ڕاپەڕینی هەولێر لە بەهاری ١٩٩١ زایینی وەک خۆی، لە چەند سەرنجێکدا ...ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی

 

 

 

سەیرە (فام دەکەم و خۆڵیش دەخۆم)!!

دەزانم بە نووسینەکانم تا دۆستێکی تاسەر دەگرم، هەزاران دوژمن بۆ خۆم دروست دەکەم، چونکە هەرکاتێ ناڕەواییەک ببینم یان ببیستم خۆم بۆ ناگیرێ و ناتوانم بێ وەڵام بم، یان زمانم ببەستم و ڕاستییەکان نەدرکێنم، بۆیە ئەگەر هەزاران جار بڕیار بدەم کە واز لە نووسین بهێنم، ئەوە بەدڵنیایی لەکاتێکی ئاوادا لەپێناوی دەرخستنی ڕاستییەکان دووبارە پەنا بۆ پێنووسەکەم دەبەمەوەو دەست دەکەم بە یاداشت کردنی ڕاستییەکان.

ماوەی چەند مانگێک لەمەوبەر ڕامگەیاند ئیتر واز لە نووسین دێنم و بە یەکجاری لێی دووردەکەومەوە، وەلێ بەداوای لێبووردنەوە کە نەمتوانی ئەو بەڵێنەم بگەیەنمە سەر وا دووبارە بەم نووسینەم هاتمەوە کۆڕی نووسین، چونکە نووسین بۆ من وەک نیکۆتین بۆ جگەرەکێش وایە و دوورکەوتنەوە لێی زۆر سەختە.هەروەها پێم وایە تەنانەت هیچ مرۆڤێکی دڵفراوانیش ناتوانێ لە ئاست نووسینێکی وەکو ئەم نووسینەی دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، چاوەکانی خۆی بنوقێنێ و گوێکانی دابخات و بێدەنگی هەڵبژێرێ، بەتایبەت کە سیخوڕ و خۆفرۆشێکی سەر بە ئەمنی هەولێری بە شەهید ناوبردووە، کە زیاتر ئەوەیان بوو هانی دام و بووە هۆکاری ئەوەی نەتوانم گفتی دوورکەوتنەوەم لە نووسین ببەمە سەر!

ڕاپەڕینی هەولێر لە بەهاری ١٩٩١ زایینی وەک خۆی - تۆمارێکی ڕۆژانەی مێژووییە، کە مێژوونووس دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، سەبارەت بە ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی (١٩٩١)ی هەولێر نووسیوێتی و لەلایەن مەسعودی مەلا هەمزە پێداچوونەوەی بۆ کراوەو لە بڵاوکراوەکانی دەزگای کەڤاڵ و لە چاپخانەی ڕۆژهەڵات لە ساڵی (٢٠١٤)دا لە هەولێر لە چاپ دراوە.سەرەتا دەستخۆشی لە دکتۆر عەلیاوەیی دەکەم بۆ یاداشتکردن و نووسینەوەی ئەم مێژووە گرنگە، بەڵام چەندین و تیبینی سەرنجم لەسەر نووسینەکەی هەیە، کە لە خوارەوەدا یەکە یەکە هەڵوەستەیان لەسەر دەکەم و سەرنجەکانی خۆم دەخەمەڕوو، بەبێ ئەوەی دەستکاری هەڵەی ڕێنووسی ئەو بکەم.

ل٥/ لەم نووسینەم مەبەستم خستنەڕووی ڕاستییەکانە، کە بە چاوی خۆم بینیومن و شایەدعەیان بووم.

نووسەر نەدەبوایە (شایەدعەیان بووم) بنووسێت، چونکە هەر مانای (کە بە چاوی خۆم بینیومن) دەگەیەنێت، کەواتە دووبارە کردنەوەی ئەم چەند وشەیە بە عارەبی زیادەیە.

ل٩/ بەعسییەکان وانەیان لە حوکمڕانی ساڵی ١٩٦٣ وەرگرتبوو، لەبەرئەوە هەوڵیاندا لەگەڵ کورد بگەنە ڕێکەوتنێک، ئەوەبوو بەیانی ١١ی ئازاری ساڵی (١٩٧٠) یان لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوولدا مۆرکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا سوودی لەم دەرفەتە بینی و خۆی بەهێزکرد و ڕێکخستەوە، ڕێکەوتننامەی ستراتیجی لەگەڵ سۆڤیەت مۆرکرد، ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش لە وڵاتە عەرەبییەکان نزیک دەبۆوە.

دەبوایە دکتۆر عەلیاوەیی باسی خۆمالیکردنی نەوتی ئێراق لە ڕێکەوتی (١/٦/١٩٧٢) و ڕێکەتننامەی (١٧/٧/١٩٧٣)ی نێوان بەعس و حزبی شیوعی ئێراقی بەناوی (میثاق الجبهة الوطنیة والقومیة التقدمیة/ پەیماننامەی بەرەی نیشتمانی و نەتەوەیی پێشکەوتووخواز)ی بکردایە، کە ئەو دوو هەنگاوەشیان لەپێناوی بەهێزکردن و سەقامگیرکردنی حکومەتە دیکتاتۆرییەکەیان و بەپلەی یەکەم مەبەستیان لاوازکردنی شۆڕشی باشووری کوردستان و بەپلەی دووەم نەهێشتنی ئۆپۆزسیۆنی ئێراقی بوو.

ئەوەی کە دکتۆر عەلیاوەیی بە ڕێکەوتننامەی ستراتیجی نێوان سۆڤیەت و ئێراق ناوی بردووە، ناوی (پەیماننامەی دۆستایەتی و هاوکاری) بووەو لە ڕێکەوتی (٩/٤/١٩٧٢)دا لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا مۆرکراوە.

ل١٠/ دوای وەستانی جەنگ (جەنگی ئێراق - ئێران) لە مانگی ئابی ١٩٨٨ ڕژێمی بەعس دڕندانەتر و بە بەرنامەیەکی تۆکمە و نایاساییتر قۆڵی تاوانی لێ هەڵماڵی، کوردستان بەجارێ وێران بوو، چونکە بەعس هەر لە ساڵی ١٩٨٧ دەستی بە کیمیابارانی ناوچەی خۆشناوەتی کرد ..جگە لە ئەنفالی بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٨٣.

تاوانی ڕەشەکوژی بارزانییەکان، کە لەنێوان (٣١/٧-١٠/٨/١٩٨٣)دا دەستگیرکران و دواتر بەشێوەی کۆمەڵ کۆمەڵ لەنێوبردران، تاوانێکی جینۆساید (کۆمەڵکوژی) بوو، نەک تاوانێکی ئەنفال بێ کە تاوانی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی (١٩٨٨)دا ئەنجام دراوە.

ل١١/ ئەوەی بە قازانجی ئێمە شکایەوە ڕژێمی بەعس بەو ئامانجە گڵاوەیان نەگەیشتن، کەوتنە بەربەرەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەب و ئەوەبوو لە ١/٨/١٩٩٠ سوپای بەعس هێرشی کتوپڕیان کردەسەر وڵاتی کوێت و داگیریان کرد.هەروەها لە لاپەڕە (١٧)یش سەبارەت بە مێژووی داگیرکردنی کوێت دووبارە نووسیوێتی: (لەو ڕۆژەی کە سەدام لە (١/٨/١٩٩٠) کوێتی داگیرکرد، بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی بەرەو نائارامی دەڕۆییشت.

داگیرکردنی وڵاتی کوێت لەلایەن سوپای ئێراق و ڕژێمی بەعس لە ڕێکەوتی (٢/٨/١٩٩٠) بووە، نەک وەکو ئەوەی دکتۆر عەلیاوەیی لە لاپەڕەکانی (١١) و (١٧)دا نووسیوێتی گوایە لە ڕۆژی (١/٨/١٩٩٠)دا بووبێت.

ل١٧/ جگە لەمانەش دوای داگیرکردنی کوێت ناسنامەی دروست دەکرد بۆ خەڵک هەر یەکێ ئەم ناسنامەی نەبوایە لە نەخۆشخانەکان چارەسەری بۆ نەکراوە.

حکومەتی بەعس و ڕژێمی سەدام هەموو سنوورێکی مرۆیی و ڕەوشتییان بەزاندبوو، سڵیان لە هیچ تاوانێک نەدەکردەوە، ئەوەی دکتۆر عەلیاوەیی سەبارەت بەو ناسنامانەی کە باسی کردووەو گوایە هەر کەسێ ئەو ناسنامانەی نەبووبێ، لە نەخۆشخانەکان چارەسەری بۆ نەدەکرا، هەر زۆر دوورە لە ڕاستی و خۆم کوڕی ئەو شارە (هەولێر) بوویمە و شتی وام نەدیوەو نەبیستووە، بۆ جاری یەکەمیش لەم پەرتووکەی عەلیاوەیی شتێکی وام خوێندۆتەوە کە بەدڵنیایی بە ناڕاستی دەزانم.

ل١٨/ لە گەڵ (لەگەڵ) سەرەتای لێدانی سوپای لە:١٦/١/١٩٩١لە کوێت و شکاندنی ئەم سوپا زەبەلاحە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەڵکی کوردستان ئامادەباشی زیاتریان دەکرد، بەتایبەتی پێشمەرگەی کوردستان وردە وردە هاتنەوە ناو خاکی کوردستان و پەیوەندییان لە گەڵ رێکخستنەکانیان و راوێژکارەکانی فەوجە کوردەکانی سەر بە حکومەت دروست کردەوە.

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، مێژووی هێرشی (گەردەلولی بیابان)ی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر سوپای ڕژێمی بەعس و سەدام بە مەبەستی دەرکردنی لە وڵاتی کوێت بەهەڵە نووسیوە، کە نزیک بە کاتژمێری (٢)ی نیوەشەوی ڕێکەوتی (١٧/١/١٩٩١) بوو، نەک وەکو ئەوەی کە نووسەر ڕێکەوتی (١٦/١/١٩٩١)ی نووسیوە.

