وتنەوەی گۆرانی، یان سووکایەتیکردن بە هونەر؟ .. بەرهەم خالید - بەشی دووەم

ئەوەی ئێستا بەناوی هونەرەوە ئەنجام ئەدرێت، نەک هەر هونەر نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێکدانی هونەر؛ بۆ کردنی هونەر بەکاڵایەکی هەرزان و بازاڕی و خاڵیکردنەوەی هونەر لە پەیامە گەورەکەی خۆی ـ هونەر لە داهێنان، هەوڵێکی ترسناک و بە چەندین شێواز. هەموو ڕۆژێ دەموچاوێکی نوێ بەناوی هونەرمەندەوە دێتە سەر شاشەکان، هێشتا بێ پەڕ و باڵەو ئەیەوێ بفڕێ، دەست ئەکات بە وتنەوەی گۆرانیی گۆرانیبێژەکانی دیکە، کە لەراستیدا وتنەوەی گۆرانیی ئەوانی دیکە نا، بەڵکو شێواندنی گۆرانییەکان و ڕێزنەگرتنە لە ماندووبوونی ئەوانی دی، ئەگەرنا کەسێک لە هونەر تێبگات، ئەزانێ بوون بە هونەرمەند ئەوە نییە لەسەر هەوڵ و ماندوبوونی ئەوانی دیکە خۆت دروست بکەیت، ئەمە جگە لەوەی لە یەکەم هەنگاوتدا سووکایەتی بە هونەرو هەوڵ و ماندبوونی ئەوانی پێش خۆت ئەکەیت. وتنی گۆرانی وەکو کێشانی تابلۆ وایە، چەندە بێمانا ئەبێ ئەگەر کەسێک بێت و تابلۆی "مۆنالیزا"ی داڤینچی سەرلەنوێ، بەسەقەتی دروست بکاتەوە و لە کۆتاییشدا پێی وابێ کارێکی گرنگ و هونەریی کردووە! ئەگەرچی ئەو تابلۆیە هیچ کەس ناتوانێ وەکو داهێنەرەکەی دروستی بکاتەوە ـ ئەگەر دروستیشی بکاتەوە هیچ بایەخێکی نابێ، چونکە ئەو تابلۆیە کاری داڤینچی و دەست و پەنجەو فیکر و توانا سیحرییەکانی ئەوە و، بەدەر لەوەش چیتر پێویستمان بە کەسێکی دیکە نییە تابلۆکە بکێشێتەوە. چەندە بێمانایە کەسێک بێت و سەمفۆنیای "ئاوازی تریفەی مانگ"ی بیتهۆڤین دابهێنێتەوە، پێیوابێ کارێکی گرنگیشی کردووە. هەرئاواش پێویستمان بە کەس نییە بێت گۆرانیی "دەزانی زەریا چەند قوڵە" خالید رەشید، یان گۆرانیی "بەرزە کۆیلێ"ی عەباسی کەمەندی بە سەقەتی بڵێتەوە. هونەر پێش ئەوەی دوو باڵ بە مرۆڤ بدات بۆ فڕین، هەردو قاچی ئەشکێنێت. "١"،  بەڵام ئێستا دۆخێک دروست بووە، کەسانێک ئەیانەوی پێش ئەوەی هەنگاو هەڵبگرن بفڕن و بگەنە لوتکە! کەسێک بەناوی شەهریار حەسەن، هاتووە دەستی بۆ کاری دوو هونەرمەند بردووە و، دوو گۆرانی وتووەتەوە، کە لە بنەڕەتەوە هەریەک لەو گۆرانیانە لەجوانترین گۆرانییەکانی ئەو دوو هونەرمەندەن و هێندەش بە جوانی وتراون، تاوانە کەسێک بێت و دەست بۆ ئەو دوو گۆرانییە ببات و بیانڵێتەوە.

عەباسی کەمەندی دەنگێکە تەواو سروشتی و بێ خەوش؛ هیچ کەسێک نییە بتوانێ هاوشێوەی وی گورانی بڵێ، وەکچۆن بۆ هەر هونەرمەندێکی ڕاستەقینەی دیکەش هەر وایە. چونکە هەر هونەرمەندێک ڕێچکەی تایبەتی خۆی هەیە. تەنها یەک عەباسی کەمەندی هەیە و مەحاڵە کەس بتوانێ ببێتە عەباس کەمەندییەکی دیکە.

