ژنکوژیی لە نێو کوردان مێژوویەکی دێرینی هەیە، هەر لەو سەردەمەشەوە کە کوردان وە تۆبزیی و وە زەبری شمشێر کرانە موسلمان..ژنکوژیی لە لایەنی گفتار (ئایەت و فەرموودەکانی محەمەد) و لە لایەنی کرداریش (پاراستنی رەوشت و شوشتنەوەی ئابڕوو) پتر جێی خۆی گرت و تا نهاش وە شێوەیەکی زۆر بەرفروان جێبەجێ دەکرێ وە جۆرەک کە تاکی هۆشمەند و ئازادییخوازی کورد لە زۆر کات و لە زۆر جێدا شەرم لە خۆی دەکاتەوە ناسنامەی ''کوردبوون''ی خۆی ئاشکرا بکا!
لە سەردەمی شۆڕشە کوردایەتییە پاشادامایە خێڵەکییەکەش (١٩٦١ - ١٩٩١) ژنە هەرە شۆڕشگێڕەکانی کورد وە شێوەیەکی گشتیی تەنێ خەریکی خواردن سازکردن و خزمەتکاریی بوون و پێشەرگە نێرسالارە چاوبرسییەکانیان تێر دەکردن..وە شێوەیەکی زۆر ئاساییش کەسانی ژنکوژ کە دەیانویست خۆیان لەبەردەستی رژێمە دڕندەکانی عێراق رزگار بکەن دەچوونە رێزی پێشمەرگە و زۆر وە رێزەوە وەردەگیران و وە هۆی پیشە مرۆڤکوژییەکەشیان زۆریان لە لایەن بەرپرسە سیاسەتبازەکانی شۆڕش دەکرانە بەرپرسی عەسکەریی و تەنانەت بەرپرسی سیاسییش!
راپەڕینی نێرسالاریی و ژنکوژیی!
راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ وەرگۆڕانێکی مەزن بوو لە ژنکوژیی؛ لە چەند ساڵی پاش راپەڕین وە سەدان و وە هەزارن ژن وە ناوی ئەوەی کە سەر وە رژێمن و بێ رەوشتیی لە نێو میللەتەکەمان بڵاودەکەنەوە وە شێوەیەکی زۆر ئاسایی و بێ لێپێچینەوە لە لایەن چەکدارانی حیزبەکانەوە کوژاران..ئیدی لەو دەمەوە تا نها ژنکوژیی بوویتە مۆرکەکی زۆر دیار وە نێوچاوانی دەسەڵاتداریی کوردیی و وە دەیان هەزار ژن تەنێ لەبەرئەوەی ژن بوون و دەیانویست وەک مرۆڤ بژین کوژران..ئەوە بێجگە لەو توندتیژییە جەستەیی و دەروونییانەی کە رۆژانە و وە هەزاران جار دەرهەقیان ئەنجام دەدرێن.
ئیدی ئەو ژنکوژییە وەک دیاردەیەکی باو تا دێ بەرفراون و بەرفروانتر دەبیتەوە، تەنانەت زۆر جار ژنانی کورد لە ئەوروپاش لە کێردی ئەو نێرسالارانەی کە وە ئیسلامی دژەژن و دابونەریتی دارزای کوردەواریی داغان بوونە رزگار نابن و دەکوژرێن..وەک دەبێژن (گێدرێژ بچیتە بەغدایێش هەر نابیتە ئێستر!).لە سەروبەندی ٨ی ئادار (رۆژی جیهانی ژنان)یشدا چەندین ژن فرە فرە دڕندانە کۆتاییان وە ژیانیان هێندرا، هەر دونێش (لەسەر سوننەتی خودا و پێغەمبەری خودا!) لە پێناو کڕینەوەی ئابڕوو و پاراستنی دابونەریتی زۆر زۆر بەرز و باڵای کوردەواریی ژنەکی تەمەن ٢٢ ساڵان و خێزاندار لە گەڕەکی شەهیدانی سێتاقانی شاری هەولێری وە ناو پایتەخی گەشتوگوزار لە نێو ماڵەکەی خۆی بە چار فیشەک خەڵتانی خوون کرا و رەوانەی (دۆزەخ!) کرا!!!
