تکا لە ژنان دەکەم..با سارد نەبنەوە و ورە بەرنەدەن! ... دارا خونچە

منیش خۆم وەک هەر نێرێک لە نێو ئەو کۆمەڵە نێرسالارییە دڕندانەیەی خۆمان لە دایک بوومە، وەک شێوە گشتییەکەی پەروەردەبوونی منداڵانی کوردستان بە ژەهری دین و بە دابونەریتە داڕزاوەکانی کوردەواریی و بە بە مرۆڤ نەزانینی ژن پەروەردە کرام، لە هەرزەکارییشمدا وەک کوڕێکی دڕندە ئامادە کرابووم تا بەرببمە گیانی خوشک و دایک و کچان و ژنانی خزم و ناسیاران و تەواوی مێیینەکانی کوردستان..بەڵام خۆشبەختانە و هەر بە رێکەوت سێ هۆ وایان لێکردم ئەو رێیە نەگرمەبەر و بە تاوانی چەوساندنەوەی ژنان ئاڵوودە نەبم بەڵکە بە پێچەوانەوە ببمە بەرگرییکەرێکی سەرسەخت لە ماف و ئازادییە رەوایەکانی ژنان تا رادەی ئەوەی کە هەر ماف و ئازادییەک بۆ پیاوان رەوایە و لێی بەهرەمەندن پێویستە و دەبێ بۆ ژنانیش بە هەمان شێوە رەوا بن و لێی بەهرەمەند بن جا ئەوە لە هەر کات و شوێنێک و بارودۆخێکدا بێ، ئەو سێ هۆیەش ئەوانە بوون:

یەکەم: باوکم - لەگەڵ ئەوەی دیندارێکی توندڕەوی کۆمەڵایەتیی بوو - تا رادەیەکی باش بە بەراورد بە باوکانی سەردەمەکەی خۆی جیاوازیی لە نێوان کچەکان و کوڕەکانی نەدەکرد و بە خۆشەویستییش ببووە هاوسەری دایکم، ئەوەش ببووە هۆیەکی کاریگەر بۆ ئەوەی کە من هەست بکەم توانای کچان و کوڕان وەک یەکە..چونکە تەنیا بە هۆی ئەوەی باوکم وەک مرۆڤ تەماشای خوشکەکانیشمی دەکرد و هێندەک لە باوکانی دیکە پتر مافی کچەکانی دەدا..لە کردەوەدا دەمدیت هەر شتێک کە من دەتوانم ئەنجامی بدەم خوشکەکانیشم دەتوانن وەک من ئەنجامی بدەن بەڵکە زۆر جار باشتریش، لەوەوە ئەو تێڕوانینە لە لام پووچەڵ بووەوە کە ژن (لاواز و بێ هێزە، کەم هۆش و نەزانە، بێ توانا و بێ بڕستە، پەراسووی چەپی پیاوە، بۆ خزمەتکردنی پیاو و جووتبوون لەگەڵ پیاو و نەوەخستنەوە دروست کراوە، هەر دەبێ پیاو سەرپەرشت و پاسەوانی بێ چونکە ناتوانێ خۆی یان خێزان بەڕێوە ببا)!

دووەم: هێشتا مەسینە ئاوێکم بۆ هەڵنەدەگیرا فێری نوێژکردن و رۆژووگرتن و دیندارییان کردم..ئیدی لە هەرزەکارییمدا وەک باوکم بوومە دیندارێکی توند و زۆر بە رێکوپێکیی تێکڕای ئەرکە دینییەکانی ئیسلامم پەیڕەو دەکرد، ئەوەش وای لێکردم قورئان و قسەکانی محەمەد و پەرتووکە دینییەکان بخوێنمەوە..لەبەرئەوەی زۆر حەزم لە زانین و زانیاریی وەرگرتن بوو لە پاڵ خوێندنەوەی دینییش کەوتمە خوێندنەوەی پەرتووکی دیکەش تەنانەت ئەوانەی کە پێچەوانەی ئیسلام و دینەکانیش نووسرابوون..هەر بە هۆی خوێندنەوەیەکی چڕ و هەڵسەنگاندنی هەڵسوکەوتی موسلمانان لە بەرانبەر ژیان بە گشتیی و لە بەرانبەر ژنان بە تایبەتیی گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە ئیسلام و تێکڕای دینەکان لە لایەن خودی پیاوانەوە بۆ پاراستنی دەسەڵات و چەوساندنەوەی چینە هەژارەکان بە گشتیی و ژنان بە تایبەتیی دامەزراون..ئیدی هێشتا هەر هەرزەکار بووم وازم لە دین هێنا و تەنانەت باوەڕم بە بوونی هیچ خوایەکیش نەما..ئەوەش بووە هۆی ئەوەی پتر چاوم بکرێتەوە و بە سەر هەموو شتێکدا بکرێمەوە بە تایبەتییش لە دۆزی چەوسانەوەی ژنان.

سێیەم: هاوکات لەگەڵ ئەوەی باوەڕم بە دین و بوونی خودا نەما منیش وەک خەڵکێکی کەم لەو سەردەمدا هەستی نەتەوایەتیی و چینایەتیی لە لام گەیشتنە پۆپە..ئەوەش وای کرد بە نهێنیی بە حیزب و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستییەکانی ئەو سەردەم و پێشمەرگایەتییشەوە پەیوەست ببم..هەرچەندە ئەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەرم دانا کە رۆشنتر دۆزی چەوسانەوەی ژنان ببینم بەڵام لەو سەردەم بە هۆی (باری زۆر خراپی کێشەی نەتەوەیی، سەرکوتگەریی رژێمی بەعس، پایەداریی نێرسالاریی و هزری خێڵەکیی لە نێو حیزبەکانی کوردستان، هەژموونی توندوتیژیی شەڕی چەکداریی شاخ، رێکخراوەکانی ژنان (بێجگە لە کۆمەڵەی ژنانی عیراقیی - حیزبی شیوعی کە هێندەک جوولەیان هەبوو) وەک بەشێکی زۆر لاوازی حیزبەکان بوون و تەنیا کاری حیزبییان دەکرد، ...هتد) دەرفەت نەدەدرا چەوساندنەوەی ژنان بکرێتە بابەتی رۆژ و گەشەکردنێکی ئەوتۆ بە خۆوە ببینێ تا راپەڕینی ئاداری ١٩٩١.

ئیدی هەر لە راپەڕینەوە تا ئێستا لە کۆمەڵە بوارێکی وەک (کاری سیاسیی و رۆژنامەنووسیی، کۆڕ و کۆبوونەوە، خۆپیشاندان و ناڕازایی دەربڕین، بەرهەمی ئەدەبیی، خەباتی یەکسانیی لە نێوان نێر و مێ لە نێو ماڵ و خزمان و دۆستان و هاوڕێیان، تەنانەت لە رووی مادییشەوە) بە پێی توانا لە تێکۆشانی یەکسانییخوازانەی نێوان ژنان و پیاوان بەشدارییم کردوە و کۆڵم و نەداوە و کۆڵ نادەم، بەڵام زۆر بە داخەوە - ناڵێم هیچ نەکراوە و ژنان هیچیان بە هیچ نەکردوە بەڵکە دەستکەوتی زۆر گەورە بەدەست هاتوون و من زۆر گەشبینم دەتوانین بە دوا ئامانجیشمان بگەین - هێشتا نەمانتوانیوە ژنکوژیی لە کوردستان بنەبڕ بکەین کە هیچ میللەتێک نییە لە جیهان بەو شێوەیە زۆر و دڕندەییە ژنی تێدا بکوژرێ، دیارە حیزبەکان و دەسەڵاتدارانی کوردستان بەرپرسی یەکەمن لەو ژنکوژییە و هەموو ئەو توندوتیژییە جەستەیی و دەروونییانەی لە بەرانبەر ژنان دەکرێن..چونکە بێجگە لەوەی پیاوە بڕیاربەدەستەکانی حیزب و دەسەڵات خۆیان نێرسالارن و خێڵەکیین و ژنان تەنیا بە خزمەتکاری پیاو و جێبەجێکەری سێکسی پیاوان دەزانن و تەنانەت لە لای زۆرێکیان ژنان هەر مرۆڤی تەواویش نین..هەر ئەوانیشن یاسای کۆنەپەرستانەی (باری کەسیی) و یاسای (فرەژنیی) و هەموو یاسایە پیاوسالارییەکانیان بە سەر ژناندا سەپاندوە و هەردەم پارێزگاریی لە مانەوەی دینەکان و یاسا و رێسا و هەڵسوکەوتە دینییەکان دەکەن و حیزب و رێکخراوە دینییەکانیان بەرداوەتە گیانی ژنان..هەروا راگر و قووڵکەرەوەی هەموو دابونەریتە دژەژنییە داڕزاوەکانی کوردەواریین..هەموو ئەو دژەژنییەشیان تەنیا لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەیان و بە تایبەتییش دەسەڵاتە پیاوسالارییەکەیانە.

ئێستا ئەو دەسەڵات و حیزبانە تێکڕایان کە بەهێزتر بوونە و پتر جێی خۆیان گرتوە..پارەی گەندەڵیی کە لە میللەت دەدزرێ هەڵدەڕێژن و بە دەیان رێکخراوی وەک ئەنجوومەنی باڵای خانمانی کوردستان و دەزگەکانی بەرانگربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان و خێزان و بە ناو پەناگەکانی ژنانیان دروست کردوون کە دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکیان بە ژنان و ماف و ئازادییەکانیانەوە نییە بەڵکە ئەو رێکخراوانە رێک بە پێچەوانەوە تەنیا بۆ جوانکردنی دەسەڵات و حیزبەکان و سەرلێشواندنی خەباتی راستەقینەی ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز دامەزراون و بەردەوام ژنانێک کە پێشتر جوولەیەکیان هەبووە بە زەبری پارە و توانستە مادییەکانیان دووچاری گەندەڵیی و ساردکردنەوە و لادان لە تێکۆشانەکانیان دەکەن و تەنانەت راستەوخۆ لە دژی ژنان بەکاریاندەهێنن.

هەر ئەو پارە هەڵڕشتن و گەندەڵییە سەرەڕای ئەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی ژنان و خەباتەکەیان بەکاردەهێندرێ وای کردووە ئەو ژن و چالاکوانانەی بواری ژنان و رێکخراوەکانیان کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونیان بە هۆی ئەرک و ماندووبوونی ژنان و پیاوانی ئازادییخواز و سەربەخۆ و میدیای ئازاد و حیزب و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستییەکان خۆیان دەردەخەن و خۆیان زۆر ئازادییخواز و زۆر یەکسانییخواز و دژ بە دەسەڵات و دژ بە هەر کەس و لایەنێکی چەوسێنەری ژنان پیشان دەدەن..پاش ئەوەی هێندەک دەناسرێن و ناوبانگێک پەیدا دەکەن دەسەڵاتداران چرای سەوزیان بۆ هەڵدەکەن و بۆنی کێکەکەی دەسەڵات دەخەنە بەر لووتیان..ئیدی وردە وردە و بە خشکەیی بە ناوی ئەوەی کە ئەگەر ژنان لە نێو دامودەزگەکانی دەسەڵات بەشدار نەبن ناتوانن بجوولێنەوە و ئامانجەکانیان بپێکن..پێویستە لە نێو دەسەڵاتەوە قسەی خۆیان بکەن و دەسەڵات ریسوا بکەن و هزر و تێڕوانینەکانی خۆیان بسەپێنن! هەر کە لە نێو کۆشک و تەلارە پاشائاسایەکانی دەسەڵات میوانداریی دەکرێن و لە میدیا و تەلەفزیۆنەکان دەریاندەخەن دەبنە ئەسپی شەترەنجی دەسەڵات و بە تەواویی خۆیان و ژنان لە بیر دەکەن و رێک بە پێی مێشکێکی نێرسالاریی و وەک هەر پیاوێکی نێو دەسەڵات سیاسەت بۆ بەرژەوەندییە تەسکە خودپەرستییەکانی خۆیان دەکەن! هەر رێک لە ئێستاشدا رێکخراو و دەزگەکانی ژنان ئەوانەی سەر بە دەسەڵات و حیزبەکانن بە تایبەتییش (ئەنجوومەنی باڵای خانمان) زۆر بە فراوانیی خەریکی لەخشتەبردنی ئەو ژنانەن کە هێشتا قسەی گەورەی ئازادییخوازیی و یەکسانییخوازیی دەکەن..وایان لێدەکەن پێش هەر شتێک بڵێن: ''ئێمە کار و چالاکییەکانی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان بەرز دەنرخێنین''!!!

ژنانی ئازادییخواز و یەکسانییخواز..

هەموو ئەو باسکردنانەی خۆم - کە رەنگە وەک خۆ ستایشکردنێک بێتە بەر چاوان..بەڵام نەک هەر خۆ ستایشکردن نین بەڵکە هەست دەکەم زۆر کەمم کردوە و زۆرم ماوە بیکەم - هەروەها باسکردنی دەستکەوتەکان و هەموو ئەو دەردەسەریی و چەوساندنەوانەی ژنان و بەلاڕێدابردنی خەباتەکەیان و ملکەچبوون و خۆفرۆشتنی ژنانێک کە تا دوێنی بە ئازادییخواز و یەکسانییخواز دەردەکەوتن کە باسمکردن..هەمووی لە پێناو ئەوەیە بڵێم:

ئەی ژنی ئازادیخواز و یەکسانیخوازاز تکایە بێنە بەرچاوی خۆت:

من (پیاو)ێکم..ئەگەر وەک هەر پیاوێکی دڕندەی کورد خۆم بێدەنگ بکەم..ئەوە زۆر لە قازانجی دڕندەییەکەم دایە کە هەر (مرۆڤ)ێک وەک ئافەریدەیکی خودپەرست جۆرێک و رێژەیەک لە دڕندەیی تێدایە! بەڵام لەبەرئەوەی شەقم لە دڕندەییەکەم هەڵداوە منیش زۆر ئازار و ئەشکەنجە بە هۆی چەوسانەوەی ژنان دەکێشم! بۆیە ناچارم و بە ئەرکی بێ ئەملا و ئەولای خۆمی دەزانم لەگەڵ ئەوەی رێگەیەکی زۆر سەختە بەوپەڕی راستگۆییەوە سەنگەری پاڵ تۆی ژن بەرنەدەم و هیچ (منەت)ێکیش بە سەرتدا ناکەم.

دەزانم ئازار و ئەشکەنجەی تۆی ژن زۆر زۆر گەورەترە لە هی منی پیاو..تەنیا یەک بیرکردنەوەی و یەک هەنگاوی تۆش لە کۆڕی خەباتی یەکسانییخوازییدا هێندەی سەد بیرکردنەوە و هێندەی سەد هەنگاوی منی پیاو گەورەتر و بە نرختر و کاریگەرترە..وەک دەیبینین کە ژنان و پیاوانی ئازادییخوازی رۆژئاوا - هەرچەند بە تەواویی رزگار نەبوونە - زۆر لە ماف و ئازادییەکانیان وەدەست هێناوە..بەڵام ئەوانیش هەر رێگەی هەزاران میلیان بە یەک هەنگاو دەستپێکردوە و بەو ئاستەی ئێستایان گەیاندوە.

جا تکایە تۆش بە هۆی ئەو سەختییانەی لێیان دواین سارد مەبەوە و ورە بەرمەدە..چونکە هەر تۆی ژن پتر سوودمەندی سەرەتا و کۆتایی دەبی!

٩\٥\٢٠١٤

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

Related Articles