هەژار موکریانی لە کتێبی چێشتی مجێوردا، کە سەرەتاکەی تەرخان کردووە بۆ ئامۆژگاریکردنی کوڕەکەی، ئەڵێ: کوڕم، ئەگەر مریشکیت، بۆ هێلکەکردن لاسایی قاز مەکەوە. من نازانم شەهریار حەسەن بە چ هەقێک دێت و ڕێگا بە خۆی ئەدات دەست بۆ گۆرانییەکانی عەباسی کەمەندی ببات؟! عەباسی کەمەندی تاکو بووە بەم هونەرمەندە زۆری ویستووە و زۆریش ماندوو بووە، هەوراز و نشێوی زۆری دیوە، ئێستا کەسێک بێت و لەسەر هەوڵ و ماندبوونی ئەو بیەوێ خۆی بکات بە هونەرمەند، جێگای پێکەنینە. دەستکاریکردنی گۆرانییەکانی عەباسی کەمەندی وەکو دەستکاریکردنی تابلۆی "مۆنالیزا"ی داڤینچی وایە. عەباسی کەمەندی هێندە جوان گۆرانییەکانی وتووە ئێمە تەنها بۆمان هەیە بە بێدەنگی گوێبگرین و تەواو؛ کەمەندی بەهەوڵ و تواناو دەنگی سروشتی خۆی، ئەو گۆرانییەی هێناوەتە بوون، ئیدی چ پێویستمان بەوەیە کەسێکی دیکە بە دەنگێکی نەشاز گۆرانییەکانی بیڵێتەوە؟ گۆرانی تەنها خوێندنی هۆنراوەیەک نییە، بەڵکو هونەرمەند ئەبێ لەگەڵ تێکستی گۆرانییەکەدا ژیابێ و هۆنراوەکە لەگەڵ سروشتی ژیان و کەسایەتی و ناخی هونەرمەندەکەدا گونجابێ.

دەنگی کەمەندی دەنگێکی سروشتییە، ئەڵێی خودا هەربۆ ئەوە خەلقی کردووە گۆرانی بڵێ، ئەڵێی خودا دەنگی کەمەندی بەتایبەت بۆ گۆرانی وتن دروستکردووە. دەنگی ئەو ڕاستە دەنگێکی سروشتییە، بەڵام دەنگێکی ئاسایی نییە و تۆنی دەنگی کەمەندی، ساف و بێ خەوش و بێ گرێ و لێوانلێوە لە ئیحساس. هونەری عەباسی کەمەندی هونەرێکە لە ئاستێکی باڵادا، خاوەنی ڕێچکەیەکی تایبەت بە خۆیەتی؛ دەنگی ئەو لە گەرویەوە نایەتە دەرەوە، بەڵکو لە قوڵایی ڕۆح و ئازارەکانیەوە دێتە دەرەوە، ئازارەکانن ئەو وشانەیان هێناوەتە بوون، هەر بەو ئیحساسەشەوە ئەیانڵێ. چەند ساڵێک پێش ئێستا کە پرسیار لە کەمەندی ئەکەن گۆرانی "مەتۆرێ" چ چیرۆکێکی لەپشتەوەیە؟ لە وەڵامدا بەشێوازە تایبەتەکەی خۆی و بە حەسرەتێکی زۆرو ئاهێکی قووڵەوە ئەڵێ: "ئەوە داخێکی کردگە وە دڵما، ئەشێ حەرکەس گوێی لەو گۆرانییە گرت، منیش ئەو داخە بچزێنم وەدڵیا. "٢"

 کەمەندی بەم داخ و ئازارەوە ئەو وشانەی نوسیوە و هەر بەم حەسرەتەشەوە ئەیانڵێ، ئیدی لوتکەی بەدحاڵیبوونە ئەگەر کەسێک بێت و دەست بۆ گۆرانییەکانی ببات. ئەمە هەر بە تەنها کارێکی نەشیاو نییە، بەڵکو بێ ئەدەبییە بەرامبەر هونەر و ماندووبوونی هونەرمەندەکەش، تیرۆرکردنی زەوقی گوێگرەکانییەتی، بریندارکردنی گوێگرە ڕاستەقینەکانی هونەری کەمەندییە.

