بنەماكانی ستەمی ڕەگەزیی لە ژنان ...ھەژێن

 

"ڕەگەز" بەپێچەوانەی بەكاربردنی باوی نێو ئەدەبیاتی كوردی، واتای "ڕەچەڵەك" و "نەژاد" ناگەیێنێت، ڕەگەزپەرستی گەڕانەوەیە بۆ سەر

ڕەگەز (جێندەر) و پێداگرییە لەسەر شوناسە كولتوورییەكانی ڕەگەز، ئەوەی كە پیاو شانازیی بە دەسەڵات و بەرتەری ڕەگەزەیی خۆیەكەوە دەكات، یا ئەوەی كە ژنان بۆ ڕزگاربوونیان لە ھەڵاواردن پەنا بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ڕەگەز و سەنگەرگیری ڕەگەزیی دەكەن، بۆخۆی ڕەگەزپەرستییە، بە ھەمان شێوەی ئەوەی نەتەوەیەكی ژێردەستی دەوڵەتێكی داگیركەر، بۆ ڕزگاربوونی ھانا بۆ ھەمان چەكی داگیرگەر (ناسیونالیزم) دەباتەوە و خۆی دەخاتەوە ژێر چەكمەی ئاسنینی دەوڵەتێكی دیكە بەناوی خۆیەوە، ژنانیش دەستەوداوێنی ڕەگەزپەرستی دەبنەوە و لە جیاتی دژایەتیكردنی ڕەگەزپەرستی و تێكۆشان دژی كۆنەپەرستی باوكسالاری و ھەڵاواردن، دەكەونە دژایەتی گشت پیاوان، ھەروەك چۆن تاكی ناھوشیاری نەتەوەی ژێردەست، لە جیاتی تێكۆشان دژی دەوڵەت و ستەمی نەتەوەیی، دەكەونە دژایەتی ھەموو تاكەكانی نەتەوەیەك، كە دەوڵەتی داگیركەر بەناویانەوە خۆی قوتكردووەتەوە، یا ئەوەی كۆچەران لە جیاتی دژایەتیكردنی بنەما ئیدئۆلۆجییەكانی ڕەیسیزم و دەستی شاراوەی دەسەڵات لە پشت بزاڤی دژە كۆچەرەوە، پەنا بۆ دژایەتیكردنی نەژادپەرستی تاكەكانی كۆمەڵگەی پەنادەر، بە یەكگرتنی نەژادپەرستانەی خود، دەبەن.

 

ستەم و ھەڵاواردن لەسەر و بەرامبەر ژنان، ڕەگوڕیشەیەكی كۆنی كولتووری و ئابووریی ھەیە، كە تێیدا ئایین و ترادیسیۆنە نەتەوەییەكان و خێزان و ھونەر و ئەدەب و تەنانەت زمانی نەتەوەش گەورەترین ڕۆڵیان لە زیندووراگرتن و پەرەپێدانیدا گێڕاوە و دەگێڕن و ئەو پێشینە كولتوورییە وەك خەزێنەیەك لەلایەن ڕێكخستنی ڕامیاریی ھاوچەرخ (فەرمانداریی و دەوڵەت)ەوە پارێزراوە و لە ڕێگەی دەزگە و یاسا و پێكھاتە سەروخوارییەكانەوە واوەتر پەرەیپێداوە و نۆژەنیانكردووەتەوە و تا ئاستی تێكەڵەیەك لە ستەمی كولتووریی-ئابووریی-ڕامیاریی پەرەیپێداوە و سیستماتیكیان كردووەتەوە و جارێكی دیكە بەناوی سەروەری یاسا و پاراستنی پیرۆزییەكانی ئایین و ڕێسا و سوونەتە نەتەوەییەكانەوە، كۆمەڵایەتییان كردووەتەوە و بە ھەموو واتا دەزگەییەكانییەوە پارێزگاریی و پێداگریی لەسەر دەكەن.

