رونکردنەوەیەک لە نووسینگەی رۆژنامەگەریی لاهور شێخ جەنگی

 ئایا بەناو گوتەبێژەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاگادارە؟

1. دوێنی، (8-9-2014)، هەندێک لە سایتە سێبەرەکان، بەناوی گوتەبێژێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە، رونکردنەوەیەکیان لەسەر دیمانەیەکی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا بڵاوکردۆتەوە. ئەمڕۆش 9-9-2014 ئەو هەواڵە خرایە سەر لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەی خەباتی ئۆرگانی رەسمی پارتی دیموکراتی کوردستان و تیایدا ئەوە بەرجەستەکراوە کە: "وەزارەتی پێشمەرگە تاکە لایەنی بەرپرسە بۆ سەرپەرشتی دابەشکردنی چەک.

 2. ئەم لێدوانەی بەناو گوتەبێژەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە نەک تەنها لەبەر ئەوەی کە ئەنجومەنی ئاسایش، پێشتر بەڕێز لاهور شێج جەنگی لە رایەکی لەوجۆرە ئاگادار نەکردۆتەوە، کە بەڕێزیان یەکێکە لە پێنج ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، و نەک تەنها لەبەر ئەوەش کە وەڵامەکە سەرەتا لە سایتی سێبەر دانراوە، لەبەر ئەوەش نا کە گوتەبێژەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، بێ گوێگرتن لە دەقی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، رایەکی نابەجێی داوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەراست گوتەبێژی هەبێت، ئەوا پێویستە ئەو گوتەبێژە زانیاریی هەبێت سەبارەت بە بوونی دامەزراوەیەکی رەسمیی بەناوی (ئاژانسی پاراستن و زانیاریی هەرێمی کوردستان) کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە.

 3. لە رونکردنەوەی گوتەبێژەکەدا هاتوە "بەڕێز لاهور تاڵەبانی بەرپرسی زانیاری، کە بە هەڵە بە بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری ناوی هاتوە، له‌ دوالێدوانیدا بۆ رادیۆی ده‌نگی ئه‌مەریکا چه‌ند ئاماژه‌یه‌کی له‌باره‌ی پرۆسه‌ی پڕچه‌ککردنی پێشمه‌رگه‌ خستووەته ‌ڕوو". ئەم نوسینە دەریدەخات کە گوتەبێژەکە بێ ئاگایە لەوەی کە (ئاژانسی پاراستن و زانیاری)، ئاژانسێکی رەسمیی هەرێمە و بە فەرمانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز لاهور شێخ جەنگی (بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری) و بەڕێز نەزهەت حالی (بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری - پاراستن)ی هەرێمی کوردستانە. ئەم ئاژانسە بەپێی بڕیاری دەسەڵاتی یاسادانان و کارگێڕیی هەرێمی کوردستان، بۆتە جێگرەوەی هەردوو دەزگا و ئاژانسی زانیاری و پاراستن. بۆیە کاتێک بەناو گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایش لەم راستییە خۆی نەبان دەکات، پرسیار لەسەر مەرامی رونکردەوەیەکی لەمجۆرە زیاتر دەبێت.