شەهریار؛ گۆرانی مامۆستا کەریم کابانیشی وتووەتەوە! گۆرانیی "قەت نەدەی ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو"ی مامۆستا کەریم کابان هێندە لە دڵان دەچەسپێ کە مومکین نییە کەسێک بتوانێ بەو هەموو جوانییەوە ئەدای بکاتەوە؛ گەر کەسێک تۆسقاڵێک لە هونەر تێبگات قەت ڕێگا بە خۆی نادات ئەو گۆرانییە بڵێتەوە، چوونکا دەزانێ تێکی دەدات. ئاخر ئەگەر بە مەبەستی نوێکردنەوە نەبێ خۆ پێویستیشمان بەوە نییە کەس ببیڵێتەوە! کەس نایەوێ کۆپییەکی خراپی شتێکی ئۆرجیناڵی دەست کەوێ، ئەو بە دوای ئۆرجیناڵەکەدا دەگەڕێت،  کۆپییەکی سەقەتی ئەو گۆرانییە لەئاستێکی وا نزمدا جەوهەری گۆرانییەکەش تێک دەدات، لەکاتێکدا خاوەنی گۆرانییەکە بە دەنگ و سۆزێکی ئاوا حەزین و سەرسوڕهێنەرەوە ئەو شیعرەی وەدەنگ هێناوە. شتێک کە خۆی بە جوانترین شێواز هێنراوەتە بوون، ئیدی چ پێویست ئەکات کەسێک لەخۆیەوە بێت تێکی بدات؟ تەنیا بۆ ئەوەی خۆی پێوە بابدات! وتنەوەی گۆرانیی کەسانێک کە خۆیان ئەو گۆرانییەیان دروستکردووە و لەناو یەکە بە یەکەی وشەکانیدان و پێوەی ماندوو بوون و ئاوازیان بۆ داناوە، لووتکەی بێ ئاگاییە لە هونەر و هیچ بیانوویەکیش نییە بۆ ئەوەی کەسێکی وا، بێت و گۆرانییەکە بشێوێنێت.

هونەر واتە نەخاشاندن، واتە هێنانە بوونی شتێک کە پێشتر نەبووە. هەندێک شت هەن، هەر یەکجار لە دایک ئەبن. گەر ناتوانی شتێکی نوێ بهێنیتە بوون، باشتروایە دەست لەیەخەی هونەر بەر دەیت.

جاران بەبیانوی تازەکردنەوەوە، گۆرانییە کۆنەکانیان ئەوتەوە. بیانووەکەش ئەوەبوو کە هونەرمەندەکە کۆچی دوایی کردووە و ئەو گۆرانییە لەکۆندا وتراوە و باش تۆمار نەکراوە. ئەدی ئێستا کە خالید ڕەشید و عەباسی کەمەندی و کەریم کابان و . . . هتد، هەموویان لەژیاندا ماون و بە جوانترین شێوەش گۆرانییەکانیان لە نەبوونەوە هێناوەتە بوون و خۆیان خاوەنی ڕاستەقینەی کارەکانی خۆیانن، چ بیانوویەک هەیە بۆ وتنەوەیان؟ ئایا ئەمە مشەخۆری نییە؟ ئایا ئەمە لوتکەی بەدحاڵیبوون نییە لە هونەر؟ ئایا ئەمە نادیدەگرتنی کارو ماندووبوونی ئەو هونەرمەندانە نییە.

کارەسات هەر "گۆرانیبێژ"ە تازەکان نین، بەڵکو هونەرمەندێکی وەک عەدنان کەریم، لەگەڵ گروپێکی وەک کامکارەکاندا، هەمان کاری کردووە و گۆرانیی خالید رەشیدی بردووە و بە هەمان ئاوازیش وتوویەتییەوە! ئایا بۆ هونەرمەندێکی وەک عەدنان کەریم بردنی گۆرانی ئەوانی دیکە و وتنەوەی تاوان نییە؟

عەدنان کەریم، گۆرانیی "ئەزانی زەریا چەند قووڵە"، کە خالید رەشید ساڵانێکە بەجوانترین شێوە وتوویەتی، دێت و دوای حەوت ساڵ لەگەڵ کامکارەکاندا هەمان گۆرانی لەگەڵ سەبا کامکاردا، بەڵام بەهۆنراوەی عەبدوڵا پەشێوەوە ئەڵێتەوە، لە کاتێکدا مادام خالید ڕەشید بەجوانترین شێوە ئەو گۆرانییەی چڕیوە، هیچ پێویست ناکات عەدنان کەریم و کامکارەکان پێکەوە بیڵێنەوە. ڕاستە هۆنراوەکانیان جودایە، هۆنراوەی گۆرانییەکەی خالید ڕەشید، کە یەکێکە لە جوانترین گۆرانییەکانی ناو گۆرانیی کوردیی و ئەتوانین وەکو شاکارێک وەسفی بکەین، حەمە سەعید حەسەن نووسیویەتی و ئەوەی عەدنان کەریمیش؛ کە لەگەڵ سەبا کامکاردا وتوویەتی عەبدوڵا پەشێو نووسیویەتی، بەڵام گۆرانییەکە هەر هەمان دەربڕینەو هەمان شتە. گەرچی لە بنەڕەتدا ئەم هۆنراوەیە خاوەنە ڕاستەقینەکەی نە حەمە سەعید حسەن‌ە و نە عەبدوڵا پەشێو، بەڵکو هەردووکیان لە گۆرانیی "شایف بحر شو کبیر"ی فەیرۆزەوە وەریان گرتووە و هی خودی خۆیان نییە. بەڵام قسەی من لەسەر گۆرانییەکەیە، کە خالید ڕەشید ساڵانێکە بە جوانترین شێوە وتویەتی و کەسێک نییە سەرسام نەبێ بەم گۆرانییە.

عەدنان کەریم بەمەوە ناوەستێ، دێت گۆرانیی "نیشتیمان "سەرمای گەلێک شارانم دی، بەڵام پەنجەم لەگۆ نەچوون، چونکە سەرمای هەموو جێیە، تیشکی ڕۆژی نیشتیمانی منی تیایە" کە ئەمیشیان هەر هۆنراوەی عەبدوڵا پەشێوەو خالید ڕەشید چەند ساڵێک ساڵ بەر لەئێستا خۆی ئاوازی بۆ داناوە و بە دەنگیکی ناسک و نەرم و لەسەرخۆ، لەگەڵ ئاوازی نەرمی گیتارەکەیدا و تەنها بە تاقە یەک ئالەتی مۆسیقییەوە بە جوانترین شێواز گۆرانییەکەی چڕیوە، کەچی دوای دوو ساڵ عەدنان کەریم گۆرانییەکە ئەبات و بە فێڵێکی هونەری و هەمان میلۆدی ئەیڵێتەوە! ئایا ئەوە زوڵمکردن و سووکایەتیکردن بە هونەر و ماندووبوونی ئەوانی دیکە نییە؟ گۆرانییەک کە هونەرمەندێکی وەکو خالید ڕەشید بە خۆی و تەنها ئالەتێکەوە و بەدەنگێکی ناسک و لەسەرخۆ و پڕلەسۆز، بەجوانترین شێوە وتویەتی، هەرخودی خۆیشی ئاوازی بۆداناوە، عەدنان کەریمیش ئەیبات و بە ئۆرکێسترایەکی زەخم و بودجەیەکی زۆرەوە ئەیڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتاش نەیتوانیوە هێندەی خالید ڕەشید بە ئیحساسەوە گۆرانییەکە بڵێ؛ چونکە تێکستی گۆرانی ئەبێ لەگەڵ خاوەنەکەیدا ژیابێت و گۆرانیبێژەکە هەستەکانی خۆی لەناو وشەکاندا ببینێتەوە. بەڵام عەدنان کەریم بێئەوەی هیچ ڕێزێک بۆ ماندووبوون و هیچ حسابێک بۆ خاوەنی گۆرانییەکە بکات گۆرانییەکە ئەڵێتەوە! ئایا ئەمە ناچێتە خانەی گەندەڵیی و بێ ڕێزیکردن بە هونەرەوە ؟

