ئەو چاوە کوێر بێت لەمەودوا دۆست و دوژمنی خۆی لێک جیانەکاتەوە! .. فـازیـل شـەوڕۆ

 

 

 

کورد، زوو شتی لەبیر دەچێتەوە و زاکیرەی لاوازە و بە سادە و خاکی و شەرمنیش ناوزەند کراوە.هەر دوێنێ بوو (سەددام حوسێن)ی خوێنڕێژ لەنێو قەفەزی دادگا دا دەیگوت:" لە هیچ کردارو ڕەفتارێکم پەشێمان نیم" و (عەلی کیمیاوی)ش دەیشیڕاند:" ئێستاش ئازادم کەن، ئەو کردوومە دووبارەی دەکەمەوە!" تەماشاچییەکانی کورد، کە سەیری ئەو دیمەنانەیان دەکرد، هەرگیز بە خەیاڵیان دانەدەهات ، کە لە نێوڕەحمی ئەو ڕەگەزپەرستانەدا، دەیان (سەددام حوسێن وعەلی کیمیاوی) خۆیان حەشار داوەو لە هەموو چرکەساتێکی شیاودا ئامادەن لە دامێنی پیسی دایکیان بێنە دەرەوەو زۆر دڕەندانەتر کوردکوژی وژنفەسادکردن و منداڵ ئەنفالکردن ، بەبەرچاوی هەمو دنیادا، دووبارە بکەنەوە.هەر واشیان کرد: ئەوانەی لە (٧/٨/٢٠١٤) دا شمشێری قڕاندکردنی یەک ملیۆن ئیزیدی و نیو ملیۆن مەسیحی و سێ چوار ملیۆن ژن و منداڵی سڤیلی کوردیان هەڵکێشا، نەوەی بەرازەکانی دوێنی بوون و ئامۆزاو پورزاو خوارزاییەکانیان هەلهەلەیان بۆ لێدەدان و بە چەپڵەڕێزانەوە پێشوازییان لێدەکردن.

ئەوەی چەکدارانی (داعش) و هاوپەیمانەکانیان دژ بە کورد کردییان و دەیکەن، بە هەموو شەرع و پێوەرو یاساو دەستوری ئاسمانی وئادەمی ، دەچێتە خانەی قڕکردن وجینۆسایدەوە .لە کاتێکدا میدیاکانی بنیراو بیستراوی هەر چوار ئیقلیمی دنیا مەرگەساتی تازەی کوردی پەخش و نیمایش دەکرد ، بۆ سۆدرەی سەران نەماندی مەلیکێک، پاشایەک ، ئەمیرێک ، سەرۆکێک لە (٢٢) وڵاتە عەرەبییاەکان نووقەیان لێوەبێ، نەک هەر پشگیری و هاوکاری کوردیان نەکرد ، بەڵکو برا عەرەبە ئاوارەکانی خۆشیان بەسەر نەکردەوە و پشتیان تێکردن.ئەمرۆ هەموو کوردێک – بە بۆچوونی من – بێدەنگی ئەوان بە ڕازی بوون و قبوڵکردنی ئەو هێرشە غەدارانەی بۆ سەر کوردستان دادەنێ.

لە لایەکی ترەو زۆرجار دەبیسترا کە گەر دەتەوێ ئاینی ئیسلامی بەرز و پاک و بێگەر ببینی، ئەوا بڕۆ سەردانی کوردەکان بکە کە چەند راستگۆیانە خوداپەرستی خۆیان دەکەن و رووی گەشێ ئاینی ئیسلام گەشتر نیشان دەدەن، کەچی لەو (٤٩- ٥٠) وڵاتە بەناو ئیسلامییەی نێو (١٩٦) دەوڵەتەکانی دنیا، نە سەرۆکێک، نە مەلیکیک ، نە بەرلەمانتارێک ، کوڕە نە مامۆستای سەرمنبەرێک ، نەهاتە گۆو دوو قسەی خێری بۆ نەکردین و ئاوڕێکی لە برا موسوڵمانەکانی خۆی نەداوە و وەک سەگێکی بەر دەرگای ماڵێکی (میانمار) سەیریان نەکردین.

جا لەوە سەیر تر نە میدیاکارێک، نە حیزبێک، نە رێکخراوێکی مەدەنی و غەیری مەدەنی دوورو نزیک چاویان ئەم ڕووداوە دڵتەزێن و تۆقێنەرانەی سەر کوردیان نەدی وەک بڵێت چاوەکانیان سۆمایان داهاتبێ.

لە وانەش خۆشتر،زۆر لەو عەرەبانەی کە (٢٣) ساڵە کورد خزمەتیان دەکاو وایدانابوو ڕۆژی ڕێفراندۆم دەنگەکانیان بۆ کورد مسۆگەرە، بە چەقۆی مەتبەغ کەوتنە سەربڕینی ژن و منداڵی کورد: ( شایەتحاڵێکی ئێزیدی گوتی دەنگی ئەو عەرەبانەی ناسییەوە کە بە ڕەشاشی بیکەیسی پەنجا کەسی لێ ڕەشکوژکردن).دەبێ جارێکی تر کورد بە چ دەستێکەوە تۆقە لە گەڵ ئەوانە بکاتەوە.؟

لە هەمووشیان جەڕگبرتر ئەوە بوو ، لە بەغدای پایتەختەوە فرمان دەدرا کە نابی فرۆکەکانی وڵاتانی ئەروپی هاریکاری و خواردن و داپێویستی بۆ ئاوەرەکانی کورد بێنن ، ئەوان مافیان و کورد هیچی بەسەر نەهاتوە!

هەرگیزا و هەرگیز، ڕەگەزپەرست و نەژادویست و ڕادیکاڵ و خۆپەرست نیم و لە دژیشیاندا ئامادەم بجەنگێم ، وەلی ناکرێ کورد، دوای( ٧ / ٨ / ٢٠١٤) بە هەمان ئەقڵیەتی پێش ئەو بەروارە کار بکات.ئەگەر وایکرد ئەو مانای وایە بەدەستی خۆی خۆی ئەنفالدەکاتەوە.

قەدرزانی و خۆشەویستی و لەباوەشکردنی هەر کەسێک، هەر وڵاتێک ، هەر لایەنێک کە دەستی بۆ هاریکاری کورد درێژکردبێ ، پشتیوانیی خۆی نیشاندابێ ئەوا واجیب و فەرزە و دەبێ میژوو بە پیتی زێڕ ناویان تۆمار بکات.

 

 

 

Related Articles