شەڕەکانی "جەنگی سارد" بە-وەکالەت ... بارزان ڕەشید

 ئەو شەڕانەی ئێستای "هەرێمی ناوەڕاست"ی ماکیندەر، ئەڵقەیەكن لە جەنگی ساردی چوار دەوڵەتە سەرەکییەکەی ناتۆ (ویلایەتە یەکگرتووەکان،  شانشینی یەکگرتوو،  فەرەنسا، و ئەڵمانیا) لەگەڵ روسیا، و بە وەکالەت  سپێردراون بە سێ هێزە هەرێمایەتییەکە (تورکیا و سعودیە و ئێران). ئەوەی بڕیار لەسەر ئەنجامی شەڕەکان، چارەنووسی گەلان و سیستمی دەوڵەتەکانی ناوچەکە دەدات،  بریتییە لە دوو لایەنەکەی جەنگی سارد، نەوەك سێ هێزە هەرێمایەتییەکە. 


سێ هێزە هەرێمایەتییەکە،  ئەو شەڕانەیان بە وەکالەت بە هەندێک هێزی تر سپاردووە. هەر بۆیە لە خۆرهەڵاتی نێوین هەندێک ژمارەی نوێ هاتوونەتە ناو هاوکێشەکانی جەنگی سارد،  وەك شەڕی تایەفەگەری و تیرۆریزمی ئیسلامگەرایی. جێی سەرنجە کوردستان بریتییە لە کۆلکەی هاوبەشی هەر هەموو گۆڕاوەکانی "هێزی ئەتۆمی"، "سەرچاوەکانی وزە"، ناوچەی شاخاوی ستراتیجی"، و "هەرێمی پێنج دەریایەکە"ی ناو هەرێمی ناوەڕاستی "گەمە مەزنە نوێیەکە".

پێشتر ناتۆ لە تەواوی ئەوروپای خۆرهەڵاتدا سۆڤێتی وەدەر نابوو، لە شەڕێکی بە-وەکالەتیشدا سۆڤێتی لە ئاوە گەرمەکان وەدەرنابوو. بە پێی "گەمە مەزنە نوێیەکە"، کە برژێنسکی لە "شترنجە مەزنەکە، باڵادەستیی ئەمریكا و بایەخی  ستراتیجی " ئاماژەی پێداوە، و بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی دەستگای ستراتفۆر، کە دەستگایەکی هەواڵگریی تایبەتی ئەمریکییە، کاتی ئەوە هاتووە میراتگرەکەی سۆڤێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش وەدەربنرێت. شەڕی ئاوەگەرمەکان بە وەکالەت بە سعودیە سپێردرابوو. سعودیە بەشدارییەکی گەورەشی هەبوو لە شەڕی دابەزاندنی نرخی بەنزین لە جەنگی سارددا. بۆ ئەم شەڕانەی ئێستا، تورکیاش دەهێننە ناو هاوکێشەکە. زۆر لێکۆڵەر بڕوایان وایە لە دوایین ئەڵقەکانی جەنگی سارددا، نۆرەی ئێران دێت. پێدەچێت ئەمجارە شێلگیر بن لەسەر خاڵیکردنی خۆرهەڵاتی نێوین لە هاوپەیمانەکانی  روسیا.

 

ئێران، کە بەحرێن و یەمەن و لوبنان و سوریای دۆڕاندووە، نایەوێت عێراق و کوردستان بدۆڕێنێت، هەر بۆیە ئەگەر فشارەکانی لەسەر عێراق و کوردستان سەری نەگرت ئەوسا هەوڵ دەدات شەڕەکە بباتە ناو ماڵی کوردەوە. ئێران پێی وایە کوردستان و کورد ڕۆڵیان دەبێت کاتێک خۆرئاوا شەڕەکە دەباتە ناوماڵی ئێرانەوە.


ڕەنگە جەنگی سارد (و شەڕە بەوەکالەتەکانی)،  نەتوانێت وەك "یەکەم شەڕی جیهانی" سنووری کۆن بشکێنێت و هی نوێ دروست بکات،  بەڵام دەتوانێت هەرێمی کوردستان بکات بە پرۆتۆکتۆرەیت (مەحمییە)ێکی نافەرمیی چوار وڵاتە سەرەکییەکەی ناتۆ،  ئەگەر کوردستان لە تەوەری خۆرئاوا بێت.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles