سەبارەت بە قەیرانە ئابوورییەکان، پەرتووکە پیرۆزکراوەکان چیمان پێدەڵێن؟ ... زاهیر باهیر-لەندەن

 

 

 

وابەستەیی ئێمە بە وتەو بڕگەی نوسراو و کتێبە پیرۆزکراوەکان، مێشکداخراوی ودەستەپاچەیی ئێمە لە بەرامبەر تاقیکردنەوە و ڕووداوەکان، پشتبەستن و پاشکۆبوونی ئێمە بە سەرکردە و ڕابەران، بەبیریار و تیورزانان، گیرۆدەییمان بە ئایدۆلۆجی و ئایدۆلۆجیستەکان...هەموو ئەمانە وامان لێدەکات کە خوێندنەوەیەکی کەتواریمان بۆ ڕووداوەکان نەبێت.

باشترین نموونە قەیرانە ئابوورییەکانە کە بە بەردەوامی و بەخێرایی یەخەمان دەگرن.تا ئێستا ئەوەی دەیزانین و پێمانڕاگەیەنراوە سەبارەت بەم زنجیرە قەیرانانە ، دوو شتە: یەکەمیان : قەیرانەکان قەیرانی چینی بورجوازییە، قەیرانی کاپیتاڵیزم و سەرمایەدارییە.دووهەمیش: هەتا کاپیتاڵیزم بەهێزتر بێت و مەوجی زیاتر بداتەوە، ماوەی نێوانی قەیرانەکان ( قەیرانی ئابووری) کورتتر دەبنەوە و کاپیتاڵیزم لاوازتر دەبێت و شۆڕشیش نزیکتر دەبێتەوە.لەسەر بنچینەی ئەم دوو خاڵەش تیوری " سەرمایەداری گۆڕهەڵکەنی خۆیەتی" دروستبووە، یا ڕاستتر لای ئێمە ئەو چارەنووسە زیاتر چەسپاوە.

گەر هەر زۆر بەکورتی مانای ئەو دەستەواژەیە لێکبدەمەوە، دەڵێم ، کەواتە با لێگەڕێین با سەرمایەداری زیاتر مەوج بداتەوە، با زیاتر بمانڕەتێنێت و بمانچەوسێنێتەوە، با زیاتر زکی خۆی تێرکات و یە‌‌‌ق بداتەوە....ئاخر بێ خەباتی خەڵکی و بەرەنگارییبوونەوەی و جەنگکردن دژی خۆی و سیستەمەکەی ، واتە ڕەتکردنەوەی ڕۆڵی تێکۆشانی خەڵکی ، گەر ئەمە خزمەتێکی گەورە بە کاپیتاڵیزم و سیستەمەکەی نەکات ، دەبێت چی دیکە بێت؟!!

گەر تا ئێستاش باوەڕمان بەوە بێت کە بەشەرییەت بە چوار قۆناغی مێژوییدا "کۆمەڵی کومونەی سەرەتایی، کۆیلایەتی، دەرەبەگایەتی، سەرمایەداری" تێپەڕیوە و دەبێت چاوەڕوان بکەین کە ئەم قۆناغەش تەکامولی تەواوی خۆی بکات ئیدی کاتی کۆمەڵی سوشیالیست/ئەنارکییەت دێت، گەر ئەمەش دیسانەوە خزمەتێکی گەورەی دیکەی سەرمایەداری و سیستەمەکەی نەبێت، لە دۆزینەوەی بیانوی وەکو " گەشەسەندنی ناسەرمایەدای" و " قۆناغی دیمۆکراتی گەلی" و " قۆناغی دیمۆکراتی نیشتمانی" و "قۆناغی تەواوکردنی شۆڕشی بورجوازی " و چەند قۆناغ و ناو و ناوەرۆکی دیکەی لەم توڕەهاتانە، کە تەنها بۆ سستکردن و لێدانی بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵکانی ژێردەستە و چەوساوە نەبێت، ئەی دەبێت چی دیکە بێت؟!!

با واز لە بڕگەی ناو پەرتووکەکان و گێرانەوەی قسەی بیریاران و تیورزانان و سەرکردە و ڕابەران بهێنین، تەنها ساتێکی کەم وەکو کەسێکی ناسیاسی ، نەخوێنەوار، یاخود خوێندەوار و خوێنەری کتێبەکان، بەڵام بە مێشکێکی فراوانەوە، بیربکەینەوە و بزانیین حەقیقەت و ڕووداوە کەتوارییەکان ، چییان نیشانداوین و چییان فێرکردوین .