 

بەڵام بەداخەوە، وەك ھەر دیاردە و بوونێكی دیكەی دەستكردی كولتوور و سیستەمی ڕامیاریی، لە نەبوونی خۆھوشیاریی تاك و لە ھەلقۆستەنەوە و بەلاڕێدابردنی دەستەبژێر و گروپە ڕامیارییەكانەوە، كاردانەوە و ناڕەزایەتییە سەرەتاییەكانی دەرەوەی ھوشیاری خودی تاك وەك ئاڵاھەڵگری ئەو ناڕەزایەتییە بەرجەستەدەكرێن و دەبنە بەربەست لە دەركەوتن و سەرھەڵدانی ناڕەزایەتی ڕادیكاڵ، بۆ ئەوەی كە خەباتی ڕەوا و شۆڕشگێڕانەی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان ئاراستەی ھۆكارە بنەڕەتییەكانی ستەمگەرییەك كە لێیان دەكرێت و بكەری سەرەكی نەكرێتەوە.بۆ ئەو مەبەستە لە سیستەمی زاڵدا دەیان ھەوڵی لەو جۆرە دەدرێن و ھەر یەكە ناوێكی لێدەنرێت و دەیان ڕێكخراوە قوتدەكرێنەوە، كە ئەگەر دەنگی ناڕەزایەتی شەقامەكان نەبێ، ئەو ڕێكخراوانە بێجگە لە كوتەكی دەستی دەسەڵات بۆ سەركوت و بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەكان ھیچی دیكە نەبوون.لە بارەی ئەم پرسەوە لە دوادەھەی سەدەی ڕابوردووەوە تا ئەم ڕۆژە بینەری دەیان نموونەی زیندوو و لەبیرنەكراوین، كە ڕێكخراوە پاشكۆكانی پارتە ڕامیارییەكان بەناوی ژنانەوە، تەنیا ئەركیان سەربازگیریی ژنان بووە لە پارتەكاندا و ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، كە لەنێو ژناندا بە بەراورد بە پیاوان لەو پەڕی پتەوی و خۆڕاگرییدابوون، ڕەوایەتیدان بە كوشتنی ژنان و تیرۆر و ڕەشەكوژییان و پاساوھێنانەوە و بێدەنگەلێكردن یەكێكی دیكە بووە لە ئەركی ئەو ڕێكخراوانە**.

 

نەبوونی ڕەخنەی ڕادیكاڵ لە كولتوور لەنێو ژنانی ناڕازی

بەداخەوە، پاش ئەوەی كە ژنان بە كردەوە لە ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا ھاتنە مەیدان و چەك لە شان داخوازی ئازادی و یەكسانیان بە گوێی كۆمەڵگەدا دا و ساڵانە یادی ڕۆژی ٨ی مارچ بوو بە دیاردەیەكی جێكەوتوو، كەچی ھێشتا ڕەخنەی كەسانێك كە خۆیان بە قسەكەری بزووتنەوەكە دەزانن، ئاستی ھوشیاریان لە دژایەتی باوك و ھاوسەر و داوای گۆڕینی چەند بەندیكی یاسا و كورتكردنەوەی ئازادی لە پۆشینی جۆرێك پۆشاك و كورتكردنەوەی یەكسانی لە یەكسانی مووچەی كۆیلەتی، تێپەڕینەكردووە و ھێشتا شتەكان بە ڕەش و سپی جیادەكەنەوە.

 

ھەڵبەتە گرفتەكە تەنیا لەوەدا نییە، كە ئەو ژنانە نایانەوێت، بەڵكو لەوەدایە، كە لەبەر دەمارگیریی ناسیونالیستانەیان نەیانوێراوە و ئەوەیان دەركنەكردووە، كە ڕیشەكانی ستەم لە پێكھاتەی خێڵەكی كۆمەڵگەكەیاندایە، نەك بە تەنیا لە بە شێكی سەپێنراوی كولتوورەكەدا، كە ئایینە.ئەوان بۆ دەركێشان و خاوێنیشاندانی لاقی نەتەوەپەرستییان لە لیتەی (ستەم لە ژنان)، ھەموو ھەوڵێكیان بۆ دژایەتی ئایین و ناكوردبوونی ئایینەكە تەرخانكردووە.نائاگا لەوەی كە لەو ئایینانەدا كە ئەوان بە ھی نەتەوە چێكراوەكەیان دەیزانن، ھەرگیز ژنان ھاوتای پیاوان نەبوون و ئێستاش پاش ھەزاران ساڵیش ھەر ناین.