بێ مافیی و نەبوونی ئازدادیی ژنانی کورد هەرگیز بەراورد ناکرێ دەگەڵ ئی ژنانی میللەتان، دیارە ئەوەش ئەگەر یەک جار پەیوەندیی وە بێ توانایی و لەپاشبوونی ژنانەوە هەبی ئەوە سەت جار پەیوەندیی وە نێرسالاریی و پاشدامایی پیاوانەوەیە، هێندەک لە پیاوە نەتەوەپەرستەکانی میللەتەکەمان تەنانەت ژنە سوپاسگوزارە مێشک شۆردرایەکانیش شانازیی وە دابونەریت و خزمەتکاریی ژنانی کوردەوە دەکەن و دەبێژن ئەو ماف و ئازادییەی ئەورپا - کە لە روانگەی ئەوانەوە بەرەڵاییە! - بە کەلکی ژنانی کورد نایە چونکە ئەوان موسلمانن! کەچی وەک ئەوەی چاویان کۆرە بووبی و نەتوانن ژنانی عەرەب و فارس و میللەتانی دەوروبەری خۆمان ببینن کە بێجگە لەوەی ژنکوژییان تێدا نییە - ئەگەر هەشبی دەگمەنە - ماف و ئازدادییەکانیشیان وە دەیان جار لە ژنانی کورد پترە، هەر لەو ٨ی ئادارەدا - واتە پێنج رۆژ پێش نها - ژنان لە سەرتاسەری جیهان وە ژنانی میللەتانی لای خۆمانیشەوە بەوپەڕی توندیی و وە شێوازی جۆراوجۆر ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر پلەدوویی ژنان و سیستەمی پیاوسالاریی دەربڕی..ئەوەش نموونەیەکە لە ناڕزایەتییەکان:
رۆژی ٨ی ئادار کۆمەڵەک لە ژنانی عەرەب و ئێرانیی لە گۆڕەپانی (مۆزەخانەی لۆڤەری هونەریی) لە فەرنسا وە (خۆڕووتکردنەوەی تەواو) ناڕەزایی خۆیان لە پێناو وەدەستهێنانی ئازادیی و یەکسانیی و کۆمەڵگەی سێکیۆلاریی دەربڕی، ئەو ژنانەش؛ (مەریەم نەمازی - ئێرانیی) و (عەلیا ئەلمەهدی - میسریی) و (ئامینە تایلۆر - تونسیی) و پێنج ژنی ئازا و ئازادییخوازی دیکەی عەرەب و ئێرانیی بوون..وە تایبەتییش (مەریەم نەمازی) وە جەستەیەکی تەواو رووت ئاڵای وڵاتەکەی خۆی لە کەمەری پێچا و (اللە)یەکەی سەر ئاڵایەکەی کون کرد و (گوڵئەندام)ی خۆی تێدا پێشان دا..ئەوەش گوزارشت لەوە دەکا کە ئەو ژنە هێندە رق ئەستوورە بەرانبەر ئازادییکوژانی وڵاتەکەی و سەرلەبەری ئیسلام تەنانەت دژ بەو ئاڵایەش رادەوەستی کە دەسەڵاتی خودای ئاخوندەکان لە ژێر سایەیدا ژنان و ئازادییخوازانی پێ دەچەوسێننەوە.
خۆڕووتکردنەوەی ژنان وەهێزترین شەپازللەیە وە رووی نێرسالاران!
رەنگە هێندەک کەس هەبن و ببێژن: ''جا ئەو خۆڕووتکردنەوەیە هیچ سوودی نییە و ئەو ژنانەش هەر مەبەستیان خۆدەرخستن و هەڕاجکردنی جەستەی خۆیانە یان نەخۆشیی دەروونیی و سێکسییان هەیە''! لێ ئەوە تەنێ قسەی پیاوە نێرسالارەکان و ژنە سوپاسگوزار و مێشک شۆردرایەکانە، چونکە ئەو ژنانە رێک وە پێچەوانەی ئەو قسانە کۆمەڵە ژنەکی هۆشمەند و شۆڕشگێڕ و شکۆمەندن و وەک هەر ژنانەکی دیکە هاوسەر و منداڵ و ژیانی سەربەرزانە و ئازادانەی خۆیان هەیە و کتومت وەک ژنە پێشمەرگەکانی (پەکەکە) خۆیان لە پیاوان کەمتر نابینن و هیچ پیاوەکی چاوبرسیی کە تێکڕای ژیان لە دامرکاندنەوەی ئاڵۆشییەکانی نێوگەڵی خۆی دەبینی ناتوانی پەنجەیان لێبدا و لە هەردوو لایەنی گفتار و رەفتاریش ئەوەیان سەلماندییە..ئەو خۆڕووتکردنەوەشیان وەهێزترین شەپازللەیە وە رووی نێرسالاران، هەر ئەو ژنانەشن دەگەڵ ئەوەی سیستەمی وڵاتەکانیان زۆر چەوسێنەرانەن لێ وە هۆی چالاکیی و بەرانگژبوونەوەکانیان دەرفەتی ئەوە نادەن ژنانی میللەتەکانیان وەک ژنانی کورد ملکەچ بکرێن و تا رادەی ژنکوژیی بچەوسێندرێنەوە.
ئەوانەی خۆ رووت دەکەنەوە لە هەموومان وە ئابڕووتر و وە رەوشتترن!
ئیدی ئەوڕۆ رۆژی ژنانی کوردە کە چیدی خۆیان وەپاش نەخەن و چیدی ملکەچ نەکەن و دەست لە نێو دەستی پیاوانی یەکسانیخواز بێنە دەنگ و وەک ژنانی میللەتانی دیکە تێکڕای شێوازەکانی بەرانگژبوونەوە وەکارببەن تەنانەت خۆڕووتکردنەوە و پووچکردنەوەی دین و ژێرپێنانی ئاڵا و نیشتمان و دەوڵەتی کوردی و هەر شتێکی دیکە کە دەسەڵاتدارە نێرسالارەکان وە بڤە و پیرۆزیان دەزانن چونکە هەر ئەو جۆرە بڤە و پیرۆزییانەن ماف و ئازادییەکانیان پێشێل دەکەن و سەرکز و نابووتیان دەکەن و لە مرۆڤبوونیان دادەبڕن، سەرەنجام ئەو ژنانەی وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین لە پێناو ماف و ئازادییەکانیان خۆیان رووت دەکەنەوە سەرلەبەری رەوشت و ئابڕووە هەرە جوان و بەرزەکان لە کن ئەوانن نەک لە کن (ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان!)ی دەرباری دیوەخانەکانی دەسەڵاتداران و ژنکوژە دڕندەکانی کورد و ئەو دین و دەسەڵاتەی کە پارێزگارییان لێ دەکەن!
___________________________________
• دەتوانن لەو بەستەرانەدا وێنە و زانیاریی پتر وەدەست بخەن:
www.proud-a.blogspot.fr/2014/03/IWD2014.html
www.journalruzaneh.wordpress.com
١٤\٣\٢٠١٤