕوونبوەتەوە کەلەم هەرێمەدا لەئەنجامی گەندەڵیەکانی چەند بەپرس و لایەنێک لەسەر حسابی گەل چەندین کەسی ملیاردلەر و ملیۆنێری خاوەن کۆمپانیەی مەزن پەیدا بوون بە جۆرێک  زۆرێک لەو کەسانە لە پێش گەیشتن بە دەسەڵات خاوەنی هیچ شتێک نەبوون.

  لەگەڵ بەردەوام بوون و درێژەکێشانی گەندەڵی ئەوا لایەنی سودمەند گەندەڵاچیەکان و تاقم و دەورووپشتەکانیان و لایەنی زەرەد مەند بێگومان خودی هەرێمی کوردستان و زۆرینەی هاوڵاتیانیەتی ، لە ئەگەری ویست چارەسەرکردن و نە‌هێشتنی گەندەڵی بێگومان ساڵانێکی زۆری پێویستە چونکە  ساڵنێکە گەندەڵی لەم هەرێمە رەگ دادەکوتێت وتەشەنەدەکات ، بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە کە ئایا هیچ هیوایەک هەیە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی؟ بێگومان لە ئێستادا ‌‌‌هیچ هیوایەک نیە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لە ئێساتدا ، چونکە کاتێک کەسانێک لە دەسەڵات بن خاوەنی مێژوویەکی پڕ  لە گەندەڵی بن چۆن دەتوانن هەوڵی بنبڕکردن و نەهێشتنی گەندەڵی  بدەن.  

 

 

 

Related Articles