 4. گوتەبێژەکە نوسیویەتی " لاهور تاڵەبانی لە دوا لێدوانی بۆ رادیۆی دەنگی ئەمەریکا چەند ئاماژەیەکی لەبارەی پرۆسەی پڕچەککردنی پێشمەرگە خستۆتەڕوو کە لێدوانەکەی هیچ پەیوەندی بە پۆستەکەی ئەوەوە نییە". بەڵام پێچەوانەی ئەم قسەیە راستە. ئەگەر ئەم بۆچونەی گوتەبێژەکە راست بوایە، ئەوا پێویست بوو هیچ بەرپرسێکی ئەنجومەنی ئاسایش باسی لە مەسەلەی پڕچەککردنی پێشمەرگە نەکردایە و وەزیری پێشمەرگەش بەر لە گوتەبێژەکەی ئەنجومەنی ئاسایش رونکردنەوەی بدایە. بەڵام گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایش بەر لە وەزیری پێشمەرگە رونکردنەوەی داوە و باسی مەسەلەی پڕچەککردن دەکات، کە ئەمە دەیسەلمێنێت باسکردن لە مەسەلەی پڕچەککردنی پێشمەرگە، بەتایبەت لە شەڕی دژ بە تیرۆردا بەشێکە لە ئەرکەکانی پرۆسەی هەواڵگری و پێشتریش بەڕێز راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پێویستیی پڕچەککردنی پێشمەرگە، چەندین لێدوانی رۆژنامەوانیی داوە. بەکردەوەش ئاژانسی پاراستن و زانیاری و ئەنجومەنی ئاسایش، رۆڵی گرنگیان گێڕاوە لە خستنەڕووی زانیاریی هەواڵگری دەربارەی دۆخی جەبهەکان و پێویستییەکانی پێشمەرگە بۆ لایەنە پەیوەندارەکان تابێنە سەرخت و هاوکاریی ئاسایش و پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بکەن. بەکردەوەش بەڕێز بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری، کەمتەرخەمی نەکردوە لە پاراستنی ئارامیی هەرێمی کوردستاندا.

5. گوتەبێژەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، لە رونکردنەوەکەیدا نوسیویەتی "لاهور شێخ جەنگی ئاماژە بەوە دەکات کە لە دابەشکردنی چەک دا ناعەدالەتی هەیە". جێگەی پرسیارە کە ئایا ئەم بەناو گوتەبێژە دیمانەکەی گوێلێگرتوە یان تەنها بە پشتبەستن بە را پێشوەختەکانی خۆی، (کە لە کاری هەواڵگریدا رای پێشوختە بە کوشندەترین دوژمن دادەنرێت)، تەفسیری بۆ لێدوانەکەی بەڕێز کاک لاهور کردوە.

لەو دیمانەیەدا کە لە بەرواری (3-9-2014) لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە و دەنگەکە تۆمار کراوە، هاتوە: " پێشکەشکار دەپرسێت: هەواڵی جۆراوجۆر دەبیسرێت سەبارەت بە دابەشکردنی چەک، هەندێک دەڵێن دابەشکردنەکە زۆر نادادپەروەرانەیە و هەندێک دەڵێن هەر چەکمان پێنەگەیشتوە و هەندێک دەلێن گەیشتوه‌، بەڵام دابەشنەکراوە، کامیان راستە؟"وەڵامەکە بەم جۆرەیە:"دەتوانم بڵێم لە بیدایەتدا دادپەروەرانە نەبوە و خەلەلێک هەبووە، لەئێستادا ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین ئەو خەلەلە نەمێنێت و وەزارەتی پێشمەرگە یاخود وەزیری پێشمەرگە بەرپرسیاربێت لە وەرگرتن و دابەشکردنی ئەم چەکانە بێ دەستێوەردانی" هیچ حزب و لایەنێک. ئەمە بەو مانایەیە کە بەڕێز بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری زانیاری، بەهیچ جۆرێک باسی کاتی ئێستای نەکردوە و زۆر پێشتر لە گوتەبێژەکەی ئەنجومەن، باسی لەوە کردوە کە "وەزارەتی پێشمەرگە تاکە لایەنی بەرپرسە بۆ سەرپەرشتی دابەشکردنی چەک". سەرباری ئەمانەش، بەڕێز لاهور شێخ جەنگی لە دیمانەکەیدا رایدەگەیەنێت کە ئەو کەرەستە سەربازیانەی گەیشتونەتە هەرێمی کوردستان زۆر زۆر کەمن و پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان، کۆمەکی زیاتریان پێویستە بۆ بەرگریکردن و پێشڕەویکردن.

6. لە کۆتاییدا بەم رونکردنەوەیە دوپاتیدەکەینەوە، کە لێدوانی گوتەبێژ و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی بابەتەکان یان دروستکردنی ئاژاوە، هیچکات لە هیمەتی دڵسۆزانی راستەقینە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و کارکردن بۆ بەسیستماتیککردنی کاروبارە تەنهاییەکان، کەمناکاتەوە.

نوسینگەی رۆژنامەگەریی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles