نا . . نا . . جەنابی سەرۆک بارزانی، وانییە. . !! شێرزاد فاتح

ڕۆژی ٢ی ئازار نێچیرڤان بارزانی لە میانەی ووتەیەکی دا لە مەراسیمی کردنەوەی شاری جوان لە شاری سلێمانی ووتی "هەر گەنجێکی کوردستان خوێندن تەواو دەکات یەکسەر دەیەوێت حکومەت دایبمەزرێنێت . . . هتد"، ئەمەشی بەوە ناوبرد کە کێشەیەکی گەورەیەو بەم هۆیەشەوە کوردستان توشی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە.

منیش دەمەوێت بەسەرۆک بڵێم نەخێر وانییە، بەڵکو جەنابی سەرۆک دەیەوێت شانی خۆی لەوە خاڵی بکاتەوە کە ئەرکی ئەوو حکومەتەکەیەتی کە یان کار بۆ بێکاران پەیدا بکەن، یان ئەوەتا بیمەی بێکارییان بۆ دابین بکەن، سەرۆک دەیەوێت خۆڵ بکاتە چاوی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان هەروەها دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و کۆمەڵگا وا تێبگەیەنێت کە ئەوە ئەرکی خۆتانە بڕۆن کار بۆخۆتان پەیدا بکەن نەک دەسەڵاتەکەی بارزانی، یان ئەم بارە بدات بەسەر کەرتی تایبەت و سەرمایەدارانی کوردستاندا کە سەرمایەکانیان بەگڕ بخەن و کار بۆ بێکاران پەیدا بکەن.

من نازانم سەرۆک چۆن ڕووگیر نابێت کاتێک بە لاوانی کوردستان، لەشکری بێکاران و دەرچوان دەڵێت ئێوە چاوەڕێن ئێمە کارتان بۆ پەیدا بکەین! وە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەوە بە لاوانی کوردستان بڵێت کە بێکاری لاوان لە کۆمەڵگادا کێشەی ئەوان نییە! پێیان بڵێت کە ئێمە بەرپرس نین لە بێکاری و نەبوونی و کوێرەوەرییەکانی ژیانی ئێوە لەکوردستان! ئاشکرایە کە لە کوردستان دەسەڵاتێک هەیە، سەرباری ئەوەی ئەم دەسەڵاتە چییەو شێوازی حوکومڕانیان چۆنە و لەسەر چ بنەمایەک پێک هاتووەو دێت. سەرباری ئەمانە دەسەڵاتێک هەیە کە سەروەت و سامانی بێشوماری کوردستان دەچێتە گیرفانەکانیانەوە کە زیاتر لە ٢٢ ساڵە هەر تێێ دەکەن و پڕ نابێت، ئەوان دەیانەوێت کوردستان بکەن بە دوبەی، بەڵام بۆ لاوانی بێکار خێرەکەی هەر ئەوەیە کە بە گیرفانی خاڵییەوە تەنها چاو لە باڵەخانە جوانەکانیان بکەن. نەوتی کوردستان و کانەکان بۆ گیرفانی دەسەڵاتەکەی بارزانی و هاوپەیمانەکانییەتی و دوکەڵ و پیسییەکەشی بۆ خەڵکی کوردستان!

  بارزانی و دەسەڵاتەکەی وا پێناسەی خۆیان دەکەن، کە دەسەڵاتێکی دیموکراتیک، ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازیان هەیەو مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا پێشێل ناکرێت و داواکانیان لەبەرچاو دەگیرێت. دەسەڵاتیک کە بەم شێوەیە خۆی بناسێنێ، ڕوویەکی قایمی دەوێت بۆ سەرۆکەکەی بە ئاشکراو لەسەر شاشەی تەلەفیزێۆنەکانەوە کێشەی لاوانی دەرچووی بێکار بە کێشەی خۆی نەزانێت، پێیان بڵێت چاوەڕوانی ئێمە مەبن کارتان بۆ بدۆزینەوە! کاتێک دەسەڵات بەم شێوەیە وەڵامی داخوازییەکانی لاوان و خەڵی کوردستان بداتەوە، دەبێت ئەوەش بۆ خەڵکی کوردستان ڕوونبکەنەوە کە چی لە سەروەت و سامانی کوردستان دەکەن، داهاتی نەوت بۆ کوێ دەڕوات، بەچی دەدەن و چۆن و بۆچی خەرجی دەکەن؟

ئەرکی حکومەتەکەی بارزانیە کە کار بۆ بێکاران بدۆزێتەوە، کاتێک کار نییە بیمەی بێکارییان پێبدەن بۆ ئەوەی بتوانن لە لانی کەمی ریفاهیەتەکانی ژیان بەهرەمەند بن. سەرۆک و دامودەزگاکانی دەسەڵاتەکەی ئەرکیانە کە خولی ڕاهێنان، فێرکردنی لاوان بۆ ئەو بوارە تازەو گونجاوانەی کار کە پێویستن بۆ ئەوەی لاوان کاریان دەستکەوێت، بە بەخۆڕایی و بێبەرامبەر دابین بکات. سەرۆک ئەرکێتی کە بوار بڕەخسێنێت بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی پێویست بۆ لاوان، لە کاتێکدا ئەگەر ئەو بڕوانامانەی خۆیان نابێتە هۆی بەدەستهێنانی کار.

بۆیە لەگشتدا سەرۆک و دەسەڵاتەکەی لە ژیانی مرۆڤەکانی کۆمەڵگا بەرپرسن، سەرۆک ئەرکێتی ژیانیان بۆ دابین بکات، ئارامی و ئەمنییەتی خەڵکەکەی بپارێزێت، ناتوانێت بە پێی هیچ یاسایەک خۆی لە کێشەی بێکاری لاوان بدزێتەوەو کۆڵەکە بات بە کۆڵی لایەنێکی تری دا. بۆیە لاوانی بێکاری کوردستان پێویستان بەوەیە کە ڕیزەکانی خۆیان یەکبخەن و یەخەی دەسەڵاتەکەی بارزانی بگرن کە یان کاریان بۆ پەیدا بکات، یان بیمەی بێکارییان بۆ دابین بکەن.  

٢ ئازار ٢٠١٤

 

تێبینی: وێنە، سایتی ئاوێنە.