تکایە دەست بە ووشەوە بگرن .. وەرگێران و مردنى رۆحى "دەق" بەفرى (ئۆرهان پاموک) بە نمونە ... دیار کوردە

ئەو جوانکاریەى نووسەر بە زمانى خۆى لە رۆمانەکەیدا کردوویەتى، ئەستەمە هەمان داتاشین و مەبەستەکانى پشت ووشەکانەوە لەو زمانە بەرجەستەبکرێت کە بۆى وەرگێردراوە. جوانکاریەک کە پاموک لە رۆمانى بەفردا بەکارى هێناوەو لە تێکستە راستەقینەکەدا بەدیدەکڕیت, بەڵام لە وەرگێرانیدا بۆ زمانى تر شوێنەوارى ئەو جوانەیە نامێنێت. ئەوەى ئەم رۆمانى خوێندبێتەوە دەزانێت کە پاڵەوانى سەرەکى ئەم رۆمانە ناوى کەریمە، کە بە زمانى تورکى بەم شێوەیە دەنووسرێت Karim. نووسەر تەنیا دووپیتى سەرەتاى ناوى پاڵەوانەکە هەڵدەبژێرێت و ناوى دەنێ (KA کا) پاشات پیتى Rی بۆ زیاد دەکات و KARى لێ دروست دەبێت کە ناوى رۆمانەکەیەو بەماناى بەفردێت, ئینجا پیتى S بۆ ووشەى KAR زیاد دەکات و لە دەرئەنجامدا KARS دروست دەبێت کە ناوى شارێکە و شانۆى رووداوەکانى ناو رۆمانەکەیە. لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت وەرگێرانى دەق زۆر گرانترە لە نووسنى, بە جۆرێک وەرگێر هەم تێکستەکە وەردەگێرێت و هەمیش دادەتاشێتەوە و لە قالبى دەدا بەبێ ئەوەى هەست بە گۆران بەسەر دۆخى دەقە رەسەنەکە هاتبێت, بەداخەوە لەم دووایانەدا چەند پەرتووکێک وەرگێردراونەتە سەر زامنى کوردى کە رۆحى دەقەکەیان کوشتووەو بە هیچ جۆرێک ئەو چێژەیان تیادا نەهێشتووە کە لە تێکستە رەسەنەکەدا بەدى دەکڕێت ئۆ باڵى ئەم هەراج کردنى وەرگێران و سەقەتیە لە ئەستۆى چاپخانە بێ فلتەرەکانى ئەم هەرێمەن کە بەبێ هیچ سانسۆرێک دەى وەشێنێت و قور بۆ کتێبخانەى کوردى دەگرنەوە.
بەفر یەکێکە لە رۆمانە سیاسیە بەناوبانگەکانى ئۆرهان پاموکە و هەڵگرى خەڵاتى نۆبڵە بۆ ساڵى ٢٠٠٦ ئەم رۆمانە باس لە حکومەتى بە ناو سیکولار, بەڵام لە راستیدا تۆتالیتارى تورکیایە کاتێک پرسى نەوە کوژىى ئەرمەنیەکان یان چەوساندنەوەى سیاسى - کلتورى کوردى دەهێنێتە ئاراوە. باس لە گەرانەوەىشاعێرێک دەکات لە تاراوگە تا تورکیاى بەفراوى بکات بە هەوێنى هەڵبەستى، بەڵام دواجار بوو بە قوربانى شیعرى بەفرین و عیشقى ئاگرینى. ئەو شاعێرە ناوى (کا)یە.
رۆمانى بەفر: Maureen Freely کردوویەتى بە ئینگلیزى و بەکر شوانى بە رێنووسێکى جوان بە کوردى کردووە. بۆ ئەم بابەتەش کەڵکم لە وەرگێرانەکەى بەکر شوانى وەرگرتووە.

 

Related Articles