ل٢٠-٢١/ ڕۆژی ٤/٣/١٩٩١ لە خەبات (کەلەکی یاسین ئاغا) دەکەوێتە ڕۆژئاوای هەولێر، لەسەر ڕێگای موسڵ، لە کۆمەڵگاکەی خەبات، کە ئەوانیش بە زۆری خەڵکی ڕاگوێزراوی قەڵادزێی تیابوو، ڕقێکی یەکجار زۆریان لە ڕژێمی دیکتاتۆر دەبۆوە و دەیانویست هەر ڕۆژێک زووتر خۆیان ڕزگاربکەن و بگەڕێنەوە زێدی باب و باپیرانیان.ئەمڕۆژە هێرشیان کردە سەر بارەگای پۆلیسی خەبات و بەداخەوە دوو پۆلیس کوژران، کە سەر بە عەشیرەتێکی کوردی بوون، ئەم عەشیرەتە ٣ کەسیان لە جەماوەر دەستبەسەر کرد، بەڵام خۆشبەختانە دەنگی گەلی کوردستان هەواڵەکەی بەهۆی بێ تەلزانی بوو، لەبەرئەوە بانگەوازی سەرۆک عەشیرەتەکەی کرد و داوای لێکرد، کە ئەم ٣ کەسە ئازاد بکەن، چونکە ڕاپەڕین دژی بەعسە نەک دژی کورد ..؟! جێگای خۆشحاڵییە ئەوانیش بەپی بانگەوازەکەوە هاتن و ئەو سێ کەسەیان بە بێ مەرج ئازادکرا، دەبێ هەڵوێستی ئەو عەشیرەتە کوردییەلە مێژووی کوردی بەرز ڕابگیرێت.

ئەوەی دکتۆر عەبدوڵڵا لە سەرەوەدا باسی کردووە هیچی ڕاست نییە و تەواوی زانیارییەکانی هەڵەن، جگە لە ڕاپەڕینی خەڵکەکە و مێژووی ڕاپەڕینەکە.لەم ڕۆژەدا هیچ پۆلیسێک بەدەستی جەماوەری ڕاپەڕیوی قەڵادزە، سەنگەسەر و چەند دیبەگەییەک نەکوژراوە، کە گوایە سەر بە عەشیرەتێکی کورد بووبن و مەبەستیشی خێڵی هەرکییە، نازانم حکمەت لەوە چییە عەلیاوەیی ناوی ئەو خێڵەی نەهێناوە، کە هەموو خەڵکی هەولێر دەزانێ ئەو خێڵەی ئەو باسیان دەکات هەرکییەکانن؟ دواتر ئەوەشی وانییە کە گوایە هەرکییەکان (٣) کەسیان لە قەڵادزەییەکان بە بارمتە گرتووە لە تۆڵەی کوژرانی (٢) پۆلیسی هەرکی.کە دوو پۆلیس نەکوژرابن و هەرکییەکان (٣) هاووڵاتی ڕاپەڕیوی قەڵادزەیان بە بارمتە نەگرتبێ، لەوانەیە ئەو هەواڵە بەهەڵە گەیشتبێتە دەنگی گەلی کوردستان و ئەوانیش ئەو داوایەیان لە هەرکییەکان کردبێ، بەڵام ئەوە ڕاست نییە کە گوایە لەسەر داوای دەنگی گەلی کوردستان، هەرکییەکان (٣) بارمتەیان ئازادکردووە کە لە بنچینەدا کەس بە بارمتە نەگیراوە!!

هەر لە ڕۆژی (٤/٣/١٩٩١)ی ڕاپەڕینی قەڵادزەیی و سەنگەسەرییەکان لە خەبات، دوو کەس شەهید بوون کە دکتۆر عەلیاوەیی بەهیچ شێوەیەک نە ئاماژەی پێکردوون و نە ناوەکانی هێناون، کە ئەو دوو شەهیدە بوون: (بەختیار عومەر حەسەن هۆرێوەیی و محەمەد فاروق سدیق محەمەد عەلی گەڵاڵی مەلاکاغەیی، ناسراو بە لاوە).

ل٢٢-٢٣/ ڕۆژی (٦/٣/١٩٩١)، ١.لەلای دەڵاڵخانە (ئێستا پارکی شاری لێ دروستکراوە) و مزگەوتی خانەقا، جەماوەرێکی بەرچاو دەستیان کرد بە هوتاف کێشان، بە بڕوخێ سەدام، بژی پێشمەرگە، چەند دەقیقەیەک بەردەوام بوو، زۆربەی خەڵک دوکانی خۆیان داخست من و کاک تەحسین هەینی و ڕەشید مستەفا بەگەڵ خەڵکەکە کەوتین و ڕووبەڕووی پۆلیس بووینەوە، ئەوانیش دەستیان کرد بە تەقەکردن بەرەو ئاسمان، بەڕاستی پۆلیسی هەولێر ڕۆڵی بەرچاویان بینی و هەردەم لە بەرەی جەماوەردا بوون، بەم هۆیەوە بازاڕ ٩٠% دایخست و شەقامەکان چۆڵ بوون و حکومەتیش هەوڵی دەستگیرکردنی خەڵکی نەدەدا؟

٣.لە گۆڕەپانی ڕیمەکان (ئێستا بازاڕی نیشتمانی لەسەر دروست کراوە) خەڵکێکی زۆر تێکەڵاو لە هەموو چین و توێژێک، بە خۆشم بەشداریم تێداکرد، دەتوانم بڵێم بە تەواوی بەرەی کوردستانی لەوێ بەدی دەکرا، برادەرانی شیوعی بەشدارییەکی بەرچاویان هەبوو و ڕۆڵی سەرەکیان بینی، زۆربەیان داریان بەدەستەوە بوو، جگە لە هەندێ کەس جلی ئەفسەری پۆلیسیان لەبەربوو و دەمانچە هەڵگریشی تیابوو، بە هوتاف لێدان هەڵکشان بەرەو دوکانەکانی قەبرستانی شێخەڵڵا، دەستیان بە شکاندن و لێکردنەوەی وێنەکانی سەدام کرد.

خۆپیشاندانی ڕۆژی (٦/٣/١٩٩١)ی پشت بنکەی پۆلیسی خانەقا، تەنیا یەک خۆپیشاندان و بەیەک ئاراستەدا ڕۆییشتن، کە بەناو بازاڕی شێخەڵڵادا هات و بەرەو پردی سەیداوە ڕۆییشتن و بەرە بەرە ئاپۆڕەی خۆپیشاندانەکە فراوانتر دەبوو کە لە هەموو ڕاستێکدا خەڵکەکە دەهاتە ناو ئەم خۆپیشاندانە.خۆپیشاندانەکە دەبوایە کاتژمێری (٩)ی بەیانی ئەم ڕۆژە دەست پێبکات، قادر نادر قادر (ئێستا لە سویدە) و چەند هاوڕێیەک دەوروبەری کاتژمێری (٨:٣٠) هاتنە دوکانەکەم و چووینە شوێنی دیاریکراو، وەلێ خۆپیشاندان دواخرا.دواتر چەند جارێک لەگەڵ قادر نادر چووین و گەڕاینەوە شوێنەکە لە پشت بنکەی پۆلیسی خانەقا، بەڵام بێسوود بوو، بۆیە نزیک کاتژمێری (١٠) دەبوو قادر نادر بە نائومێدی بۆ ناو بازاڕ (باتا یان لای پارێزگا) ڕۆییشت و نەیتوانی بەشدار بێت.ئەوەی بیرم بێت کاتژمێر نێوان (١٠:٣٠-١١) بوو لەناکاو خۆپیشاندانەکە دەستی پێکرد.دەستکرا بە هەڵبەست خوێندنەوەو وتاف لێدان و هەمووی بەجارێک ڕوویانکردە بازاڕی شێخەڵڵاو دیمەنێکی زۆر نەوازە سەرنجی ڕاکێشام کە هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەم نەدەکرد کەسێک لەم تەمەنە بەم گوڕوتینە بەشداری خۆپیشاندانێکی وا بکات.پیاوێکی پیری بەتەمەن (٦٥-٧٠) ساڵان دەبوو، بەر لە داگیرکردنی کوێت لە ڕۆژی (٢/٨/١٩٩١)دا دوکانی خۆشاو (شەربەت)م بەڕێوەدەبرد لەناو بازاڕی شێخەڵڵا بەناوی (ساردەمەنی هێدی) و دواتر کردم بە تورشیات.ئەو سەردەمەی خۆشاوم دەفرۆشت، هەموو ئێوارەیەک ئەو پیاوە بەتەمەنە دەهاتە دوکانەکەم و شەربەتێکی هەناری دەخواردەوە، دواتریش تورشی سووری دەکڕی.پیاوەکە، کە بەداخەوە ناوەکەییم بیر نەماوە، قسەخۆش، کوردپەروەر، گاڵتەچی، نوکتەی زۆری دەزانی، پەندی کوردی و هۆنراوەی زۆری لەبەر بوو و بەسەرهاتی زۆری دەزانی.هەموو ئێوارەیەک ئەم پیاوە بە ئەزموونە، بەدەم خۆشاو خواردنەوە هۆنراوەیەکی بۆ دەخوێندمەوە، یان پەندێکی کوردی بۆ دەگوتم، یان بەسەرهاتێکی کوردەواری بۆ دەگێڕامەوە، یان نوکتەیەکی خۆش.دوای ماوەیەک بووین بە برادەر، بەتایبەت کە زانی مامۆستا بوویمە و زیندانی کراوم و لەکاری مامۆستایی دوورخراوم.ئەم پیاوە دەروێشێکی ڕیش سپی نورانی کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر بوو، لە بەردەم مزگەوتی خانەقا تەزبیح، چەخماخ و وردەواڵەی لەم بابەتەی دەفرۆشت و باسی ئەوەی کرد کە خەڵکی دۆڵی خۆشناوەتی و هی یەکێک لە گوندەکانی زیارەت، عەلیاوە یان گوندێکی نزیک ئەم دوو گوندەیە.ئەم ڕۆژە ئەو پیاوەم بینی کە دارێکی درێژی بەدەستەوە گرتبوو، بە وێنەی بەردەم دوکانەکانی بازاڕی شێخەڵڵا داهات و یەکە یەکە بەم دارە دەیدڕاندن و بەدەم فرمێسک ڕشتنەوە هاواری دەکرد: (وەرە خوارێ هەی ستەمکار، وەرە خوارێ هەی زاڵم، وەرە خوارێ هەی خوێنمژ، وەرە خوارێ هەی دکتاتۆر، وەرە خوارێ هەی کافری کوڕی کافر، وەرە خوارێ هەی گەواد، بەس نییە ئەم هەموو گەنجەت لە سێدارە دا، بەس نییە ئەم هەموو کوردەت بە کیمیایی کوشت، بەس نییە ئەم هەموو گوندەی کوردستانت سووتاندو کاولکرد، بەس نییە ئەم هەموو گەنجەت لە شەڕی ئێران بەکوشت دا؟ شەرت بێ دەبێ تۆڵەی ئەم هەموو زوڵم و تاوانەت لێبکەینەوە، هەی بێ مێشکی بێ شەرەف).ماوەی یەک دوو خولەک بەدیار ئەم پیاوە وەستام و دواتر بەغاردان گەییشتمەوە ناو خۆپیشاندەران و تا سەر پردی سەیداوە لەگەڵیان ڕۆییشتم.لەبەردەم دوکانەکەم، کەسێکی دەمانچە بەدەست کە پێشمەرگەی شیوعی بوو ویستی ئیڤایەکی سەربازی ڕاگرێ کە ڕۆژانە دەهاتنە ناو بازاڕی شێخەڵڵا و سەوزە، میوە و خواردنیان دەکڕی بۆ فەیلەق، بەڵام ڕانەوەستا و ئەویش دوو تا سێ فیشەکی پێوەنا.یەک دوو ڕۆژ دوای ئەم خۆپیشاندانە پیاوە بە تەمەنەکەم بینییەوەو دەستخۆشیم لێکرد و پێیم گوت کە دیومە چۆن وێنەکانی سەدامی دەدڕاند بە دارە درێژەکەی دەستی، بەدڵخۆشییەوە باسی ئەوەی کرد کە ئەو ڕۆژە دڵی زۆر خۆش بوو بە خۆپیشاندانەکە و هیوای ڕزگارکردنی هەولێر و کوردستانی دەخواست و باسی ڕزگارکردنی ڕانیە یان ڕانیە و سلێمانیمان کرد و گوتم: (هی هەولێریش بەڕێگاوەیە دڵنیابە).بەڕاستی ئەم دیمەنەی پیاوە پیرەکەی برادەرم هی ئەوەیە بخرێتە ناو درامای گەردەلول و هەڵوێستی ئەم پیاوە دڵسۆزە لەیاد نەکرێت.