 

وەك ھەموومان دەزانین، ئایین بەشێكە لە كولتوور نەك پێچەوانەكەی.كاتێك كە ئایینێك پێچەوانەی كولتوورێك بێت، ھەرگیز بە ئاسانی ناتوانێت گشتگیرببێتەوە، ھەروەھا بە سەرنجدانێكی خێرای ناوچەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان، دەبینین وێڕای ئایینداریی قوڵی ئەو ناوچانە، كەچی ژنكوژی و مامەڵەكردن بە ژنانەوە وەك سەرمایە و مەڕوماڵات [ژن بە ژن و گەورە بە بچووك] تیایاندا نییە و ئەگەر ھەشبێت تەنیا بە تێكەڵاوبوونی ناوچەكانی دیكە پەڕێوەتەوە و لەلایەن دانیشتوانی ئەو ناوچانەوە وەك دیاردەی ناوازە لەبەرچاودەگیردرێن.ڕاستە كولتووری خێڵ [پیاوسالاری] توانیویەتی ئایین لە خزمەتی دەسەڵاتەكەیدا بەكاربەرێت [بەتایبەت ئەو بەشانەی ئاییینەكە، كە لە نێوان خێڵگەرایی كورد و خێڵگەرایی بیابانی عەرەبیدا یەكانگیردەبن؛ ژنكوشتن، ژن بە ژن، گەورە بە بچووك، ژن لە جیاتی خوێن] بەو جۆرە دەبینین، پاگەندەی ژنانی ناسیونالیست، ئەوەی كە ئایینێك بە سەرچاوەی ھەموو نەھامەتییەكانی ژنان دەبینن، ھەم لە بەرامبەر ئەو دوو بەڵگەدا [لە كاتێكدا كە ئایین بەشێكە لە كولتوور، چۆن توانی ببێتە ئەلف و بێی سەراپای ژیانی كۆمەڵگەی جیاواز؟ ھەروەھا بۆچی ناوچەكانی دیكە، وێڕای زیاتر ئایینداربوونیان، كەچی ئەو دیاردانەیان تێدا نین، كە لەوانی دیكەدا ھەن؟] دەمیان دەبێت بە تەڵەی تەقیو و ھەم بیانەوێت و نەیانەوێت، خەریكن ڕەوایەتی بە دەسەڵاتی سەرووخەڵكی بەناوی نەتەوەوە دەدەن و دەیانەوێت بڵێن، ھەموو خراپییەكانی كولتوور و دەسەڵاتەكەیان، بۆ ئەو ئایینە دەگەرێتەوە، ئەگەر ئەو ئایینە نەبێت، ئەوا لە سایەی سەروەریی بۆرجوازی كورددا یا سەروەریی دەوڵەتی سێكیولاری چەپەكاندا، ئیدی ژنان بە ڕزگاری و ئازادی و یەكسانی ھەمەلایەنە دەگەن، ئەوان نائاگان یا دەیانەێت ئەوە بشارنەوە، كە ئاڵای بۆرجوازی ھەر نەتەوەیەك لەسەر باجی سێكسفرۆشخانەكان و زێدەبایی كاری ژنان وەك پیاوان، دەشەكێتەوە و لە دەوڵەتە سێكیولاریستەكانی ئەوروپادا ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە پاشكۆن و مووچەی ژنان تا نزیكەی ٢٥% لە ھی ھاوكارە پیاوەكانیان كەمترە !

 

