ڕۆشنبیری و ڕامیاریی؛ دوو دژ و یەكدیڕەتکەرەوەی هەردەمی .. هەژێن

لە هەر شوێن و سەردەمێكدا پەیوەندی كۆمەڵایەتی بەهێز و ڕۆشنبیریی لە هەڵكشاندا بێت، ئەوا ڕامیاریی و پارتایەتی لە داكشاندا دەبن، بە پێچەوانەشەوە، لە هەر شوێن و سەردەمێكدا ڕامیاریی لە هەڵكشاندابێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە پەیوەندی كۆمەڵایەتی لە گەندەڵبوون و ڕۆشنبیریی لە داكشاندا دەبێت.

 

ئەگەر لەم بارەوە نموونەهێنانەوە پێویستبێت، ئەوا دەتوانم بڵێم سەردەمی ڕاپەڕین نموونەی هەڵكشانی ڕۆشنبیرییە، هەروا سەردەمی تێكشكانی ڕاپەڕین و زاڵبوونەوەی بڕوابەخۆنەبوون و نائومێدی، نموونەی سەردەمی سەرهەڵدانی گروپی ڕامیاریی و سكتاریزم و تەشەنەی ڕامیارییە.

 

ئەگەر زۆر بە كورتی و خێرا سەرنجی هەر دوو ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ١٩٧٩ی ئێران و ئازاری ١٩٩١ی عێراق بدەین، ئەوا دەبینین، كە یەك دوو ساڵیش كۆڕ و كۆمەڵە ڕۆشنبیرییەكان و كار و چالاكی هونەری وەك چەكی بەرەنگاری و هوشیاریبەخشی شۆڕشگێرانە لە برەودابوون، بەڵام هاوكاتی تێكشكان و پاشەكشێ و نیشتنەوەی شەپۆلەكانی یاخیبوون و ڕاپەڕینی خەڵك، گروپ و پارت و سێكتی ڕامیار لە تەشەنە و پەرەسەندا بوون.

 

هاوینی ساڵی ١٩٩١، پاش گەڕانەوەی خەڵك لە ئاوارەیی، لە هەڵەبجە تیپێكی شانۆیی هەبوو، كە بە شانۆیی مەیدانی یا زیندی، كەشێكی ڕۆشنبیریی و هوشیاركارانەی ئافراندبوو، یەكێك لە نواندنەكانی "قۆناخەكانی گۆڕانی كۆمەڵ" بوو، کە لە باخی گشتی/ باخی میر پێشکەشکرا، لەوێدا تەنانەت چەپەكان خۆیان لە بەرامبەری هەژموونی ئەو كارەدا دەبینییەوە، وابزانم چەند نواندنێكی دیكەیان لە نێوندی بازاردا لەبارەی بێكارییەوە پێشكەشكرد. . .

 

هەروەها ساڵی ١٩٩٢ لە سلێمانی دوو تیپی شانۆیی بەناوی "تیپی شانۆی ئایار" و "تیپی شانۆی نینا" هەبوون، كە یەكێك لە نواندنەكانی یەكێكیان "بزنە زێڕینە و شاری خۆشبەختی" بوو و كەم تا زۆر سەر بە هەمان ڕێچكەی شانۆیی و شێوازی دەرهێنان و نواندن بوون . . . بێجگە لەوە چەندین گۆڤار و نامیلكەی هونەری و ئەدەبی هەبوون.

 

بەڵام كاتێك كە ڕێكخراوە ڕامیارییەكان وەك قارچكی ژەهراوی تەشەنەیانكرد و پارتایەتی بە لووتكە گەییشت، ئیدی هونەر و ئەدەب وەك ئامرازی هوشیاریبەخش و چەكی بەرەنگاری، كۆڕ و كۆمەڵە ڕۆشنبیرییەكان پووكانەوە و خرانە تاقەوە.

 

بەڵام دوێنێ، كە بەپێچەوانەی ئاهەنگی هۆڵەكان و زوڕناژەنی پارتەكان، لە كەلار " تیپی شانۆی بنكورە"، :شانۆیی پێناس"ی نواند، هیوایەك سەراپای جەستە و دەروون و هۆشمی داگرتەوە، كە هەمان بزوونەوەی هونەریی دەمی ڕاپەڕین دێتەوە مەیدان و ستەملێكراوانی كۆمەڵگە لە بنكەی پارتەكان دەردەهێنێ و بەرەو هۆڵ و مەیدانەكانی شانۆ و كۆڕ وكۆمەڵە ڕۆشنبیرییەكان بانگەوازییان دەكاتەوە، هەر نواندنێکی شانۆیی، هەر مشتومڕێکی هزریی، هەر خوێندنەوەیەکی ئەدەبی، کۆمەڵێك پرسیاری یاخی لەلای بەشداربووان و بینەران و بیسەران بەجێدەهێڵێت و تەلیسمی ڕامیاریی لە هۆشی ژێردەستاندا دەڕەوێنێتەوە.

 

با لوولەی چەکەکان و بڵندگۆی پارتەکان بە قوڕ بگرین

با گیتار و سازەکانمان مارشی ڕاپەڕین بژەننەوە

٩ی ئازاری ٢٠١٤

 

Related Articles