ل٢٤/ دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، لەم لاپەڕەیەدا ناونیشانی بابەتێکی لەژێر ناوی (وێنەکانی سەر دوکانی سەوزەفرۆشەکانی شێخەڵڵایان هەموو دڕاند و لێیان کردنەوە)، کە دوو لاپەڕەی لەسەر نووسیوە، کەچی بە تاکە وشەیەکیش باسی دڕاندن و لێکردنەوەی ئەو وێنانەی نەکردووە!!! دەبوایە بەلای کەم باسی دڕاندن و لێکردنەوەی وێنەکانی سەدامی بە چەند دێرێک بکردایە.

ل٢٤/ لە هەمان کاتدا بەشێکی تری جەماوەر لەلای پردی سەیداوە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و ئۆتۆمبێلێکی بەرازیلی سۆر هەندێ چەکداری تیابوو دەی پاراستن بەرەو شەقامی کۆیە هاتن تا چوارڕیانی کۆیە.

ئەوەی لێرەدا دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی نووسیوێتی قسەی خۆیەتی و لەسەر زاری کەسی دیکەی نەگێڕاوەتەوە بەتایبەت کە نەینووسیوە گوتیان، کەواتە خۆی بینیویەتی.بەگوێرەی ئاگاداری خۆم و بەشداری خۆم لەم ڕۆژەدا (٦/٣/١٩٩١)ی هەولێر یەک خۆپیشاندان بوو و سەرەتا لەنزیک بنکەی پۆلیسی خانەقا و گۆڕەپانی ڕیمەکان (واتە یانەی فەرمانبەرانی کۆن) دەستی پێکرد و بەناو بازاڕی شێخەڵڵادا تێپەڕی و لەسەر پردی سەیداوە بوون بە دوو بەش بەشێکیان بەژێر پردەکەدا بەناو گەڕەکی سەیداوەدا ڕۆییشتن و بەشەکەی دیکەشیان بەناو بازاڕی سێتاقان ڕۆییشتن و تا هەردوو لایان لە سەر شەقامی شەستی دەرچوون و کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە هات.خۆم لەسەر پردی سەیداوە بەرەو دوکانەکەم لە بازاڕی شێخەڵڵا گەڕامەوە و نزیکەی (٥٠-١٠٠) مەترێک لە پردەکە دوور کەوتمەوە، گوێم لە دەنگی تەقەیەکی یەکجار زۆر بوو لەناو سەیداوە کە دواتر باسکرا قاسم ڕەشید خدری فەرماندەی مەفرەزە خاسەی ژمارە (٢١) و جاشەکانی بوون کە تەقەیان لە جەماوەر کردووە، قاسم ڕەشید تاکە سەرۆکجاشی مەفرەزە خاسەی ئەمنی هەولێر بوو ماڵەکەی لە نزیک ئەو شەقامە بوو کە خۆپیشاندەران پێیدا تێپەڕبوون.دوای گەییشتنەوەم بە دوکانەکەم، سەیرم کرد تەواوی دوکانەکانی ئەو بەرەی خۆمان و بەرانبەریشمان داخرابوون جگە لە هەردوو دوکانی تەنیشتەکانم دەرگاکانیان کراوەبوو، جاری یەکەم سەیرم کرد کەسی تیادا نەبوون، بۆیە هەرچی شتێکی لە دەرەوەیان هەبوو بۆم بردنە ژوورەوەو دەرگای دوکانەکانی ئەوانم داخست، ئینجا خەریکی بردنە ژوورەوەو هەڵگرتنی ئینجانە تورشییەکانی سەر مێزی فرۆشتن بووم کە ڕۆژانە بە مەبەستی سەرنج ڕاکێشانی کڕیاران دەم ڕازاندەوە بە کەرەوس، بیبەر و بەهارات.

ئەو ماوەیەی بەشداری کردنم لە خۆپیشاندانەکە و گەڕانەوەم لەسەر پردی سەیداوە بەرەو دوکان و خەریکبوونم بە داخستنی دوکانەکەم نزیکەی ٢٠-٣٠ خولەکی پێچوو، هێشتا دوکانەکەم دانەخستبوو ئۆتۆمۆبێلە سەربڕاوەکەی مامەند قەشقەی فەرماندەی مەفرەزە خاسەم بینی کە خۆی لە پێشەوە دانیشتبوو و لەلای بنکەی پۆلیسی خانەقاوە بەناو بازاڕی شێخەڵڵا بەرەو پردی سەیداوە تێپەڕی، بەڵام ئەوکاتە دەمێک بوو خۆپیشاندەران ڕۆییشتبوون و لە سەیداوە تەقەیان لێکرابوو.جا لەسەر پردی سەیداوە نازانم بەرەو کام لا هاژووشتیان، ئایە بەوە ڕاگەییشتن لەناو بازاڕی سێتاقان یان ناو سەیداوە یان سەر شەقامی شەستی تەقە لە جەماوەر بکەن یان نا! ئۆتۆمۆبێلەکەی مامەند قەشقە، کە خۆی لە پێشەوە بوو، دوو کورسی ناوەڕاستی پشتەوەی پیکابەکە چەندان جاشی چەک ئامادەکراو و لەناو دەست و دەمامک دراوی لەناو دانیشتبوو کە پشتیان کردبووە یەکتر و جاشێکیش کە هەم خۆی دەمامک دابوو و هەم چاویلکەی لەچاو بوو چەکەکەی کە دۆشکە یان بیکەیسی بوو بۆ دەستە ڕاست و دەستە چەپی شەقامی شێخەڵڵای دەسوڕاند و بەپاوە وەستابوو.

ل٢٤-٢٥/ زۆری نەخایاند هێزی ئەمن و مەفرەزە تایبەتیەکان ڕژانە سەر شەقامەکان، بە تەقەکردن و قازیفە و (RPG) تەقاندن...خۆپیشاندەران لەچاوترۆکانێکدا لەناو کوچەو کۆڵان و ماڵکانی (ماڵەکانی) سێتاقان هەموو بزربوون و خۆیان حەشاردا، خەڵکی نیشتیمانپەروەر (نیشتمانپەروەر) و دڵسوزی سێتاقان بۆ خەڵک دەرگاکانیان لەسەر پشت ئاوەڵاکرد.مەفرەزە تایبەتەکانی سەر بە ئەمنلە (ئەمن لە) فلکەی کۆیە پێنج گەنجیان زامدارکرد، بەڵام ماڵەکان یەکێک لە زامدارەکانیان حەشارداو بەداخەوە چواریان دەستگیر کران لە گەڵ هەشت هاووڵاتی تر هەمووی تەسلیمی ئەمن کران و ئەو مەفرەزەیەی تەقەی لە جەماوەر کرد هەموو خەڵک دەیان گوت مەفرەزەی .....................

پێم وانییە ئەم ڕۆژە قازیفە و (RPG) تەقێندرابێ، هەرچەندە هەردووکیان قازیفە و ئاڕپیجی هەر یەکن.هیچ زانیارییەکم لەسەر بریندار و دەستگیرکراوەکانی فلکەی کۆیە نییە، بەڵام لەوە تێناگەم دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی بۆ ناوی فەرماندەی ئەو مەفرەزە خاسەیەی نەنووسیوە کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووەو (٥) کەسیان بریندار کردووە!!!

ل٢٥/ هەر ئەمڕۆ (٦/٣/١٩٩١) کاتژمێر ١٢:١٠ دوو فڕۆکەی هەلیکۆپتەری هێزی تایبەتی لەلای مەعەسکەری هەولێر بەرەو گەڕەکی باداوە هاتن.هەندێ تەقەیان بە دۆشکە کرد، بەڵام هیچ زیانی نەبوو، ئەمە جێگای سەرنج بوو و بەدیارکەوتنی ئەم فڕۆکانە لە ئاسمانی هەولێر شتێکی سەیر و دەگمەن بوو، چونکە پاش لێدانی هاوپەیمانەکان دەرپەڕاندنی سوپای عێراق لە کوێت، هیچ فڕۆکەی عێراقی لە ترسی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان نەیدەتوانی بە ئاسماندا بفڕێ.