بە بۆچوونی من، ئەو دەنگانە ئەگەر دەستكردی فەرمانداریی بۆرجوازی كورد نەبن، ئەوا لە ناڕۆشنیی و كەم دەركییانەوە سەرچاوەدەگرن.ھەڵبەتە من نامەوێت ئەو خۆشباوەڕییە لەلای خوێنەری ئاییندار دروستبكەم، كە ئایین بەو تاوانە بەرامبەر ژنان دەستی خوێناوی نەبووە و نییە ! نا و نەخێر، ئایین وەك كۆڵەكەیەكی سەرەكی كولتوور، زۆرترین بەشی تاوانی بەردەكەوێت.من تەنیا دەمەوێت لینكی نێوان ئایین و كولتووری خێڵگەرایانەی كوردان نیشانبدەم، كە لەو ناوچانەی كە خێڵگەرا نین یا خێڵگەرایی لاوازبووە، وێڕای ئامادەیی تەواویی ئایین، كەچی ژنكوژی یا نییە، یا ئەگەر ھەشبێت، زۆر دەگمەنە و ھاوردەی خێڵگەرایی ناوچەكانی دیكەیە.ژنكوشتن كولتوورە و فشاری كولتوورە، كە باوك و برا و ھاوسەر دەكاتە ژنكوژ ! بۆ دەرككردن و دیتنی ئەو ڕاستییە، دەتوانین زۆر بە ئاسانی لە ژیانی ڕۆژانەی كۆچەرە كوردەكانی ئەوروپادا ئەوە ببینین، ڕەفتاری ئەوانەی كە لە كۆمیونیتی كوردییەوە دوورن لەتەك ئەوانەی كە لەنێو كۆمیونیتی كوردیدا دەژین، جیاوازە، توندوتیژی و دواكەتوویی و زۆر شتی دیكە زۆر دەگمەنن، تەنانەت دەتوانین ئەو جیاوازییە لەنێوان ئەو ئەو خێزانە كوردییانەی كە بەردەوام وابەستەی كاناڵە تەلەفزیۆنییە كوردیی و عەرەبی و توركییەكانن و ئەو خێزانانەی كە ھیچ وابەستەییەكیان بەو كاناڵانەوە نییە، بە ڕۆشنی بەدی بكەین.ھەروەك كاتی خۆی لە بارەی كوشتنی كیژەكەی "خولە كۆمەڵە" و خۆخستنەخوارەوەیدا نووسیم "ئەوە تەنیا خولە كۆمەڵە نەبوو، كە كیژەكەی كوشت، بەڵكو ئەوە ھەموو كۆمیونیتی كوردی بوو، ھەموو كۆمەڵگەی كوردی بوو كە كیژەكەی ئەوی كوشت"، من لە كوشتنی ھەر ژنێكدا تەنیا كەسێك یا چەند كەسێك تاوانبار نازانم، بەڵكو كۆی كۆمیونیتییەكە، كۆی ڕاگەیاندن و دەسەڵات و پارتەكان و كولتووری خێڵ و ئایین بە بەشدار و دنەدەری تاوانەكان دەزانم.

 

ھەروەھا ئەگەر سەرنجبدەین، دەبینین، كە ژنكوژی و نەھامەتی ژنان وێڕای ئەوەی كە بەھۆی نەخشەكانی ڕژێمی بەعس [ڕاگواستنی گوندەكان و شارنشینكردنی زۆرەكییانەی جوتیاران] و درێژبوونەوەیان لە ئەم ڕۆژەماندا، كەچی كوشتن و ڕەشەكوژی ژنان، بە بەراورد بە سەردەمی دەسەڵاتداریی شێخ و مەلا و فەقێ، سەدان جار زیادیكردووە و تەنانەت بە بەراوردێكی خێرای نێوان سەردەمی ڕژێمی داگیركەر و ڕژێمی بەناو "خۆیی"، دەبینین دیاردەی كوشتنی ژنان دەیان جار زیادیكردووە، كە دەبوو بە پێی پاگەندەی ناسیونالیستەكان و لۆجیكی گۆڕانی ژێرخانی ئابووریی پێكھاتەی كۆمەڵایەتی ژنان و خێزان [بێكاربوونی جوتیاران و پەیوەستبوونیان بە ڕیزی كرێكارانەوە] و سەرخانەكەی [جێگرتنەوەی دەسەڵاتی داگیركەر لەلایەن دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی نێوخۆییەوە] كوشتنی ژنان و نالەباریی ڕێوشوێنی كۆمەڵایەتییان بەرەو باشبوون بگۆڕدرایە.ئەمە بێجگە لەوەی كە بە بەراورد بە سەد، پەنجا یا بیست ساڵی ڕابوردوو لە كۆمەڵگەی كوردستاندا ئایینداری لاوازبووە و دەنگی دژە-ئایین و بێئایین زیادیكردووە و ئاشكراتر بووە، كەچی ژنكوژی ساڵ و مانگ و ھەفتە و ڕۆژ و سات و چركە پاش چركە، بەپێچەوانەوە لە پەرەسەندندایە.

 

