پێویستە کورد ئەم دەرفەتە زێرینە لەدەست نەدات ...کەماڵ مام خزری

 

 

 

گەران بە دوای دەرفەتێکدا کە بتوانێ هەلومەرجێکی لەبار بڕەخسێنێ یەکێکە لە فنوونی سیاسی بۆ بە چۆک داهێنانی دەسەڵات، جائەم دەسەڵاتە ئەگەر خۆجییی بێت ئەمە دەچێتە خانەی مڵملانێی سیاسی بۆ بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات کە عورفێکی مێژووی و سیاسییە و هەنوکەش باوی گۆڕەپانی لایەنە سیاسییەکانە لە کۆمەڵگەی جیهانیدا.

بەڵام ئەگەر ئەم گەڕانە بۆ خۆدەرباز کردنی نەتەوەیەک یان وڵاتێکی داگیرکراو بێت، ئەوە باروودۆخەکە بەتەواوەتی دەگۆڕدرێت و یەکەم هەنگاو پێویستە خۆدەرباز کردن بێت لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکار و ناوەند ، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ هەوڵ و کۆششی ئەو نەتەوە وڵات داگیرکراوە کە تاچەندە هەوڵی رزگاربوون یان مانەوە لە ژێر سیستمێکی نوێی دەسەڵاتی ناوەنددا دەدات.

بزووتنەوەی کورد کە لەسەر بنەمای هەڵگیرساوە و رزگاری دەستی پێکردووە و هەنووکەش لە هەمووبەشەکانی کوردستان بەردەوامە، دەیان ساڵە بۆ دەرفەت و هەلێکی رەخساودا تێدەکۆشێت کە بە خۆشحاڵییەوە ئەم هەلە زێرینە بۆ باشووری کوردستان هاتووەتە ئاراوەو، پێویستە بە وریاییەوە کورد لەو بەشەی نیشتمان دۆخەکە تاوتوێ بکات و کەڵکی پێویستی لێوەربگرێت.

ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان کە شۆڕشی زۆر مەزنی لە پێناودا کراوەتە قوربانی، لە ئێستادا بە هۆی ئەو دەرفەتەی کە رەخساوە، بۆ جارێکی دیکە کەوتوونەتەوە رێژدەسەڵاتی کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لێ جێگیرکراوە .

هەرچەند کە کورد خۆی ئەم دەرفەتەی نەرەخساندوو،بەڵام ئەمە واقعێکە و دەسکەوتێکی یەکجار مەزن و مێژووییە بۆ کورد کە بە بێ هیچ شەڕ و تێکهەڵچوونێک لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەند ئەم ناوچانە بهێنێتەوە رێژ کۆنتڕۆڵی خۆی ، بەڵام ئەمە بە بێ بارگرژی نابێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان کاردانەوەی ناوەند و بگرە وڵاتانی دەرووبەر و بەتایبەت لە هەموویان جێگای مەترسیدارتر ئێرانیشی لێدەکەویتەوە، دیارە هەموولایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئاگادارن کە ئێران چ پلانێکی بۆ عێرا ق وچ پیلانەهایەکی دوژمن کارانەی بۆ کوردستان بە گشتی و بەتایبەتی لە ئیستادا بۆ باشووری کوردستان هەیە، بەڵام کورد لە باشووری کوردستان پێویستە سەرەڕای هەستیاری باروودۆخە بگاتە ئەو واقعە کە کورد ئەم قۆناخانەی بڕیوە کە بۆ جارێکی دیکە ئیتر دڵی کوردستان و ناوچەدابڕێندراوەکان رادەستی دەسەلاتی ناوەند نەکاتەوە.

بەدڵنیایەوە سەردەانی قاسم سولەیمانی بۆ بەغدا لەدەسپێکی هێرشی ''داعش'' بۆ سەر شاری موسڵ ، تەنیا بەمەبستی یارمەتیدانی حکومەتی مالکی نەبووە ، بەڵکویەکێک لە ئامانجەکانی ئەو سەردانە داڕشتنی پیلانێکی تۆکمە بووە بە دژی هەرێمی کوردستان وبزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە جێگیرکردنی هێزێکی زۆری سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکان بەر لە هێرشی داعش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵێکی تۆکمەی هەرێمی دایە دژبە دەسکەوتەکانی باشوورو بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان.

کەوابوو هەلومەرجی ئێستای باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان وادەخوازێت کە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەودۆخە هەستیارەدا بکەن، بە واتایەکی دیکە لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات کۆتایی بەم باروودۆخەی ئێستا و پڕژوبلاوییە بهێنن و لە هەوڵی بەرەیەکی یەکگرتوودابن بۆ رووبەرووبوونەوەی هەر ئەگەرێک و، دەسەلاتدارانی باشووری کوردستانیش بەوردی خوێندنەوە بۆ جموجۆڵە سیاسی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن کە مەترسی سەرەکی سەر بزووتنەوەی کورد و دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

15/6/2014

 

 

 

 

Related Articles