پێم وانییە هیچ هەلیکۆپتەرێکی ڕژێم لەم ڕۆژەدا لە ئاسمانی شاری هەولێر بینرابێ، پێدەچێ دکتۆر عەلیاوەیی لەگەڵ ئەو فڕۆکانەی ڕۆژی (١١/٣/١٩٩١) لێی تێکچووبێ، بەتایبەت دوای دوکان داخستن بە پا بەرەو گەڕەکی زانیاری، کوران، عەسکەری و لەوێشەوە بەرەو شەهیدانی کوران، ئازادی و گەڕەکی عەدالە ڕۆییشتم، پاشانیش لەوێوە بەناو ئازادی، زانیاری و خانەقا گەڕامەوە بۆ تەعجیل، کە هیچ هەلیکۆپتەرێکی ڕژێمم نەبینی!!

ل٢٨/ ڕۆژی ٨/٣/١٩٩١.ئەمڕۆ هەینییە، خەڵکی هەولێر زۆربەی هەرەزۆری پابەندن بە داب و نەریتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، روو لە مزگەوتەکان دەکەن بۆ نوێژی هەینی، لەم ڕۆژەوەی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨ بە کودەتا هاتۆتە سەر حوکم، دەبووایە هەموو مامۆستایانی ئایینی دوعاو نزا بۆ پاراستنی باوکی سەرکردە (الاب القائد) ئەحمەد حەسەن بەکر و دواییش سەرۆکی فەرماندە سەدام حوسێن خوا بیپارێزێ بکەن و خەڵکیش بڵێن ئامین...؟

پێم وانییە و زۆریش دڵنیام لە وتاری ئایینی ڕۆژانی هەینی لە سەرانسەری مزگەوتەکانی ئێراق و باشووری کوردستان، هەرگیز ناوی ئەحمەد حەسەن بەکر نەهاتووە بەڵکو تەنیا و تەنیا ناوی سەدام حوسێن هاتووە و نزاو پاڕانەوەی بۆ کراوە.تەنانەت دوای لادانی ئەحمەد حەسەن بەکر لە پۆستی سەرۆک کۆماری و بەرپرسی یەکەمی حزبی بەعس لە تەموزی (١٩٧٩)دا، سەدام حوسێن تەنانەت کەسە نزیکەکانی بەکری لە حزب و حکومەت لادا.

ل٤٣/ لە ئازاری ساڵی ١٩٧٤ کە حکومەتی بەعس شەڕی لەگەڵ کورد دەست پێکردەوە، قوتابخانەکەی ئێمە (دواناوەندی ئایینی) ٤٠-٥٠ خوێندکار بووین، زۆربەیان چوونە ڕێزی شۆڕش لەوانە: (کاک کۆسرەت ڕەسول، شێخ جەمالی عەوێنە، مامۆستا جەلالی بریکاری وەزیری ناوخۆی ئێستای هەرێم، مامۆستا ئەبوبەکر ئێستا لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاردەکات، شەهید عەلی سەید محەمەد بەرزنجی ....هتد).

دکتۆر عەلیاوەیی، عەلی سەید محەمەد بەرزنجی، ئەگەر مەبەستی لە عەلی محەمەد ئیسماعیل عومەر بەرزنجی (شێخ عەلی بەرزنجی) بێت، کە (٩٩%) دڵنیام مەبەستی لەوە، ئەوە کەوتۆتە هەڵەیەکی زۆر گەورەوە، چونکە عەلی بەرزنجی نە شەهیدە و نە هیچ بەڵکو تاوانبار و سیخوڕێکی سەر بە ئەمنی هەولێر بوو.ڕاستە لە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و ئەندام ڕێکخراوی هەولێری ئەو ڕێکخستنە بووە، دواتریش لە کۆتایی ساڵی (١٩٨٤)دا چۆتە شاخ و کارگێڕی ڕێکخراوی (١)ی کۆمەڵە لە گوندی توتمەی خۆشناوەتی لە سنووری مەڵبەندی (٤)ی ئەوکات کە دواتر بوو بە مەڵبەندی (٣)، وەلێ لە پایزی ساڵی (١٩٨٥)دا لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەستبەسەر کرا، بەڵام ئەو بەفێڵی سەردانیکردنی شێخ فوئادی برای کە ئەندام مەڵبەند بوو و ماڵەکەی لە بالیسان بوو دەرفەتی بۆ هەڵکەوت و هەڵات و هاتەوە ناو ڕژێم و پەیوەندی بە ئەمنی هەولێرەوە کرد.دواتر چەندان کەسی لە ئەمنی هەولێر بەگرت دا، لەنێویاندا لە ساڵی (١٩٨٨)دا (٧) هاوڕێی کۆمەڵەی بەگرت دا کە دواتر گوللە باران کران، خۆم لە ساڵی (١٩٩١)دا لای ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دۆسیەکانیانم بینی کە لە ڕاپەڕین لە ئەمنی هەولێر گیرابوون، لەسەر دۆسیەی هەر (٧)یان نووسرابوو (المصدر شیخ علي البزرنجي/ سەرچاوە شێخ عەلی بەرزنجی).

باشە ئەگەر عەلی بەرزنجی شەهید بێ، ئەی دەبێ ئەو هاوڕێیانەی کە بەهۆی ئەوەوە لەلایەن جەللادانی بەعسەوە گوللە باران کران ناوی چییان لێ بنێین؟؟؟ ئایە دەکرێت ناویان بنێین شەهیدانی دەستی شەهید عەلی بەرزنجی؟.ئایە دەکرێت تاوانبارێکی وەکو شێخ عەلی بەرزنجی کە بۆتە هۆکاری گوللە باران کردنی (٧) هاوڕێی کۆمەڵە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تۆڵەی ئەو پۆلە شەهیدە لە ناوەڕاستی ساڵی (١٩٩١)دا شێخ عەلی بەرزنجی کوشتەوە، ئێستا کەسێکی وەکو دکتۆر عەلیاوەیی بێت بیکات بە شەهید؟

ئەوە چ زیندە ویژدانێکە، چ ویژدانێکی مرۆڤانە و کوردپەروەرانەیە کە سیخور و ناپاک بکەیت بە شەهید و ناوی سیخوڕو خۆفرۆشانیش بە شاردراوەیی بهێڵیت و تەنیا چەند پیتێک دابنێی، ئەویش بۆ شێواندنی خەڵک پیتەکان پتی یەکەمی ناوی تەواوی ئەو کەسانە نەبێت؟ دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، کەسێکی نزیکی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، کە هەم ناوبراو و هەم تەواوی کادیرەکانی هەردوو ڕێکخراوی (١) و (٢)ی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، ڕابەر سیاسی تیپەکانی مەڵبەندی (٣) و کادیر و بەرپرسی کەرتەکانی ڕێکخستن دەزانن شێخ عەلی بەرزنجی لەسەر چی گەڕایەوە ناو ڕژێم و بوو بە سیخوڕێکی ئەمنی هەولێر، هەم تەواویان دەزانن کە ناوبراو لەلایەن (ی.ن.ک)ەوە لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی (١٩٩١)دا لە هەولێر لە تۆڵەی گوللە باران کردنی پۆلێک هاوڕێی هەولێری ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، کە عەلی بەرزنجی هۆکاری بەگرت دان و گوللە باران کردنیان بوو، کوژرایەوە.

ل٥١/ بەداخەوە ڕائید سلێمان کە یەکێک بوو لە تاوانبارە هەرە گەورەکان ڕزگاری بوو، چۆن چۆنی؟ نازانم و زۆریش هەوڵمدا زانیاریم لەبارەی دەست نەکەوت، چونکە ئەم تاوانبارە بەیانییەکەی ڕزگارکرابوو.

ئەوەندەی من ئاگادار بم و لە ڕۆژانی دوای ڕاپەڕین بیستبێتم، ڕائید سلێمان عەبدوللەتیف کە خەڵکی گوندی جدیدەی سەر بە قەراج بوو، ئەفسەرێکی دڕندەی شۆڤینی بەعس بوو لە مەنزومەی شیمالی لە هەولێر و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ زیندانییە سیاسییەکانی کورد دەکرد، لە ڕۆژی (١١/٣/١٩٩١)دا لەلایەن موحسین عەبدوڵڵا ڕەسوڵ ناسراو بە موحسینی عەوڵا نەفتە یان مامۆستا موحسینی شۆڕشگێڕان کە فەرماندەی مەفرەزە خاسەی سەر بە مەنزومەی شیمالی بوو و ئەو شەوە خۆیشی لە مەنزومە بووە، ڕزگار کراوە.بەتایبەت کە ڕائید سلێمان کوردی دەزانی، بۆیە ڕزگارکردنی ئاسانتر بووە.

ل٥٥/ بەنسبەت دامودەزگاکانی شاری هەولێر، هەندێکیان خودی ڕژێم لە کاتی کشانەوەیاندا سووتاندیان، لەوانە: (دائیرەی ئەمنی هەولێر و شیمالی، مەنزومەی ئیستخبارات..)، بەڵام هەندێک شوێن جەماوەر سووتاندیان، وەک: (دائیرەی تەجنید)، بەڵام بەڕای من ئەوانی دیکە دەستی تێدابوو، بە تایبەتی دەستی ئەو کەسانەی وەکو سیخوڕ لەگەڵ ڕژێم کاریان دەکرد.

لە ڕۆژی ڕاپەڕینی (١١/٣/١٩٩١)دا لەگەڵ (عوسمان دەشتی، ئەکرەم حەمەد خدر و سەباح حەمەد خدر برایانی عوسمان دەشتی، فەرەیدون کەریم وەهاب و چەندان هاوڕێی دیکە و ژمارەیەکی زۆری جەماوەر) لە سەر ڕێگای کەرکوک - هەولێر هاتین بەرەو بەڕێوەبەرێتی پۆلیسی فریاکەوتن و دواتر بەرەو بەڕێوەبەرێتی ئیشوکاری هەولێر چووین، لەوێ (٧) ڕەفیق حزبیمان دەستگیرکرد لەنێویاندا (حەیدەر ئەیوب، ساڵح بریفکانی، قاسمە کوێر ...............).لەگەڵ ئەکرەم پرسیاری ڕەفیق فلەیح-مان کرد کە بەدواییدا دەگەڕاین، گوتیان شەو لێرە بووە، بەڵام لە بەرەبەیانی زوودا بەر لە تەقەکردن ئێرەی جێهێشت، بەڵام عەبدولڕەزاق مەرعی لێرەبوو بەرلەوەی ئێوە هێرش بکەنە سەرمان بە (١٥) خولەکێک بەرەو مەنزومەی شیمالی ڕۆییشت.خۆم پێناسی هەر (٧) ڕەفیق حزبییەکەم وەرگرت و لای خۆم بوون تا دوای ماوەیەکی زۆر ڕادەستی (عوسمان دەشتی)م کردن.

لەبەر دزی و شڕەخۆری، دەوروبەری کاتژمێری (١١)ی پێشنیوەڕۆ بێزاری خۆمم دەربڕی و بە فەرەیدون کەریم-م گوت: (من دەگەڕێمەوە ماڵێ و باوەڕم بەوە نییە لەپێناوی ئەو میللەتە خۆم بدەم بەکوشت کە خەڵکێکی زۆر وا خەریکی ڕاووڕووتە).فەرەیدون ئەو بڕیارەی منی زۆر بەلاوە سەیر بوو، وەلێ دوای ڕادەستکردن و دانانی ئەو (٧) ڕەفیق حزبییە لە ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد ئیبراهیم مەنتکی برای سابیر مەنتکی سەرۆکجاشی فەوجی (٣٢)ی جاشە سووکەکان، کە دوای کوژرانی سابیر مەنتک ئیبراهیمی برای هاتبووە شوێنەکەی ئەو.بۆیەش ئەو ڕەفیق حزبانەمان بردە ماڵی ناوبراو، نەوەک دواتر ڕاپەڕین شکست بێنێ و بەعس بگەڕێتەوە و بەدوای ئەو ماڵەدا بگەڕێن کە ڕەفیق حزبییەکانمان لێ دانابوون.ئەگەر بەعس هاتەوەو کارێکی واش بکات، باشتر وایە ماڵی سەرۆکجاشێک بێت کە ئەو دەتوانێ خۆی ڕزگار بکات یان ئەگەر باجەکەشی بدرێت با سەرۆکجاشێک بیدات نەوەک کەسێکی نیشتمانپەروەر یان پاک و بەهەڵوێست!

لەدوای کاتژمێر (١١)دا لەگەڵ فەرەیدون بەرەو ماڵی ئەوان ڕۆییشتین کە دەکەوێتە گەڕەکی ڕوناکی کۆڵانی هۆڵی ڕۆشنبیری جەماری و لە مەنزومەی شیمالی نزیک بوو.کاتژمێری (١٣:٣٥) خولەک بووە تەقەی زۆر و هاوارکردن کە مەنزومە ڕزگارکرا، بەیەکەوە لەگەڵ فەرەیدون بە غاردان ڕۆییشتین بەرەو مەنزومە و لە (١٣:٤٠)دا لەناو مەنزومە بووین.لەناو حەوشی مەنزومە (٣٩) تەرمم ژمارد کە هەموویان کوژرابوون و گوللە باران کرابوون.دەستبەجێ چوومە ئەو زیندانەی کە لە ساڵی (١٩٨٦)دا لێی گیرابووم، هەموو ژوورەکانم بەسەر کردەوە.لە حەوشی مەنزومە چەند زیندانییەکی ئازاد و ڕزگارکراوم بینی کە تازە دەرگایان لەسەر کرابووەوەو یەکێکیان لە خۆشی ئەو ڕۆژەدا فرمێسکی شادی بەسەر ڕوومەتەکانیدا دەهاتە خوارێ.دواتر بەشێکی زۆر لە ژوورەکان گەڕام و هیچ شوێنێکم نەبینی کە سووتابێ.دوای نزیکەی کاتژمێرێک یان تۆزێک زیاتر چووینەوە ماڵی فەرەیدون.ئێوارەکەشی دووبارە دەوروبەری کاتژمێری (١٧:٠٠-١٨:٠٠) دەبوو دیسان چووینەوە مەنزومە و ژوور بە ژوور لەگەڵ فەرەیدون دەگەڕاین و قسەم بۆی دەکرد، دواتر چووینە ژوورێک کە پەرتووکخانە بوو، ژوورێکی دیکە هەمووی فایل بوو کە چەند پێشمەرگەیەکی لێ بوو، پرسیارم لێکردن کە پێشمەرگەی چ لایەنێکن و ئەم فایلانە چی لێدەکەن، گوتیان: (ئێمە پێشمەرگەی ی.ن.ک و هاتووین فایلەکان دەبەین بۆ ڕانیە بۆ ئەوەی ڕزگاریان بکەین لە فەوتاندن).هەم پەرتووکخانەکە و هەم ژووری فایلەکان هیچی نەسووتابوو، وەلێ هەمووی بەسەر یەکدا فڕێ درابوو.

ڕۆژی دواتریش چوومە ئەمنی بەلدە لای چایخانەی بایزی کە ژووری فایلەکان هەمووی سووتابوو، دواتریش چوومە بەڕێوەبەرێتی ئەمنی هەولێر کە هەر بەرانبەر ئەمنی بەلدە بوو، هیچ ژوور و فایلێکی نەسووتابوو جاشێکی سەید قەهارم بینی کە کاتی خۆی لە دیبەگە فەرماندەی سریە بوو لە فەوجی (١٠)ی سەید قەهار سەید حوسێن خورمەڵەیی و ناوی عەبد بوو لەلای دیبەگەییەکان بە (عەبدە خوێڕی) ناسرابوو چونکە پیکابێکی شۆڤرلێتی زەردی زۆر بەخێرایی بەناو بازاڕ و کۆڵانەکانی دیبەگەدا لێدەخوڕی و خەڵکەکەش ئەم ناوەیان لێنابوو، هەندێ فایلی لەدەست بوو هەڵگێڕو وەرگێڕی دەکرد.دەمزانی ماوەیەک گیرابوو، وەلێ نەمدەزانی هۆکاری گیرانەکەی چی بوو، بۆیە لێم پرسی کە بۆ بەدوای ئەو فایلانەدا دەگەڕێت، لە وەڵامدا گوتی: (ماوەیەک لێرە گیرابووم، دەمەوێ فایلی خۆم بدۆزمەوەو بزانم کێ بەگرتی داوم).هەر ئەو ڕۆژە و لە ئەمنی هەولێر بە دووری چەند مەترێک تۆفیق چەمرگەییم بینی کە ئەویش بەدوای فایلی خۆیدا دەگەڕا، کە لە ساڵانی (١٩٨٦-١٩٨٧)دا بەیەکەوە لە ئەمنی هەولێر گیرابووین و دواتریش لە ساڵی (١٩٨٨)دا لە ئەبوغرێب بووین.دکتۆر عەلیاوەیی خۆیشی لە لاپەڕە (٥٩)دا نووسیوێتی: (خۆم لەگەڵ شەهید خەسرەو شێرەو نورەدین عومەر لە دائیرەی ئەمن هۆبەی سیاسی فایلێکی زۆرمان هێنا لەناو جامخانەی نایاب نایاب بوون).ئەو قسەیەی سەرەوەی عەلیاوەیی دەیسەلمێنێ کە ئەمنی هەولێر نەسووتاوە، چونکە ئەگەر خۆیان ئاگریان تێ بەردابایە، ئەوە بەدڵنیایی و بەر لە هەموو شتێک ژووری بەڵگەنامەکانیان دەسوتاند کە تەواوی نهێنییەکان و فایلەکان لەم ژوورەدا بوون.

ل٥٩/ هێزی RR ڕاو و ڕووت: بەداخەوە دوای سەعات ١١ ئەوەی هەرگیز لە کورد چاوەڕوان نەدەکرا ئەمڕۆکە کرا و ڕوویدا، ئەویش دەستکرا بە دزین و تاڵان لە دامودەزگاکانی حکومەت و بگرە لە هەندێ ماڵیش، بۆ مێژوو دەیڵێم ئەوانەی ئەم کارە ناڕەوایەیان ئەنجامدا نە پێشمەرگەو نە جەماوەری ڕاپەڕیو بوون، بەڵکو لە سەرەتادا زۆربەیان لە چینی نیبمچە بورجوازییەکان بوون، ئەگینا خوێنکار، مامۆستا، فەرمانبەر، ژنان و کچانی بەشداربوو، هەرگیز ئەم کارەیان ئەنجام نەدا.دەیان ئۆتۆمبێل لەلای فرقەی فاروق بوون، خەڵک جامەکانیان دەشکاند، کەچی هاواردەکرا مەیشکێنن موڵکی شۆڕشە، موڵکی شۆڕشە، خۆم شایەدحاڵی ئەوەم، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ڕوویدا هەرگیز لە خووڕەوشتی کوردەواری نەدەوەشایەوە و دوور بوو لە خووڕەوشتی سەرکردایەتی بەرەی کوردستانییش، بەڵام دوایی وردە وردە بووە چاولێکەری و زۆر خەڵکی تریش ئەم کارەیان ئەنجامدا.

پێم وایە هەر لە خولەکی یەکەمی ڕاپەڕین دەست کراوە بە تاڵان و دزی لە دامودەزگاکانی ڕژێم و تەنانەت شکاندنی بازاڕگاکانیش، نەک بەتایبەت دوای کاتژمێری (١١)ی پێش نیوەڕۆ هەروەکو دکتۆر عەلیاوەیی نووسیوێتی.سەبارەت بە بردنی ئۆتۆمۆبێلی دەوڵەت و بەرپرسان و ڕەفیق حزبییەکان هەمووی خەڵکی ڕاپەڕیو بە ڕێکخستن و پێشمەرگەش بردیان.لەدوای ئەم ڕۆژە بە فەرمانی بەرپرسەکان پێشمەرگە لە دەیان شوێن بازگەیان لەناو شار دادەناو ئۆتۆمۆبێلیان لە هاووڵاتیانی بێدەسەڵات وەردەگرتەوە بۆ بەرپرسەکان، بەڵگەشم بۆ ئەو قسەیەم ئەوەیە کە لە دەیان شوێن لەناو شاری هەولێر مەفرەزەی پێشمەرگە ڕۆژانە دەوەستان و ئۆتۆمۆبێلیان لە خەڵکەکە وەردەگرتەوە دواتریش ئۆتۆمۆبێلەکان زۆربەی کەوتنە دەست بەرپرسەکان.ئەوەی کە لە تاڵان و دزی لەم ڕۆژەدا ئەنجام درا، بەدڵنیایی بەشێکە لە کولتووری کوردی ئەگینا بەمشێوەیە و بەو ڕادەیە نەدەبووە چاولێکەری و پیادە نەدەکرا.

