کوردایەتی چییە؟ .. بەهرۆز جەعفەر

نەتەوە، بە مانا کلاسیکیەکەی واخراوەتە بەرباس، کە کۆمەڵێک خەڵکن، لەوەئەچێت کۆمەڵێک هۆکاری هاوبەشی وەک مێژوو، زمان و داب و نەریت (traditions) و لەوەڕگەو جوگرافیاو پەیوەندیی خوێن، پێکەوەی گرێداون، واتە هەرکاتێک ترس کەوتبێتە سەر ئەم فاکتەرە هاوبەشانە، ترس کەوتۆتە سەر نەتەوە. ترس کەوتۆتە سەر کورد وعەرەب تورک و ئەرمەن، ئەمە وەکو (کار-فعل) وەکو (کاردانەوە- رد فعل) یش، کوردایەتی و عەرەبایەتی و تورکایەتی و ئەرمەنایەتی و ئینگلیزایەتی. . . بۆ دوایی. دروست بووە. . . پێش ئەوەی ڕەفتاری شارچێتیانەی هەندێک سیاسیی و، خەڵکی عەوامیش، بمخاتە سەر ڕێبازی ئەم نوسینە، دەمویست کلیک لەسەر " تیۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە دەوڵەت- نەتەوە" دا، بکەم.

 یەکەم: ئاشتبونەوەی گشتی و پەیماننامەی وێستڤالیا.

لە (15/ی مایۆ 5/1648) . گەورەترین سوڵح و ڕێککەوتتنامەی مێژوو، لە وێستڤالیا، بەزمانی فەڕەنسی نوسرایەوە. کۆتایی بە جەنگی (30) ساڵەی ئیمپراتۆری ڕۆمانی پیرۆز هێنا. کۆتایشی بەشەڕی (80) ساڵەی ئیسپانیاو کۆماری حەوت کانتۆنە دابەزیوە یەکگرتووەکە یا کۆماری هۆڵەندی هێنا. جگەلەوەی ئەم ئاشتی نامەیە بۆ هەتاهەتایە گەورەترین خاڵی وەرچەرخانە لەئەوروپای دوای سەدەکانی ناوەڕاست. بۆ هەتا هەتاشە هەموو ئۆروپیەکان و وڵاتانی جیهانیش قەرزاری ئەم ڕێککەوتننامەیەن، لەبەر (3) هۆ:

یەک: کۆتایی بەجەنگی کەنیسەو شەڕی کاسۆلیک و پرۆتستانتیزم و دەستوەردانەکانیان هێنا. پێش ئەمە لەبنەڕەتدا شێوازەکانی داهێنان لەکوشتن و ئەتککردنی مرۆڤ و توندترین سزاکان لەئەرووپاوە، سەریدەرکێشا.

دوو: هاتنە دونیای یەکەم پرەنسیپی سەروەری نێودەوڵەتی دەستی پێکرد، بەپێی دەرئەنجامەکانی ئەم پەیوەستنامەیە سویسراو هۆڵەنداو چەندین دەوڵەتی دیکە بەفەرمی دانیان پیانرا.

سێ: هاتنی (دەوڵەت-نەتەوە- دولە قومی) – (Nation-state) . لەدوای ویستفالیاوە، بەم پێیە دەوڵەت نەتەوە دروستەکات. لەگەڵ هاتنی دەوڵەت ئیتربێجگە لەدەستپێکی خولی دیبلۆماسیی نوێ، نەتەوەو زمانی ستاندار خۆی ئۆتۆماتیکی دروستەبێت. کەنەتەوەو زمانی هاوبەش دروستبوو، بازاڕی هاوبەش و ئابوریی هاوبەشیش وەک سەرەکتیرین خاسیەتەکانی دروست ئەبن.

کەواتە، بۆ باسکردن لەڕۆڵی کەنیسەو، بۆ باسکردن لە سەرەتای دەستپێکی دیبلۆماسییەتی نوێ و سەروەریی وڵاتان، بۆ قسەکردن لە سەر (دەوڵەت-نەتەوە) هەموو کاتێک دەبێت باسی ڕێککەوتننامەی وێستڤالیا بکرێت. هەموو کاتێکیش دەوترێت (Westphalian &postwestphalian) .