بە بۆچوونی من، ھەم بە لۆجیكی پاگەندەی ناسیونالیستەكان و ھەم لۆجیكی ڕووداوەكان و كەتوار، شان بە شانی كوشتنی ژنان تەنیا یەك شت لە تەشەنە و قوڵبوونەوەدا بووە و ھەیە، ئەویش دەمارگیریی ناسیونالیستییە و وەك دەزانین یەكەمین پەیامی دەسەڵاتی پارتە ناسیونالیستەكان و بۆرجوازی كورد لە یەكەمین ڕۆژەكانی پاش ڕاپەریندا، بۆ كۆمەڵگەی كوردستان تێكشكاندنی ڕاپەڕین و ھێزە شۆڕشگێڕەكەی [بزووتنەوەی شورایی] و ڕەشەكوژی ژنان بوو.بەپێچەوانەی پاگەندەی ژنە فێمینیستە دەسەڵاتخوازەكانەوە، بە بەراورد بە جاران ئایین ڕوو لە كزییە و ژنكوژی لە زیادبووندایە، بە پێچەوانەی پاگەندەی چەپەوە، ئایین تەنیا پایەیەكی كولتوورییە و ئەگەر كۆمەڵگە بەخۆی ئامادەیی پەسەندكردنی ژنكوژی نەبێت، ئەوا ھیچ ئایدیۆلۆجیایەك كارایی لەسەری نابێت و ناتوانێت بەوە ناچاری بكات.ئەوەی كە ھەموو پاگەندەكەرانی بۆرجوازی كورد [ناسیونالیستەكان و فێمینیستەكان و چەپەكان] نایانەوێت ڕۆشنایی بخەنەسەر، دیوی دژەمرۆییانەی كولتوورە، كولتوورێك كە ھەموو تاكەكانی كورد ھەر یەكە بە ڕێژەیەك تێیدا بەشدارە و لە تاوانەكانیشدا كە پاساوی كولتوورییان بۆ دەھێنرێتەوە [لەوانەش كوشتنی ژنان]، ھەمووان بەشدارین؛ بەشدارین ئەگەر بێدەنگە ھەڵبژێرین و نەمانەوێت ھۆكارە بنەڕەتییەكەی دەستنیشانبكەین، كە تاوسەندنی ناسیونالیزمە [نەتەوەپەرستی وەك درێژبوونەوە و پەرەسەندی ڕەوتی خێڵگەرایی مرۆڤی ناھوشیار].

 

نەبوونی یا نەچوونەپای ڕەخنە لە ڕۆڵی ڕامیاربازی و دەسەڵاتی ڕامیاریی لە ستەم و ھەڵاواردنی ژناندا

یەكێكی دیكە لە لاوازییەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان، نەبوونی ڕەخنەی ڕادیكاڵە لە پێكھاتە قووچكەییەكان یا قووچكەییبوونی پێكھاتەكان، ئەو پێكھاتانەی ھەردەم بەرتەریی و سەروەریی ھەندێك بەسەر ھەندێكی دیكەدا دەسەپێنن و دەپارێزن، كە خێزان ھەرە كۆنترین و بنەڕەتترینە بۆ ئەوانەی دیكە.خێزان لەو كۆمەڵگەیانەدا كە ژنان دارای ھیچ سەرچاوەیەكی ئابووریی بۆ گوزەران نین و لەو ڕووەوە وابەستەن، بەگشتی پێكھاتەی خێزان نائاسۆیی [قووچكەیی]یە و ئەگەر پیاو سەروەری خێزان نەبێت، ئەوا بە ھەمان باری نیگەتیڤدا ژنان سەروەرن.پاشان سیستەمی پەروەردە و خوێندن لە باخچە و خوێندگەكاندا ھەمان پێكھاتەی قوچكەیی ھەیە، لە شوێنی كار و فەرماندا ھەمان پێكھاتە پەیوەندییەكان ڕێكدەخات و لە سەرووی ھەموو ئەوانەوە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگە [سیستەمە ڕامیارییەكە] لەسەر ھەمان بنەمای سەروەر و ژێردەست ڕێكخراوە و پارلەمان وەك دەزگەیەكی باڵای ڕەوایەتیدان ھەمان بنەما و پێكھاتەی سەروو و خواری ھەیە، كەچی ژنانێك كە پاگەندەی ئازادیخوازیی و یەكسانیخوازیی دەكەن، ھیچ گرفتێكیان بەرامبەر ئەو پێكھاتانە نییە و بە پارێزەر و ئاراستەگەری نایەكسانییەكانیان نازانن.وەھا تێڕوانینێكی ڕواڵەتییانە بۆ ئازادی و یەكسانی سەرنجی لەسەر بنەما ئابوورییەكانی نایەكسانی لاداون و دەستەوداوێنی سەرۆكی باش و پارتی باش و پارلەمانی باش و فەرمانداریی باشی كردوون و ئەمەش بە نۆرەی خۆی كردوونییەتە پاشڕەوی ھێزە دەسەڵاتخوازەكان.

