سێوی میخەکرێژ پێشکەش بە ئێزیدییەکان دەکرێت

لە پرۆژەیەکی نوێی هونەرمەند سەیوان سەعیدیان سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان سێوی میخەکڕیژ پێشکەش بە ئێزیدییەکان دەکەن.

سەیوان سەعیدیان بۆ " " روونی کردەوە کە مەبەستی لەم پرۆژەیە ئەوەیە بە هەموو جیهان بڵێت لە کوردستان ئاشتی و پێکەوە ژیان هەیە و لە ژێرسایەی خاکێکی هاوبەش کە ناوی کوردستانە گیرساونەتەوە.

پرۆژەکە رۆژی چوارشەممە ٣ی ئەیلول سەعات ٥ تا ٦:٣٠ خولەکی ئێوارە لە بەردەم بینای UN لە شەقامی سەد مەتری بەڕێوە دەچێت کە تێیدا نوێنەری هەموو نەتەوە و ئایینەکان سێوێک مێخەکڕێژ دەکەن و پێشکەشی بەیەکتری دەکەن و پاشان سەرجەم سێوەکان پێشکەش بە ئێزیدییەکان دەکرێن.

ئەو گوتیشی رۆژهەڵاتی نێوەراست کەوتۆتە ناو دۆخێک کە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بەگژ یەکدا دەچن و بۆیەش ویستوویەتی لەم رێگایەوە پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان بڵاو بکاتەوە.

سەعیدیان جەختی کردەوە کە نوێنەر و کەسایەتی ناوداری سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بۆ پرۆژەکە بانگهێشت کراون.

پرۆژەکە لە ژێر ناوی "کوردستان بۆ هەموو رەنگێک"ە و لە پێناو ئاشتەوایی نەتەوەیی و ئایینی دەخرێتە روو.

ئەم پرۆژەیە بە سپۆنسەری کۆمپانیای Vinsev و بە هاوکاری وەزارەتی روشنبیری ولاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

گرووپی سێوی میخەکرێژ بە سەرپەرەشتی سەیوان سەعیدیان ماوەی ١١ ساڵە کار بۆ بەجیهانیکردنی بەرهەمی سێوی میخەکرێژ دەکەن کە وەکوو یەکەم دیاریی خۆماڵیی کوردی لە دەستەی باڵای گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.

سێوی میخەکرێژ ئەو سێوەیە کە لەکۆندا و لە بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەی کوردستان بە میخەک رازێندراوەتەوە و لەلایەن کچان و کوڕانی عاشق بەمەبەستی دەربڕینی خۆشەویستی پێشکەش کراوە بەڵام خەریک بوو ئەو کلتورە لەناودەچوو.

دوای ئەوەی ئەم کلتورە لەلایەن سەعیدیان زیندوو دەکرێتەوە ئێستا بەشێوەیەکی پێشکەوتوو و لە ناو کارتۆنێکی تایبەتدا دیزاین کراوە و لە مارکێت و مۆڵەکان وەکوو یەکەم دیاریی خۆماڵی کوردی دەفرۆشرێت و جگە لەمە لە چەندین بۆنە و پرۆژەی جیاوازی فەرهەنگی و هونەری و لەپێناو گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی و پێکەوە ژیان سود لەم سێوە وەرگیراوە.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles