شکەستی پرۆژەی ئیسلامی تورکیاو لەچاوەڕوانی ڕیفۆرمدا. . . ! دارا مەحمود

 

 

 

ئیسلام بەسروشتی خۆی ئاینێکی سیاسییە. ئەمە بەم واتایەیە کە هەر گروپ و پارتێک کە هەڵگری پرۆژەیەکی ئیسلامییە جگە لە سیاسیبوون ناکرێ شتێکی تر بێت. بەڵام خڕبوونەوەی سیاسەت و خواپەرستی پێکەوە لەناو ئیسلامدا بۆخۆی پارادۆکسێکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا حەشارداوە. چونکە ئەگەر سیاسی بێت، واتاکەی ئەمەیە کەسەروکاری لەگەڵ پرسە جیهانییەکان، نەک جیهانی دوای مەرگداهەیە. چونکە سیاسەت بۆ ڕێکخستنی کاروبارەجیهانییەکانەو لەبەرئەوەش خاوەن قەڵەمڕەوێکە هەمیشە لەگۆڕان و وەرچەرخاندایە، کەواتە ناکۆکە لەگەڵ بنەما مەزهەبییەکان کە چەقبەستوو، و نەگۆڕن.

لەبەر ئەمەش کە ئیسلام خاوەنی دوو ڕەهەندی سیاسیی و ئایینییە، خاوەن دوو مەرجەعیەتیشە. مەرجەعە سیاسییەکە بریتییە لە دەوڵەتان و دەسەڵاتەکانی حوکمڕان و پارت و گروپە سیاسییە ئیسلامییەکان. مەرجەعە ئایینییەکەش، ئیمام وپیاوانی ئایینی ناسراو وشارەزا لە بواری فیقهی، و ناوەندەکانی وەک حەوزە عیلمییەکان (بۆ شیعەگەرایان)، و نێوەندەکانی فتوا لەعەرەبستانی سعودی، قەتەر، پاکستان، لوبنان، و قوتابخانەو فێرگە ئاینییەکانو نێوەندەکانی تری وەک ئەزهەر لەمیسر(بۆ سوننەگەرایان). . . هەردوو مەرجەعیش، واتا سیاسییەکەو ئایینیەکە بەردەوام سنووری ئەوی تر دەبەزێنێت. مەرجەعە سیاسییەکە، بەناوی ئایینەوەو وەک نوێنەری خواوەند دەدوێت و مەرجەعە ئایینیەکەش نەک تەنیا دەم لەسیاسەت وەردەدات بەڵکو بەوپەڕی گوڕوتینەوە بەقەڵەمەوی تایبەت بەخۆی دەزانێت.

بەڵام یەکێک لەخەسڵەتەکانی ئیسلام بەهەردوو دیوە سیاسیی و خواپەرستییەکەیەوە، کە هەندێک وەک لایەنی باش و هەندێکی تریش خراپ هەڵیدەسەنگێنن ئەمەیە، کە تێکەڵپێکەڵی و گەڕەلاوژەیەک لەئارادایە کەس ئاگای لەکەس نییە. هەرکەس بۆخۆی ڕێبەرێک، وئیمامێک، و پەیامبەرێک، و تەنانەت خواوەندێکە. کە ئەمە دەتوانێ فاکتەرێکی لاوازیی بزووتنەوەی ئیسلامی وفاکتەرێکی گەورەی سەرلێشێواندن بێت. لەهەمان کاتدا گرفتێکی گەورەشە لەڕێگای چۆنیەتی پێناسەکردن، و مامەڵەکردن و دانوستاندن لەگەڵیدا.