 

نەبوونی خوێندنەوە و دەركنەكردنی ڕۆڵی ژنانی ڕامیار و دەسەڵاتدار لە ڕاگرتنی ستەم و ھەڵاواردنی ژناندا

بەپێچەوانەی پاگەندەكەرانی شارچییەوە، كە كوشتنی ژنان بۆ لادیێیبوون و لادێییەكان دەگیڕنەوە، كۆمەڵگەی كوردی سەرەتای ھەزارەی سێیەم، ھەمان كۆمەڵگەی نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەم نییە، كە ئاخا پیاوەكان بە پشتیوانی مەلا و شێخ و میرزاكانیان بڕیاردەری یەكەم و دوایین بوون.ھەنووكە ژنان كرێكار، مامۆستا، پارێزەر، بەرێوەبەر، شارەوان، ڕامیار و ئەندامی كۆمیتەی نێوەندی و نووسینگەی ڕامیاریی پارتەكان، پارلەمانتار و بازرگان و خاوەن كۆمپانیان.ژنان نەك ھەر لەو پێكھاتە قوچكەییانەدا بەپێی توانا ئابوورییەكەیان دەسەڵاتدارن، بەڵكو سی ساڵێك لەمەوبەر تەنانەت ژنی سەرۆك-خەفیفە ھەبوو و لە ئەم ڕۆژەشدا كەمینەیەك لە ژنان ھەروەك پیاوان بە پێی ڕێوشوێن و توانای ئابوورییان لە دەسەڵاتدان و خەریكی جادووگەریی ڕامیاریین و لە ستەمگەریی سیستماتیكی سەر ژناندا ھاوبەش و ھاوكاری پیاوانی ڕامیار و دەسەڵاتدارن.ژنان وەك پۆلیس و ئەشكەنجەدەر و فەرماندەر و بەڕێوەبەر و پارلەمانتار و ئەندامی باڵای پارتەكانن و وەك پیاوە ھاوكار و ھاوپیشەكانیان پێداگریی لەسەر پلەدوویی ژنان دەكەن و ڕەوایەتی بە نایەكسانیییەكان دەدەن.تێگەییشتن لەوەھا ھەڵوێست و ھاوبەرژەوەندییەك زۆر ئاسانە، چونكە بوونی ھەر نایەكسانییەك وەك پشتیوان و پارێزەری نایەكسانییەكی دیكە لە كۆمەڵگەی چینایەتیدا ڕۆڵی ئەفسوناوی دەگێرێت، پلەدوویی ژنان و پلەدووییەكانی دیكە، مسۆگەركەری ناھوشیاریی و ناكۆكی و پرشوبڵاوی چینایەتی ژێردەستان لە بەرامبەر ھێزی ڕێكخراوی چەوسێنەران لە پارت و پارلەمان و دەوڵەتدا، دەكات و ھەموو كاردانەوەیەكی پاسیفیستی و نیگەتیڤ، خۆبەخۆ ئاو بە ئاشی سەروەریی چینایەتیدا دەكات.

 

بەداخەوە ڕەخنەی زۆرینەی ژنانی ناڕازی لە ھەرێمی كوردستاندا نەیتوانیوە سنووری پێكھاتە قووچكەیی و دەسەڵاتەكان ببڕێت و ئاسۆی كۆمەڵگە و پێكھاتەی ناقووچكەیی ببینێت.ھەر ئەم ھۆكارەیە، كە ئاوای كردووە ژنانی ناڕازی لە بازنەی بازبازێنی نێوان پێكھاتە قووچكەییەكاندا بسوورێنەوە و لە باشترین باردا ئاو بە ئاشتی پارت و ئاراستەیەكی دیكەی دەسەڵاتخوازدا بكەن.

 

ستەم ڕەگەزیی لە ژنان، ستەمێكی كولتووریی و ڕامیاریی و ئابووریی سیستماتیكە نەك ستەمگەریی سەرشێتانەی پیاوان

ھەڵوەشاندنەوەی سێنتریزمی پیاو [سێنتەربوونی پیاو لە ھاوكێشەكاندا] وەك بوونێكی كولتووری و ڕامیاریی، تەنیا بە ھەڵوەشاندنەوەی بوونی كولتووری و ڕامیاریی ژن مەیسەر دەبێت، نەك بە سێنتریزەكردنی ئەو بوونە كولتووریی و ڕامیارییەی كە ھاوكات بەرتەری بە بوونە پیاوییەكە دەدات بۆ سەروەریی كەمینەیەك لە پیاوانی دارا؛ لێرەدا مەبەست لە دارابوون تەنیا دارای دراو و سامان نییە، بەڵكو دارابوونی دەسەڵات و پێگەی ڕامیارییە، كە سیستەمی چینایەتی بە ئەوانی دەبەخشێت و كولتوور و ڕامیاریی دوو پایەی سەرەكی ڕاگرتنی ئەو سیستەمەن.