دووەم: قۆناغی دوای دەوڵەت-نەتەوە (پۆست وێستڤالیا) .

ئەگەر لەدوای وێستڤالیاوە، شۆڕشی فەڕەنسی لەکۆتایی سەدەی هەژدە (1789) و شۆڕشی پیشەسازیی لەسەدەی نۆزدە، تێ بپەڕێنین، کەگوڕی گەورەیان بەدرێژەپێدانی ڕێنسانس و هەستانەوەی ئەوروپا دا، هەروەها هاتوهەرای سەنتەربونی ئەقڵ و بانگەشەی ئەقڵانیەتیان و، لەناکاو هەڵگیرسانی دوو جەنگی گەورەی جیهانیش لەبیر بکەین، دوای ئەوەش دروستبونی تیۆریی ڕەخنەگەرایی (قوتابخانەی فرانکفۆرد-ئەڵمانیا) لەبیربکەین، کە بۆ یاخی بون لەئەقڵانیەتی خۆرئاوا هاتەدی. لەدوای هەموو ئەمانە. هیچ دیاردەیەک بەقەد هاتنی مۆدێرنیتەو پرۆسەی گڵۆباڵیزەکردنی جیهان، کاریگەریی بەرەو کاڵبونەوەی نەخستۆتە سەر (دەوڵەت-نەتەوە) . بۆ؟. یەک لە سادەترین هۆکارەکان ئەوەیە کە دەوڵەت –نەتەوە، لەهەناوی وێسڤالیاوە، بانگەشەی سیادەی دەوڵەت و پرەنسیپەکانی کرد، بەڵام شوناس و سیفاتی جیهانگیریی (Globalization) ئەوەیە سنورەکان ئەبەزێنێت. لەڕێگەی تەکانە یەکلەدوای یەکەکانی تەکنەلۆژیاو داهێنانە نوێیەکانەوە، پرسیار لەسەر ئەرکی مرۆڤ لەکۆمەڵدا دروستەکات؟. لەڕێگەی بەیەکداکێشانی کلتورەکانەوە، پرسیار لەسەرشارستانیەت و ناسنامەی نەتەوەیی دروستەکات؟.

قۆناغی دوای جەنگی سارد، تا (11ی سێپتەمبەری 2001) هێشتا خۆرئاوا مەستی بالۆرەو هۆنینەوەی بەیتەکانی سەرکەوتن بەرینەدابوو، هێشتا دوای ڕووخانی دیواری بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا وەک دڵ و چەقی ئەوروپا، ئاهەنگگێران بۆ دروستبونی یەکێتی ئەوروپاو سیاسەتی بەرگریی لەڕێگەی (NATO) ەوە کۆتایی نەهاتبوو، ئەو ماوەیە ئەگەرچی گەرمەی باس و خواستە لەسەر جیهانگیریی و بیری عەلمانیەت، بەهاتنی (دەوڵەتی مۆدێرن) . گورزێکی تەواو بەر نەتەوەو دەوڵەت دەکەوێت.

بەبڕوای من (11ی سێپتەمبەر) بە ئەداتەکانی مۆدێرنیتە گورزێکی لەخۆرئاوای ئەوروپاو ئەمریکادا، لەمەزیاتر قولبونەوەی مۆدێرنیته و ئامرازەکانی، بۆ هەموو جیهان جێگەی قبوڵ کردن نییه، بەڵگەش بۆئەمە هەر پرۆژەی خۆرەهەڵاتی ناوەڕاست و، ڕووخانی سەدام و شەڕی ئەفغانستان نەبوو، هەر بەتەنها تەقاندنەوەی بورجی بارزگانی جیهانی نەبوو، بەڵکو دەستکاریکردنی هەموو تاوەرە جیهانییەکان بوو، بە بارتەقای دوو جەنگی جیهانی 11ی سێپتەمبەر کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە نێو-دەوڵەتییەکان دانا. .

 سێهەم: کاریگەریی دین و نەتەوە.