ئەمڕۆ، هەر گروپێکی ئیسلامی بگریت چەندە بچوکیش بێت، بانگاشەی ئەمەدەکات کە نوێنەرایەتی گشت مرۆڤایەتیی و یانیش لانیکەم گشت موسوڵمانانی جیهان، کە ژمارەیان پتر لە ملیارونیوێکەدەکات. لەگەڵ ئەوەدا هەڵەبوونی وەها بانگاشەیەک بەڵگەنەویستە، بەڵام ڕاستییەکی تری تێدایە کە ئەو خەڵکە زۆرەی لەجیهاندا موسوڵمانن، بێ هیچ گومانێک ئەم بنکەفراوانەن کە هەر گروپێکی ئیسلامیی چەندە بچوکیش بێت، دەتوانێ بەشی خۆی لایەنگرو موردیدو شەڕکەر. . . پەیدا بکات. چونکە ئایین بەگشتیی و ئیسلام بەتایبەتی، پێگەی عەقڵ و لۆژیک نییە. و هەر خەون و ئارەزوویەک، هەر تەسەورێک چەندە منداڵانەو تەنانەت گەوجانەش بێت، لەمەزهەبدا جێگای دەبێتەوە. و لەسەر ئەو باوەڕەی خواوەند توانای هەر شتێکی هەیەو هەر کارێکیش دەگونجێ خواوەند ئەنجامی بدات و مەرجیش نییە مرۆڤ پەی بە واتای گشت حیکمەتەکانی ببات. . کەواتە ڕوودانی هیچ شتێک سەیرو نامۆ نییەو هیچ شتێکیش لە ئیسلامدا بە لایەنە باش و خراپەکانی هەڵناسەنگێنرێت.

ئیسلامیی سیاسیی لەجیهاندا بەگشتیی و لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی، بەم خەسڵەتە ناوبراوەیەوە هەبوونێکی واقیعی هەیەو چاوەڕوانی ئەمە نییە داخوا دان بەم هەبوونەیدا دەنرێت یان نا. و هەرچەندە بەسەر ژمارەیەکی هێجگار زۆر گروپی جیاوازی دژبەری یەک دابەش دەبن، بەڵام لەگوتارە سیاسیی و تەنانەت توێژینەوەکانیشدا بەسەر دوو بەرەی توندڕەو، و میانەڕەودا پۆلێندەکرێن. لەبەر ئەوەش کە ئیسلام بەسروشت و دیرۆکی خۆی، پتر بەلای توندڕەویدا دەچیت، سیما دیارو زاڵەکەی ئەمڕۆش هەر توندڕەوییەو. ئەم بەرەیە خاوەن هێزی کارییگەریی ولایەنگیریی زۆرینەیەبەجۆرک نە شیاوی لەناوبردنە لەڕیگای سەربازییەوە. و نەئامادەی دیالۆگ و سازانیشەلەسەر گرفتەکان بەشێوازێکی عەقڵانی و لۆژیکمەندانە.

هەرلەبەر ئەمە هەر ناوهێنان و لێدوانێک دەربارەی ئیسلام، کۆمەڵێک مەترسی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، کەلەخەسڵەتی هەرەدیارییەوە کە توندڕەویی و چەکدارییە سەرچاوە دەگرێت. و زۆر لەمێژە لایەنگرانی سکولاریزم، دەوڵەتانی مۆدێرن و دیموکراسیی، ئۆتۆریتەی ئایینە گەورەکانی تری جیهان، ئاکادیمیی وبیرمەندان. . . لەبیری ئەمەدان کەچۆن، بێ ئەوەی موسوڵمانان هەست بە مەترسی لەناوبردن بکەن، و بێ ئەوەی ئیسلام وەک ئاینێک بۆخواپەرستیی و تەنانەت سیاسەتێکی میانەڕەوانەش، بکرێتە ئامانج و زیانی بەربکەوێت، ئەم ڕەوتە توندڕەوە وێرانکارە لەناو ببرێت. . . ؟ و هەمیشەش یەکێک لە چارەسەرییە هەرە کاریگەرەکان کە هەمووان لەسەری ڕێککەوتوون، درووستبوونی ئەڵتەرناتیڤێکی میانەڕەوی کارای هەڵقوڵاوی ناو خودی ئیسلام بووە. هەرکات گروپێک بانگاشەی وەها تایبەتمەندییەکی لەخۆیدا کردبێت، بەپێی قەبارەو کاریگەرییەکەی پشتیوانی هەمەلایەنەی لێکراوە. دواترینیان، کەلەوانەی پێش خۆی کاریگەرترو مەزنتر بوو، هاتنە کایەی پارتی دادوگەشەپێدان (AKP)، وڕێبەرەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بوو.

تورکیای ئاکەپە، کە بەگوتارێکی میانەڕەوانەی هیوابەخش هاتە گۆڕەپانی سیاسیی جیهانی، سەرەڕای بانگاشە بۆ چارەسەریی پرسە بنەڕەتەکانی ناوخۆی تورکیا، وەک: چارەسەری کێشەی کورد، ڕێشەکێشکردنی گەندەڵی، لەناوبردنی فاشیزم لەناو سیستەمی سیاسیی تورکیاو پاکردنەوەی دەزگاکانی سوپاو دادوەریلە بیروباوەڕی نەژادپەرستی. . . بانگاشەی ئەوەشی کرد کە دەخوازێت تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە بزووتنەوەی ئیسلامی لەسەر ئاستی جیهان بهێنێتە سەر ڕێچکەیەکی نوێ کەلەگەڵ سەردەمدا بگونجێت و ڕێز لەتەواوی بایەخە مرۆییەکان، و ئەو یاساو ڕێسایانەبگرێت کە بە گشتی مرۆڤایەتی لەسەریان کۆکن. ئەمە بووە مایەی دڵخۆشیی وبەوهیوایەی ئەم نموونەیە بکرێتە سیمبۆل بۆتەواوی جیهانی ئیسلام کە ئەوانی تریش بەدوای یەکدا شوێنپێی ئەو هەگرن، پشتیوانییەکی بێوێنەی لەتەواوی نێوەندە پەیوەندارەکانی جیهانەوە لێکرا. وکاتێکیش شۆڕشەکانی ناسراو بەبەهاری عەرەبی سەریانهەڵدا تورکیا بەپشتیوانیی خۆرئاواو وڵاتانی ئیسلامیی هەموو قورسایی خۆی خستە گەڕ بۆسەرخستنی ئەم ڕاپەڕینانە. بەڵام بەرەبەرە ڕاستییەک هەموانی بێهیواکرد. ئەویش ئەمەبوو کە تورکیا نەک هەر لە ئاست چاوەڕانییەکاندا نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێک ڕەفتاری سیاسیی وای پەیڕەوکرد کە شایستەی پێگەی ئەو وڵاتە نەبوو.

لەسەر ئاستیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوت کە خەمی تورکیا، ئەڵتەرناتیڤێکی ئیسلامی میانەڕەو کە سەنگەر لەسکولاریزم نەگرێت نییە. بەڵکو هێنانەسەرکاری ڕەوتێکی دیاییکراو کە ئیخوانولموسلمینی ژێر ڕکێفی خۆیەتی لەسەر حسابی تەواوی ڕەوتە دیموکرات و ئازایخوازەکانی ترو بۆ ئەمەش نەک هەر ڕەچاوی میانەڕەوی و ڕێبازی هێمنانەی نەکرد بەڵکو پشتیوانی لە گروپە هەرە توندڕەوەکانی وەک: ئەنسارولشەریعە لە لیبیا، ئەنسار بەیتولمەقدەس لە میسر، و بەرەی نوسرەو داعش لە سوریا، حەماس لە فەلەستین. . . کردو گشت ئەمانە جیهانی نەجوڵاندو هێشتا ئەو هیوایە مابوو، کە تورکیا سەرئەنجام کارەکان بە ڕێچکەیەکی گونجاودا دەبات. چونکە تورکیا یاری بە جیهان دەکردو گوفتاری جۆرێک و ڕەفتارەکانی جۆرێکی تر بوون. تا ئەوەی پرسی کوبانێ هاتە گۆڕێ و تەواوی کارتە شاردراوەکانی تورکیا ئاشکرا بوون. و تەواوی ئەو پرۆژەیەش کە خۆرئاواو جیهانی ئیسلامی هیوایان پێبوو شکەستی هێنا. چونکە لەبری ئەوەی تورکیا ببێتە بەشێک لەچارەسەری قەیرانەکان، بۆخۆی بووە خوڵقێنەری قەیران و کێشە.

لەسەر ئاستی ناوخۆش دەرکەوت بانگاشەی چارەسەری کێشەی کورد جگە لەپلانێکی شەیتانانەو ساختەبازانە بۆ گۆشەگیرکردن و ڕووتاندنەوەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لەلایەنگیریی ناوخۆیی و جیهانی و لەتوپەتکردنی ئەم بزووتنەوەیە لەسەر ئاستی گشت پارچەکانی کوردستاندا شتێکی تر نەبوو.

ئەمڕۆش لەگەڵ ئەوەدا کە ئاشکرایە تورکیا چی دەکات وچی دەخوازێت، بەڵام تاکە تروسکە هیوایەک مابێت، ئەمەیە کەلەڕێگای گوشاری نێوخۆیی و پشتیوانییەکی بەهێزی نێودەوڵەتییەوە هەوڵبدرێت لەمە زۆرتر ڕۆنەچێت و زیانەگەورەکانی بەمەندە سنووردار بکرێن. و کەمێکیش ئەم ئەگەرە لەئارادایە کە سەرئەنجام عاقڵمەندانی تورکیا هەست بە زیان و مەترسی ئەم سیاسەتە هەڵەیە بۆسەر چارەنووس و ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان و ناوچەکەو جیهان بکەنو هەڵەکانی خۆیان ڕاستکەنەوە.

بەڵام بەگشتی ئیتر تورکیا ئەو قیبلەگایەی هیوا نییە کە ناوچەکەی پێ بگۆڕدرێت. چونکە سەرەڕای ئەوەی ئاراستەی ئەو سیاسەتەی پەیڕەوی دەکات دژی ئاشتی و ئارامی پێکەوەژیانە لەناوچەکەدا، جڤاکی ئیسلامیش زۆر لەوە گەورەترو ئاڵۆزترە کە بەدەستپێشخەریی یەک ڕەوت، یان یەک وڵات وەرچەرخانی گەورەو یەکلاییکەرەوەی تێدا بەدیبێت. بەڵکو بەشداریی بنکەیەکی زۆر فراوانتر دەخوازێت کەبەم مەرجەعیەتە ئایینی و سیاسیەی ئەمڕۆ هەیە، لەتوانادا نییە.

ئایینی ئیسلام گەیشتۆتە قۆناێک کە خراپەکانی، چاکەکانیشی بەخۆیەوە دەسوتێنێت. ئیتر یان دەبێ هەموو موسوڵمانان ببنە بەشێک لەوجەنگەی دژی مرۆڤایەتی بەڕێوەدەچێت، کە ئەمە مەحاڵە. یانیش دەبێ وێستگەیەک بۆ بەخۆداچوونەوە پەیداکەن. کەدرەنگ یان زوو دەبێ بەدیبێت. بەڵام لەهەموو حاڵەکاندا ئەمە پرسێک نییە پەیوەستەی بڕیاربێت. بەڵکو پرۆسەیەکی ئاڵۆزو درێژخایەنە ناوەرۆکەکەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەخۆی دەگرێت. بەواتایەکی تریش ئیتر پێویستی بە ریفۆرمە. بەڵام ئەوە هەر مەزهەب نییە کە پێویستی بەریفۆرمە بەڵکو ڕیفۆرم لەبوارەکانی سیاسیی، جڤاکی، ڕۆشنبیرییش. . . لەتەواوی کۆمەڵگای ئیسلامیدا بەهەمان ئەندازە پێویستن. بۆ هەنگاونان بەرەو وەها قۆناغێکیش،  چەند خاڵ وەک دەستپێک، شیاوی سەرنج و ئاوڕدانەوەن.

یەکەم: تۆمەتبارکردن و دژایەتیکردنی هێزە توندڕەوە ئیسلامییەکان بەتەنیا تێرناکات و پێویستی بە دیراسەکردنێکی وردو هەمەلایەنەهەیە. کە چما ئەو هێزانە درووست دەبن و وەها خێرا پەرەدەستێنن و لایەنگریی فراوانی خەڵک بەدەست دەخەن؟! و دیسان چما کاتێک هێزێک لەمانە لاواز دەبێت یان لەناودەچێت، خێرا هێزو لایەنی تر بەهەمان شێوازو توندڕەوانەتر پەیدا دەبنەوە؟! ئێمە لەمڕوەوە هەمیشە پشتمان بەو دیراسەو توێژینەوانە بەستووە کە نێوەندەکانی خۆرئاوا بڵاویان کردۆتەوە. بەڵام دەرکەوتووە ئەم توێژینەوانە هەڵەو ناتەواوی زۆریان تێدایە. ئەوەی گوتراوەو نووسراوە زۆر لەخوار ئاستی ئەوەیە کە ڕوودەدات. چونکە ئەمە کێشەی نێوخۆی ئێمەیە. و خۆمان دەبێ کون و کەلەبەرە شاراوەکانی ئاشکرا بکەین، ئەمە بەشێکە لەفەرهەنگی خۆمان و هیچ نێوەندێکی خۆرئاوایی ناتوانێ وەک خۆمان پێناسەی بکات.