ئەگەر کامکارەکان ئەو کێوە مەزنەن، بۆچی لەگەڵ عەدنان کەریم دەست بۆ گۆرانییەکانی خالید ڕەشید ئەبەن و پارەیەکی زۆری بۆ تەرخان ئەکەن و ئەیکەن بە گۆرانی؟ ئەگەر گەنجە هەرزەکارەکان، بەهۆی نەشارەزاییان لە هونەر و تێنەگەیشتنیان بۆ هونەر و کاری هونەری، بە نەشارەزایی خۆیان، دێن دەست بۆ کاری هونەرمەندە کەم وێنەکان ئەبەن، ئەدی کامکارەکان و عەدنان کەریم بەچ بیانوویەک ئەمە ئەکەن؟ لە کاتێکدا خالید ڕەشید لە ژیاندا ماوە ئاوا دەست بۆ کارەکانی ئەبەن. ئەمە پەڵەیەکی ڕەشە بە مێژووی کاری کامکارەکان و عەدنان کەریمەوە، لە کاتیکدا گۆرانی موڵکی هونەرمەندەکە خۆیەتی، عەدنان کەریم بە چ نیازێک ئەم کارەی کردووە؟ ئایا بۆ هونەرمەندێکی وەکو عەدنان کەریم، نەنگیی نییە تا ئەم ساتە وەختەو و دوای چەندین ساڵ لە کاری هونەری و دوای وتنەوەی زۆربەی گۆرانییە کۆنەکان، تا ئەم چرکە ساتەش دیت گۆرانی خەڵکانی دیکە ئەبات و ئەیڵێتەوە؟ ئەگەر گەنجەکان بە بیانووی ئەوەی سەرەتای هاتنە ناوەوەیانە بۆ کاری هونەری و بەو بیانووە گۆرانیی کەسانی دیکە ئەڵێنەوە، ئەگەرچی بیانوویەکی ناڕەوایە، بەڵام ئەی کامکارەکان و عەدنان کەریم چی؟ ئایا ئەوانیش هێشتا لە سەرەتا دان؟ ئەگەر عەدنان کەریم گۆرانییەکە ئەبات، ئەدی کامکارەکان بۆ هەمان ئاواز بەکار ئەهێننەوە؟ ئەگەر گەنجەکان ڕێز لە ماندووبوونی هونەرمەندەکان ناگرن، ئەدی عەدنان کەریم و کامکارەکان چی؟ ئایا ئەمانیش ڕێز لە هونەر ناگرن؟ عەدنان کەریم و کامکارەکان، بەم کارەیان هەرزەکارەکان فێری ئەوە ئەکەن لەسەر هەوڵ و ماندبوونی کەسانی دیکە بژین، کە کامکارەکان و عەدنان کەریم دەست بۆ کاری هونەرمەندەکانی دیکە بەرن ئیدی گەنجە تازەکان چۆن دەست بۆ کاری هونەرمەندەکانی دیکە نابەن و نایشێوێنن. ئایا عەدنان کەریم و کامکارەکان هێشتا فێرنەبوون کە هونەر بریتییە لە خولقاندن و هێنانە دونیای شتی نوێ، نەک چێکردنی کۆشک و تەلار لەسەر سەربانی ئەوانی دیکە.

عەدنان کەریم و کامکارەکان، با دوو ناوی دیار و گەورەش بن، بەڵام ناهەقی و گەندەڵی لەهەرجێگایەکدا بێ ئەبێ قسەی لەسەر بکەین، گەندەڵی هەرکەس ئەنجامی بدات و لەهەر بوارێکدا بێ هەر گەندەڵییە، بەڵکو گەندەڵییەکە گەورەتر ئەبێ، کاتێک کەسانی دیار بەم گەندەڵییانە هەستن. وەکچۆن خالید ڕەشید خۆی بە ماندووبوون و شەونخوونیی خۆی و بێ ئەوەی هاوکاری بکرێ، خۆی کارەکانی خۆی ئەنجام ئەدات، بریا عەدنان کەریم و کامکارەکانیش بەو هەموو پارەیەی بۆیان هەڵڕژاوە، پشتیان بەخودی خۆیان ئەبەست، نەک بێن لەسەر هەوڵ و ماندووبوونی ئەوانی دیکە کارەکانیان بکەن. ئەگەر ڕەوا عەبدول بەوەی کە گۆرانی ئەم و ئەو ئەڵێتەوە و چووەتە سەر سفرەی حازری، لە پەیامی هونەر تێناگات و گۆرانی ئەوانی دیکە ئەڵێتەوە، ئەدی عەدنان کەریم چی؟ ئەگەر شەهریار حەسەن لەخۆیەوە دەست بۆ گۆرانی "بەرزە کۆیلێ" ی عەباسی کەمەندی و گۆرانیی "شەو"ی کەریم کابان ئەبات، ئەدی عەدنان کەریم وکامکارەکان چی؟ بەراست ئەمانیش هێشتا لەسەر ماندبوونی ئەوانی دیکە ئەژین و خۆیان توانیای خولقاندنیان نییە؟

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

١ – چارلی چاپلین؛ نامەیەک بۆ جیراڵدین

٢ – چاوپێکەوتنێک لەگەڵ عەباسی کەمەندی. کەناڵی کوردسات.

٣ - کاتی خۆی ناسری ره‌زازی گۆرانیی "ئای چه‌نده‌م خۆش ئه‌وێ"ی هونەرمەند عه‌لی مه‌ردان‌ی ووته‌وه‌ و به‌و گۆرانییه‌ش زۆر ناسرا، عه‌لی مه‌ردان له‌ چاوپێکه‌وتنیکدا لە تەلەفیزیۆنی بەغدادەوە ووتبوی: من خۆم هێشتا له ‌ژیاندام، بۆ به‌بێ پرسی من گۆرانی من ئەڵینه‌وه‌؟

  

Related Articles