حیکایەتی کاندیدەکان. . . . . . سەردار عەبدوڵلا

ماوەیەکی زۆر نییە لەم دەڤەرە خۆشەویستەی خۆماندا هەروەکی وڵاتانی تر هەر زوو زوو هەڵبژاردن دەکەین. هەرچەند ئەو وڵاتانە لەدێر زەمانەوە خەریکی ئەم کایەیەن بەڵام نیو ئەوەندەی ئێمە سوود و خۆشییان تێدا نەبینییوە. ئەوان هەر خێرا هەڵبژاردنەکانیان دەکەن، ڕۆژی دوایی حکومەت و ئەنجومەنەکانیان پێکدەهێنن وهەرزوو خەڵکیش دەچێێتەوە سەر کار و کاسپی خۆی. ئەم هەڵبژاردنە بێ تامانەی ئەوان کە هیچ هات وهاوار و شەقام گرتنێکی تێدانییە لای خۆمان هەروەک جەژنی بێ شلەقەیسی سەیردەکرێت.

هەرچەند ئەم هەڵبژاردنانە مانای جدی، شتی جدی تریشی تێدایە، بەڵام لای خەڵکی ئەمە کراوەتە فشە، گرنگ فەراهەمبوونی کەشێکی ڤیستیڤاڵیانەی پڕ شادی و خۆبادانە لەنێو شەقامەکاندا، بەتایبەت بۆ منداڵە نازدارەکانمان هەرچەند لە سیاسەتیش تێناگەن و بۆشیان نییە دەنگبدەن بەڵام ئەوان لەم هەڵبژاردنانەدا مەرجی خۆیان هەیە، بەمەرجێ دەور و دەرس دەکەن کە بەڵێنیان پێدرابێت کە ئیوارە دەبرێن بۆ شەڕەپەڕۆ و تاناوقەدیش لەجامی ئوتۆمبیلەکانەوە خۆیان بهێننە دەرێ.

ئەوەی لەم هەڵبژاردنانەدا خۆشە، هەرچییەک هەڵدەستێ، دەست لە کاروکاسپی خۆی هەڵدەگرێت و خۆی کاندید دەکات، لەوەدەچێت ئەم دیموـ کراسییە تەنیا بۆ کراسییەکانی بێت، دەنا دەبێت نهێنی ئەوە چی بێت یەکێک لە کاندیدەکان هەروەک تەلەبەی تەمەڵ خۆی چەندجاری تر کاندید کردووە و ئیکمال بووە، کەچی هەر خۆی بۆ دەوری دووەم حازردەکاتەوە.

یەکێک لە شتە سەیرەکانی تر، وەبیرهێنانەوەی خەباتی شاخ و چالاکییەکانی پێشمەرگەیە، هەڵبەت نەک بەشێوەیە مێدیاییەکەی بەڵکو بەشێوە پراکتیکیەکەی، هەروەک جاران شەوانە مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕش لە هەڵمەتی قارەمانانەدا هەڵۆ ئاسا دەستڕێژ لە بارەگای حیزبە نەیارەکانی خۆیان دەکەن، بەڵام هیچ یەک لەم چالاکییانە بەیانی لە ڕادیوێ حیزبدا ناخوێنرێتەوە.

یەکێک لەکاندیدەکانی تر کە پێی وایە هاوڵاتی نابێت بە ڕوخساردا هەڵبخەڵەتێ، خوا پێم نەگرێ! وێنەکەی خۆی بەفۆتۆشۆپ ئەوەندە گەنج کردبۆوە، کە ناسراوەکانی خۆی لێیانتێکچووبوو پێیان وابووە کە ئەوە کوڕەکەیەتی نەک کاکی کاندید خۆی.

دەڵێن لە تورکیا چەند هەزار هونەرمەندێک هەیە، گەر سەیری لیستی کاندیدەکانی خۆشمان بکەیت ئەوە بۆت دەردەکەوێت کە کوردستانیش پاشەڕۆژی ڕوناکی هەیە لەو بوارەدا. خوانەکردە گەر دەنگدەر ئەوەندە بێ مێشک بێت و دەنگیان بدەنێ و ببن بە پەرلەمانتار و ئەنجومەنی شار، ئەوا شانۆی کوردی فت، هەواڵەکان فت، تابلۆ و فۆتۆگراف فت، بەند و سەرچۆپی فت. گەر ئەو خۆشەویستانە سەرکەوتن باشترە هەر لە ئێستاوە هۆڵی تەلاری هونەر بکرێت بە پەرلەمان یان ئەنجومەنی شار.

