بارزانی و دانووستانەکان، ڕاستگۆیی لە کوێدایە! .. حەسەن سەیدباقی

پاش ئەوەی ماوەیەکی زۆر بەسەر پێکنەهێنانی حکومەتدا تێپەری، لەم دوایەدا بەخێرایی پێکهات. لە لایەن لایەنە سیاسیەکانەوە قسە و قسەلۆکی زۆر دروستبووە، بووەتە هۆی جۆرێک لە ناجێگری سیاسی و لەق بوونی پەیوەندی ستراتیژی نێوان پ. د، ک و ی. ن. ک، کە لە ئەنجامی نارۆشنی سیاسی تاکەکانی نێو ئەو دوو لایەنەوە سەرچاوە دەگرێت،  هەست نەکردنە بە بەپرسیارێتی، وەک ئەوەی لە رابردوودا چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی هەردوولا قسەیان دەکرد بەڵام ئەوەی کە لەهەمووی خراپتر بوو ئەو لێدوانەی ئەم دوایەیە کە بەرێز بەرواری لە کۆبوونەوەیەکی نێوان خۆیان و گۆراندا، دەڵێت(یەکێتی نەماوە) لە کاتێکدا بەرێز میرانی دەڵێت (بەدیلی یەکێتی هەر یەکێتە)، ئەمەش ئەوە دەردەخات دوفاقییەک هەیە لە نێوان ئەندامانی ئەو پارتە، لەکاتێکدا دەرخەری پاشا گەردانی و نەبوونی یەکریزی و یەک هەلوێستیە کە پ. د. ک لەڕابردوودا شانازی پێوە کردووە. من پێموایە ئەو لێدوانەی بەرواری لە خزمەت کەسدا نییە جگە لە نارۆشنی سیاسی. ئەو جۆرە لێدوانە دەبێتە هۆی شڵەژاندن ونانەوەی ئاژاوە، هەروەک ئەوەی سەرەتاکەی دەبینین. بەدووری نازانم بێتە شەڕێکی تر کە تەنهاو تەنها خەڵکی بەشمەینەت باجەکەی دەدەن و زەرەرمەندی سەرەکی دەبن. دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئەو ئەزموونەی کە هەیەو کاری بۆ کراوە، كێشە دەبێت بۆ مەسەلە نەتەوایەتیەکان.

بەرێزبارزانی ئاماژە بەوە دەدات هەموو شتەکان لەبەرژەوەندی نەتەوەییە، نابێت ئەوەی لە رابردوودا ڕوویداوە رووبداتەوە. بەڵام ئەو شێوازە لە لێدوان، هۆکارێکی گرنگەو هەلێکی باشی دەست نەیارانە بۆخولقاندی رووداوی نەخوازراو. ئایا بەرواری ئەوەی لەبیرکرد یان دەیەوێت لە بیری بکات، کە پەیمانی ستراتیژیان هەیە لەگەل یەکێتی، ئەوانەی ئەمرۆ قسەیان لەگەل دەکات،  گوایە گۆڕانخوازن، ئایە هەر ئەوان نەبوون دژی ئەو رێکەوتنەو حکومەتەکەی بەرواری و یەکێتی بوون. ئەوانەی ئەمرۆ لەگەلێان دانیشتوون دوژمنی سەرسەختی( ماڵبادی بارزانی و پ. د. ک)ن، هەر ئەو هۆکارەش بووە وای لێکردوون واز لە یەکێتی بهێنن، خێرە ئەمرۆ بوونەت دۆست.

سەیرە گوڵم!! دوژمنی سەرسەخت بێتە دۆست، لەوانەیە وابێت لەبەر ئەوەی ئەوان دوژمنی بەرواری وهەڤاڵەکانی نین، بەڵکە دوژمنی بارزانی و خانەوادەکەینی!. ئایا دوژمنایەتی سەرسەختی ئەو ماڵبادە کێ بوەو کێ دەبێت. ئایا بارزانی و بارزانییەکان کە پەیوەندی و هاوپەیمانیان هەبێت لەگەڵ هەر تاک و پارت و لایەنێک خیانەتی لێدەکەن؟ کە لەو باوەرەدا نین ئەوە رووبدات. بەڵام بۆ رێگا بدرێت کەسانێک ئەو جۆرە لێدوانانە بدەن، کە لەسەر بارزانی و بارزانییەکان دەکەوێت!. ئەو لێدوانانە کە دەبێتە هۆی دروست بوونی گومان و نانەوەی ئاژاوە. هەروەها پرسیار ئەوەیە، بۆئەو کامێرەمانەی ئەو وێنەیەی گرتووە ناردوویەتە دەرەوە ئەگەر بۆ نانەوەی ئاژاوەو، لێکترازاندنی پیکەوە کارکردن و یەکیتی ریزەکانی گەل نەبێت

بۆیە من پێموایە دەبێت بەرێز بارزانی راستەوخۆ بێتە سەرخەت و سنورێک بۆ ئەو جۆرە ڕەفتارانە دابنێت، دەنا ئەو شیوازە لە کارکردن و لێدوانی لەوجۆرە دبێتە نانەوەی ئاژاوەو کەمبوونەوەی متمانە لە نێو ریزەکانی خەڵکدا. هەروەک لەگەڵ برادەرێکدا وتم دەکرێت پۆستی وەزارەتی ناخۆ بدرێتە دەست یەکێتی باشترە لەوەی کە گۆران قسەی لەسەر بکات. وە ئەوان تا ئێستاش هەر ئۆپۆزیسیۆنن، لەکاتێکدا بەرێز نێچیرەڤان بارزانی گوزارشتی لەوە کرد نابێت قاچێکیان لە نێو حکومەتدا بێت وئەویتریان لەدەرەوە. بەڵام جەخت لەوە دەکەمەوە ئەوان میدیاکانیان توندتر دەکەنەوەو زیاتر لەوەی کە ئێستا هەیە، بۆ دورکەوتنەوە لە ئاژاوەو پەرپابوونی شەرێک تری نەگریس دەبێت پ. د. ک چاوێک بە سیاسەتی رابردوویی و پەیوەندیەکاندا بخشێنێتەوە، وە ی. ن. ک هێزێکی بەرچاوەو ناکرێت پەراوێز بکرێت و بگۆرێتەوە بە گۆران و لایەنەکانی تر مێژوو دەرخەری ئەو ڕاستیەیە.

 

ئەڵمانیا

٢٩. ٠٤. ٢٠١٤

Related Articles