 لەبەرئەوەی لەزەمەنی ئێستادا، دەوڵەت-نەتەوە، قسە لەسەر ئاوابونی دەکرێت، ئێمەش نامانەوێ لەچوارچێوەی سیستەمی سیاسییدا، قسە لەسەر بەراوردکاریی نێوان دوو دەوڵەت بکەین، نامانەوێ دووشاریش بەیەک بچوێنین، لەبەرئەوەی باس لەنەمانی سنوریش دەکرێت لەسایەی ئامرازەکانی مۆدێرنیتەوە، کەواتە ئێمەش ڕێگە بەخۆمان ئەدەین، بۆ یەک سات تەنها پارێزگای سولەیمانی لەباشوری کوردستان، بەراورد بکەین بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.

دەزانین ئەمریکا بەئاو دەوردراوە، سلێمانیش بەعەربەت و چەمچەماڵ. بەڵکو تەنها گەرەکمانە لەکاریگەرییە سلبیەکانی جینات و بونیادی ئاینی و نەتەوەیی بدوێین، هیچی تر. سەرنج بە: ئەمریکا ساڵی (١٧٧٧) سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندووە، سلێمانیش ساڵی (١٧٨٣) دروست بووە، واتە ھەردوکیان بەنزیکی (٢٥٠) ساڵێک تەمەنیانە، کە بۆمێژوو ھیچ نییە. ئەمریکا کەدروست بوو، خەڵکی وڵاتانی ئەوروپا چوونە ناوییەوەو، دروستیانکرد. لەھەر وڵاتێک سەدان و ھەزاران کەس بوون بەھاوڵاتی ئەمریکا. ئەوانەی کە دروستی یان کرد دەوڵەمەندەکان و عەقڵ کراوەکان بوون، سلێمانیش کەدروست بوو، خەڵکی ناوچەی پشدەرو قەڵاچوالان و قەرەداغ و پیرەمەگرون و دەوروبەرەکەی، ھاتنە شارەکەوە. واتە ئەوخەڵکانەی دەوڵەمەند بوون و، توانای دروستکردنی خانوویان لەشارەکەدا ھەبوو، ھەروەھا ئەوانەش کە خاوەن عەقڵ و داھێنان و ڕچەشکێن بوون، با بپرسین بۆچی ئەمریکا لەماوەیەکی کەمدا توانی دروست بێت و ببێتە سەرداری عالەم، سلێمانیش، ڕۆژ بەڕۆژ چەندین دەستی ئەمنی و حزبی و گرێ بچڕاو، بەبەرنامەوە سیماو دیمۆگرافیای شارەکە دەشێوێنن.

سلێمانی کەدروست بوو، ھەموو ئەھلەکەی موسڵمان بوون، کەمێکی زۆرکەم جولەکەش ھەبوو، ئەمریکا کەدروست بوو، مەسیحیەت و یەھودیەت و بێ دینی تیابو، لەناو مەسیحیەتیشدا سێ مەزھەب ھەبوو (کاسۆلیک و پرۆتستانت و ئەرسەدۆکسیش کەدەکاتە ماسۆنیەتی جاران) . واتە دین پەرت پەرت بوو، زاڵێتی خۆی نەنواند. لەسلێمانی دین وحوجرەو فەقێکان ھۆکاری بڵاوبونەوەی عەقڵ و خوێنەواری بوون، کۆمەڵگەیەکی تاسەر ئێسک خێڵەکی و داخراو لەکوردستان بەرجەستە بوبو. ئێستاش ھەمان ڕیتمە بەڵام تەکنەلۆژیا تەکانێکی پێی داوەو ئاڕاستەی ئەکا. لەئەمریکا مادام ھاونیشتمانییەکانی خڵتەیەکن لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو دەوروبەرو ناوخۆیی، کەواتە شتێک نەبووەو نی یە ناوی (نەتەوە) بێت. بەڵکو (نیشتمان) ی ئەمریکا ھەیە. ھەموو کەسێک ھەموو بەیانیەک، لەتەنیشت خوێندنگەیەکەوە تێدەپەڕێت، کەگوێی لەسرودی نیشتمانی دەبێت، وەک ڕێزێک دەبێت بوەستێت. پیرۆزترین شتێک بریتی یە لەئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا. ئەوان یەکەم ھەنگاو کەھاتن (نیشتمانێک) یان بۆخۆیان دروست کرد. لەسلێمانی و کوردستانیش، ھەموو شتەکان بەستراون بە (نەتەوە) ەوە. مزگەوتەکانیش پرکراون لەبیری ئوسوڵی و سەلەفی و چەندین بیروبۆچونی ئاینی، بۆبەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی. گەورەترین شەرەف و شانازیی لای تاکێکی ئەمریکیی ئەوەیە لەدەزگایەکی ئاسایشی نیشتمانیدا کاربکات، لای ئێمە دەزگاکانی زانیاری و پاراستن وەکو دێو خەڵکی لێیان دەترسێت.

ئەمڕۆکە، بەملیۆنان کورد، وەک خەڕات لەوڵاتانی ئەمریکاو ئەوروپا بەبێ نیشتمان دەژین، تەنانەت ھەرکەسێک لەئێمە کەسەفەردەکات، پێی دەڵێن (where are u from) واتە (لەکوێوە ھاتووی؟) دەبێت بڵێین (لەعێراقەوە) یان ئێمە (عێراقین) . لەھەر شوێنێکی دونیا کوردەکانی سوریا بەسوری ناویان تۆمارئەکرێت، ئەوانەی ئێران و تورکیا بە ئێرانی و بەتورکی ناویان دەنوسرێت، لەھەر وڵاتێک بن و بۆی بچن. کەواتە نەبونی (دین و نەتەوە) لەھاوکێشەی دەوڵەتداریدا، ئەمریکای کرد زلھێزترین وڵاتی جیھان، تاک جەمسەرانە لەھەموو کونجێکی ئەم کەونەدا بونی ھەیە، سلێمانیشی کرد بەو شارەی کەھێدی ھێدی دابخرێت.

ڕونتریش، مرۆڤی کورد تەنها لەسەفەردا، لەغوربەتدا، لەبەرمەبنای تێکەڵبون و ڕامکردنی فەرهەنگی ئەوانیتردا، لەبەهای ناسیۆنالیزم (ناشناڵێتی) . تێدەگا، ئەگەرچی چەمکی (نیشتمان) لە (نەتەوە) گەورەترو پیرۆزترە، دەکرێت لەنیشتمانێکدا چەند نەتەوەیەک هەبن وەکو (هیندستان) دەیان ئاین و نەتەوەو زیاتر لە (100) زمانی جیاجیای لەخۆگرتووە، بەڵام ناکرێت (نەتەوە) یەک لەیەک نیشتمان زیاتری هەبێت، یاخود نەتەوە بێ نیشتمان مانایەکی نییە. لەزمانی ئینگلیزیدا بەرمبەر هەردوو چەمکی (نەتەوە-قومیە) لەگەڵ (نیشتمان-وەتەن) تەنها یەک ووشە هەیە ئەویش (national) یاخود (Nasionalisim) ە. بەدامودەزگاکانی پاراستن هەرگیز ناوترێت (ئاسایشی نەتەوەیی) . . (ئاسایشی نیشتمانی-national security) هەیە. هەروەک چۆن میدیای حزبی و نەتەوەییش نییە، میدیای نیشتمانی هەیە، هەموو تاکەکان دەرفەتی یەکسانیان بۆ قسەکردن هەیە. تەنها ئالەتێکە بۆ کۆمینیوکەیشن و پەیوەندیکردن بەخەڵکەوە. .

چوارەم: کوردایەتی چییە؟.

 سەیر نییه، کەسانێک تا ئەم چرکەساتەش وا لەکوردایەتی گەشتبن، یان وا لەناونیشانی بابەتەکە بنواڕێت کە بمانەوێ باسی (کەرتی 4ی جەباری وشەری خواکورک و سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ لەباوەشی بێگانە) بکەین!. . گرێی نێگەتیڤی سایکۆلۆجیایانەی کوردایەتی، نەک هەر هەندێک لە پیاوە خانەنشینەکانی کورد، بەڵکو بەرۆکی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشەنبیرو سەرکردەی سیاسیی کوردی هەر بەرنەداوە، لەپاڵ ئەوەی حیکایەتی گەورەمان بۆدەکەن، جارجاریش ئەو ڕاستیەمان بۆ دووپات دەکەنەوە، کە عەقڵیەتی ئەمانە بەکەڵکی دەوڵەتداریی مۆدێرن و نەتەوەیی نایات، بەکەڵکی پیشەسازیکردن لە کلتورو زمان و فەرهەنگ نایات. . بیرکردنەوەیان سنوری قەزایەک یان پارێزگایەک، یاخود شەقامێکی ناودار تێ ناپەڕێنێت و ناویشیان ناوە (شارچێتی) . . لە ئەجێندەی کام حزبی باشوری کوردوستاندا موسڵ هەیە؟. ئامەدو مەهاباد و قامیسلۆ هەیە؟. حەمرین هەیە؟. لەبەرنامەی کوامە سەرکردەی سیاسییدا دروستکردنی لۆبیەکی تێگەیشتوو هەیە لەئەمریکاو ڕووسیاو ئیسرائیل و فەڕەنساو بەریتانیا؟. لەتورکیا؟. چەند ڕایەڵەی نیشتمانیی جۆراوجۆر لەنێوان کوردەکانی تورکیاو سوریاو ئێران و عێراق و ئەردەن و ئازەرباینجان و ڕوسیاو پەناهەندەکانی هەندەران هەیە؟. ئەی چەندی میتی تورک و ئیتڵاعاتی ئێران و موخابەراتی عێراقی و مۆسادی ئیسرائیل و سی ئای ئەی ئەمریکی هەیە؟. سەیرەکە، لێرەوە دەست پێدەکات، ئەم سەدان تیۆرە، ئەم دەیان گۆڕانکارییە نێو-نەتەوەییە ئیکۆنۆمییە مێژووییە، لەجیهاندا ڕوویانداوەو، ڕووئەدەن، زیاتر لە (100) ملیۆن کورد هێشتا هەر لەجێی خۆیەتی، نە زمانی یەکگرتوو، نە نەتەوە (بەپێی دەوڵەتی قەومی) نە نیشتمان، نەبازاڕ هاوبەش، نە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی ڕەئی، نەخەمڵیون!.

بۆیە ئەمانە تا ئەو شوێنە ئازادن کە دەمامکی غەریزە شکستخواردووەکانی خۆیانمان بۆ ئاشکرابکەن، چونکە لەمە ترازا، ڕوانینی کوردانە بۆ سیاسەتی دەرەوە، تێگەشتن بەپێوەری "کوردایەتی و عەتفێکی درۆزنانە" بۆ سیاساتی ئەمریکا بەرامبەر کوردو ناوچەکە، وەها شێوازێکی بیرکردنەوە بەرامبەر هەموو دیاردە جیهانی و حوکمە جیهانییەکان (Global Goverment) ئابڕوچونێکی گەورەیە، نەک بۆ خەبات و بەرخۆدانی پیاوە شاخاوییەکانی دوێنێ، کەئەمڕۆکە لەشاردا دەگەن بە ئافرەت ئەتکی ئەکەن، نەمام ئەبینن هەڵیدەکێشن، پارەو سامان حەپەلووش دەکەن، دەست لەهیچ سنورێکی مرۆیی و نیشتمانی ناپارێزن. ناوبەناویش گڕووی ئاژاوەیەکی شارچێتی لە هەناویانایە، بەنهێنی کاری بۆئەکەن و بەئاشکراش دەریدەخەن. بەڵکو بۆئایندەی هەر تاکێکی کورد، کە لەفڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان دائەبەزێت، شەرمێکی زۆر گەورەیە، هەرکات دەڵێێت: کوردم. . ها!. ئێوە ئەو میللەتە بون کە بیناکەتان لەسەر لم دروست کردبوو. !!.

ئێمە بۆ ئایندە پێویستمان بە شرۆڤەکردنی سێکوچکەی (نەتەوە- زمان-دەوڵەت) ە. ئایا ئەوە ڕاستە کە هۆکاری مانەوەی کوردەکان، لەدوای هەموو ناڕەحەتییەکان، زمانەکەی بووە؟. ئایا دەوڵەت نەتەوە دروستەکات؟. دەکرێت پێش دروستبونی دەوڵەتی یەکگرتووی کوردیی باس لەزمانی ستانداری کوردیی بکرێت؟. ئایا تاکی کورد، ڕۆشنبیران، سیاسییەکانی، دەزانن کورد تائێستا نە (نەتەوە) یە. نە نیشتمانیشی هەیە؟. . ئێستای کورد لەکوێی تیۆرە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکانی وەک مارکس و دۆرکهایم و وێبەردایە. ؟. یان هەر لەبنەڕەتدا دەبێت بزانین کورد کێیە؟.

 

Related Articles