یادی سەدساڵەی یەکەمین رۆمانی مارسێل برۆست .. نووسینی : عدوية الهلالي .. وەرگێرانی: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لە 18 ی مانگی نۆڤێمبەری ساڵی پاردا، سەدساڵ بەسەر کۆچی دوایی نووسەر و بیرمەندی فەرەنسی ( مارسێل بروست) تێپەڕی.لەهەمانکاتیشدا ، هەر لەم رۆژەشدا یەکەمین ڕۆمانی برۆست چاپبووە کە ناوی( لە نزیکی ماڵی سوان).بەم بۆنەیەوە ڕۆژنامەی فیگارۆی فەرەنسی ، پرۆژەی چاپکردنی هەموو کارەکانی ئەم نووسەرە دەگرنە ئەستۆ ، بەتایبەتی رۆمانە نەمرەکەی ( گەڕان بەدوای زەمەنێکی وونبودا.)، ئەم پرۆژەیەش وەکو ڕێزلێنانێک وایە بۆ مێژووی ئەدەبی تایبەتی ئەم نووسەرە.

( ماوەیەکی زۆرە، شەوان زوو دەنوستم ) بەم ڕستیە برۆست رۆمانی ( لەنزیکی ماڵی سوان)  دەستپێدەکات، کەلەساڵی 1913 نووسیویەتی.ئەمەش  بەناوبانگترین ڕستەی ئەدەبی فەرەنسییە، کە رۆمان دەستیپێبکات، هەروەک فەیلەسووفی فەرەنسی بۆل ریکۆ دەڵێت: ( پێشەکیەکی ئێجگار جوانە، چونکە گوزارشت لە رۆمانووسێکی بێگەرد دەکات .)

هەر لەیەکەم ڕستەوە کەسی گێڕەرەوەر قسە بۆ کەسێکی دیاریکراو ناکات، بەڵام ئاماژەیەک بە پەیوەندی نێوان ڕابردوو و ئێستا دەکات، بەم شێوەیە‌ش ، برۆست  نرخ و بەهایەکی  گرینگ بۆ هەر ووشەیەک و پەرەگرافێک دادەنێت کە لە رۆمانەکانیدا  دەینووسێت، بۆئەوەی  سیمایەکی مۆدێرنی گەورە بداتە رۆمانەکانی کە پێشتر شتی وا نەنووسراوە.

برۆست لە دەی مانگی تەموزی ساڵی 1871 لەدایکبووە، هەر لەمنداڵییەوە تەندروستییەکی لاواز و خراپی هەبوو، ئەو لەتەمەنی نۆ ساڵیدا ، یەکەمجار تووشی نەخۆشی " ڕەبوو" دەبێت  و سییەکانی لاواز دەبن ، کەئەمەش وایلێدەکات لە زۆر شت دووربکەوێتەوەو تەنها لە ژوورەکەیدا بمێنێتەوەو خەریکی نووسین بێت، بەڵام برۆست تەسلیمی ئەم نەخۆشیەو لاوازیی جەستەییەی نابێت، بەڵكە ئەم لاوازیەی دەکاتە سیمایەکی بەهێزی خۆی ، ئەو حەساسیەتە بە‌هێزەی خۆی بەکاردەهێنێت، بۆ ئەوەی لە کاتی نووسینی رۆماندا ، بە بلیمەترین شێوە رۆمان بنووسێت.

 برۆست منداڵێکی چکۆلانە ولاوازبوو، لە منداڵەکانی تر جیاواز تربوو بەتایبەتی لە ڕۆبیری برا بچووکی، لەهەمانکاتیشدا ئەو پەیوەندییەکی ئێجگار تایبەتمەندی لەگەڵ " جانی" دایکیدا هەبوو، لەبەرئەوە مردنی دایکی لە 26 سێپتەمبەری 1905، ناخۆشترین کاتی ژیانی برۆست بووە.

لە 30 ئەپریلی 1894 برۆست دەچێتە ناو ژیانی پاریسیەوەو لەوێندەر دەژی.لەمبارەیە ( ئیرینا دی شیکۆف) لە کتێبی ( ڕۆژانی دوانزە ) دا، باسی ئەو کاتەی برۆست دەکات، تێیدا باس لە پەیوەندی برۆست بە ( کۆنت رۆبیر دی مۆنتسکیۆ) دەکات ، کەپاشتر  ئەم کەسایەتییە ئیلهامێکی باشی پێدەبەخشێت ، بۆ ئەوەی تراژیدترین کەسایەتی ناو رۆمانی ( گەڕان بە دوای زەمەنێکی ووندبوودا) دروستبکات.لە ساڵانی پاشتر ، برۆست بەهەمانشێوەی ( لامارتین و بۆدلێر) دەستدەکات بە کۆمەڵێک گەشت و بینینی چەندین کەسایەتی هەمەجۆر لە شارەکانی (  ڤینیسیا و کابورگ)

لە هەژدەی نۆفێمبەری ساڵی 1913 دا، یەکەمین کاری گەورەی  بەناوی ( لە نزیک ماڵی سوان) چاپدەکرێت.لەناو ئەو پرۆژانەی کە فیگارۆ بەدەستیەوەیەتی دووبارە چاپکردنەوەی ( گەڕان بە دوای زەمەنێکی  وونبدودا، لێدانەکانی دڵ) .لەپەنائەمەشدا  کتێبێکش چاپدەکرێت کە تێیدا ڕاڤەی هزرەکانی ئەم رۆمانووسە و شیوازی نووسینەکەی  دەکات.هەروەها کتێبێکی نوسەر ( لماتیلدا بریزیە ) چاپدەکرێت، کە تێیدا باس لە کارەکان و ژیاننامەی  برۆست دەکات، کە ئەمەش وەکو کلیلێک وادەبێت بۆ ئەوەی یارمەتی خوێنەر بدات تاوەکو لە  برۆست بگات و هەروەها  تێگەیشتنێکی قووڵتری بداتێ ، تاوەکو بەباشی  لە کارەکانی بگات.

برۆست رەخنەگر و وەرگێر و بیرمەندێکی کۆمەڵایەتی بوو، رۆمانەکەی ( گەڕان بەدوای زەمەنێکی وونبودا) ، بەیەکێک لە بەناوبانگترین کاری ئەدەبی فەرەنسی دێتە ژماردن.ئەم رۆمانە لە حەوت بەش پێکدێت، کەلەساڵانی ( 1913 تا 1927) نووسیویەتی .

برۆست لە خێزانێکی دەوڵەمەند بووە، یاسا و ئەدەبی خوێندووە، پاشان لە رۆژنامەکانی پاریسدا ووتاری نووسیوە، هەروەها کۆمەڵێک چیرۆکیشی نووسیوە لەوانە ( خۆشی و رۆژگار) کەلە ساڵی 1896 نووسیویەتی ، هەروەها  چیرۆکی ( جان سانتۆی) ، کەپاشتر درێژەیدا بە کەسایەتییەکانی ئەم چیرۆکە لە رۆمانی ( گەڕان بە دوای زەمەنێکی وونبودا)

ئەو ژیانێکی کۆمەڵایەتی زۆرخۆشگوزەران ژیا، بەڵام لە خەڵكی دووردەکەوتەوە، ئەویش بەهۆی خراپی باری تەندروستیەوە.بەشی یەکەمی رۆمانی ( لەنزیک ماڵی سوان) بڵاوکردەوە، بەڵام سەرەتا نەبووە جێگەی بایەخی خەڵكی.پاشان دەزگای چاپی " گالیمار"  ڕازیبوو کە هەموو بەشەکانی رۆمانەکە بڵاوبکاتەوە، بە‌تایبەتی پاش ئەوەی پێداچوونەوەی بۆ بەشی ( لەژێر سایەی کچانی گوڵینەوە)  رۆمانەکە کرا.پاش ئەوە خەڵاتی کۆنکوردی ئەدەبی وەرگرت..پاش ساڵی 1919 ، دەستیکرد بە تەواوکردنی بەشەکانی تری ئەم رۆمانەی کەلە چەندین بەش پێکدێت، هەرچەندە  لەوکاتەدا  ڕەوشی تەندروستی زۆر خراپ بوو، کە ووردە روودە هەنگاوی بەرەو مەرگ دەنا و ، پاش سێ ساڵ کۆچی دوایکرد.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی المدی

 

Related Articles