دەستنووسە دۆزراوەکەى ئەکرا ... دیار کوردە

مێژوویەکى کۆن و گفتوگۆیەکى لەنگ، قتبیەک وڵامى پرسیارەکانى کۆمەڵگایەک دەداتەوە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، بەجۆرێک هیچ دەرفەتێکى وڵامدانەوەى بۆ گوێگرەکانى بەجێهێشتبێت! رەنگە نووسراوە دۆزراوەکە (پاولۆ)ى کەلەبچەکردبێت! کە نەتوانێت وەک سروشتى هەمیشەیى خۆى یارى بە ووشەکانەوە بکات و کاراکتەرەکان دابتاشێت، تا خوێنەر خۆى تیا ببینێتەوەو بەجۆرێک بە دڵى خۆى رۆڵکێک وەربگرێت و بەو شێوەیە نواندن بکات کە دەیهەوێت. راکردن و هەڵپەکردن لە وڵامى پرسیارێکەوە بۆ پرسیارێکى تر، بۆشاییەکى گەورە دروست دەکات لە نێوان خوێنەرو قیتبى قسەکەر کە ئەمە وادەکات فەزایەکى تر بخولقێنێت و خوێنەرى ژیر بە مۆنیەوە دەستى ووشەکان بگرێت و بەرەو کۆتایی پەرتووکەکە هەنگاو بنێن. قیتبى بەجۆرێک کۆتایی بە ئامۆژگارییەکانى دەهێنێن وەک ئەوەى بەتەنیا ئەو راستیەکانى ژیان بزانێت و راهیبە، ئیمام، قەشەو چین و توێژەکانى تر بەتەنیا بۆ گوێگرتن خوڵقاون. سەیرترین شت کە من تێبینیم کردووە لەم دەستنووسە هەموو گوێگرەکان رازین و هیچ بەریەکەوتنێک لە نێوان بۆچوونى بیسەرو قسەکەر دانیە، کە ئەمەش خۆى لەنگیەکى گەوررەو بۆشاییەک دروست دەکات کە خوێنەر بێزاردەکات کە بۆچى؟ دەبێت قیبتیەک رۆڵى شوان بگێرێت و بیسەرەکانیشى رۆڵى مێگەل! کە شوانەکە چیرۆک و ستران بۆ مەرەکانى دەڵێت و دەچرێت، مەرەکانیش بە بێ دەنگى ملى رێگادەگرن و وا نیشاندەدەن کە رازین بەسەلیقەى شوانەکە. هەموو ئەم دەستوونەسە جیا لەوەى پرە لە ئامۆژگارى ژیان، دەیهەوێت پێمان بڵێت: کە چۆن بژین و بە پێی ئامۆژگارى کەسێک کە بەراستى خۆى بەو جۆرە نەژیاوە کە پیشانى دەدات.
لە کۆتاییدا من یەکێکم لە خوێنەرە جدیەکانى پاولۆ، کەم نووسینى پاولۆ هەیە کە نەم خوێندبێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەم پەرتووکەى بەراورد بکەین بە بەرهەمەکانى ترى وەک: کیمیاگەر، یازدە خوولەک، ڤاڵکیریەکان، جەنگاوەرى رۆشنایى و هەموو ئەوانى تریش دەبینین جیاوازیەکى زۆریان هەیە هەم لە رووى ناوەرۆکەوە هەم لە رووى دارشتن و دابەش بوونى چیرۆک و کارەکتەرەکان، کە لە هەر قوژبنێکى پەرتووکەکانیدا وانەیەکمان فێردەکات.

Related Articles