دووەم: دژایەتی هەر ئاینێک یان مەزهەب بەگشتیی، تا ئەو جێگایە ڕەوایە کە سنووری ئازادی مرۆڤ لە هەڵبژاردن و پەیڕەوکردنی باوەڕە مەزهەبیەکان نەبەزێنێت. چونکە بیرکردنەوە لە ڕیشەکێشکردنی هەر ئاینێکی بچوک یان گەورە، هەروا خراپ یان چاک. . . سەرەڕای ئەوەی لەتوانادا نییە، دژی بنەماکانی ئازادیی و بایەخە مرۆییەکانەو زیانەکانی مەزهەب چەندە زۆرو فراوان بن، هێشتا ڕەوانییە بوارەکانی عیبادەت و خواپەرستی لەمرۆڤەکان بستێنین.

سێیەم: گەیشتنی هێزە ئیسلامیەکان بەدەسەڵات، لەگەڵ ئەمەدا کە بەشێوازە گشتییەکەی قەیران خوڵقێنە. بەڵام مەرجیش نییە لەهەموو نموونەکانیدا بەیەک ئاکام کۆتایی بێن. و ستەم و زۆرداریی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا سیمای تەواوی حوکم و دەسەڵاتەکانەو ڕەوانییە تەنیا هێزە ئیسلامییەکان بەمە تۆمەتبار بکەین. و کاتێک زۆرینەی کۆمەڵگا لەڕێگای دیموکراسییەوە هێزێکی ئیسلامی هەڵدەبژێرێت، پێویستە بواری تەواوی پێ ڕەوا ببینرێت. و بەبڕوای من هێزە ئیسلامییەکانی تونس لەمڕووەوە نموونەیەکی باشیان لەخۆ نیشانداوە کەدەتوانن لەگەڵ هێزە سکولارەکاندا هەلی پێکەوەژیانی سیاسی و ڕێزگرتن لەیەکترو لە دەنگی خەڵک بخوڵقێنن و پێویست نییە ئاستی چاوەڕوانییەکانمان لەمڕووەوە زیادەڕەوی پێوەبێ.

چوارەم: کاتێک باس لە پێویستیی دروستبوونی ئەڵتەرناتیڤ لە مەرجەعیەتی ئایینیدا دەکرێ. دەبێ بەم واتایە بێت کە هیچ ئەڵتەرناتیڤێک لەدەرەوەی جڤاکی ئیسلامی بە بڕیارو پڕۆژە پێکنایەت. بەڵکو لەناو خودی خۆیدا گۆڕانکاریی لەڕێبەرایەتی و مەرجەعیەتێکی جێگای متمانەی زۆرینەو خاوەن سەلاحیەت دەبێت. بەڵام شتێک لێرەدا پێویست بەدووبارەکردنەوەیە کەئەم ڕەوشەی ئێستا لەئارادایەو ئەم هەموو توندڕەویە مەزهەبییە، دوو ڕەهەندی سیاسیی و مەزهەبی هەیە. و ئەوەی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئەم شەپۆلە وێرانکارییە خراوەتە گەڕ بەپلەی یەکەم وتائاستێکی زۆر، لەناو ڕەهەندە سیاسییەکەیدا خۆی دەبینێتەوە. بەم واتایەی بەبڕیارو سیاسەت و ئاراستەی دەوڵەتان و ئیلێتی دەسەڵاتدار لەوڵاتانی ئیسلامی سنووردار بووەو ئەمەش ئەو هەڵەیە کە بەردەوام دووبارەدەبێتەوە. چونکەکارییگەریی ئەو نێوەنە مەزهەبیانەی پێشتر ناومانبردن و هیتریش لە ئاراستەکردنی موسوڵمانان بەرەو هەر ئامانجێک، ناکرێ چاوپۆشی بکرێن. This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

Related Articles