گەلۆ ئەرێ سەیر نییە و ناکرێت بڵێین (جیاوازە)؟؟ ...عومەر فارس عەزیز

 

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە چەند تفەنگێکی ژەنگاوییەوە، دوای هەرەس هێنانی شۆڕشی ئەیلوول، هاتەوە مەیدان و شۆرشی دەستپیکردەوە.

لەساڵی ١٩٧٦ وە تاکو ئیستا، دەیانجار توشی شکست و هەڵسانەوە بووە و هەزاران شەهیدی لەڕێگەی ڕزگاری نیشتماندا بەخشیوە.هەزاران کادر و گەنجی لەسەر نەهجی حیزبی پەروەردە کردووە خستویەتییە خزمەت گەل و نیشتمان.لە دروستکردنی بەرەی کوردستانی دەوری باڵای هەبووە و لەراپەڕینە مەزنەکەی١٩٩١ دا پێشەنگ بووە و دەوری هەڵگیرسانی ڕاپەڕینی بینیوە.لە دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتدا بەشدار بووە.
ئەم پەرەگرافەی نووسیومە، ڕاستییەکی مێژووییە و ئینکاری لێناکرێت، من وەک خۆم لە هەموو ژیانمدا بۆ یەک دەقیقەش یەکێتی نەبووم و ناشبم، نەک هەر یەکێتی هەرگیز ئەندامی هیچ حیزبێکی کوردی نەبووم، لێ وەک کەسێکی نەتەوەیی، هەمیسە هەڵوێستی خۆم هەبووە و نەتەوەییانە هەڵسوکەوتم کردووە.
ئەوەی نیگەرانی کردم بۆ نووسینی ئەم چەند دێڕە ئەویە خانمێکی هەڵتۆقیو لەناو یەکێتیدا بەپشتیوانی خوشکەکەی کە هاوسەری سکرتیری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە بێ ئەوەی حساب و بۆ ئەو هەموو شەهید و تێکۆسەر و خەباتگێڕانەی ئێستا بگرێت، وەک قومقومۆکە قوت بۆتەوە ولەجیاتی ئەو هەموو سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی و جێگررانی سکرتێری گشتی هاتۆتە جواب و لەمەسەلە نەتەوەییەکان و چارەنووس سازەکاندا نەفامانە لیدوان دەدات و بەئارەزووی خۆی پۆستەباڵاکانی کە ئیستحقاقی ئەو حیزبەن تەخشان و پەخشان دەکات.
ئەوەی جێگەت سەرسوڕمانیشمە لە کۆی ئەم هەموو کەڵە پیاوە ژنەخەباتگێڕانەی یەکێتی کەسێک نەهاتە وەڵام و بڵی دەمت داخە و لەئاست بەرپرسیارییەکانی خۆت لێدوان بدە.
من ئەگەر یەکێتی بوومایە شەرمم لەخۆم دەکرد وەک ئەندام لە حیزبێکدا بمامایەتەوە، کە بێسەروبەرەیی و باڵ باڵێنە و بنەماڵەچێتی دەستی بەسەرا گرتووە، ئەگەر بنەماڵی چێتی نەبێ دەکرێ کادێرێک لە ئاستی خوارەوەدا ئەمەچییە خزمی سەپانی ماڵی ئاغایە ئاوها وەک دەم ڕاست و وتەبێژی حیزب لێدووان بدات و سوکایەتی بە جێگری سکرتێری گشتی حزبەکەی بکات و کوردایەتی پێ بفرۆشێتەوە.بەڕاستی جیاوازە.

 

 

 

Related Articles