من لێرەدا ناڵێم بیریاران یا دانەرانی ئەو سێ خاڵەی سەرەوە هەڵەن یا هەڵە بوون، چونکە من وەکو کوڕانی سەردەمی خۆیان دەیانبینم و دیسانەوەش ئەو دەستەواژانەیان لەسەر بناغەی لێکدانەوە و شیکردنەوەی ئابووری یا قۆناغی سەرمایەداری ئەو سەردەمە، چەرخی نۆزدەو نیوەی یەکەمی چەرخی بیستەم، داڕشتووە.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت مەرچ نییە ئەوەی کە ئەوان گوتوویانە لەو سەردەمەی خۆیاندا بۆ ئێستا و سەردەم ڕاست بێت ، یاخود ئەو سەرەنجامەشی کە هەندێك لە ئێمە لە ئێستادا پێیگەیشتوین بۆ سەردەمی ئایندە،یا داهاتوو، دروستبێت.بەڵام ئەوەی کە کەتوار و ژیان ئێستا پێماندەڵێت شتێکی دیکەیە کە گەر من بە کورتی بیخەمە ڕوو تەنها دەڵێم : یەکەم : قەیرانەکان زیاتر قەیرانی کرێکاران و هەرە زۆرینەکەی دیکەمانە، نەك قەیرانی بورجوازی و سیستەمی سەرمایەداری.ڕاستە لە کاتی ڕوودانی ئەو قەیرانانەدا چەند کۆمپانیایەک لێرەو لەوێ ، نابووتدەبن، ڕاستە چەند بەڕێوەبەرێکی چەند بانق و کۆمپانیایەك دەست لەکار دەکێشنەوە و باجەکەی دەدەن، ڕاستە چەند کەسانێکی سیاسی و شالیار و سەرەکشالێران و سەرۆکی دەوڵەتان ، پۆزش دەهێننەوە و ئاخ و سۆزی خۆیان بۆ کوڕگەل و کچگەلی نەتەوە و وڵات دەردەبڕن...بەڵام پاش ماوەیەکەك هەموو ئەم شتانە ئاسایی دەبێتەوەو سەرمایەداری هەڵدەسێتەوە و لە جاری جاران پتر بەهێز دەبێتەوە، ئەوەشی کە باجە سەرەکییەکەی دەدات تەنها لە سەدا ٩٩ یەکەمانە.

دووهەم: کورتبوونەوەی زەمەنی نێوانی قەیرانەکان، شتێکی دیکە نییە جگە لە خۆگونجاندن و مناوەرە کردنی سیستەمەکە لەگەڵ واقیعی پێشەوەچوونی بەپەلەی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و ڕکەبەرێی نێوانی کۆمپانیا گەورەکان بۆ دەستکەوتنی قازانجی زیاتر، ململانێی نێوانی بانکەکان و دەزگە داراییەکانی دیکە بۆ پاوانکردنی وڵاتان و چۆکدادانی حکومەتەکانیان بە گوێرەی سەپاندنی هەلومەرجێك کە خۆیان دەیانەوێت لە ڕوتانەوەی خەڵکانی ولاتەکانیاندا.

بەڕای من ئەم قەیرانانە دەستکرد و پلانی چینی باڵا و سیستەمەکەیەتی، کە پێشوەخت هەست بە مەترسی بزووتنەوەی خەڵکی دەکەن لە بەرامبەر ئەو نەهامەتییەی کە بەسەریاندا هێناون، کە ژیانیان ساڵ بەساڵ گرانتر و زەحمەتتر دەبێت.

بێ گومان خولقاندنی ئەم قەیرانانە نەك هەر تەتەڵەوبێژێکی حساباتی ناو خودی توێژاڵی دەستەبژێری پارەدارو ساماندار دەکات ، بەڵکو بزوتنەوەی کرێکارانیش ، خەڵکیش لە نووزە دەبڕێت و هەموو ئەو دەستکەوتنانەی کە لە دەیەکانی پێشتردا بەدەستیانهێناوە لێیان دەسێنرێتەوە، کرێکارێکی زۆر بێ کار دەبن، هەلومەجێکی گرانتری سەر کار دەسەپێنرێت، بیمەکان یا بەشێکیان دەبڕێن، یاخود کەمدەکرێنەوە، خزمەتگوزارییەکان لە کەمبوونەوە و داخستندا دەبن، هەلێکی باشدەکەوێتە دەستی حکومەتەکان کە نوێنەایەتی توێژاڵی دەسەبژێردەکەن تاکو کەرتە حکومەتییەکان بفرۆشن و بیانکەن بە کەرتی تایبەتی، خوێندنی قوتابخانەکان و زانکۆکان و چارەسەرکردن لە خەستەخانەکاندا، دەبنە پارە، بیانوویەکی باشدەبێت بۆ کەمکردنەوەی باجی کۆمپانیاو داهاتی دەوڵەمەندەکان ( ئەمە لە بریتانیادا بەردەوامە) هاوکات زیادکردنی باج لەسەر مووچەی کرێکاران و کارمەندان، هەموو ئەمانە بە پاساوی ئەوەی تاکو دەوڵەمەندەکان پارەکانیان بخەنەگەڕ و ئابووری ببوژێتەوە ( لە لای ئەوان پارە و سامان کۆمەڵ و ژیان دروستدەکات، نەك پێچەوانەکەی و هێزی کار).بە بیانوی نوقسانی پارەیمیزانییە، یاخود "قەرزی نەتەوەیی" لە سنوری خۆی تێپەڕیوە و دەبێت بدرێتەوە،بڕی باجیش لەسەر ئەوانی دیکەمان بەرزدەکەنەوە.دیسانەوە ئەم قەیرانە پاساوێکی چاکە بۆ کەمکردنەوەی بوجەی شارەوانییەکان تاکو ئەوانیش ئەم کەمهێنانی پارەیە لە دانیشتوان و کرێکاران و کارمەندانی شارەوانییەکان و کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و داخستنیان، ساغبکەنەوە،زۆری دیکەش لەمانە .باشە هەموو ئەمانە لێدانە لە سەرمایەداری یاخود لە ئێمە؟!!