ل٦٣/ سجنی ژێر زەوی.کۆمەڵە چەکدارێک زەلامێکیان هێنابوو دەیانگوت ئەمە شارەزایە پێشی چۆڵ بکەن با بێت سجنەکە بدۆزێتەوە، ئەویش دەیگوت کاکە بێ دەنگ بن پێشم چۆڵ بکەن دەی ...شۆ فەل (شۆفەل) وەرە ئێرە...ئیدی ماوەیەکی باش چاوەڕوانم کرد هەر ئەم حاڵەتانە بەردەوام بوون، ئیتر زانیم وەستانەکەم بێ هودەیە قەرەباڵخیەکەش هەر بەردەوام بوو...دواییش هەمووی درۆ دەرچوو، هیچ گرتووخانەیەکی ژێرزەوی لێ نەبوو.

ڕۆژی یەکەمی ڕاپەڕین لەدوای کاتژمێری (١٤:٠٠)دا لە مەنزومەی شیمالی بەدوای زیندانی ژێر زەویدا دەگەڕان، بەڵام هیچ شۆفەڵی لێ نەبوو، کە دکتۆر باسی هێنانی شۆفەڵ و وەرە شۆفەڵی کردووە.خۆشم کەسێکم بینی کە خۆی کردبووە شارەزا و پێش خەڵکەکە کەوتبوو کە گوایە زیندانی ژێر زەوییان بۆ دەدۆزێتەوە.چەند بۆڕییەکی ئاودەست و ئاوەڕۆی باراناوی لێبوو، کەسەکە بە بەردێک یان پارچە ئاسنێک لە بۆڕییەکانی دەداو دەیگوت: (هەها، ئەوە وا ئەوانیش لە بۆڕییەکە دەدەنەوە).لەبەرئەوەی خۆم لەوێ گیرابووم و دەمزانی تەنیا دوو زیندانی لێبوو کە بە کۆنەکە و نوێیەکە ناسرابوو، کۆنەکە (٥) ژوور و هۆڵێک بوو لەبەردەم ئەو (٥) ژوورەدا، هیچ باوەڕم بەقسەی کابرای بەناو شارەزا نەکرد و دوای چاوپێدا خشانێکی سەرپێیی و خێرا بە هەر (٥) ژوورەکە، لەوێ ڕۆییشتم.

ل٦٥/ هەرگیز نابێ سەرکردە کوردەکان ئەم ژنانە لەیاد بکەن، کە کوڕەکانیان کردە قوربانی بۆ ئەوەی ئایندەمان گەش بێت، وە هەرگیز نابێ مافی شەهیدانی ڕاستەقینەی کوردستان جا چ شەهیدی پێشمەرگە یاخود ئەوانەی لە سجنەکانی بەعس گیانیان لەدەست دا و یاخود لە سێدارە دران، فەرامۆش بکرێن و گرنگی بە هی تر بدرێ ...؟!

دکتۆر عەلیاوەیی، ئامۆژگاری سەرکردایەتی کورد دەکات کە شەهیدانی پێشمەرگە و زیندانەکانی بەعس لەیاد نەکەن و لەهەمان کاتدا گرنگی بە هی دیکە نەدرێ، کەچی خۆی هاتووە تاوانبار و سیخوڕێکی ئەمنی هەولێری وەکو عەلی محەمەد ئیسماعیل عومەر بەرزنجی دەکات بە شەهید.نازانم مرۆڤ کە خۆی بە کورپەروەر، نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی بنەماڵەی شەهیدان بزانێت و بڕوانامەی دکتۆراشی هەبێ، چۆن زاتی ئەوە دەکات کەسێک بەهۆی ناپاکی کردن لە هاوڕێیانی ڕێکخراوەکەی خۆی و سیخوڕی کردن بۆ ئەو ڕژێمە دکتاتۆریە کوژرابێت، تاوانبارێک کە چەندان کەسی لە ئەمنی هەولێر بەگرت دابێ و دواتر گوللە باران کرابن، ئەو بێت و بە شەهید ناوی ببات؟؟؟ پێم وایە دکتۆر عەلیاوەیی، تەواوی ناپاکی کردنەکانی شێخ عەلی بەرزنجی دەزانێت، کەچی بەداخەوە دێت و بەهۆی ناسیاوێتی یان هاوپۆلی بە شەهید ناوی دەبات! نزیکترین کەسی شێخ عەلی کە شێخ فوئادی برای بوو، بەداخەوە شێخ فوئاد لە داخی ناپاکییەکانی عەلی برای مرد، کە هەردەم لای هاوڕێ نزیکەکانی خۆی باسی ناپاکی شێخ عەلی برای دەکرد و هەرگیز لە دڵی دەرنەدەچوو و دەیگوت: (ئەم غەمەی عەلی برام هەر دەمکوژێت)!!

ل٦٦/ من هەرگیز ئەوە لە یاد ناکەم لە ڕۆژی ١٢/٣/١٩٩١ لەگەڵ کاک عەلی قادر گۆمەسپانی بووم لەسەر فلکەی کۆیە مامۆستایەکی زانکۆمان بینی کە دکتۆرای لە ..........هەیەو ئێستا کوردی عەیار ٢٤ە، کاک عەلی پرسی دکتۆر لە کوێ بووی؟ دوێنێ دیار نەبووی ئەو هەموو بەعسیەمان دەرپەڕاند؟ لە وەڵامدا گوتی (ئەمە ئیشی منداڵان بوو، من لە ماڵ بووم، کارم بەم ئیشانە نییە ...) بەڵێ لێرەدا پێت دەڵێم گەر ئەمە ئیشی منداڵان بوو بۆ جەنابت پێداهاتی هەموو حزبە شۆڕشگێڕەکانی کوردت دۆشی؟! ئامادەش نەبووی بگەڕێیتەوە خزمەتی شارەکەی خۆشت بکەی!

یەکەم: دەبوایە دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی ناوی ئەو دکتۆرە ئاشکرا بکات بۆ ئەوەی خەڵک بیناسن.دووەم: دەبوایە عەلیاوەیی دەمودەست وەڵامی ئەو دکتۆرەی لە هەمان شوێن بدابایەوە، نەک دوای (٢٣) ساڵ لە نووسینێکدا وەڵامی بداتەوە کە لەوانەشە ئەو دکتۆرەی ئەو قسەیەی کردووە ئەو وەڵامەی عەلیاوەیی هەر نەبینێ و نەخوێنێتەوە.کەواتە نەگێڕانەوەی قسەکانی ئەم مامۆستایەی زانکۆ لەلایەن دکتۆر عەلیاوەیی، زۆر باشتر بوو لە گێڕانەوەی.

ل٧٠-٧١/ شەوێکی ناخۆش١٣-١٤/٣/١٩٩١ کاتژمێر ١١ی شەو، شەوێکی ترسناکە.ئەو شەوە من فایلێکی زۆرم لەبەردەستدا بوو، کوڕێکم دەناسی بەناوی (ن.ع) ماڵیان لە گەڕەکەکەمان بوو، لە ٦/١٠/١٩٨٠ بۆ یەکەم جار کە دامەزرام بە مامۆستا لە گوندی کۆڕێ، مامۆستا عوسمانی برای شەهید عەلی هەژار ئاگاداری کردمەوە کە ئاگام لە (ن.ع) بێ چونکە سەر بە ئەمنە.لە ساڵی ١٩٨٥ لە هەولێر ئەو کوڕەیان زامدار کرد و دوایی کۆچی دوایی کرد، ئەوکات دەیانگوت ئەمە کوڕێکی بە گرتن داوەو خزم و کەس و کاری کوڕەکە لە بری خوێنی کوڕەکەیان ئەویان کوشتۆتەوەو خزمەکانی (ن.ع) هەوڵیان دەدا تۆڵەی خوێنی کوڕەکەی خۆیان بکەنەوە، چونکە وایان دەزانی بە غەدر کوژراوە.دوای ئەوەی لەو شەوەدا فایلی ئەو کوڕەم بینییەوە دواتر دامە دەست خزمێکی نزیکی (ن.ع) و خوێندیەوە یەکسەر وتی خوا خێرت بنووسێ هەقی خۆی وەرگرتووە، چاک نەبوو لە بری خوێنی ئەو کەسمان نەکوشتەوە.

ئەوەی دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی باسی دەکات، دەیناسم و (ن.ع) نییە و (ع.س.ع)یەو ناسرابوو بە (ع.ک) و لە ساڵی (١٩٧٩) یان سەرەتای (١٩٨٠)دا بوو مامۆستا (ت.پ)ی کە سەر بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوو لەگەڵ (ع.ک) ڕێک دەکەوێ بۆ ئەوەی ناوبراو هاوکاری بکات و بیگەیەنێتە ناو هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەلێ (ع.ک) لەگەڵ ئەمنی هەولێر پێکدێت کە لە ڕێگا (ت.پ)ی دەستگیر بکەن، ئەوەبوو دائیرەی ئەمنی هەولێر لە ڕێگای ڕۆیشتنیان بەرەو ناوچەکانی سنووری هێزی پێشمەرگە مامۆستا (ت.پ)ی دەگرن و تا ئێستاش بێسەروشوێنە.دواتریش لەکاتی گفتوگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حکومەتی ئێراق، مەفرەزەیەکی (ی.ن.ک) لە کۆتایی مانگی (٥) یان سەرەتای مانگی (٦)ی ساڵی (١٩٨٤) لەناو بازاڕی دەڵاڵخانەی هەولێر بە دەمانچە تەقەی لە (ع.ک)ی کرد و سەرەتا بریندار بوو، وەلێ دوای نزیکەی (٢-٣) هەفتەیەک لە ڕێکەوتی (١٤/٦/١٩٨٤)دا لە نەخۆشخانەی کۆماری مرد.سەبارەت بەوەی کە دکتۆر عەلیاوەیی بەڵگەکەی بە خزمێکی نزیکی (ع.ک)ی نیشان داوە، کارێکی باشی کردووەو ئەوانیش ڕێگەیەکی ڕاستیان گرتۆتە بەر کە وازیان لە هەوڵی تۆڵەی خوێنی کوڕەکەیان هێنا، چونکە کوڕەکەی ئەوان کەسێکی بە ناڕەواو زۆر ناجوامێرانە بە کوشتن داوە و خۆیشی باجەکەی داوە و هەر دەبوایە وابێ.

ل٧١/ هەر لەناو ئەو فایلانە، وەرەقەیەکم دۆزییەوە کە پەیوەست بوو بە ئامۆزایەکم ناوی لوقمان محەمەد ئەمین ناسراو بە (کاروان) دەرچووی پەیمانگای تەندروستی بوو، کە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو و لە شەڕی خواکورک لە گەڵ (لەگەڵ) پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی دلێرانە بەرەنگاری سوپای بەعس ببوونەوە، بەڵام دوایی هەواڵمان زانی کە گوایە بۆ کاری ڕێکخستن هاتۆتە شاری موسڵ و لەوێش دەستگیر کراوە؟ وە ماڵی مامم زۆرجار تووشی گرتن هاتوون بە هۆی شەهید لوقمان (کاروان)، بەڵام لە کۆتایی ساڵی (١٩٨٩) بەرۆکیان بەردان و ئێمەش سەرسام بووین بەو کارەی دائیرەی ئەمن، بەڵام هەواڵی ئەکیدمان نەبوو، بەڵکو دەنگۆی ئەوە هەبوو کە لە کاتی دەستگیرکرانی لەناو ئۆتۆمۆبێلەکە ڕایکردووەو ئەمنەکانیش لەسەر شەقامی (مجموعە) زانکۆی موسڵ ڕەمیان کردووەو شەهید بووە، جا ئەم شەوە ئەم کتابەی ئەمنم دۆزیەوەو بە (ژ ش ع) زۆر نهێنی لە بەرواری ٥/١١/١٩٨٩ کە تیایدا هاتووە لاشەکەیان ڕەوانەی (طب عدلي) هەولێر کردووە و تەرمەکەشی شارەوانی ناشتوویەتی.

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی نووسیوێتی کە گوایە شەهید لوقمان محه‌مه‌دئه‌مین عه‌لی زاهیر ناسراو به‌ کاروان (١٩٦٥/ عەلیاوە - هەولێر)، پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، ئەوەیان دوورە لە ڕاستی و بەڵکو شەهید کاروان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئاڵای شۆڕش و بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی ئەو ڕێکخراوەیە بوو کە لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان جیابوەتەوە.کاروان کە شەهیدکرا ئەندامی ئاڵای شۆڕش بووە، بەڵام ئێستاکە شەهیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و مووچەی شەهیدانەکەی لەلایەن (ی.ن.ک)ەوە دەدرێت.

هاوڕێ کاروان، له‌ ڕۆژی (5.11.1989)دا له‌لایه‌ن ئه‌منی هه‌ولێر له‌ شاری موسڵ شه‌هید کراوه‌ و دوای دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش لە هەولێر و موسڵ لە مانگی (١١)ی ساڵی (١٩٨٩)دا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە هاوڕێ لوقمان (کاروان) لە موسڵ گیراوەو دواتر لەناو ئۆتۆمۆبێلی ئەمنەکان ڕایکردووەو ئەوانیش شەهیدیان کردووە، چونکە پێم وایە هاوڕێیەکی دیکەی دەستگیرکراو لەگەڵ شەهید کاروان لەناو سندوقی هەمان ئۆتۆمۆبێل بووەو شەهید کاروان پێی گوتووە کە ئەو ڕادەکات، پێشم وایە هاوڕێکانی هەر زوو ماڵی باوکی شەهید کاروانیان ئاگادار کردۆتەوە لە چۆنێتی شەهیدکردنەکەی لە شاری موسڵ.

نووسەر لە زۆر شوێنی پەرتووکەکەیدا هەوڵی داوە هەردەم تاوانی سوپای ئێراق لە کوشتن، بڕین، دزی، تاڵان و کاولکردنی کوردستان بخاتە ئەستۆی سوننەی عەرەب و لە عەرەبی شیعەی دوور خاتەوە.بۆ نموونە لە لاپەڕە (٩٤)دا نووسیوێتی: (بۆ نەوەکانی داهاتووی دەنووسم عەرەبی سونە ئێمەی دەکوشت و تاڵانی دەکردین، ئەمڕۆش وا دزیمان لێ دەکات و شیعەش فتوا دەردەکا کە شەڕی کورد حەرامە! من ناڵێم دژی سوننە بین، تۆڵەیان لێ بکەینەوە، پیاو و عەشیرەتی باشیان هەیە، بەڵام من دەڵێم زۆر بڕوایان پێ نەکەین، چونکە ئێمە سنوورمان لەگەڵیان تێکەڵە، شیعە دوورن لە ئێمە).

ئەگەر هەروەکو دکتۆر عەلیاوەیی باسی دەکات کە گوایە شیعە باشترە لە سوننە، ئەی بۆ شیعەکان کەرکوک و ناوچە بەعەرەبکراوەکانی کوردستان جێناهێڵن؟ بۆ عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکان لەکاتی سەردانی شاندی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە ڕێکەوتی (١٢/٧/٢٠٠٤)دا بۆ نەجەف، کە یاداشتێکیان گەیاندە دەست سیستانی بە واژۆی (١٢٩٢) پیاوی ئایینی کوردستان لەپێناوی دەرکردنی فەتوایەک بۆ گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان بەتایبەت لە کەرکوک، خانەقین و شەنگال بۆ ئەو شوێنانەی کە کاتی خۆی لێیەوە هاتوون و گەڕاندنەوەی ماڵ و زەویوزاری خاکی کورد و هەوڵی سڕینەوەی شوێنەواری پاکتاوکردنی ڕەگەزی بدەن، کەچی سیستانی ئامادە نەبوو فەتوایەکی لەم جۆرە بدات؟

ئایە دکتۆر عەلیاوەیی دەزانێ کە (٨٠%)ی ئەفسەر و سەربازەکانی سوپای ئێراق لە فەیلەقەکانی (١ و ٥) کە هێزی سەرەکی بوون لە هێرش و پەلامارەکانی شاڵاوی ئەنفال لەنێوان (٢٣/٢-٦/٩/١٩٨٨)دا بۆ سەر باشووری کوردستان، عەرەبی شیعە بوون؟

ئایە دکتۆری ناوبراو دەزانێ به‌گوێره‌ی لێدوانێکی مام جه‌لال، سکرتێری گشتی یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان و سه‌رۆک کۆماری عێراق بۆ گۆڤاری "الاهرام العربي" میسری ژماره (٢١٣)ی ڕۆژی (٢١/٤/٢٠٠١)،‌ که‌ ده‌قی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ له لاپه‌ڕه‌ (١١)ی‌ ژمارە (٤١٩)ی ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی (٤/٥/٢٠٠١)ی هه‌فته‌نامه‌ی "الاتحاد"ی (ی.ن.ک)دا، له‌ژێر ناوی "حوار مع الزعیم الکوردي جلال الطالباني"دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، مام جه‌لال باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌دام و له‌ حکومه‌ته‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌که‌ی به‌عسدا ڕێژه‌ی عاره‌بی شیعه‌ له‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ده‌سه‌ڵاتداردا (٩٠%) بووه‌؟؟

لێرەدا ناوی هەندێک لە گەورە بەرپرسانی بەعس دەخەمەڕوو، کە ئەو حزبەیان پێگەیاند (فوئاد ئەحمەد ڕکابی کە یەکەم ئەمینداری گشتیی هەرێمایەتی حزبی بەعس بووە، تەحسین عەباس عەبدولحوسێن هادی معەلە (تەحسین معلە)، جەعفەر قاسم حەمودی، حازم جەواد، حەمید عەلوان جەوال (حەمید خەڵخاڵ)، حەسەن عەلی نەسار عامری، سەعید ئەسوەد، سەعدون حەمادی عەبدولزەهرە، سەعد قاسم حەمودی، سەعدون شاکر مەحمود ئەحمەد عوبەیدی، شەمسەدین کازم، عەبدولجەبار موحسین سەلمان ئەللامی، عەبدولحەسەن ڕاهی فیرعەون، عەدنان حوسێن عەباس حەمدانی، عەزیز ساڵح نۆمان خەفاجی، غانم عەبدولجەلیل سعودی، محەمەد حەمزە قەیتان زوبەیدی، محێی عەبدولحوسەین مەشهەدی ئەلشەمەری، مزبان خدر هادی، موحسین شێخ ڕازی، هانی فوکەیکی) کە هەموویان شیعە بوون.

ئەی بۆ دەبێ دکتۆر عەلیاوەیی عەرەبی سوننە لە عەرەبی شیعە جیاکاتەوە، کە هیچ جیاوازییەک لە کردار، ڕەفتا و هەڵوێستیاندا نییە سەبارەت بە پرسی کورد، هەروەها بەیەکەوە بەشداری تەواوی تاوانەکانیان کردووە لە شاڵاوی ئەنفال، کیمیا باران کردن و کاولکردنی شار و دێهاتی کوردستان؟؟ ئایە دەبێ ئەو بۆچوونەی عەلیاوەیی لەوە سەرچاوەی نەگرتبێ، کە حزبەکەی ئەو (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) هاوپەیمانێتی و دامەزراندنی حکومەتی ئێراقی لەگەڵ عەرەبی شیعە و نوری کامل مالیکی بە باشتر دەزانێ نەوەک لەگەڵ عەرەبی سوننە؟؟ دواتر ئەوەی عارەبی سوننە و شیعە لە داگیرکردنی کوردستان، ئەنفالکردن، کیمیا باران و کاولکردنی دێهاتەکان کردوویانە لەپێناوی عروبە و یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی ئێراقدا کردوویانە، کەواتە ئەو جیاوازی کردنە لەنێوان عارەبی سوننە و شیعە مانای چییە؟ ئەوەی کە دکتۆر عەلیاوەیی دەیکات لە تێکەڵکردنی بۆچوونی (ی.ن.ک) بە بۆچوونی خۆی و یاداشتکردنی ئەم بۆچوونە لەنێو ئەم لێکۆڵینەوەیەدا سەبارەت بە جیاکردنەوەی شیعە لە سوننە لە تەواوی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس و سەدام کە لەدژی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان پیادە کراوە، هەروەها بە باشتر وێنەکردنی شیعە و بە دڕندە وێنەکردنی سوننە، لە گرنگی و بایەخی ئەم نووسینەی دکتۆر عەبدوڵڵا کەم دەکاتەوە و بەهۆی تێکەڵکردنی ئەم دوو بۆچوونە لە بەرژەوەندی پارتەکەی خۆی، وا دەکات نووسینەکەی دوور کەوێتەوە لە خانەی نووسینێکی ئەکادیمی و زانستی!!

ل٨٤/ هەر لەو کاتدا هەلیکۆپتەر لەسەر شار دەسوڕایەوە، بەڵام زۆر بڵند بوو، گەڕەکەکانی باداوە و چواردەوری شار و بەتایبەتی ڕێگای کەسنەزان و شەقڵاوەیان بۆردومان دەکرد، بۆ مێژووش دەیڵێم فڕۆکەکان گەر بۆردومانیان بکردایە خەڵکێکی زۆریان شەهید دەکرد، بەڵام خوا ڕەحمی کرد تەقەیان لە چوار دەوری خەڵکەکە دەکرد، دیاربوو بۆردومان و تەقەکانیان بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵک بوو، دوایی بیستم کە قائیدی سەر فڕۆکەکان کورد بووەو خەڵکی گوندی سەرگەڕان بووە.

ئەو فڕۆکەوانەی کە دکتۆر عەلیاوەیی باسی دەکات فەریق ڕوکن ئەنوەر حەمەدئەمین ئەحمەد مامەسێنییە، کە دواتر دێمە سەری و بەقسەی ناوبراو گوایە تەنیا تەقەیان لە چوار دەوری خەڵکەکە کردووە لەپێناوی ترساندنیان، کەچی نووسەر هەر خۆی لە لاپەڕە (٨٣)دا نووسیوێتی: (لەگەڵ ماڵەوەو چەند ماڵێکی تر ڕێگەمان گرت بەرەو ڕێگای مەسیف بەڕێ کەوتین، لەلای بازگە فڕۆکە بە ١٠٠ مەتر دوور لە ئۆتۆمبیلێکی بەرازیلی داو تەختی کرد).

فەریق ڕوکنی فڕۆکەوان ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌دئه‌مین ئه‌حمه‌د، کورده ‌و خه‌ڵکی شارۆچکه‌ی سه‌رگه‌ڕانه‌، لەکاتی شاڵاوی ئەنفالەکانی بەعس لەدژی خەڵکی باشووری کوردستان، وەکو فڕۆکەوانێکی ڕژێمی سەدام و بەعس بەپلەی ڕائید له‌ سربی (4) بووه‌ و به‌هۆی به‌شداریکردنی له‌ ئه‌نفاله‌کاندا، له‌لایه‌ن (دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق)ه‌وه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنی بۆ ده‌رچووه‌ و ژماره‌ (21)ی له‌ لیستی ناوی تاوانباره‌ داواکراوه‌کان دراوه‌تێ‌‌.فڕۆکەوان ئەنوەر حەمەدئەمین، له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی (2007) به‌ پله‌ی لیوا ڕوکن و بە پشتیوانی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆمار و سکرتێری گشتیی (ی.ن.ک) کرا به‌ پشکێنه‌ری گشتیی سه‌ربازی له‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌رکانی سوپا و تا مانگی شوباتی ساڵی (2009) له‌و پۆسته‌دا مایه‌وه‌.دواتریش له‌ سه‌ره‌تای مانگی فێبریوه‌ری ساڵی (2009)دا، دووبارە بە پشتیوانی تاڵەبانی بەپلەی فه‌ریق ڕوکنی فڕۆکه‌وان کرا به‌ فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی و تا ئێستاکه‌ش هه‌مان پۆستی هه‌یه‌.ئەویش وەکو سەدان سەرۆکجاش و فەرماندەی مەفرەزە خاسەی بەشداربوو لە شاڵاوی ئەنفال، لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە نەک بەس داڵدە دراوە بەڵکو پۆستی باڵاشی دراوەتێ.

ل٩٢/ ٨- تیپی ١ لیوای ٢ تایبەتی گاردی کۆماری.

ئەمەیان هەڵەیە، چونکە تیپ لە لیوا گەورەترە و لیوا سەر بە تیپە نەک پێچەوانەکەی، بۆیە دەبوایە بنووسرێت: (لیوای ٢ی تیپی ١ی گاردی کۆماری).

ل٩٦/ سوپای عێراق کە لە ساڵی ١٩٢١ دامەزرا، یەکێک لە سیما هەرە دیارەکانی بەرگری لە نیشتمان بوو، بەشداری کردنی شەڕی فەڵەستین بوو لە ساڵی ١٩٤٨، بەڵام لەو ڕۆژەی بەعس کودەتاکەی شوباتی ١٩٦٣ی ئەنجامدا، دەتوانم بڵێم سیمای نیشتمانی گوم کرد.

سەرەتا ئەوەی کە سوپای ئێراق سەبارەت بە بەشداری کردنی شەڕی فەلەستین کردوویەتی لە ساڵی (١٩٤٨)دا هیچ پەیوەندی بە سیمای بەرگری نیشتمانی نییە، بەڵکو ئەوەیان هەڵوێستێکی نەتەوەیی و ئایینی حکومەت و سوپا بووە، چونکە لەپێناوی پرسی عارەبە فەلەستیینییەکان و ئایین کردوویانە!

دواتر هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم سوپایە لە ڕێکەوتی (٦/١/١٩٢١)ەوە تا ڕۆژی ڕووخانی ڕژێم لە ڕێکەوتی (٩/٤/٢٠٠٣)دا ئەم سوپایە یەک تاکە هەڵوێستی نیشتمانی نەبووە، بەپێچەوانەوە هەردەم ئامێری دەستی ڕژێمی دیکتاتۆری بووە بۆ سەرکوتکردنی دانیشتوانی ئێراق بە سەرجەم نەتەوەکانەوە.یەکەم فەوجی سوپای ئێراق لە ڕێکەوتی (٢٨/٧/١٩٢١)دا دامەزراو فەرماندەکەی ئەحمەد ئەلحاج سڕی ساڵح بووەو لە مانگی تەموزی ساڵی (١٩٢٤)دا ڕەوانەی کوردستان کراو لە سلێمانی بەربووە گیانی شۆڕشگێڕانی کورد کە بە سەرکردایەتی شێخ مەحمودی نەمر داوای مافی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییان دەکرد.ئایە ئامەیە هەڵوێست و سیمای نیشتمانی سوپای ئێراق، هەروەکو دکتۆر عەلیاوەیی باسی دەکات؟؟ هەر ئەم سوپایە لە ڕێکەوتی (٥/٨/١٩٣٣)دا لە موسڵ و بادینان نزیکەی (٦٠٠) ئاشووری بەکۆمەڵ کوشت و لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (١٩٣٥)دا نزیکەی (٢١٠) کوردی ئێزیدی لە شەنگال و دەوروبەری موسڵ بەدەستی سوپا هاتنە لەناوبردن.نموونە یەکجار زۆرە، وەلێ ئەوە مشتێکە لە دەریای تاوانەکانی ئەم سوپا شۆڤینی و دڕندەی عروبە کە بۆ دەرمانیش هەڵوێستێکی سەربەرزانەی نەبووە!!

ل١٠٥/ ئەگەرچی دەوڵەتی فەڵەستین وجودی نییە، بەڵام ڕۆژانی ١٦و١٧/٤/١٩٩١ خوێندکارانی فەڵەستینی لە زانکۆی موسڵ و بەغدا لە هەولێر بە چەکەوە بازگەیان لە شەقامەکانی هەولێر دانابوو، خۆم بەر پێناسە وەرگرتن کەوتم لەلایەن ئەوانەوە، ئێمەش فرمێسک دەڕێژین بۆ فەڵەستین، مامۆستایانی ئایینیش لە وتاری ڕۆژانی هەینی بە هاتو هاواریان بۆ گەلی فەڵەستین کوردی قوڕ بەسەر دەگرێنن.کەچی فەڵەستینییەکان ئەمڕۆک لە شارەکەی خۆم داوای پێناسە لەمن دەکەن....؟

دکتۆر عەبدولڵا خۆی شیوەن دەکات بۆ فەلەستینییەکان کەچی گلەیی لە کەسانی دیکە دەکات، بۆ نموونە ئەو لە لاپەڕە (٩٦)دا نووسیوێتی: (سوپای عێراق کە لە ساڵی ١٩٢١ دامەزرا، یەکێک لە سیما هەرە دیارەکانی بەرگری لە نیشتمان بوو، بەشداری کردنی شەڕی فەڵەستین بوو لە ساڵی ١٩٤٨).

ل١٠٦/ شانە چەکدارەکانی بروسک لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان دامەزرا، ژمارەیان (٧٠٠) کەس دەبوو، هەڤاڵ مەلا قادر ئەوکات لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی هەولێر بوو، زۆربەیان پێشمەرگە بوون، یاخود سەر بە ڕێکخستنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوون، لەوانە کاک نورەدین مامە کە ناسراوە بە باران.

دکتۆر عەلیاوەیی، لێرەدا لەجیاتی نەسرەدین ناوی نورەدینی بە هەڵە داناوە بۆ بەرپرسی هێزی باران، سەرەڕای ئەوەی کە دوو وێنەشی لەگەڵ گرتووەو لە کۆتایی پەرتووکەکەیدا دایناون و لە یەکەمیان نووسیوێتی: (نووسەر لەگەڵ هێزی باران)، لە دووەمیش: (نووسەر لەگەڵ شانە چەکدارەکانی بروسک)، کە لە ڕاستیدا ناوەکەی (نەسرەدین مامە کەریم)ە و لە شانە چەکدارەکانی باران بووە.

 

27.6.2014 هەینی‌

 

 This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

 

 

 

Related Articles