لەلایەکی تریش ئەو لیستە زەبەلاحە لە کاندید لە ڕیزی مامۆستاکاندایە، گەر ئەوانە بە جووملە بچنە پەرلەمان و ئەنجومەنی شار، باشترە هەر زوو ئەو بەڵێنە بە قوتابییەکانیان بدەن، کە لە بری خۆیان مامۆستایان لە هیندستان و بەنگیلادیشەوە بۆ بهێنن بە خولی فێربوونی زمانی کوردییەوە، چونکە ئاسانترە مامۆستاکان خۆیان فێری کوردی بکەن نەک هەزاران قوتابی خۆیان فێری ئینگلیزی بکەن.

ئەوەی هەرچەند کردم و کۆشام. تێنەگەیشتنم بوو لە بەڵێنی یەکێک لە کاندیدەکانی حیزبێکی عیلمانی لە ناوچەی قەراغ، ڕاستە کاندیدەکان بەڵێنی وادەدەن بەخەڵکی کە ئۆباما و بانکی مۆنیش ناوێری بیدات، ئەم کاندیە خۆشەیستەی نێو جوتیارن و زەحمەتکێشان خەندەیەکی هەزەلیانەی لەژێر جوتێک سمێڵی ڕەشکراوە کردبوو، دەستی ڕاستی بەرزکردبۆوە و وێنەی هەورێک و هەورەتریشقەیەکی لەسەر دەست بوو کە قۆرییە سیحرییەکەی سندیبات و پاپا وسپینچەکەی وەبیر دەهێنایەوە، بەخەتێکی گەورە لەسەر وێنەکەی نوسیبووی: (هەیاران ومەیاران، یاخوا داکاتە باران بۆ فەقیر و هەژران) . نازانم ئەم کاندیدە عیلمانییە چ بەڵێنێکی لە ئاسمان وەرگرتبوو تاکو لە ساڵانی وشکە ساڵیدا بە هەیاران ومەیارانەکەی ختولکەی ئاسمانمان بۆ بدات و بارانیانمان بۆ ببارێنێت. نەتیجەی راسب بوونی ئەم کاندیدە بەڕێزە پێش هەر کەس لای خودی خۆی ڕوون و ئاشکرابوو، چونکە کاتی هەڵگرتنی شیعاری هەیاران و مەیاران لەم ساڵی پڕ بارانەی کوردستاندا بۆ خۆی هەڵەیە! ئەو بەڕێزە پێویست بوو لە کاندیدەکەی هاوڕێی بپرسیبا کە خەریکی کاری میترۆلۆگی و کەشناسی بوو تاکو ڕاپۆرتێکی لەسەر کەش و باران بارینی ئەمساڵی کوردستان بدابایە. ئەو بەڕێزە نە دەموچاوی نورانی بوو نە حیزبەکەشی ئیسلامی هەر بەم هۆیانە دوور نییەلەکاتی گیرابوونی نزاکانیدائۆزۆی دوانزە ببارێ نەک باران!

کاندیدێکی تر مامۆستایەکی ئایینی بوو، لە ڕادیۆ وە دوعای لەنەیارانی دەکرد و حەواڵەی لای خوای دەکردن، چونکە ئاسایش هەڵی کوتاوەتە سەرمزگەوتەکەی، ئەویش هەر لەوێوە بەڵێنی دەدا گەر ئەو هەڵبژێرین لەبری ئەوەی ئاسایش هەڵبکوتێتە سەر مزگەتەکان، هەڵبکوتێتە سەر شوینەکانی مەیخواردنەوە و ڕابوردنی خەڵکی!

جا بەڕێزان هەڵبەت حیکایەتی کاندیدەکان کۆتایی نەهاتووە، لەوانە بگەڕێن کەبەخۆییان و بەڵێنەکانیانەوە دەنێردرێنە ماڵەوە، بەڵکو دابنیشن بەدیارکار و چالاکی ئەوانەی کە داوای تەنیا ڕۆژێکی ئێمەیان کرد بۆخۆیان تاکو چوار ساڵی خۆیان بدەن بەئێمە وئێمەش بەقسەمان کردن. حیکایەتەکان ئەوسا خۆشدەبن و بەشی دووەمی ئەم حیکایەتانە هەر کەس زۆرە بیگێڕێتەروە. . !

 

Related Articles