 

بۆ تێگەییشتن لەم ھاوكێشە، با بەم پرسیارە دەستپێبكەین؛ ئایا بەبێ ھەڵوەشاندنەوەی خودی ژنبوون وەك شوناسێكی كولتووری و ڕامیاریی، ھەڵوەشاندنەوەی پیابوون وەك شوناسێكی كولتووری و ڕامیاریی مەیسەر دەبێت؟

 

ئەگەر وەڵام بەم پرسیارە، نەخێرە، ئەی فێمینیستەكان چۆن و بۆچی دەخوازن بە گەڕانەوە بۆ سەر "ژن"بوون [بۆ سەر ئەو شوناسە كولتوورییە] ڕزگاری ژن مەیسەربكەن ؟

 

ئەمە دەقاودەق لاساییكردنەوە یا پەیڕەوكردنەوەی ھەمان چارەسەری ئایدیۆلۆجیە، كە تاكی ژێردەست و ستەملێكراوی بازنەیەكی كولتووری ھانای بۆ دەبات و ڕەدووی دەكەوێت؛ واتە گرێدانەوەی ڕزگاری نیشتمانی لە داگیركەر بە بوون و پێشمەرجبوونی دەوڵەتێك یا بەدەوڵەتبوون، لە كاتێكدا ستەمێك كە لە خۆی دەكرێت، سەرچاوەكەی بۆ پاوانگەریی دەوڵەتە گشتگیر و سەرتاپاگیرە چێبووەكان، كە لەسەر بنەمای ناسیونالیزەبوون پاگەندەی ڕەوایەتی خۆیان دەكەن، دەگەڕێتەوە، بەواتایەكی دیكە خودی بوونی دەوڵەت/ دەسەڵاتی سەرووزخەڵكی/ سەروەریی وەك پێكھاتەیەكی سەرتاپاگیر، ئامرازی مسۆگەركردنی ژێردەستەیی ئەوانەی دیكەیە.

 

وەك دەبینین و دەزانین، كە ژنبوون و پیاوبوون پێش ئەوەی دوو بوونی ڕەگەزیی جیاوازبن لە تایبەتمەندی سێكسیی و پێكھاتەی جەستەییدا، ئەوا دوو شوناسی كولتوورین و لە بەرامبەر ھاوواتای لاوازبوون [ژنبوون]دا، ھاوواتای بەھێزبوون [پیاوبوون] ھەیە، ئەم دوو شوناسە كولتووریە وەك شوناسە دەستكردە كولتووریی و ڕامیارییەكانی دیكە، تەنیا بە لەنێوبردنی شوناسە مرۆییەكەمان توانیوویانە جێگیرببن و لێرەشەوە پیاوبوون یەكسانكراوە بە مرۆڤبوون.ئیدی چۆن بە گەڕانەوە بۆ سەر ھەمان شوناس "ژنبوون"، دەتوانرێت ڕزگاری بەدیبھێنرێت، لە كاتێكدا پێچەوانەكەی دروستە، واتە بەدەستھێنانەوەی شوناسە گەردوونییەكە [مرۆڤبوون].

 

بۆ ئەوانەی كە سەرپێییانە وەڵام بە پرسیارەكە نادەنەوە، بەدڵناییەوە وەڵامەكە نەرێییە، بەڵام ئەمە خاڵی سەرەتای كار و تێگەییشتنە لە پرسیارەكە، چونكە بە نەرێی وەڵامدانەوە تەنیا بڕیاری وەرگرتنیمان داوە، نەك ھەڵوەشاندنەوەی، بەڵام ئەوەی ئەو بوونە یا ئەو شوناسە لە كوێوە سەرچاوەدەگرێت و لە خزمەتی چیدایە و بۆچی لە ھەموو قۆناخەكانی سیستەمە دەستكردەكاندا ئامادەیە، ھەر لە جێی خۆیدا دەمێنێتەوە و بڕیاری زۆرانبازیی ڕەگەزەكان بۆ سەروەربوون لە كایەی دەسەڵاتی كولتووری و ڕامیارییدا، بەردەوامی بە خۆبەرھەمھێنانەوەی ئەو شوناسانە دەبەخشێت و تەمەنی بنەماكانیان درێژتر دەكاتەوە.