گەر تەماشایەکی بزوتنەوەی کرێکاران لەم ساڵانەدا ، بە بەراورد بە ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوو، بکەین کە لە کاتێکدا کە ئێستا سەرمایەداری بەرەوپێشەوەچونێکی یەکجار گەورەی بەخۆیەوە بینییەوە لە بەرامبەر ئەو ساڵانەی چەرخی ڕابوردوودا، وە قەیرانەکانیش زوو زوو دووبارە دەبنەوە، ئایا ئێستا بزوتنەوەی کرێکاران و نقابەکانیان بەهێزترە یا ئەو سەردەمە؟ مافەکانیان ئەو کاتە زۆرتر بوو یا ئێستا؟ هەلومەرجەکانی سەر کاریان ئێستا سەختترە یا ئەو سەردەمە؟ ژمارەی بەتاڵە و کەلێنی نێوانی دەوڵەمەند و هەژاران و بڕی مووچەی فیعلی ئێستایان، زیاترە یا ئەو کاتە؟ ژمارەی خەڵکانی بێ خانووبەرە ئێستا زیاترە یا ئەو سەردەمە؟ ژیان بەگشتی ئێستا زەحمەتترە یا ئەو کاتە؟ بڕی داهاتی نەتەوەیی لە ئێستادا زیاتر و گەورەترە یاخود ئەو سەردەمە؟؟؟؟

ئەمانە پرسیارگەلێكی بێ کۆتایین، کە گەر بە گوێرەی کتێبە پیرۆزکراوەکان و دەم و قسەی بیریاران و ڕابەران، بووایە ، دەبوایە پێچەوانەی وەڵامەکانی ئەو پرسیارگەلەی سەرەوەمان دەستبکەوتایە، دەبوایە ئێمە ئێستا لەبەر دەرگەی بەهەشتی کۆمەڵی سۆشیالیستی/ئەنارکیریزمانبگرتایە.

ئەوەی کە واقیع پێماندەڵێت ، ئەوەیە کە سەرمایەداری گەر لێیبگەڕێین ، بۆ هەمیشە لە توانایدا هەیە کە قەیران بخولقێنێت و بە سەلامەتی و گوڕوتینێکی زیاتریشەوە لێشی درەبازبببێت، دەتوانێت چارەسەری کێشەکانی ناو خودی بازاڕ لە مەوجدانەوەی کاڵاکانی و کێشەی سەر کار و کێبڕکێی نێوانی بەشەکانی نێو خۆیی و زیاترکردنی بڕی قازانجیشی، بکات.

ئەوەی کە دەبێتە دینەمۆی مێژویی لە گٶرێنی کۆمەڵی سەردەم و هەڵوەشاندنەوەی هۆیەکان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و رێکخستنەوەی کۆمەڵ لە شێوەی بە کۆمەڵایەتیکردنی هەموو شتێکدا لە هەموو بوارەکاندا، بزوتنەوەی سەرجەمی لە سەدا ٩٩ کەمانە، بەگژاچوونەوە و جەنگکردنە (دیارە مەبەستم جەنگی چەك نییە) دژی سیستەمەکە، یاخیبوونە لە هزر و ئایدیاو کولتور و شێوەی باوی ژیانی ئێستا، دەنا هەتا مێژو بگەڕێت و و ژیان بمێنێت، سەرمایەداری هەر ئەمێنێت بێ ئەوەی "گۆڕی خۆی هەڵکەنێت"، قەیرانەکان بەزوویی یان درەنگی دێن و دەچن، بێ ئەوەی کۆتی زنجیری زنجیرە قەیرانەکان بشکێت و بە قازانجی ئێمە بگەڕیتەوە.

٠٢/٠٨/٢٠١٤                 

 

 

 

 

Related Articles