 

لەبەرئەوە، ژنان بەبێ لەنێوبردنی پلەداریی [ئۆتۆریتە] ناتوانن زنجیرە كولتووری و ڕامیاریی و ئابوورییەكانی نایەكسانی بپچڕێن و ئازادی و یەكسانبوونیان بەسەر كۆمەڵگەدا و لەنێو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا بسەپێنن، ھەر بۆیە بەبێ ڕسواكردن و نەفرەتكردن لە دەسەڵاتخوازیی و بەرژەوەندیخوازیی فێمینیستانی ئۆتوریتەگەر، ئەوانەی كە لەم ڕۆژەدا دەیانەوێت سەرمایەگوزاری ڕامیاریی و كەسیی بەسەر بزووتنەوەی ئازادیخواز و یەكسانیخوازی ژنانەوە بكەن، ئەستەمە بزووتنەوەكە بتوانێت لە سوڕانەوەی نێو بازنەی بۆشی نەبوونی خۆھوشیاریی و ئامادەیی خۆڕزگاریی ژنان و پاشكۆیی بۆ پارتە ڕامیارەكان و دەسەڵات و ڕێكخراوە نافەرماندارییەكان [NGO كان] دەربچێت و پێ بنێتە قۆناخی سەربەخۆبوونەوە ...

 

بە كورتی بە بۆچوونی من، ھەر كەس تەنیا دەتوانێت خۆڕزگارگەری خۆی بێت، تەنیا لە یەكگرتنی ھوشیارانەی خۆڕزگاركەرەكاندا، ڕزگاری ڕەگەز یا چین لە ژێردەستەیی مەیسەردەبێت.ئەوانەی كە پاگەندەی ڕزگاركردنی ئەوانەی دیكە [ژێردەستان؛ [ژنان، خەڵك، پڕۆلیتاریا، مرۆڤایەتی] دەكەن، كەسانی ڕامیارن و پیشەیان ڕامكردنی خەڵكە بە ئایدیۆلۆجیایەك بۆ سەروەریی خۆیان، كە تەنیا لەو ڕێیەوە دەتوانن ناڕەزایەتی و خەونەكانی [ژنان، خەڵك، پڕۆلیتاریا، مرۆڤایەتی] بكەنە پەیژە بۆ گەیشتن بە ناوباگ و كورسی پارلەمان و مشەخۆریی وخانەنیشینی پاشایانە و پلەكانی دەسەڵاتداریی و دەوڵەت !

 

********************************************************************

 www.hezheen.tk

* ئەم بابەتەش پار [٠٩ی مارجی ٢٠١٣] نووسیومە، لەبەر بڵاوكردنەوەی بابەتی "یاداوەرییەكانی ٨ی مارچ" مایەوە بۆ ئەم ساڵ و ئەم ڕۆژانە و بواری گەڕانەوە بۆ سەرلەنوێ پێداچوونەوەیم بۆ ڕەخسا.

 

** بە درێژایی تەمەنی بزاڤی چەكداری لە كوردستانی بەشی عیراقدا لە ناوچەكانەی ژێردەستی ھێزەكانی (پدكع) لە ١٩٦١-١٩٧٤، ناوچەكانی ژێر دەستی نووسینگەی ڕامیاریی (جیابووەكانی پدكع) ١٩٦٣- ١٩٧٠ و دواتریش پاش سەرھەڵدانەوەی بزاڤی چەكداری لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (ینك) و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (پدكع) و بەرەی (جود) و (جوقد)دا ژنان لەلایەن ئاخاكان و كەسوكارییانەوە كوژراون و ھەروەھا ئەو كچ و كوڕانەی كە لەبەر ھەڕەشەی ڕژێمی بەعس یا سەرۆكی چەكدارە بەكرگێراوەكان و كەسوكارییانەوە ھەڵدەھاین، لەلایەن پێشمەرگەكانی ئەو لایەنانەوە دەكوژران.دواتریش لە ڕۆژانی ڕاپەرێندا ھێزەكانی بەرەی كوردستانی دەستبەچی كەوتنە تیرۆری ژنان و لەو كاتەوە تا ئەم ڕۆژە ھەزاران ژن ڕەشەكوژی و كوژراون، تا پێناوێك بۆ پلەدوویی و ژێردەستی مرۆڤەكان ھەبێت، ژنان و تاكە بێدەسەڵاتەكانی دیكە ھەر دەكوژرێن.

٦ی ئازاری ٢٠١٤ *

 

Related Articles